تەحەدا و مەترسییە نوێکانی ناو حیزب و سیاسەتی کوردیی
2018-09-16 10:13:23
ئاراس فەتاح ـ مەریوان وریا قانیع
بهشی یهكهم
(١)
حیزب لە ھەرێمی کوردستاندا مێژوویەکی درێژی لەگەڵ ململانێی ناوەکییدا ھەیە. ھەرکاتێک دەستەیەکی ناڕازیی بەسەرۆکایەتی کەسایەتییەکی دیاریکراو جیادەبنەوە، خۆیان بە نوێنەری راستەقینەی ھێڵی سیاسیی حیزبەکە دادەنێن. لە ژیانی سیاسیی ھەرێمی کوردستانیشدا وەکچۆن جیابوونەوە و لێکترازان بەشێکە لە خەسڵەتی ژیانی حیزبایەتی، ئاواش دووبارەلکاندنەوە و تێکەڵاوبوونەوەش دیاردەیەکی ھاوتەریبی ناو ململانێی حیزبایەتی لە کوردستاندا پێکدەھێنێت.
لەساڵانی ڕابردوودا قۆناغێکی نوێ لە پێکھات و وەزیفەی حیزبی کوردییدا ھاتۆتەکایەوە کە کاریگەریی گەورە لەسەر کردەی سیاسەت لەناو کۆمەڵگای ئێمەدا بەجێدەھێڵێت. ئەم قۆناغەش بەدوو خەسڵەتی نوێ لەناو پێکھاتی حیزبی کوردییدا دەناسرێتەوە. یەکەمیان کۆتایی کاریزمای سیاسیی و جێگرتنەوەی باوکە سیاسییەکانە لەلایەن کوڕەکانیانەوە. دووھەمیشیان پرۆسەی پاکسازییە لەناو ئۆرگانەکانی حیزب خۆیدا.
حیزبی کوردیی ھەر لەسەرەتاوە جەستەیەکی سیاسیی بووە کە بەبێ بوونی کاریزمایەک ھێز و توانای کارکردنی سیاسیی، گەر نەڵێین ئاستەم بووە، ئەوا زۆر زەحمەت بووە. کاریزماکان چ لە کاتی ژیانیان و چ لە کاتی مردنیاندا دەبن بە داینەمۆی ناوەکیی حیزبە سیاسییەکانیان. گەر لەسەردەمی ژیانیاندا ھێزی لکاندن و کۆنترۆڵکردنی ململانێکان و رۆڵی ئامێزانکردنی باڵ و گروپە ناکۆکەکانیان گێڕابێت و وەک سێنتەرێک کاریانکردبێت کە چەندان پەراوێزیی جیاوازیان لەدەوری خۆیان کۆکردبێتەوە، ئەوا لەدوای مردنیان ئەم سێنتەرە کۆتایی پێدێت و پەراوێزەکان دەپچڕێن و زۆریشیان دەچنە قۆناغ و کەڵکەڵەی بە سێنتەربوونەوە. بەمەش ھەم ململانێیەکی گەورە لەناو حیزبەکەدا دروستدەبێت، ھەم کۆمەڵێک کێشەی بونیادیی گەورە سەرھەڵدەدەن کە چارەسەرکردنیان لەناو ئەو حیزبەدا زۆر زەحمەت دەبێت، گەر مەحاڵ نەبێت. دۆخی یەکێتی دوای مام جەلال و دۆخی بزوتنەوەی گۆڕانی دوای نەوشیروان مستەفا بەرجەستەی ئەم دۆخە دەکەن.
(٢)
لە کۆمەڵگای سیاسیی نوێی ئێمەدا ململانێی سەرەکیی لە نێوان ھێزە سیاسییەکان و لەناو خودی ھێزە سیاسییەکانیشدا، ململانێی ھەیمەنەیە لەسەر کۆنترۆڵکردنی دوو سەرمایەی سەرەکیی. یەکەمیان ململانێیە لەسەر کۆنترۆڵکردنی سەرمایەی ئابووریی و لەناو سەرمایەی ئابووریشدا بەپلەی یەکەم ململانێیە لەسەر کۆنترۆڵکردنی داھات، بەتایبەتیتریش داھاتی نەوت. دووھەمیان ململانێیە لەسەر سەرمایەی رەمزیی لەنێوان گروپی خێزانی سەرۆکە کۆچکردووەکاندا، کە خۆیان بە نوێنەر و وەریسی شەرعیی حیزب دەزانن، بەرامبەر بەو گروپانەی کە دژ بە پرۆسەی تەوریسن، یان سەر بە گروپێکی تری ناو خێزانە سیاسییەکەن. ئەم ململانێیەش تەواو دابڕاوە لە ھەر ڕەھەندێکی فیکریی و ئایدیۆلۆژیی و بەرنامەیی کە پێویستە لانیکەم یەکێک لە خەسڵەتە سەرەکییەکانی ململانێی سیاسیی بێت. لەھەمانکاتدا گەشەی ناوەکیی حیزبە کوردییەکان لەمڕۆدا بە ئاراستەی موتوربەکردنی سەرمایەی ئابووریی بە سەرمایەی رەمزییدا تێدەپەڕێت. واتە کوڕانی سەرکردە مردووەکان و ژنەکانیان و خزمەکانیان خەریکی مۆنۆپۆڵکردنی سەرمایەی رەمزیی سەرۆکە مردوەکانن و ئەم سەرمایەیەش تێکەڵ بەو سەرمایە ئابورییە گەورەیەی حیزب دەکەن کە لەدوای خەسخەسەکردن و بازگانیکردن بە نەوتەوە بۆیان دروستبووە. لێرەدا پرۆسەی تەوریسی سیاسییش بەھەمان لۆژیکی تەوریسکردنی کۆمپانیا و موڵک و ماڵی تایبەتدا تێدەپەڕێت کە باوکان لەدوای مردنیانەوە بۆ منداڵەکانیان بەجێیدەھێڵن. قەسامی شەرعیی دەبێت بە رەچەتەیەکی یاسایی بۆ تەقسیمێکی شەرعیی دەسەڵات و داھات لەنێوان کوڕەکانی سەرۆکی کۆچکروو. وەکچۆن کۆمپانیایەک لەدوای مردنی خاوەنەکەیەوە بۆ منداڵەکانی بەجێدەمێنێت، بەھەمان لۆژیک حیزبیش لەدوای مردنی سەرۆکەکەیەوە بۆ کوڕەکانی بەجێدەمێنێت.
(٣)
خەسڵەتی دووھەمی ژیانی حیزبیی لەمڕۆدا بریتییە لە پاکسازییەکی سیستەماتیکیی بەرامبەر بە تەواوی ئەو دەنگانەی لەناو حیزبدا ناڕازین و حیزب وەک کۆمپانیایەکی فرەپشکی سیاسیی نابینن، یان کێشەیان لەگەڵ تەوریسیی سیاسیدا ھەیە و ئەم پرۆسەی تەوریس و دابەشکردنە نادیموکراسییە نوێیەی دەسەڵاتیش لەناو حیزبدا وەک کردەیەکی سیاسیی ھەڵە و ناڕاست دەنرخێنن. ئەم پرۆسەی پاکسازییکردنە لە پەراوێزخستن و فەرامۆشکردنی ئەو کەسە ناڕازییانەوە دەستپێدەکات، دواتر بەناو ناچارکردنیان بە بێدەنگبوون و ھیچ نەکردندا تێپەڕدەبێت و لە دەستلەکارکێشانەوە و جیابوونەوەشدا کۆتاییدێت. پاسیڤکردنی حیزب و دروستکردنی ئۆرگانی تایبەت و ھێزی تایبەت و میدیای تایبەت لەناو حیزب خۆیدا، دیاردەیەکە نەوەی دووھەم و منداڵ و خزمەکانی سەرکردەکان بەشێوەیەکی بەرچاو پێیھەڵدەستن. بێگومان ھەڵەیە ئەم کردەیە وەک پرۆسەی لاوازبوون و نەمانی ئەرکی حیزب ببینین و مامەڵەبکەین، بەڵکو مانای گۆڕانیەتی لەچوارچێوەی ململانێکردندا لەسەر ھەیمەنەکردن بەسەر ناوک یان پێگەی سێنتەر لەناو حیزبدا. ھەموو ئەو ئۆرگانانەی کە وەک حیزب لەناو حیزبدا کاردەکەن، وەک یەکەی تایبەتیی ئامادەن، ھەموویان لەناو ئەو چوارچێوە گەورەیەدا کاردەکەن کە ناوی حیزبە. کۆی ئەو باڵ و گروپە چەکدار و میلیشیایانەی لەناو حیزبدا ھەن، ھەموویان لەناو چوارچێوەی رێکخراوەکەدا ئامادەن و لەناو ئەو چوارچێوەیەشدا پێگەیان ھەیە. ھەرکاتێکیش کەوتنە دەرەوەی چوارچێوەی حیزبەکەیانەوە ئەگەری پوکانەوەی ڕۆڵیان و لەناوچوونیان زۆر گەورەیە. بە کورتییەکەی منداڵی خێزانە دەسەڵاتدارەکان، دوای مردنی باوکیان دەستدەکەن بە خستنەگەڕی پرۆسەیەکی بەرفراوان لە پاکسازیی ناوەکیی و ھەڵدەستن بە تەرەکردن و شکسپێھێنانی بەرگریی ئەو ھێزانەی کە رەخنەیین و نوزەیەکیان تیاداماوە. وەکچۆن ئۆرگان و پێگە و ھێزی تایبەت بەخۆیان لەناو جەستەی سیاسیی و ڕێکخراویی حیزبەکەدا دروستدەکەن و دەپارێزن. ئەم پرۆسەی بێدەنگکردنە ناوەکیی و دەرەکییە و ئەم دروستکردنی ئۆرگانی تایبەتەیە، وادەکات ژیانی سیاسیی ئێمە روبەڕوی دۆخێکی تەواو جیاواز بێت لە دۆخی ڕابردووی. ململانێی کوڕەکان و نەوەی دووھەمی خێزانە سیاسییەکانی ئێمە تەنھا لەگەڵ دونیای دەرەوەدا نییە، بەڵکو لەگەڵ ئەو دونیا ناوەکییەشدایە کە باوکەکان دروستیانکردوە. ھەم دژ بە کۆمەڵگا و ھەم دژ بە دەنگ و ھێز و کەسە ناڕازییەکانی ناو حیزب دەکەونە جەنگ و پێکدادانەوە.
(٤)
لەدوای ئەزموونی ھەڵبژاردن لە ساڵی ٢٠٠٩ دا کە بزوتنەوەی گۆڕان وەک ھێزێکی گەورەی ئۆپۆزیسیۆنی ریفۆرمخوازی نوێ سەریھەڵدا، چاوەڕوانیی و ئومێدێکی لە کۆمەڵگای ئێمەدا دروستکرد کە خەباتی پەرلەمانیی بچێتە قۆناغێکی نوێیەوە، بتوانێت بکەری سیاسیی نوێ دروستبکات، دەستکاری سیستەمە سیاسییەکە بکات و نەخۆشییە سەرەکییەکانی دەستنیشان و چارەسەربکات. بەرامبەر بەوە لە دە ساڵی ڕابردوودا پارتی و یەکێتی ھەموو شتێکیان کرد کە ئەم خەباتە پەرلەمانییە بۆ گۆڕانکاریی لە ماڵی سیاسیی ئێمەدا وێرانبکەن و لەوەشدا سەرکەوتن کە شکست بە خەباتی پەرلەمانیی و پڕۆژەی چاکسازیی بھێنن. ئەم دەساڵە، دەساڵی پڕ بەرزیی و نزمیی و پێکدادان و دانوستان بوو و بەوە کۆتایی ھات سەرۆکی ھەرێم دەرگای پەرلەمان دابخات و ئۆپۆزیسیۆنیش لە پایتەختی حوکمڕانییە سوڵتانییەکەی دەربکات. بە کورتییەکەی، لەماوەی ئەم دەساڵەی ڕابردووی سەرھەڵدانی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی و خەباتی پەرلەمانیی و مەدەنییدا، پارتی و یەکێتی توانییان پەراوێزبوونی دەزگای پەرلەمان قووڵتربکەنەوە و ھیچ بەھایەکی سیاسیی و ئەخلاقیی ھەم بۆ ئەم دەزگایە و ھەم بۆ خەباتی مەدەنی، نەھێڵنەوە. ئەوەی ئێستا ھەیە بێرخبوونی تەواوەتی دەزگای پەرلەمان و سەرلەنوێ کورتکردنەوەیەتی بۆ دیکۆرێکی بێروح و بێکاریگەرتر لە ڕابردوو.
لەگەڵ دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕاندا پەرلەمان وەک دەزگایەکی سیاسیی، ھەندێک قورسایی و کاریگەریی بۆ دروستبوو، لە دیکۆرێکی بێڕۆحەوە گۆڕا بۆ پەراوێزێکی سیاسیی گرنگ کە لە زۆر ساتدا سیستەمە سوڵتانییەکە گیر بەدەست ھەندێک لە بڕیار و چالاکیی و زمان و ئەکتەرەکانییەوە دەخوات. مەترسیی ئەم دەزگایە گەیشتە ئاستێک کە بارزانی دەرگاکەی دابخات و کلیکەکەی بخاتە گیرفانی خۆیەوە. تا بەر لە داخستنی لەلایەن بارزانییەوە پەرلەمان لە پێگە پەراوێزییەکەی خۆیەوە و بە تیپی سێھەم و چوارەمی سیاسەتکردنیشەوە، توانای تەحەداکردنی شەرعیەتی دەسەڵاتدارێتیی سیستمە سوڵتانییەکە و بڕێکی زۆر لە سیاسەتەکانی ھەبوو. داخستنی پەرلەمان گەڕاندنەوەی ئەم دەزگایە بوو بۆ خاڵی سفر و بێبەھاکردنی تەواوی ڕۆڵ و کاریگەرییەکانی بوو لە جیھانی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و یاسایی کۆمەڵگای ئێمەدا. ئێستا ئیتر پەرلەمان لە ھەرێم بە کردەوە کورتکراوەتەوە بۆ ئەو دیکۆرە دەرەکییە کە ناتوانێت تەنانەت دۆخە پەراوێزییەکەی جارانی خۆی ھەبێتەوە.
لەم قۆناغەی ئێستادا چاکسازیی و ڕیفۆرمی سیاسیی لە ھەرێمدا ھەرچییەکی بۆ بکرێت و ھەرچیەک بکات، ناتوانێت بگاتە کردەی دابەشکردنی دەسەڵات و بنەبڕکردنی گەندەڵیی و سنووردانانێک بۆ شکستە سیاسیی و ئابووریی و نیشتیمانییەکانی ئەم حوکمڕانییە سوڵتانییە، کە ھێدی ھێدی نەوەی دووھەمی خێزانە سیاسییەکان پێگە سەرەکییەکانی داگیردەکەن. دەسەڵات لەمڕۆدا بەجۆرێک لەدەستی کاراکتەرە سەرەکییەکانی ناو ھەندێک خێزان و بنەماڵەی سیاسییدا گرمۆڵەبووە کە ھەموو فشار و ھەوڵدانێک بۆڕیفۆمرکردنی، بەمانای سەرلەنوێ دابەشکردنەوەی دەسەڵات، ڕووبەڕووی ھێرش و توندوتیژییەکی گەورە دەبێتەوە. ھەر دەستکارییکردنێکی پەیوەندییەکانی دەسەڵات و ھەوڵدانێک بۆ دابەشکردنی، مانای پەراوێزخستن و کەوتنی بەشێکی بەرچاو لە کەسایەتیی و ناوەکانی ناو ئەو نەوە تازانەی ھاتونەتە سەر خوانی باوک و برا و مام و کەسوکارەکانیان. ئەمەش کردەی ڕیفۆمی سیاسیی لەھەموو کات ھەم زەحمەتتر کردوە، ھەم ترسناکتر. منداڵەکان لە ھەرشتێکدا لەگەڵ یەکدا ناکۆکبن، لەوەدا تەبان کە پێگەی دەسەڵاتەکانی خۆیان بسەپێنن و بپارێزن و بەرگریی لە بەرژەوەندییە نوێکانیان بکەن.
(٥)
ئەوەی ئێمە وەک ئەگەرێکی بچووک دەیبینین، ڕەنگە ئەنجامدانی ھەندێک ڕیفۆرمی ئابوریی بێت کە ئاکاری نیۆلیبرالانەی سیستەمە ئابورییەکە زیاتر بسەپێنێت، ڕەنگە ھەندێک ریفۆرمی زۆر سەرەتایی و ناچیز لەناو دیاردەی گەندەڵیی لە خوارەوەی سیستمە ئابورییەکەدا بکرێت، ھەندێک ریفۆرم لە جیھازی ئیداریی و بیرۆکراسییەتدا بکرێت، بەڵام ڕیفۆرمی سیاسیی و سەرلەنوێ دابەشکردنەوەی دەسەڵات لەمڕۆدا و دوای ئەو دۆخە تاڵ و وێرانکەرەی بزوتنەوەی گۆڕانی تێکەوتوە و دوای شکست و ئیفلیجیی پێکەوەکارکردنی ھێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان لەگەڵ یەکتر و دروستنەکردنی ئەلتەرناتیڤێک بۆ دەسەڵات، کردەیەکی تەواو زەحمەتە. ئەم لاوازیی و پەرتەوازەییەی ئۆپۆزیسیۆن وادەکات ڕیفۆرمکردنی ئابوریی و بەگژاچوونەوەی گەندەڵیی لە پێگە سەرەکییەکانیدا کارێکی نەکردەبێت، چونکە سەرە گەورەکانی ناو سیاسەت و منداڵانی خێزانە سوڵتانییەکان خۆیان لە تێوەگلاوە سەرەکییەکانی گەندەڵیین. ئەوان لە ئێستادا دیزاینەر و ئەندازیار و بکەرە سەرەکییەکانی ناو سیستمە گەندەڵەکەی ھەرێمن، کە ساڵانێکی دێژە لە کایەی ئابووریی و ئیدارییدا بونیاتنراوە.
سایتی ئاوێنە