Draw Media

بۆچی لە بانگەشەدا هەموو هێزەکان لەیەکدەچن؟

بۆچی لە بانگەشەدا هەموو هێزەکان لەیەکدەچن؟

2018-09-12 10:12:36


■  كەمال چۆمانی 

هێز و گروپە سیاسییەکان یان بەو ئایدیۆلۆژیایە لێک جیادەکرێنەوە کە هەڵگرین، یان بەو مەسەلانەی کە کاری لەسەر دەکەن و جێی گرنگیپێدانیانە. ئەو جیاوازییانە لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکان رونتر و زۆرتر دەردەکەون. 
ئەوەی سەیرە، لە هەرێمی کوردستاندا، زۆربەی هێزەکان لەیەکدەچن لە بانگەشە و ئەو پرسانەی کاری لەسەر دەکەن.
گۆڕان کە دروستبو کاری لەسەر کۆمەڵێک پرس کرد کە وای کرد گۆڕان بەتەواوی جیاواز بێت لە هێزەکانی دی. هێزە ئیسلامییەکان پاشگری ئیسلامییشیان هەڵگرتوە، کەچی نە جورئەتی ئەوە دەکەن بانگەشە بۆ ئایدیۆلۆژیاکەیان بکەن -کە من بە هیوام ئەو پاشگرە لێبکەنەوە-، نە پرسەکانیشیان زۆر جیاوازن لە کۆی پرسەکانی تر.لە بزوتنەوەی گۆڕاندا ئەو پەیامە زۆر گرنگە کە باس لە لامەرکەزیەت دەکات، بەڵام دیسان پێناسەی گۆڕان بۆ لامەرکەزیەت زۆر سادەیە و تەنها خۆی لەوەدا بینیوەتەوە کە ئەنجومەنی پارێزگا و پارێزگا/حکومەتی خۆجێییی کۆمەڵێک دەستەڵاتی کارگێڕیی هەبێت، تەنانەت نەیانتوانیوە ئەم تێگەیشتنە سادەیە بۆ ئەندامانی خۆشیان رونبکەنەوە.
نەوەی نوێ دەیەوێت کەمێک جیاواز بێت لەڕێی گەشەپێدانی ئابوریی و بزنسی بچوکەوە، بەڵام دیسان نەیانتوانیوە نە ئەو پرسانە رونتر بکەنەوە، نە ببنە هەڵگری فیکر و ئایدیۆلۆژیایەکی جیاواز.
زۆر هێزی دونیا ئەمڕۆ تەرکیزیان لەسەر پرسەکانە. بۆ نمونە دیموکراتە پێشکەوتوخوازەکانی ناو حیزبی دیموکراتیی ئەمریکا، کە زیاتر بێرنی ساندەرز وەک سەرکردەیان دەردەکەوێت، هەر بۆ نمونە، بیمەی تەندروستیی وەک مافێکی ئینسان دەبینن، جیاواز لە پارتیی کۆماریی بەرانبەریان. 
بەڵام لە هەرێمی کوردستاندا ئەو جیاوازییانە کەمترن و لێکچونی هێزەکان -لە بانگەشەدا نەک لە کردەوەدا- زۆر لەیەکدەچن. ئەمەش، بە بڕوای من، بۆ دو هۆکاری سەرەکیی دەگەڕێتەوە:
یەکەم: هەرێمی کوردستان هێشتا لە قۆناغێکی هەرە سەرەتایی حوکمڕانیی دامەزراوەیی، دیموکراتیک و خزمەتگوزار دایە، بۆیە هەموان ئەو پرسانەی تەرکیزیان لەسەرە، لە یەک نزیکن. هەر بۆ نمونە، هەرێمی کوردستان سەرەتا پێویستی بە دابینکردنی خزمەتگوزارییەکی تەندروستیی باش هەیە، ئینجا ئەو گفتوگۆیانە دروستدەبن ئایا چ جۆرە تەندروستییەک بۆ هەرێمی کوردستان باشە، هەرچەندە بەپێی قانونەکانی عێڕاق ئەمە یەکلایی بۆتەوە.
- گەشەی فیكریی و ئایدیۆلۆژیی و مەعریفیی هێزەکان و سەرکردایەتییان لە ئاستێکی زۆر زۆر نزم و سەرەتایی دایە. فیکڕ لەناو هێزەکان نەک پرسیکی جدیی نییە، هەر پرس نییە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand