کورد و جەنگی ناھاوسەنگ
2018-09-09 16:07:12
■ ئاراس فەتاح
گوێتە، گەورەشاعیری ئەڵمانیی دەڵێت: ”من لە رۆژانی یەکشەممەو پشووەکاندا جگە لە جەنگ و ھاوارو ناڵەی جەنگ، شتێکی باشتر نادۆزمەوە بۆ گفتوگۆ“. گوێتە گازندەی ئەوەدەکات کە سەرەڕای ئەوەی ڕۆژانی پشوو بۆئەوەیە مرۆڤ ئارامییەک بەخۆی ببەخشێت، کەچی ئەو بۆ قسەکردن لەسەر جەنگ تەرخانی دەکات. لەڕاستیدا ئەم ڕستەیەی گوێتە لەدونیای ئێمەدا بووە بە دۆخێکی باوی کۆمەڵایەتیی و بابەتی رۆژانەی ژیانی ئینسانی ئێمە، چونکە خەڵکی ئەم دەڤەرە ھەموو ڕۆژێک، جگە لە باسی شەڕ و کوشتن و ململانێی توندتوتیژ و ئازار و ناڵەی جەنگ، شتێکی تریان نییە گفتوگۆی لەسەر بکەن.
لەسێدارەدانی سێ گەنجی کوردستانی ڕۆژھەڵات و ھاوکات ھێرشی موشەکیی دەوڵەتی سێدارەی ئێران بۆسەر بارەگاکانی حزبی دیموکراتی کوردستان (حدک) و حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) و کەمپی ئاوارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆیە کە بووە ھۆکاری شەھیدبوونی پانزە کەس و برینداربوونی زیاتر لە پەنجا کەس، ھەواڵی گەرم و ھەست و وێژدانھەژێنی ئەم ڕۆژانە بوون بۆ ھاوڵاتیانی کوردستان.
گۆڕانی مانا و رەھەندەکانی جەنگ
جەنگی ناتەبا بە ھەموو پێوەرە یاساییە نێودەوڵەتیی و ئێتیکییەکان، شەڕێکی نائەخلاقییە، چونکە ھیچ تەبایی و ھاوسەنگییەک لەنێوان دووبەرەکەدا بوونی نییە. چ لەئاست کەرەسە و چ لەئاست جەبەرووتی ھێز و چ لە ئاست تەکنیکی پیادەکردنی ھێرش و چ لە ئاست زانیاریی و باڵادەستیی زەمینیی و ئاسمانییدا تەبایی و ھاوسەنگییەک لەنێوان ھێزێکی دەوڵەتیی و ھێزێکی ناودەوڵەتییدا بوونیان نییە.
بێگومان ماناکانی جەنگ و میتۆدەکانی پیادەکردنی گۆڕانی قووڵیان بەسەردا ھاتووە. گەر سەدەی پێشوو قۆناغێک بێت کە جیاکارییەکی ڕوون لەنێوان ناوەوە و دەرەوە، لەنێوان دوژمن و دۆستدا کێشرابێت کە لە جەنگی سارددا خۆی بەرجەستەدەکرد، ئەوا لە سەردەمی نوێدا، جەنگ گۆڕانکاریی گەورەی بەسەردا ھاتووە و ئەو سنوورانە گەر نەڵێین تێکشکێنراون، دەتوانین بڵێن ھیچ سنوورێکی دەوڵەتیی توانای بەرگریی ڕەھای لەخۆی نەماوە. ئەم دۆخەش ھەندێ لە بیریاران بە سەرھەڵدانی پارادایمێکی نوێی ھێرش و بەرگریی ناویدەبەن.
بەرگریی کاتێک مانایەکی پۆزەتیڤی ھەیە کە بتوانێت لە ھێرش بەھێزتر بێت. ئاشتیی ناوەوەی ھیچ سیستەمێکی بەرگریی ناتوانێت بەردەوام بێت گەر نەتوانێت ئامادەی بەرپەرچدانەوەی ھێرشەکانی دەرەوەی خۆی بێت. ئەم سەردەمەمان سەردەمی سنووری تەقلیدیی نییە. سەروەریی سنوورەکان ناتوانرێن بە بازگەی سەربازیی و دیواردروستکردن و خەندەقلێدان بپارێزرێن. نەک تەنھا لەبەرئەوەی لەئێستادا سیستەمێکی گلۆبالدا دەژین و ھەموو دەوڵەتێک پێویستی بەوی ترە، بەڵکو لەسەردەمی پەیوەندییەکی گشتگیردا دەژین کە ھەندێ وڵات بەبێ کەرتی گەشتوگوزار و ھاتنی گەشتیار ناتوانێت ئابووری خۆی بپارێزێت. دەوڵەتی ئەم سەردەمەمان ناتوانێت بەبێ کۆمپیوتەر بژی و پەیوەندی لەنێوان پارچەکانی خۆی و دەرەوەی خۆیدا دروستبکات. گەر جاران قەڵا تاکە پەنایەک بووبێت بۆ بەرگریی، ئێستا ھیچ قەڵغان و قەڵایەک ناتوانێت ببێت بە بەرگریی ڕاستەقینەی ئەم جیھانە گلوباڵە. گەر جاران گولەی تۆپ چەند کیلۆمەترێک مەوداکەی بووبێت، ئەوا ئێستا ڕاکێتی دوورمەودامان ھەیە کە دەتوانێت لەماوەی چەند خولەکێکدا ئامانجی خۆی لە دوورترین شوێندا بپێکێت. گەر جاران قەڵغان کەرەسەی بەرگرییکردن بووبێت لە جەستە، لەئێستادا قەڵغانێکی مەجازییمان بۆ دروستبووە کە پێیدەڵێن فایەرۆڵ و بەرگریی لە ھاتنەژوورەوەی دوژمن و ڤایرۆس دەکات.
