Draw Media

بایکۆت ترس نیە لە هەڵبژاردن

بایکۆت ترس نیە لە هەڵبژاردن

2018-09-09 16:48:27


■ د. ئیسماعیل نامیق
هەڵبژاردن لەوڵاتانی دیموکراسیدا بۆ دەستاودەستکردنی دەسەڵات ونوێکردنەوەی شەرعیەت ئەنجامدەدەرێت، بۆیە بنەماکانی ململانێی هەڵبژاردن لەژێر سەقفی دەستور بەجۆرێک داڕێژراون کەهەل وپارێزگاری یەکسان وچونیەک بۆ هەمو رکابەرەکان رەخسێنراوە، ئەمەش وایکردوە هەردوو ئامانجەکە ( دەستاودەستکردنی دەسەڵات ونوێبونەوەی شەرعیەت ) بەسانایی وئاشتیانە ودورلەکێشە بێنە دی. بەڵام لەکوردستاندا بنەماکانی ململانێی سیاسی لەنێویشدا هەڵبژاردن لەلایەن یەکێتی وپارتیەوە داڕێژراوان، بۆیە هەل وپارێزگاری بۆ هەمو لایەنەکان یەکسان وچونیەک نیە ئەمە لەلایەک، لەلایەکی ترەوە یەکێتی وپارتی لەکۆی ئەو هەڵبژاردنانەی کەلەکوردستاندا ئەنجامدراون تاتوانیبێتیان ساختەکاریو گزیکاریان کردوە لەمەشدا قۆرخکاریان بۆ دەسەڵات وپارەو بازاڕ وقوتی خەڵک هەروەها پەیوەندی نهێنی وئاشکرایان بەهەندێک وڵاتەوە هاوکارو یارمەتیدەریان بوە. لەلای سێیەمەوە سەرەڕای هەمو ئەو لاسەنگیانە کەلەبنەماکانی ململانێی سیاسیدا هەن ئەگەر هێزێک تەحەدای کردبن وتوانیبێتی بەشێک لەدەنگەکان بۆ خۆی بەرێت وبەپرۆژەی چاکسازی تەنگەتاوی کردبن، پەنایان بردۆتە بەر بەکارهێنانی هێزی رەق وپەکخستنی ئەوبنەما لاسەنگانەی ململانێی سیاسی کە خۆیان دایانناوە.
لەبەر ئەوە هەڵبژاردن لەکوردستاندا تا ئێستا گوزارشتێکی راستەقینە نەبوە لەویستی خەڵک، وە ئامرازێکیش نەبوە بۆ دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات، بەڵکو تەنها ئامرازێک بوە بۆ نوێکردنەوەی شەرعیەتی شاخی یەکێتی وپارتی.
بۆیە دەبینین یەکێتی وپارتی هەرکاتێک بیانەوێت هەڵبژاردن دوائەخەن، هەرکاتێکیش هەڵبژاردن لەقازانجی خۆیان بێت ئەنجامی ئەدەن، پەرلەمان وحکومەت ودەسەڵاتی دادەوەری وسەرجەم دامەزراوەکانی تر تائەو کاتە کارا ئەبن کەخزمەت بەخۆیان دەکات، هەرکاتێک بونە هەڕەشە لەسەر بەرژەوەندیەکانیان ئیتر پەکیان ئەخەن.
لەدۆخێکی وادا لایەنەکانی تر بڕیارێکی حەکیمانە نادەن ئەگەر بەشداری هەڵبژاردن بکەن، چونکە بەشداریکردنیان تەنها شەرعیەت بەپرۆسەیەک دەدات کەشەرعیەتی شۆڕشگێڕی یەکێتی وپارتی تیادا نوێدەکرێتەوە. لەبەرئەوە نابێت لایەنەکانی تر لەبایکۆت بترسن، بەڵکو پێش ئەوەی بچنە پرۆسەی هەڵبژاردنەوە، یەکێتی وپارتی ناچار بکەن لەسەر دوبارە داڕشتنەوەی بنەماکانی ململانێی سیاسی بەبەشداری هەموان، لەپێناو:
1) رەخساندنی هەلی یەکسان بۆ هەموان لەبەشداری سیاسیدا.
2) بەدیهێنانی دەرفەت وپارێزگاری یەکسان لەکاتی بەڕێوەچونی پرۆسەی هەڵبژاردندا.
3) رێزگرتن لەدەرەنجامەکانی هەڵبژاردن، بەجۆرێک هەڵبژاردن بۆ دەستاودەستکردنی دەسەڵات ونوێکردنەوەی شەرعیەت بێت.
