رێگرتن لە تەزویر، گەڕاندنەوەی متمانەی دەنگدەرە بە پرۆسەی سیاسی
2018-09-21 15:15:02
■ لاوك سەڵاح
حەقتانە بڕواتان بە دروشمە گەورەکان نەمابێت، زۆر راست دەکەن پرۆسەی دیموکراسی تا ئەم ساتە لە درۆیەکەی گەورە زیاتر نییە، مافی خۆتانە دەنگ بدەن یاخود نا، سەربەستن لەوەی بچن یان نەچن بۆ دەنگدان، ئازادن دەنگ بەکێ دەدەن تا ئەو ساتەی بەرژوەندییەکان رەوایە وتەندروستە وساغە و لەسەر بنەمای درۆ و فێڵ ولادان وچەواشەکردن نییە. ئێوە زۆرتان چەشت، تەنانەت دەنگیشتان تیرۆر کرا. بەڵام هەموو پرۆسەکە هەر لەوەندەدا کورت ناکرێتەوە، بەڵکو ئەرکی خۆشتانە کە دەنگی خۆت بپارێزیت، واتە ئەو کاتەی کە دەنگت بۆ نوێنەرێکی دیکە دەروات دەبێت بەرگری لە دەنگەکەت بکەیت، چەسپاندنی بنەماکانی دیموکراسیەت بە نائومێدی وخەمساردییەوە بەرجەستە نابێت، ئەمە پرۆسەیەکی ماراسۆنیە. ئەوەی لێرە روودەدات ئەوەندە دەگمەن نییە، لە چەندان وڵات و لە نێوان هەزارەها میللەت ونەتەوەدا روودەدات، نەوەک جارێک بەڵکو چەندان جار. هەربۆیە چاوەرێی فێڵی نوێبن و سەرسام مەبەن. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە، ئەگەر تەکنیکی یان یاسایی بێت، چۆن پارتە سیاسییەکان و دەنگدەرەکان دوور لە رۆمانسیەت و شای و زەماوەند گێران و پەرچەکرداری پر سۆز، یاساکان و پرۆسەی دەنگدان و رێوشوێنەکانی دادەمەزرینن و پرۆسەکە شەفاف دەکەن تا ئەوەی تەزویر دەکات ئاشکرا و فەزح بکرێت و زوو دەرکەوێت. هەموو شتێک لەم سەردەمی تەکنەلۆژیایەداوەک خۆر دیار و رووناکە، ئاسانە کەسە فێڵبازەکان و رێوشوێنە نایاساییەکان بخرێنە بەردەم دەنگدەران. رەنگە بڵێن ئەوەی هێزی ئەمنی هەیە هەمیشە دەتوانێت کۆنترۆلێ هەموو بنکەکان بکات، ئەم قسەیە تا رادەیەک راستە، بەڵام قوتابی تەمبەڵ تا سەر ناتوانێت قۆپییە بکات، ئەگەر بەردەوام بوو ئەوە رەنگدانەوەی لاوازی هەموومانە هەر لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، دەزگاکانی حکومەت، پارتە سیاسییەکان، دەزگاکانی میدیا و دەنگدەر خۆشی. دەڵێن ئەوەی دەنگەگان دەژمێرێت ئەو دەیباتەوە و ئەو دەستنیشانی ئاراستەی پرۆسەکە دەکات، کۆکم لەسەر ئەوەی ستەمە وڵاتێک هەموو سەدەکانی مێژووی جەنگی خوێناوی بووبێت بتوانێت دیمۆکراسیەت بکاتە رەفتار و شێوازی رێکخستنی کۆمەڵگە و سەرچاوەکانی و دەستەڵاتەکانی دادپەروەرانە و یەکسانانە دابەش بکات، بەڵام مافێکی زۆر سەرەتاییە کە دەنگی خۆت بدەیەتە ئەو کەسەی کە دڵنیایت کار بۆ کاری گشتی و بەرژوەندی کۆمەڵگە دەکات. راستە هەڵمەتێکی پڕگەرد لە ناوخۆدایە هەیە دەیەوێت بەهای دیموکراسیەت بەرجەستە نەبێت، دەیەوێت زانیاری چەوت بڵاوبکاتەوە و دەیەوێت ئەم کۆمەڵگەیە بە فۆبیا و وەهمەوە بەرێوە ببات بەڵام دەبێت دڵنیابین ئەمە تا سەر نابێت. راستە، کەسانێکی نائومێد هەن دووبارە و سێ بارەی دەکەنەوە کە ئێمە کۆمەڵگەیەکین مێژوو وەک خۆی دووبارەدەکەینەوە، کەلتوورمان ناگۆردرێت، خۆمان ناگۆڕیێین، دەڵێن ئێمە کەسانێکی چالاک نیین، ئەم وەهم و درۆیانە کەسانێک بۆ مەبەست و بەرژەوەندی تایبەتی و دوور لە بەرپرسیاریەت ئەحکام وتۆمەت وەک بڵێ کورد ناسن بڵاودەکەنەوە. لە راستیدا، گرفتەکانی ئێمە