كێ ڕێگه له به‌ده‌ستگابوونی په‌رله‌مان ده‌گرێت؟
2018-09-21 18:53:54
■ د. هه‌ردی مێد
ئه‌م پرسیاره له هه‌ر كه‌سێكی بكه‌یت، له وڵامدا به بێ سڵه‌مینه‌وه ده‌ڵێت پارتی و یه‌كێتی. به مانایه‌كی دی، بۆ هه‌موومان ئه‌وا ئه‌م جووت حزبه‌یه كه زه‌مینه‌سازی به ده‌ستگابوونی په‌رله‌مان ناڕه‌خسێنن. وه‌لێ، به پێچه‌وانه‌وه‌ی ئه‌م دیده باوه كه بۆته حاشاهه‌ڵنه‌گر، من له‌م بابه‌ته‌دا ده‌مه‌وێت ئه‌وا ئه‌و راستیه ده‌ربخه‌م، كه به ئه‌ندازه‌ی پارتی و یه‌كێتی كه له هه‌وڵی له‌ده‌ستگاخستنی په‌رله‌مانن، ئه‌وه‌نده‌ش لایه‌نگر و ئه‌ندامانی هه‌موو حزبه‌كان، كۆمه‌ڵگا به گشتی به‌رپرسن له‌م دۆخه‌ی په‌رله‌مانی تێدایه.
وڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره به به‌بێ تێگه‌شتن و ناساندنی پرۆسه‌ی به ده‌ستگاییبوون بێهۆده‌یه. بۆیه، به كورتی لێره‌دا هه‌وڵده‌ده‌م مه‌به‌ست له ده‌ستگایبوون چییه روونبكه‌مه‌وه؟ له لایه‌ك، به ده‌ستگایی بوون بریتیه له پرۆسه‌یه‌ك كه لێوه‌یڕا ده‌ستگا ده‌بێته خودان جه‌سته‌یه‌كی بابه‌تی و سه‌ربه‌خۆ له كارمه‌نده‌كانی، واته ده‌بێته خاوه‌ن یاسا، ڕێسای كاركردن، به‌ها، نۆرم، وێنایه‌كی تایبه‌ت به بوون و چۆنایه‌تی هه‌ڵسوڕانی وه‌زیفه‌كانی، كۆمه‌ڵێ بیروبڕوا، تد. كاتێك ده‌ڵێین ده‌ستگا ده‌بێته جه‌سته‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ، مه‌به‌ست له‌وه‌یه كه به پێی حه‌ز، ئاره‌زوو، میزاج، به‌رژه‌وه‌ندی…تاكه‌كانی نه‌چێته‌ڕێووه و به‌ده‌ر له‌مان و به پێی ڕێسا و به‌هاكانی خۆی مسۆگه‌ری و به‌رده‌وامێتی خۆی مه‌یسه‌ر ده‌كات. له دۆركاهایمه‌وه تا ده‌ستگاخوازه نوێییه‌كان به تێپه‌ربوون به ماری دۆگلاس هه‌موو له سه‌ر ئه‌وه كۆكن كه ده‌ستگا ئه‌و كاته ده‌بێته ده‌ستگا كه توانای له قاڵبدانی شێوازی تێفكرین و ئاره‌زووكردنمانی هه‌بێت، تا ئه‌و شوێنه‌ی ده‌ستبخاته ناوه‌خنمانه‌وه. له لایه‌كی دیش، ده‌ستگایبوون بریتیه له پرۆسه‌یه‌ك كه كارمه‌نده‌كانی ناو ده‌ستگاكه ملكه‌چی پرۆسه‌ی به پیشه‌مه‌ندبوون ده‌بن، واته فێری ڕێساكانی هه‌ڵسوڕانی ده‌ستگاكه، زانیاری و توانستی پێویست و وابه‌سته به رۆڵ و كاره‌كانیان ده‌بن، هاوتا به ناوه‌كیكردنی (internalization) به‌ها و نۆرمه‌كانی و بڕوابوون به گرنگی و بایه‌خی ده‌ستگاكه، تد.
له‌م گۆشه‌نیگایه‌وه، ده‌ستگا واته كه‌ڵه‌كه‌بوونی زانیاری، توانست، بیروبڕوا، وێنا، یاساكانی چۆنه‌ڕێوه‌ی، كه به سه‌ر یه‌كه‌وه ده‌بنه زاكیره و كولتوری ده‌ستگاكه و ڕێوشوێنگه‌لێك (path dependency) كه ده‌بێت كارمه‌نده‌كان بۆ هه‌ڵسوڕانی كاره‌كانیان بیانگرنه به‌ر. به‌ڵام، ئه‌وه‌ی گه‌ره‌نتی هێنانه‌دی ئه‌م پرۆسه‌ی كه‌ڵه‌كه‌بوونه ده‌كات خودی ده‌ستگاكه به ته‌نها خۆی نییه، ده‌ستگا روح له‌به‌رنییه كه خودی خۆی به‌رگری له نۆرمه‌كانی بكات، به‌ڵكو كارمه‌نده‌كانی نێوی كه له پرۆسه‌یه‌كی دوور و درێژدا ده‌ستگاكه ده‌كه‌ن به خاوه‌ن كو‌لتور و ڕێساگه‌لێكی كه‌ڵه‌كه‌بوو. كه‌واته مه‌رجی به ده‌ستگایبوون ته‌مه‌ندرێژی كارمه‌نده‌كانێتی: واته چه‌ند كارمه‌نده‌كانی زیاتر له ده‌ستگاكه‌دا بمێننه‌وه ئه‌وه‌نده پیشه‌مه‌ندتر ده‌بن، چه‌ندش پیشه‌مه‌ندبن ئه‌وه‌نده‌ش شانسی به ده‌ستگایبوونی ده‌ستگا ده‌ڕه‌خسێنن. ده‌توانین بڵێین، ده‌ستگا هه‌ر ده‌قه یاساییه‌كان، په‌یڕه‌وی ناوخۆ، وێنا و ئه‌و چاوه‌ڕوانیانه نییه بۆ ده‌ستگاكه هه‌یه، به‌ڵكو له جه‌سته و زه‌ینی تاكه‌كانشدایه. جا ده‌ستگایه‌كی وه‌ك په‌رله‌مان زۆر له‌مه‌ی ئاماژه‌مان پێدا پێوستی به ده‌ستگابوونه، چونكه له بیرمان نه‌چێت په‌رله‌مان یه‌كێكه له‌و ده‌ستگایانه‌ی تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه: كارمه‌نده‌كانی (واته په‌رله‌مانتاران) ته‌نها ئه‌و كاته ده‌توانن فێری پیشه‌كانیان بن كه ده‌چنه نێو ده‌ستگاكه‌وه. واته، كاری په‌رله‌مانتاری به پێچه‌وانه‌ی پیشه‌كانی دییه‌وه پێشخانی زانكۆیی و خۆئاماده‌كردنی پێشینه‌یی نییه. بۆ نمونه، بوون به دۆكتۆر پرۆسه‌یه‌كی فێركاری پێشینه‌ی هه‌یه، واته بۆ ئه‌وه‌ی ببینه دۆكتۆر ده‌بێت بچین كۆلیژی پزیشكی بخوێنین. بۆ ئه‌وه‌ی ببینه ئه‌ندازیار ده‌بێت ئه‌ندازیاری بخوێنین. وه‌لێ، بوون به په‌رله‌مانتار ته‌نها له‌و كاته‌وه ده‌ستپێده‌كات كه هه‌ڵده‌بژێردرێن و ده‌چینه نێو ده‌ستگاكه. ئه‌و شته‌ی له زانسته سیاسیه‌كان پێده‌ڵێن <فێربوون له سه‌ر شوێنی كار، به فه‌ره‌نسی (apprentissage sur le tas)>.
شیاوی باسه، گه‌ر له‌م گۆشه‌نیگایه‌وه له په‌رله‌مان بڕوانین ده‌بینین هه‌ڵبژاردن ته‌نها فرسه‌تێك نییه بۆ حزبه‌كان كه ١١١ كاندیدی نوێ بۆ په‌رله‌مان به‌رن و له ڕێگه‌ی ئه‌مانه‌وه ده‌ستیان به سه‌رچاوه‌كان(موچه، حه‌سانه…)ی ده‌وڵه‌ت بگات، یان هه‌ر چوار ساڵێ په‌رله‌مانتاره‌كانیان خانه‌شین بكه‌ن له سه‌ر داهاتی گشت و دڵی ١١١ كادیریان رابگرن و ولائیان ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن، به‌ڵكو ریتواڵێكشه (ته‌قس) كه حزبه‌كان هه‌ر چوار ساڵجارێ په‌رله‌مان له مانا و توانای كه‌ڵه‌بوون و ده‌ستگابوون به‌تاڵ ده‌كه‌نه‌وه. حزبه‌كان له پێناو به ده‌ستهێنانی موچه و گه‌شتن به سه‌رچاوه‌كانی حكومه‌ت باكیان نییه هه‌ر چوار ساڵ جارێ كاندیدی نوێ بنێرنه په‌رله‌مان و به‌مه‌ش ڕێگه له دروستبوون و سه‌رهه‌ڵدانی په‌رله‌مانتاری پیشه‌مه‌ند بگرن. ئه‌مان، به دوای ئه‌وه‌دا ناگه‌ڕێن ئه‌ندام په‌رله‌مانی پیشه‌یی و قاڵبوه‌وه‌یان هه‌بێت، به‌ڵكو ته‌نها رازیكردنی دڵی كادیره‌كانیان و كڕینی ولائو و دڵسۆزیان. بێگومان، ڕێگه‌گرتن له پیشه‌مه‌ندبوونی په‌رله‌مانتار، ڕێگه‌گرتنه له به‌ده‌ستگاییبوونی په‌رله‌مان كه مه‌رجی كه‌ڵه‌كه‌بوونی زانیاری و توانست و هێزه بۆ ده‌ستگاكه و هاوكات سه‌ربه‌خۆبوونی.
به‌ڵام، هه‌ڵه ده‌كه‌ین گه‌ر پێمان وابێت ته‌نها حزبه‌كان له‌مه به‌رپرسن. بێگومان كۆمه‌ڵگاش ته‌واو له‌مه به‌رپرسه. بۆ نمونه، كۆمه‌ڵگا دژی ئه‌وه‌یه په‌رله‌مانتارێك دووجار، یان سێ‌جار هه‌ڵبژێردرێته‌وه له لایه‌ن حزبه‌كه‌یه‌وه به بیانووی هێنانه‌پێشه‌وه‌ی كه‌سی دی. بۆ نمونه، له هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق بۆ كاندیدكردنه‌وه‌ی یه‌ك دوو په‌رله‌مانتاری بۆ ئه‌م خوله نوێییه، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ناچاربوو به شێوه‌یه‌كی ئاشكرا و ڕاشكاوانه له به‌یاننامه‌یه‌كی فه‌رمی بیانوو بۆ لایه‌نگر و هه‌ڵسوڕاوه‌كانی بێنێته‌وه چونكه دژی كاندیدكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مانتارانی پێشوو بوون. بێگومان ئه‌مه بۆ حزبه‌كانی دیش هه‌ر راسته. بۆیه، لێره‌وه تێده‌گه‌ین كه هه‌ر سه‌ركردایه‌تی حزبه‌كان به‌رپرس نین له به‌ده‌ستگانه‌بوونی په‌رله‌مان، به‌ڵكو لایه‌نگر و هه‌ڵسوڕاوانشیان له‌گه‌ڵ ئه‌مانشدا كۆی كۆمه‌ڵگا، واته كۆی ده‌نگده‌ران.