ئەم سێ ئامانجەش بەدیدێت لەڕێگەی:
1) دانانی دەستورێکی وا بنەما هاوچەرخەکانی ململانێی سیاسی لەخۆبگرێت.
2) دروستکردنی دادگای دەستوری تا لەکاتی رودانی ناکۆکیە سیاسیەکاندا لایەنی یەکلایکەرەوە بێت.
3) پەیڕەوکردنی یاسای پارتە سیاسیەکانی عێراق ژمارە36 بۆ ساڵی 2015 لەهەرێمی کوردستاندا وجێبەجێکردنی بەسەر هەمو پارتە سیاسیەکاندا بەجۆرێک هەمویان دۆخی خۆیان رێکبکەنەوەو لەگەڵ بەندەکانی ئەم یاسایەدا بیگونجێنن.
لایەنەکانی دەرەوەی یەکێتی وپارتی نابێت نەشەرم بکەن نەبترسن لەبایکۆت، چیتر لێرە بەدواوە نەچنە هەڵبژاردنێکەوە پارتی ویەکێتی بەئارەزوی خۆیان کاتەکەی دوابخەن ودیاریبکەن، هەروەها یاری بەئەنجامەکانی و ویستی دەنگدەر بکەن، ئەگەر سەرەڕای ئەوانەش ئەنجامەکەیان بەدڵ نەبو یان لەوێستگەیەکدا لەگەڵ بەرژەوەندی ئەوان یەکی ناگرتەوە بەبیانوی پوچ حوکمی عەسکەری بسەپێنن وحوکمی مەدەنی پەکبخەن.
کاتێک باسی بایکۆت دەکرێت یەکسەر نمونەی سونەکان دەهێنرێتەوە کە کاتی خۆی بایکۆتی هەڵبژاردنی 2005 یان کردوە، دەوترێت تائێستا باجەکەی ئەدەن. بەڵام ئەمە راست نیە، چونکە سونەکان سەرەڕای ئەوەی بەروخانی رژێمی حیزبی بەعس لێدانێکی گەورەیان بەرکەوت، دواتر شەڕی ئەمریکا وشەڕی لایەنە شیعەکانیشیان کرد، قاعدەو داعش لەناوچەکەیاندا دروستبو، بەهۆی ئەم دوو رێکخراوەوە ناوچەکەیان گەورەترین ماڵویرانی ووێرانکاری بەرکەوت، بەڵام لەگەڵ هەمو ئەوانەشدا هێشتا دۆخی سونەکان لەکورد باشترە وحسابی زیاتریشیان بۆ ئەکرێت. ئیتر بۆ سونەکان زیانیان لەبایکۆت کردوە؟ 
بایکۆت هەرچەندە هەڵوێستێکی نەرێنییە وپێویستی بەخەرجکردنی هەوڵ وچالاکیەکی ئەوتۆ نیە، بەڵام هەندێک جار کاریگەریەکەی لەکاریگەری هەڵوێستە ئەرێنییەکان گەورەتر وزیاترە. بایکۆتی پرۆسەی هەڵبژاردن رەنگە وا پێویست بکات کەمپینی بۆ بکرێت وئەندازەیەک لەچالاکی وماندوبونی بوێت، بەڵام خۆی لەواقعدا زەمینەکەی لەبارەو میللەت چاوەڕێی ئەوەیە لایەنێک پێشڕەوی بکات بۆ ئەوەی بە پارتی ویەکێتی بڵێت چیرۆکی ئەو جۆرە هەڵبژاردنەی ئێوە دەتانەوێت ئیتر بەسە وکۆتایی هات. لەدوای بایکۆتکردنی پرۆسەی هەڵبژاردنیش دەست بۆ هەمو ئەو رێگەو میکانیزمە دیموکراسی ومەدەنیانە ببرێت کە پەیماننامە نێودەوڵەتیەکان ویاساهاوچەرخەکان بۆ ئۆپۆزسیونیان فەراهەمکردوە، لەپێناو گۆڕینی واقعی سەپێنراوو هەڵوەشاندنەوەی هەر دامەزراوەیەک کەبەجسمێکی رەنگاوڕەنگی موزەیەف ودور لەویست وبەرژەوەندی گشتی دروستکراوە بۆ ئەوەی سەرلەنوێ بەباشترین شێوە دروستبکرێتەوە.
لەکۆتاییدا ماوەتەوە بڵێم ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان بەبایکۆتکردنی ئەم هەڵبژاردنە بەهێزتر نەبێت، دڵنیام بەبەشداریکردن تیادا بەهێزتر نابێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand