پەیامێک بۆ جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان
2018-09-10 09:21:40
■ هەڵمەت ئەکرەم
بڕیارە ئەمڕۆ کۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی ئەنجام بدرێت، بەپێویستی دەزانم لەپێناو قورسایی و سەنگی بزوتنەوەی گۆڕان و متمانە و پشیوانی جەماوەرەکەی، ئەو پەیامە لەوپەڕی دڵسۆزیم بۆ دۆخی کاری ڕێکخراوەیی و سیاسی بزوتنەوەکە ئاراستەی ئێوە بکەم، بەو پێیەی ئێوە ناوەندی بڕیار و نوێنەر و بەرپرسیاری تەواوی ئۆرگان و جومگکەکانی ناو بزوتنەوەکەن. بەهیوای ئەوەی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان لەئاستی بەرپرسیارێتی مێژویی و متمانەی هەڵسوڕاوان و جەماوەری بزوتنەوەی گۆڕان دابێت و بڕیار بدات:
۱. بایکۆتی هەڵبژاردنە ساختە و تەزویرەکەی پارتی و یەکێتی بکات، نەچێتە ناو هەڵبژاردنێکەوە، کە سەرلەبەری فرت و فێڵ و ساختەکارییە.
۲. بایکۆتی تەواوی حکومەتی خۆجێی لە سلێمانی بکات، بزوتنەوەی گۆڕان نەکاتە قوربانی، ئەو حکومەتە شکستخواردوە، لەپێناو پۆست و بەرژەوەندی چەند کەسێک.
۳. لە پەرلەمانی عێڕاق، بڕیار ئۆپۆزسیۆنبونی ڕابگەینێت، نەچێتە ناو هیچ تحالف و هاوپەیمانێتییەك بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێڕاق، بەشدار و کۆبونەوە لەگەڵ هیچ وەفدێکی پارتی و یەکێتی نەکات بۆچونە بەغدا بە وەفدی هاوبەش.
٤. بڕیار لەسەر ئەوە بدرێت کێشە ناوخۆییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان چارەسەربکرێت و ئامادەکاری بکرێت، بۆ بەستنی کۆنکرەیەکی نەوعی و پێداچونەوەیەکی جدی بکرێت، بە تەواوی ئۆرگان و ژور و مەکۆ و ئەنجومەنەکانی دەرەوە. کار بکرێت، لە پێناو چۆنایەتیەکی بەهێز و پتەو، دور لەو فەوزا و پاشاگەردانیەی ئەمڕۆ لە ناو بزوتنەوەکە دەگوزەرێت.
بەهیوای ئەوەی تەواوی هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی گۆڕان، دڵسۆزانە و ئازایانە فشاربکەن لەسە جڤاتی نیشتیمانی، بۆ ئەوەی بریارێکی دروست و ڕاست بدەن لەسەر ئەو دۆخە سیاسیەی بزوتنەوەکە تێی کەوتیە.
* هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان