حیزب وەک خاوەنکار و گەورەسەرمایەداری کۆمەڵگا
2018-09-19 14:44:51
■ ئاراس فەتاح ـ مەریوان وریا قانیع
بەشی دووەم
(٦)
زۆرینەی ھەرەزۆری خەڵکی کوردستان ئەو ڕاستییە سادەیە دەزانن کە ئەزمونی دەسەڵاتدارێتی پارتی و یەکێتی، ئەزموونی فەرمانڕەوایەتییەکی باش یان رەشید و بەرپرسیار نییە و نەبووە، بەڵکو ئەزموونێکی ھێجگار ناعەقڵانیی و وێران و دەسەڵاتگەرانەیە. ئەو فۆرمە تایبەتەیە لە دەسەڵاتگەرێتی، کە ناوکەکەی لە چەند خێزان و بنەماڵەیەک دروستبووە و بەدەوریاندا چەندان دەزگا و ئۆرگان و ھێزی سەربازیی و ئیمپراتۆریەتی ئیعلامیی دروستکراوە. ئەم ئەزموونە دەسەڵاتگەرە فۆرمێک لە حیزبایەتیی سەروەرکردوە کە تیایدا ئەرکی ژمارە یەکی حیزب بریتییە لە پاراستن و بەھێزکردنی دەسەڵاتی ئەو ناوکە خێزانییە و ڕۆچوونی دەسەڵاتەکەیان بۆ ناو خانە ستراتیژییەکان و دەزگا گرنگ و سەرەکییەکانی ناو جەستەی کۆمەڵایەتیی و ڕەمزیی ئێمە. ئەم ھێزانە کۆمەڵگایەکی پڕ لە فەرمانبەر و خانەنشین و بێئیش و موچەخۆری کەمدەرامەت و ناڕازییان دروستکردوە، کە پێویستی بە ھێزێکە بۆ کۆنترۆڵکردن و چاودێرکردنی. حیزب لێرەدا ڕۆڵی دەزگایەکی خێرخواز دەگێڕێت کە بەشێوەیەکی ئینتیقائی و بەپێی بەررزونزمیی ناڕەزایەتییەکان پارە بەسەر کەرەتە کۆمەڵایەتییەکاندا دابەشدەکات و بەم میکانیزمەش کۆنترۆڵ و دیسپلینی کۆمەڵگا دەکات. بۆیە بە بۆچوونی ئێمە، حیزب لەم قۆناغەدا لەوە نەکەوتوە کە حیزب بێت، چونکە حیزب جەوھەرێکی نەگۆڕیی نییە لە ھەموو شوێن و لە ھەموو سەردەمێکدا وەک خۆی بمێنێتەوە، بەڵکو ئۆرگانێکی کۆمەڵایەتیی و سیاسییە کە لە ژینگە و قۆناغ و سەردەمی جیاوازدا، ناوەڕۆک و فۆرم و ئەرکی جیا دەگرێتەخۆی و پراکتیک و گوتارەکانیشی بەپێ کات و ژینگە جیاوازەکان، گۆڕانیان بەسەردادێت.
یەکێک لە وەزیفە ھەرە سەرەکییەکانی حیزب بۆ پارتیی و یەکێتیی لە ئێستادا بریتییە لە وەزیفەی کۆنترۆڵکردنی کایەکانی داھات و وەزیفەی ئەمنیی و پەلدرێژکردن بۆناو ڕووبەرە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان بە مەبەستی کۆنترۆڵ و دیسپلینکردنیان. لەڕاستیدا حیزب لەم ئەزموونەدا جەستەیەکی گەورەی کۆنترۆڵ و چاودێریی و دیسپلینکردنە، ئامادەیە ھەموو ئەو خاڵی بەرگریی و بەربەستانەش تێکبشکێنێت کە لەبەردەم ئەنجامدانی ئەم کارەدا دەوەستن، بە بەرگریی و بەربەستە میدیایی و فیکریی و ڕۆشنبیرییەکانیشەوە. ئەم کردەی تێکشکانە لەسەرێکەوە ھاوشانە بە بەرھەمھێنانی بەدبینیی و خەمۆکیی و ڕقێکی زۆر و بەرفراون، لەسەرێکی دیکەوە ھاوتەریبە بە دۆزینەوەی چەندەھا کەناڵ بۆ دابەشکردنی ئەو دۆخە دەرونیی و کۆمەڵایەتییە بەسەر خانە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان و بەسەر تاک و گروپەکانی ناو کۆمەڵگادا. ھەموو ئەمانەش یەک ستراتیژ ئاراستەیان دەکات: بچووککردنەوەیەکی تەواوی ئەگەرەکانی کاری پێکەوەیی و ھاریکاریی سیاسیی و شێلگیریی کۆمەڵایەتیی لەناو کۆمەڵگادا. یەکێتی و پارتی ساڵانێکە وەک دوو کۆمپانیای ھاوپشک و دوو دەزگای ئەمنیی و دوو مەکینەی گەورەی پڕوپاگەندەکردن و دوو دەزگای سوپای تایبەت و دوو ستراتیژیی ئیداریی کۆنترۆڵکردن کاردەکەن، کە بە چەندەھا میکانیزمی جیاواز بەرگرییەکی سەرسەخت لە ناوەندە خێزانییەکەی دەسەڵاتەکەیان دەکەن و بەچەندەھا میکانیزمی تریش خەریکی لاواز و بێئومێدکردن و لەناوبردنی سەرجەمی ئەو خانە و وزە و توانا ناوەکییانەی بەرگریکردنن کە کۆمەڵگای ئێمە دروستیاندەکات.
(٧)
شکستی ئەزمونی فەرمانڕەوایەتی پارتی و یەکێتی و، گۆڕانی لۆژیکی ئیشکردنی ئەم حیزبانە بۆ لۆژیکی کۆمپانیایەکی فرەپشکیی و ئیشکردنیان بە ئەخلاقیاتی ”سەرمایەدارێتییەکی چەتەگەریی“، لەڕووی تیۆرییەوە، کۆتایی بە قۆناغی ”حیزبی جەماوەریی“ دەھێنێت و ئەو پەیوەندییە تەواو دەستکاریدەکات کە حیزب بە جەماوەرەکەیەوە گرێدەدات. شتێک بەناوی پرۆگرام و پلان و وێنایەکی تایبەت بۆ ئایندە و ئێستای ئەم کۆمەڵگایە لای ئەم پارتانە بوونی نەماوە، ئەوەشی خەڵک لەدەوریان کۆدەکاتەوە ئەو ڕەگەزانە نین کە لە حیزبی جەماوەرییدا ھەن، بەڵکو بە پلەی یەکەم گەڕانە بەدوای ئەگەر و ھەلی کارکردن و باشترکردنێکی ڕاستەوخۆی بژێویدا. دۆزینەوەی ھەلی کار لای حیزب و وەرگرتنی موچە دەسکەوتێکی مادیی ترە کە بتوانێت قورساییەکانی ژیان کەمەکێک کەمتر بکاتەوە، یان ڕێگای دەوڵەمەندبوونێکی خێرا و بێچاودێریی لەبەردەم ھەندێکدا بکاتەوە. جگە لەمە حیزب لە ھەرێمدا گۆڕاوە بۆ فۆرمێکی خێزانیی و دەستەیی و نوخبەیی کە تەنھا لەڕێگای تێرکردنی بەرژەوەندییە تاکەکەسیی و گروپییەکان لە دابەشکردنی داھاتی ئابووریی و بەشھەبوون لە دەسەڵاتدا، دەتوانێت خێزان و دەستە و نوخبە ناکۆک و جیاوازەکانی بەیەکەوە کۆبکاتەوە. حیزب چەندە رەسیدی جەماوەریی و پێگەی کۆمەڵایەتیی لاوازبووە، ھێندە و زیاتریش خزاوەتە ناو کەرتی ئابوریی و ئاساییش و میدیا و بیرۆکراسیەتی دەوڵەت و دەزگا سەرەکییەکانی حوکمڕانییەوە. حیزبە فەرمانڕەواکان جگە لەوەی ھەموو پێگە سیاسیی و ئیداریی و سەربازییە گرنگەکانیان بەدەستە و پۆستە سەرەکییەکان بەسەر کادرە گوێڕایەڵەکانی خۆیان دابەشدەکەن، خاوەنی دەیەھا کۆمپانیای نەوت و غاز و تەلێکۆمینیکاسیۆن و سێکیوریتیی و فرۆکەوانیی و چەندین گرێبەستی ئابوریی زەبەلاحن، کە لەڕێگایانەوە ھەلی کار لەناو کۆمەڵگادا دابیندەکەن. ئەمەش وایکردوە حیزب لەمڕۆدا ببێت بە یەکێک لە گەورەترین خاوەنکار و سەرمایەدارەکان لە ھەرێمدا. بەم چەشنە چ حیزب و چ ئابوریی بەناو پرۆسەیەکی بەرفروانی خەسخەسەکردندا تێپەڕیوون و بوون بە کۆمپانیای فرەپشکیی یان موڵکی تایبەتی ئەوانەی پێگە سەرەکییەکانی حیزبیان بەدەستەوەیە. پارتی وەکو حیزب موڵکی تایبەتی بنەماڵەی بارزانییە، یەکێتیش لە دونیای دوای ڕاپەڕین و بەتایبەتیی لە دوای کۆتاییھاتنی ڕژێمەکەی سەدامەوە، بوو بە موڵکی تایبەتی بنەماڵەی تاڵەبانیی. ھەردووکیان لەوە کەوتون موڵکی کۆمەڵگا یان بەشێک لە کۆمەڵگا، یان تەنانەت چین یان توێژێکی کۆمەڵایەتیی بن. ھێزەکانی تریش، لەناویشیاندا بە پلەی یەکەم بزوتنەوەی گۆڕان، گەر ڕێی لێنەگیرێت، بەشێوەیەکی سیستەماتیکیی بە ئاراستەی بەکۆمپانیابووندا دەڕوات و پڕۆژەی بەخێزانییبوون و تەوریسی سیاسیی تیایدا لەسەر ھەمان مۆدێل بەڕێوەیە.
(٨)
لە ئێستادا یەکێک لە میکانیزمانەکانی بەرگریکردن لە نوخبە سوڵتانییە خێزانییە حوکمڕانەکە، ھەڵبژاردنە. لە ھەرێمی کوردستاندا ئەو مۆدێلە لە دەسەڵاتگەریی دروستبووە کە پێویستی بە دیکۆرێکی دیموکراسیی ھەیە بۆ مانەوە و نیشاندانی وێنەی پلورالیزمی سیاسیی سیستەمەکە بە دونیای دەرەوە. ھەڵبژاردنیش لە ئێستادا ئەرکی دروستکردنی ئەو دیکۆرە پلورالیستییە درۆزنانەی لەسەرشانە و لەوە کەوتوە ئامرازێک بێت لانیکەمی ئەگەری گۆڕانکاریی لە ھەناوی خۆیدا ھەڵگرتبێت. بە بۆچوونی ئێمە لەگەڵ دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕاندا، ھەڵبژاردن ئەگەری دەستکاریکردنی سیستەمە سیاسییەکەی لەگەڵ خۆیدا ھێنایەکایەوە، ئومێدی ئەوە دروستبوو کە بتوانێت لەڕێگای خەباتی پەرلەمانیی و مەدەنییەوە کۆمەڵێک گۆڕانکاریی پێویست و ھەنوکەیی دروستبکات و ئەزموونە سیاسییەکە لە ھەندێک لە گرفتە ھەرە جەوھەریی و ھەرە ترسناکەکانی ئازادبکات. یان بتوانرێت مۆدێلێکی نوێ بۆ کاری سیاسیی و کاری حیزبیی و فۆرمێکی نوێ لە حوکمڕانیی پێشنیاربکات کە بڕێک لەو نەخۆشییە کوشندانەی ئەمڕۆکەی تێدانەبێت. ئەو بەرنامە سیاسییە و ئەو پرنسیپ و ڕوانینەی لە سەرەتای دروستبوونی ئەم بزوتنەوەیەدا ھاتنە ناو کایەی سیاسیی ئێمەوە، تا ئەم ساتەش بەشی ئەوە شەرعیەتی سیاسییان پێیە کە وەک وەڵامدانەوەیەکی مێژوویی و ئەلتەرناتیڤێکی گونجاو بۆ بڕێکی زۆر لە کێشە سەرەکییەکانی کۆمەڵگا و سیستمە سیاسییەکە، ببینرێن.
ئێمە ئەو بۆچوونە بە ڕاست نازانین کە پێیوایە پڕۆژەی گۆڕانکاریی لەسەرەتاوە تەنھا مەسەلەی دابەشکردنی دەسەڵات بووە و پەیوەندی بەسەرلەنوێ داڕشتنەوەی سیستەمە سیاسییەکەوە نەبووە. یاخود دید و ڕوانینێک بوونی نەبووە بۆئەوەی سیستمێکی سیاسیی تەندروستر دروستبکرێت. ئەمجۆرە لێکدانەوانە جگە لەوەی تاکبین و سادەگەرن، ھاوکات ھەڵگری رەگەزی نھیلیزم و پوچگەراییەکی سیاسیی گەورەن و موتوربەکراون بە جیھانبینییەکی شکستگەرا کە وێرانکردنی ھەموو دیدێکی مێژوویی بۆ کردەی سیاسیی و بەرگریی کۆمەڵایەتیی، لەھەناوی خۆیدا ھەڵگرتووە. ئەوەی لە ئاستی مێژووییدا ڕوودەدات ئەو جیاکارییە دوولایەنە سادەیە نییە کە دابەشکردنی دەسەڵات و دەسکاریکردنی سیستەمەکە وەک دوو مەسەلەی تەواو جیاواز و بێپێوەندیی لەیەکدی جیابکاتەوە، بەڵکو بەناویەکداچوون و کاریگەریی چەندجەمسەرە و تێکەڵبوونی پرۆسەکانە بەیەکتری. کێشەکە ئەوە نییە کە نیاز و بەرنامەی دەسکاریکردنی سیستەمە سیاسییەکە بوونی نەبووە، چونکە ئەمە لە ھەقیقەتدا ھەبووە، بەڵکو ئەوەیە لە دە ساڵی ڕابردوودا پارتیی و یەکێتی لەوەدا سەرکەوتن ئەو ئەگەری گۆڕانکارییەی کە لەگەڵ دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕاندا ھاتەکایەوە، چەندیش بچووک بووبێت، لە پرۆسەی ھەڵبژاردن وەک میکانیزمێکی سیاسیی بۆ گۆڕانکاریی، بسێننەوە و دەزگای پەرلەمان خۆشی بەتاڵبکەنەوە لە ھەر ئەرکێک کە بتوانێت ڕێگربێت لەبەردەم ئەو مۆدێلە حوکمڕانییەی سەروەریان کردوە. داخستنی پەرلەمانیش بەتەنھا سەرەتای بێنرخکردنێکی بێوێنەی دەزگای پەرلەمان نەبوو، بەڵکو لەگەڵ خۆیدا شکستێکی گەورەشی بە خەباتی پەرلەمانیی و گۆڕانکاریی ئارام و مەدەنییانە ھێنا. بارزانی لەو ساتەوەختەدا ئەم دەزگایەی داخست کە تیایدا پەرلەمان بە خاڵێک گەیشتبوو بتوانێت لە پێگەی پەراوێزبوونی خۆیەوە، قەیرانی گەورە بۆ سیستمە سیاسییەکە دروستبکات و لە پێگە پەراوێزییەکەشییەوە سێنتەرەکانی دەسەڵات تووشی شڵەژان و کێشەی گەورە بکات. پارتی کاتێک پەرلەمانی داخست کە پەرلەمان خەریکبوو دەبوو بە دەزگایەکی بوێرتر و چالاکتر، بەلانی کەمی توانای بڕیاردانی سەربەخۆ و توانای خۆقوتارکردن لە ڕۆڵی دیکۆربوون.
قەیرانی سیاسیی لە ھەرێم و ناچیزکردنی ڕۆڵی ئۆپۆزیسیۆن ئەو کاتە قووڵتربووەوە کە داخستنی پەرلەمان ھاوشان نەبوو بەدروستبوونی جوڵەیەکی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی گەورە بۆ بەرگریکردن لەم دەزگایە و بۆ پاراستنی پێگە پەراوێزییەکەی، بەڵکو ئەم داخستنە وەکو قەدەرێکی سیاسیی لەلایەن ئۆپۆزیسیۆنەوە مامەڵەی لەگەڵدا کرا. لەپاڵ ئەمەشدا کەسانێکی زۆر ئەو دەھۆڵەیان لێدەدایەوە کە گوایە خەباتی پەرلەمانتاریی گەمژەییەکی سیاسییە و ئێمە لەباتی ڕیفۆرمکردنی سیستمەکە پێویستە ڕادیکاڵبین و خودی سیستمەکە بگۆڕین، بێگومان بەبێ ھیچ جۆرە ئامادەییەکی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و تەنانەت بەبێ ھیچ ئەمادەگییەکی فیکرییش بۆ ئەم دروشمبازییە ئایدیۆلۆژییە، باواز لەوە بھێنین کە ھیچ پێشنیارێکی مێژوویی و کۆنکریتیان پێ نەبوو. ھەموو ئەمانە بوونە ھۆکاری پوکانەوەی ئیرادەی بەرگرییکردن و ئۆپۆزیسیۆنبوون، چونکە لەسەرێکەوە ھیچنەکردن بووە یاسای سەرەکیی کردەی سیاسیی ھێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن و لەسەرێکی دیکەوە ریتۆریکی گۆڕینی ڕادیکاڵی سیستەم و گاڵتەکردن بە خەباتی دیموکراسیی و پەرلەمانتاریزم چووە شوێنی بەرگریکردن لە دەزگایەک کە لە پێگەی پەراوێزی خۆیەوە دەیتوانی زۆر زیاتر کێشە بۆ ئەم دەسەڵاتدارێتییە دروستبکات تا ئەو ھەموو ریتۆریکە ڕادیکاڵە بەتاڵەی کە خەباتی مەدەنییان بە گاڵتەجاڕیی سیاسیی پێناسدەکرد. ئەم شکستەی خەباتی پەرلەمانیی و ئۆپۆزیسیۆنبوون وایکرد کۆتایی بەو پەراوێزە بێت کە ھەم بڕێک لە توانا و ھەم خواست و ھەم کەمەکێک ئیرادەی ئەوەی تیادروستبووبوو، دەستەمۆ و کۆنترۆڵ نەکرێت.
(٩)
لە ئێستادا سیستەمی سیاسیی لە ھەرێمدا نموونەیەکی بەرجەستەی ئەو مۆدێلەیە لە جیھان کە بە ڕژێمی دەسەڵاتگەریی ئینتیخابیی Electoral Authoritarianism ناودێڕدەکرێت. لەغیابی بەرەیەکی ئۆپۆزیسیۆنی کاریگەر و یەکگرتوودا پرۆسەی ھەڵبژاردن لەم قۆناغەدا نەک ھەر ھیچ وزەیەکی ناوەکیی تێدانەماوە بۆ بەرپاکردنی گۆڕانکاریی، بەڵکو بەتەواوی گۆڕاوە بۆ کەرەستەیەک بۆ دووبارەبەرھەمھێنانەی مۆدێلی دەسەڵاتگەریی سیاسیی لە ھەرێم و چەسپاندنی دەسەڵاتی کوڕ و ئامۆزا و برازا و خۆشکەزا و زاواکان. بە بۆچوونی ئێمە ھەڵبژاردن لە ئێستادا دوو وەزیفەی سیاسیی و رەمزیی گرنگ بۆ پارتی و یەکێتی جیبەجێدەکەن. یەکەمیان نیشاندانی ھەرێمە وەکو مەنزڵگایەکی سیاسیی فرەحیزبیی کە زیاد لە حیزب و بزوتنەوە و جوڵەیەکی سیاسیی تێدایە و رێگریی لە کاری سیاسییان ناکرێت. دووھەمشیان ھەموو ئەم حیزبانە دەتوانن ململانێی دەسەڵات بکەن و لە ھەڵبژاردندا شانسی خۆیان تاقیبکەنەوە. لەکاتێکدا وەزیفە جەوھەرییەکەی ھەڵبژاردن لەبنەڕەتدا بریتییە لە نماییشی ململانێیەکی شکڵییانە لەسەر دەسەڵات و گۆڕینی ھەڵبژاردن بۆ ئامرازێکی کاریگەر بۆ دووبارەبەرھەمھێنانەوەی سیستەمە سیاسییەکە و سەپاندنی ئەو دەسەڵاتە سوڵتانیی و خێزانییەی کە ٢٧ ساڵە کار لەسەر دروستکردنی کۆڵەکەکانی دەکرێت.
ھێشتنەوەی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی لە ھەرێمی کوردستاندا بەو پەرتەوازەیی و لاوازییەی ئەمڕۆیەوە و بەشداربوونی لە ھەڵبژاردنێکدا کە تەزویرکردنی بەرفراوان یەکێک لە گرفت و میکانیزمە ھەرە سەرەکییەکانیەتی، یەک وەزیفەی سیاسیی ھەیە، ئەویش نماییشکردنی ئەم ئۆپۆزیسیۆنەیە وەکو دۆڕاوێکی مسۆگەر لە ھەڵبژاردن و لە ململانێکردنیدا لەسەر دەسەڵات. لە ئێستادا پەرلەمانی ھەرێم کە کاتی دەوامکردنی لە دەوامی قوتابخانەکان و نەخۆشخانەکان کەمترە، جەستەیەکی سیاسییە کە پارتی و یەکێتی بە ئارەزووی خۆیان کەی بیانەوێت دەیکوژن و کەیش بیانەوێت زیندووی دەکەنەوە. ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ھەرێم لە ئێستای ژیانی سیاسیی ئێمەدا جگە لە زامنکردنی دەسەڵاتی نەوەی دووھەمی خێزانە سوڵتانییەکان، خاڵییە لە ھەر مانا و ئەگەر و بەھایەکی تر و تەنانەت ئەگەری دروستبوونی بەرەیەکی ئۆپۆزیسیۆنی بەھێز زۆر لاوازە. پەرلەمانی ھەرێم نە شوێنی دیبەیت و تەوافوقە و نە شوێنی چاودێریکردنی دەسەڵات و لێپرسینەوەیە، نە شوێنی بڕیاری سەربەخۆ و عەقڵانییەتە، نە بکەر و یاریکەرە سیاسییە سەرەکییەکانی تێدایە، نە شوێنی بڕیارە سیاسییە ڕاستەقینەکانیشە، بەڵکو کراوە بە دیکۆرێکی سیاسیی کە ئەکتەری پلە سێ و پلە چوار، شانۆگەرییەکی کۆمیدیی بۆ کۆمەڵێک دەسەڵاتداری پشت پەردە، نمایشدەکات.
ڕاستییەکی نەشاراوەیە کە پارتی و یەکێتی کێشەی ئەوەیان نییە ژمارەی دەنگدەر کەمبێت و خەڵکێکی زۆر بەشداری ھەڵبژاردن نەکەن، چونکە ئەو دۆخە تەواو لەخزمەتی ئەواندایە، بەڵام جگە لە کێشەی سیستەمی یەکبازنەیی ھەڵبژاردن، ئەزموونی چەندین جاری تەزویرکردنێکی سیستەماتیکیی و ھەمەلایەن و بێڕێزیی بەرامبەر بە دەنگدەران لەلایەک و پەراگەندەیی ھێزەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتیی و نەبوونی ھیچ متمانە و ھیوایەک بۆ گۆڕانکاریی و دەستاودەستکردنی دەسەڵات لەلایەکی تر، وادەکەن چاوەڕوانی ئەوەبین ژمارەیەکی گەورەی دەنگدەران نەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و بایکۆتی پرۆسەی ھەڵبژاردن بکەن. چارەسەری ئەم بنبەستییە سیاسییەش نە بە زیادکردنی ژمارەی دەنگدەرە مردووەکان لەلایەن حیزبە دەسەڵاتدارەکانەوە لە ڕۆژی ھەڵبژاردندا دەکرێت و نە بە ھاندانی خەڵکێکی ماندوو لە پرۆسەی ململانێی سیاسییش کە گومانی ئەوەیان ھەبێت ژمارەی مردووەکان لە ژمارەی ئەوان زیاترە و ھیچ زەمانەتێکی نیشتمانیی و نێونەتەوەیی بۆ ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەر بوونی نییە. ئەم تۆران و دڵشکانەی ھاونیشتیمانیانی ھەرێم قۆناغێکی نوێ لە مانای حیزب و بەھای ھەڵبژاردن و پێگەی پەرلەمان دروستدەکەن کە ھەم ئەزموونی حوکمڕانێتی پارتیی و یەکێتیی و ھەم ڕۆڵی ئۆپۆزیسیۆنیش لە ھەرێمدا دەخاتە ژێر پرسیاری گەورەوە. کەسیش لەم بنبەستە سیاسیی و لەناو ئەم وێرانەیەدا چارەسەرێکی سیحریی و خێرا و دەستبەجێی پێنییە، مەگەر تەنھا ئەوانە نەبێت کە بێماندوبوون بە ڕیتۆریکێکی ھەرزان و بە خیتابێکی ئینشایی بەتاڵ و بانمێژوویی، بە گوتارگەلی وەک ”گۆڕانی بونیادیی ڕادیکاڵ“ و ”دەرچوون لە سیستەم“، بەرخورد لەگەڵ واقیعی کۆمەڵایەتییماندا دەکەن.
سایتی ئاوێنە