خواستی دابینکردنی موچە خواستێکی بچووک نییە
2018-03-31 15:47:43
مەریوان وریا قانع
ھەڵقەی یەکەم
یەکێک لەو ڕەخنانەی کە زۆرجار گوێمان لێیدەبێت ئەوەیە کە خواستی ناڕەزاییدەربڕین و خۆپیشاندانەکان نابێت کورتببێتەوە بۆ دابینکردنی موچە، نابێت لە سنووری خواستێکی ئابورییدا گیربخوات. ھەندێک زیاتر دەڕۆن و ئەم خواستە بە گەمژەیی گریمانکراویی میلەتی ئێمەوە گرێئەدەن و پێیانوایە ئێمە میلەتێکمان ھەیە ھەر بە پڕکردنی ورگیانەوە سەرقاڵە. ھەندێکی تر چاوەڕوانی ئەوەن ئینسانە سادەکانی کۆمەڵگای ئێمە ببنە ئەفلاتون و ھایدگەر و ژیژێک بۆئەوەی بتوانرێت شتێک لەو کۆمەڵگایەدا بگۆڕێت و ڕووداوێکی قابیلی باسکردنی تیا ڕووبدات. بەبۆچوونی من ھەموو ئەم ڕوانینانە لەسەر تێگەیشتنێکی زۆر ھەڵە بۆ ئەو سیستمە سیاسییەی لەھەرێمدا دروستکراوە، دروستبوون. ئەم سیستمە ھەر ناوێکی لێبنێین ناکرێت ئاکارە سەرەکییەکانی نەبینین کە تایبەتمەندییەکانی ئەم سیستمە دەستنیشاندەکات و لەوانیتری جیادەکاتەوە. خاڵی سەرەکیی لێرەدا ئەوەیە دەسەڵات لە ھەرێمدا دەسەڵاتی نوخبەیەکی سوڵتانییە کە کرۆکەکەی چەند خێزانێکی سیاسییە و ئەندامانی ئەو خێزانە، باوک و دایک و منداڵەکان، بە لۆژیکی دەسەڵاتی ڕەھای سوڵتانەکان، کاردەکەن، یان دەیانەوێت کاربکەن. بەڵام ئەم خێزانە سوڵتانییانە ھاوشێوەی سوڵتانە کۆنەکانی مێژوو نین و ھەموو بەراوردکردنێکیان بەیەکتری ھەڵەیە. ئەم خێزانە تازانە خاوەنی جیھازێکی بیرۆکراسیی گەورەن، لە فۆرمی سوپا و ئاسایش و پۆلیس و دەزگاکانی تری حوکمڕانییدا، ھەروەھا خاوەنی دەزگا ئاساییەکانی تری دەوڵەتن دەزگا ئیدارییەکان و قوتابخانە و نەخۆشخانە و ھتد... ھاوکات خاوەنی پارتێکی جەماوەری ساسییی مۆدێرنن کە ھەم لەناو گشتێتی جەستەی کۆمەڵایەتیدا ئامادەیە و ھەم چاودێرییەکی بەردەوامی ڕوداوەکانی ناو ئەو جەستەیە دەکات، ئینجا خاوەنی چەندەھا دەزگای میدیایی گەورەیە کە ئەرک و ئامانجی ئەوەیە وێنەیەکی دونیا بەرھەمبھێنێت کە لەگەڵ قازانج و خواستی خێزانە سوڵتانییەکاندا بگونجێت. ئەوەی ئاکاری ئەم ماشێنە بیرۆکراسییە گەورانە دەستنیشاندەکات ئەوەیە کە بەتاڵکراونەتەوە لە بەھا و نرخە ناوەکییەکانی کارکردنی خۆیان و لە شوێنی ئەواندا خواست و ویست و تەماحی خێزانە سوڵتانییەکانیان بەسەردا سەپێنراوە.
بە کورتییەکەی ئەوەی ھەیە تێکەڵبوونێکیی بەرفراوانی ھەندێک دەرکەوتی دەسەڵاتی شەخسیی و تاکەکەسیی و خێزانیی، کاریزمیی و ناکاریزمییە، بە توانای گەورەی دەزگا بیرۆکراسییە مۆدێرنەکان بۆ کۆنترۆڵ و چاودێریکردن و سزادان. ئەرکی ئەم گشتە گەورەیەش ئەوەیە دەسەڵاتێکی پاتریارکیی خێزانیی سوڵتانی بسەپێنێت و بپارێزێت. لەم مۆدێلەدا خێزانە سوڵتانییەکان مامەڵەی دەزگاکانی دەوڵەت و حیزب و جیھازی بیرۆکراسیی و شتەکانی تریش وەک موڵکی شەخسیی و خێزانی دەکەن و بەکاردەھێنن، جگە لە خۆشیان کەسیتر بە شایستەی ئەو خاوەندارێتییە نازانن.
ئەرکی سیستمە بیرۆکراسییەکەش ئەوە نییە کە دەسەڵاتی خێزانە سوڵتانییەکان سنوورداربکات و نەھێڵێت دەستبخەنە ناو چۆنیەتی ئیشکردنی دەزگا بیرۆکراسییەکانەوە، واتە خەریکی ئەوەبێت بیرۆکراسیەت وەک بیرۆکراسیەت کاربکات و وەک بیرۆکرسیەت بەرگریی لەخۆی بکات، بەڵکو بە پێچەوانەوە، سەرجەمی دەزگا بیرۆرکاسییەکان، لەڕێگای کۆنترۆڵکردنێکی حیزبیی گەورەوە، خراونەتە بەر ڕەحمەت و ویست و خواستیی نوخبە سوڵتانییەکەوە. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەم سیستمە سوڵتانییە چۆن و بەچی دەژیی؟ دەرەنجامە ئابوریی و کۆمەڵایەتییەکانی کامانەن؟
لە بەشی دووھەمەدا وەڵامی ئەم دوو پرسیارە ئەدەمەوە.