ئەگەر بەراورد بکەین بە وڵاتێکی وەک باشووری ئەفەریقاوە هێشتا نەهامەتەکانی ئێمە بە نیوەی مێژووی هەڵمەتەکانی رەگەزپەرستی لە باشووری ئەفەریقا ناچێت کە دواجار کۆمەڵگەکە گەیشتنە ئەو راستییەی کە دەبێت پێکەوە بژین و پرۆسەیەک بۆ دامەزراندنی پیشەیانەی دەوڵەت لە رەگەزی رەش و سپی پێکبهێنرێت. بە داخەوە هێرشێکی نارەوا لە شێواندنی هەموو توانایەکی چالاک هەیە بۆ دەستەمۆکردنی تواناکانی خەڵک ئەمەش بەشێوازی جیاواز، هێرشێک لە ئارادایە بۆ ئەوەی کەس بڕوای بە هیچ نەمێنێت و تەنانەت توانای خەوبیین بە ئاینندەیەکی هەندێک باشترە نەمێنێت. ئەوان واتە نوخبە کەمینەکانی ناو پارتە سیاسیەکان لە نزیکەوە دەزانن کە سەرچاوە دارایی و مرۆکانی ئەم وڵاتە لە بن نەهاتووە، هەر لە بەرئەوە هەموو رێگایەک دەگرنە بەر بۆ مۆنۆپۆلکردنی سەرچاوەکان تاوەکو هەتاهەتایە بۆ نەوەکانی دوای خۆیان بمێنێتەوە و هەر ئەوان دەستەڵاتی رەهایان هەبێت لە هەر بریارێکی سیاسی چارەنووسازدا. ئەمە لەبری ئەوەی کە دەبوایە ئەو سەرچاوانە بۆ دامەزراندن و پتەوکردنی پایەکانی کۆمەڵگە بوایە و بە جۆرێک کە فرسەت و هەلی کاری یەکسان و رەوا بۆ هەموو رۆڵەیەکی ئەم کۆمەڵگە بێ جیاوازی دابینکردایە. بۆ گەراندنەوەی متمانە بە پرۆسەی دەنگدان، هەر لە سەرەتاوە، پێویستیت بە پاراستی یاساکانی دەنگدان هەیە، پێویستت بە دڵنیابوونە لەوەی رێوشوێنەکان پیشەییانە بەرێوەدەچن، ئەمە کاری رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و دەزگاکانی میدیا وتەنانەت پارتە سیاسییەکانە ئەگەر بڕوایەکی نیشتمانی هەبێت بۆ دامەزراندنی هەرێمێک لەسەر بنەمای راستگۆیی بۆ ئەوەی دواتر برژێتە ناو پرۆسەی بەدەوڵەتکردنی هەرێمەوە. دەنگدەر دەپرسێت چۆن دڵنیابم دەنگم نافەوتێت، هەر لەبەر ئەم نیگەرانییە دەنگدەرێکی زۆر دەڵێن بە خۆمان رانابووێرین و ناچین، لە راستیدا چوون بۆ دەنگدان نیوەی ئەرکە نیشتمانییەکەیە، نیوەکەی تری پاراستنی دەنگەکەیە، کە دەنگدەر خۆشی دەتوانیت رۆڵی هەبێت. ئەوەی لە رابردوودا روویدا لاوازی یاساکان و نەزانینی بەکارهێنانی ئامێرەکان وتەنانەت نەبوونی کارمەندی بە توانا بۆ بەرێوەبردنی پرۆسەکە بوو، هەندێ جار خەڵکانێکی زۆر زیاد لە جارێک دەنگیان داوە، یان پاشان پارتێکی سیاسی فشاری جۆراوجۆری کردووە بۆ ئەوەی بەهەر نرخێک بێت هەڵبژردرێتەوە. هەندێ کەس زیاد لە ناسنامەیەکیان بەکارهێناوە یان هێشتا ناوی مردووەکان بەکاردەهێنن یان بەهەر جۆرێکی تر بێت تەزویریان کردووە. هەموو ئەم کارانە نابێت کٶڵ بە دەنگدەر بدات کە دەنگ نەدات و دەنگی خۆی نەپارێزێت، چەسپاندی پرۆسەی دیموکراسی بە گوڵ نەرازاوەتەوە و دامەزراندنی شەرعیەتی سیاسی داکۆکیکردنێکی بەردەوام دەخوازێت. دەنگدەر دەتوانێت، لانی کەم پانابەرێتە بەر تۆمارکردنی هەرهەڵسوکەوتێک و رەفتارێکی نابەجێ کە لە رۆژی دەنگداندا هەستی پێدەکات و بەدونیادا بڵاوی بکاتەوە. دەنگدەرە گەنجەکان دەتوانن لە نێوان خۆیاندا رێکبکەون و پرۆسەکە رۆماڵ بکەن و کەسەکان کەشف بکەن. ئەمە لە پاڵ دڵنیابوون لە ناوەکان و تۆمارەکان وپرۆسەی چاودێریکردن و بە بەڵگەکردنی هەر هەموو پرۆسەکە وهەرهەموو بنکەکان بە چەندان شێوازی جیاواز.