جـــــــوڵــــەی وەســـــــــتاو
2018-03-31 20:19:41
پەیكار عوسمان
ئێمە بەردەوام خۆمان دووبارە ئەکەینەوە، چونکە سود لە مێژوو وەرناگرین، بۆیەش سود لە مێژوو وەرناگرین، چونکە هەمیشە لە دەرەوەی مێژوودا ئەمێنینەوەو قەت ناچینە ناوەوە.
'ناچینە ناوەوە' بەو مانایەی کە پەیوەندی ئێمە بە مێژووەوە بڕیارێکی پێشوەختە یەکلای ئەکاتەوە، نەك دراسەو لێکۆڵینەوەو بیرکردنەوە.
مێژوو پاکەتێکە ئێمە یان بە داخراوی ئەیپەرستین، یان بە داخراوی ئەیخەینە تەنەکەی خۆڵەوەکەوە.
نایکەینەوە بزانین چی تێدایە بڕیار ئەدەین کە چی تێدایە، سەیری ناوەکەی ناکەین تەسەوری ناوەکەی ئەکەین، ئەمانەش نامانگەیەنن بەوەی کە لە پاکەتەدایە، ئەمانگەیەنن بەو حەزەی کە لە خۆماندایە.
بەم پرۆسەیە ناتوانین حەقیقەتێك لە پاکەتەکە بهێنینە دەرەوە، بەڵکو وەهمێكی خۆمانی بۆ ئەبەینە ژوورەوە.
ئیتر بەر شتێکی نوێ ناکەوین، بیرێکی کۆن ئەدەین بە شتەکەدا. ئیتر بەهرەمەند نابین لە ناوەڕۆکی شتەکان، بەڵکو سواغیان ئەدەین بە ناوەڕۆکی خۆمان. ئیتر شتەکان جوڵەیەك نادەن بە ئێمە، ئێمە وەستانێك ئەدەین بەوان. ئیتر مەوزوع کۆمان ناکاتەوە نامەوزعیەت دابەشمان ئەکات..
سەیرکە تەجروبەی ١٧ی شوبات، بەرەیەك تەخوین و ناشرینی ئەکاو بەرەیەك بەرزو پیرۆزی ئەکا، ئەم دوو ئاڕاستەیەش هیچی وامان نادەنێ بە کەڵکی ئەمڕۆ بێت، بۆیە خۆمان دووبارە ئەکەینەوەو خەریکە سەرای مەحکەمە بکەینەوە بە سەرای ئازادی!
ئاخر سەرای ئازادی بە هەموو جوانییەکانیەوە تەجروبەیەك نیە بۆ دووبارەکردنەوە، چونکە جوڵانەوەیەکی وەستاو بوو، ئێمەش بۆ دەرچوون لەم هەموو چەقبەستنە پێویستمان بە جوڵانەوەیەکی جوڵاوە، کردەیەك کە خۆی وەستاوبێ ناتوانێ هیچ لە دۆخی چەقبەستوو بگۆڕێ!
(خۆ باشە سەکۆیەك هەبێ، بەڵام سەکۆیەك بۆ جوڵە نەك بۆ وەستان، ئەم وەستانەبوو پێشتر سەرای کرد بە قەوانێکی سواو.)
هیچ هونەری تیانیە کۆمەڵێ پۆلیس بچنە ئەوێ کە ئەسڵەن خۆیان گۆڕانن، ئەمە شتێکی دووبارەیەو پێشتر لە سەرا کرا، هونەر ئەوەیە لە مەحکەمەوە جوڵە بکرێ بۆ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس و لەوێ گوڵ بدەن بە هەموو پۆلیسەکان..
ڕۆژێك بۆ ژینگەو دەرچوون بۆ دار ڕواندن. ڕۆژێك بۆ وەرزش و دەرچوون بۆ ماراسۆن. ڕۆژێك بۆ هونەرو دەرچوون بەرەو شوێنێك بۆ شانۆ کاریکاتێر مۆسیقا.. لە هەولێرو شوێنەکانی تریش بە هەمان شێوە.
ڕۆژێك پەیمانی شەڕەف بە حیزبەکان ئیمزابکرێ، یەکەم بۆ ناتوندوتیژیی دووەم بۆ کۆتاییهێنان بە موهاتەرات..
ڕۆژانی وەستانیش بکرێتە ڕۆژی جوڵەی عەقڵ، لەبری قسەی حەماسی و هاتوهاوار، موحازەرەو گفتوگۆی فیکری ئەنجامبدرێ.
ناڕەزایی مەدەنی ئەبێ ببێتە مەیدانی خستنەوەگەڕی ئینسان، نەك ئیزافەکردنی وەستانێك بۆ ئینسانێکی خۆی وەستاو.
ناڕەزایی مەدەنی تەنیا هاتنە دەرەوە نیە، چوونە ماڵەوەشە، ئەسڵەن بایکۆت لە چوونە ژوورەوەدا زیاتر بەرجەستە ئەبێ وەك لە هاتنە سەر جادەدا.
هیوام بەردوامی و فراوانبوون و سەرکەوتنە، بەڵام ئەگەر دەسەڵاتی بەڵتەجی شاری کرد بە معەسکەر، یان ئەگەر سەکۆکە بووە مەیدانی ئیستهلاکی حیزب و ڕاگەیاندن و کاندید، یان ئەگەر لەبری جوڵە هەستت بە دووبارەبوونەوەو وەستان کرد..
ئەوکات مەچۆرەوە بۆ دەوام، بەڵام مەشچۆرەوە بۆ مەحکەمە، پۆرتی هەموویان بشکێنەو بایکۆتی خۆت ببەرە ماڵەوە!
بەوە هەم ناڕەزایی خۆتت درێژەپێداوە، هەم ئاوت کردوە بە توندوتیژی دەسەڵاتدا، هەم میزت کردوە بە هەلپەرستی ئۆپۆزسیۆندا.
- هەتا یەك ناڕازی لە هەولێرو دهۆك لەسەر جادەبن، ناڕەزایی سلێمانی و چواردەوری گرنگ و وزەبەخشە.
بەڵام 'خوانەخواستە' ئەگەر شتەکە لە هەموو شوێنەکان کۆتایی هات و بەس مەحکەمە مایەوە، ئەویش لەبری جوڵان و چالاکی جۆراوجۆر، خەریکی وەستان و خۆدوبارەکردنەوەبوو، ئەوکات بەزمی بەزم چەنێك وەزعەکەت بۆ ئەگۆڕێ، بەزمی مەحکەمەش هەر ئەونە.