ئەم سەردەمەی ئێستامان سەردەمی بەکتریا نییە کە بە پەنسلین مەترسییەکانی لەناوببەین، بەڵکو سەردەمی ڤایرۆسە کە دەچێتە ناو سیستەمی جەستەی بیۆلۆگیی و سیستەمی جەستەی کۆمەڵایەتییمانەوە. ڤایرۆس بوونەوەرێکە کە دەتوانێت بەخێرایی و بەنادیاریی بچێتە ناو ھەموو کۆمپیوتەرێکەوە و کۆی پەیوەندییەکانمان وێران بکات. لەسەردەمی ڤایرۆسدا سیاسەتی ڤایرۆسییش ھەیە. واتە سیاسەتێک کە دەچێتە ناو جەستەی ھەموو کۆمەڵگایەکەوە و سیستەمی بەرگرییەکەی شەلەل و ئیفلیجدەکات و لە دەزگایەکی خۆبەڕێوەبردنەوە دەیگۆڕێت بۆ بەڕێوەبراو و کۆنترۆڵکراو. چەمکی سەروەریی لە سەردەمی ڤایرۆسدا ئەفسانەیەکی سیاسییە کە تاوەکو قۆناغی دروستکردنی یەکەم ڤایرۆسی کۆمپیوتەر بڕدەکات.
ڕۆڵی حیزبی کوردیی لەنێوان ڤایرۆسێکی پۆزەتیڤ و نێگەتیڤدا
کێشەی چەمکی سەروەریی بۆ کوردیش لێرەوە دەستپێدەکات. کورد ھیچ کاتێک سیستەمی بەرگریی خۆی نەبووە، بەڵکو بەشێک بووە لەو ھێرشانەی کە دەوڵەتە دراوسێکان بەکاریانھێناوە بۆئەوەی سیستەمی بەرگریی ناوەوەی ھەر یەک لەو دەوڵەتانە لاوازبکەن کە کورد تیایدا دەژیی. کورد لێرەوە دەبێت بە ڤایرۆسێکی پۆزەتیڤ بۆ یەکێکیان و بە ڤایرۆسێکی نێگەتیڤ بۆئەوی تریان. لەھەردوو حاڵەتەکەدا رۆڵی ڤایرۆسێک دەگێڕێت لەناو سیستەمی بەرگریی و ھێرشی ئیقلیمییدا. ئەم دۆخەش لە دوای دروستبوونی ھەرێمی کوردستانەوە گۆڕانکاریی گەورەی بەسەردا نەھاتووە.
گەرچی ساڵانێکە ھەرێمێکی دەسەڵاتدارێتییمان ھەیە و لە دەستووری عێراقدا دانیپێدانراوە، بەڵام ھیچ ھێمایەک لە سیاسەتی کوردییدا بوونی نییە کە ناوی سەروەریی نیشتیمانیی بێت. ئەم دۆخەش تەنھا پابەندی ئەو دابەشکارییە دەسەڵاتدارێتییە لۆکاڵییە نییە کە ھەریەک لە دوو حیزبە گەورەکە ھەیانە و بوونەتە بەشێک لە قوڵایی ستراتیژیی جیۆپۆلیتیکیی ھەر یەکێک لە دوودەوڵەتە دراوسێکەی خۆیان، واتە ئێران و تورکیا، بەڵکو پابەندی ئەو پەیوەندییە سیاسیی و ئەمنیی و ئابوورییەشە کە ھەرێمی جووتسەروەریی حیزبیی لە کوردستان بە ھەریەک لەو وڵاتانە دەبەستێتەوە. بوونی ھێزی بەشەکانی تر لە ھەرێمیشدا بووە بە نەعلەت و بە نیعمەت بۆ ھەر یەکێک لە دوو حیزبە لۆکاڵییەکەی کوردستان.
نەبوونی سەروەریی نیشتیمانیی تەنھا مانای نەبوونی سیستەمی بەرگریی نییە، بەڵکو مانای کردنی ئەم ھەرێمەیە بە گۆڕەپانی ململانێی ھەیمەنەی ئیقلیمیی و دابەشبوونی بەسەر ئاساییشی نەتەوەیی ئێران و تورکیادا. ئەمڕۆ ھەرێمی کوردستان بووە بە بەشێک لە سیستەمی بەرگریی و پاراستنی ئاساییشی ئەو وڵاتانە و ململانێی ھەیمەنەی سیاسیی و سەربازییان لە ناوچەکە. پاداشتی ھەریەک لەو دوو ھێزە سیاسییە باڵادەستەی ھەرێم بۆئەوەی ڕۆڵی فایەرۆڵی سیاسیی و سەربازیی بۆ ھەر یەک لەو دەوڵەتە ناوچەییە زلھێزە بگێڕێت، ناردنی ڤایرۆسی پۆزەتیڤە بۆیان و دەستکاریکردنی دەرئەنجامی ھەڵبژاردنەکانە لە بەرژەوەندییان.
باجی پاراستن و ڕاگرتنی ئەم سیستەمە لۆکاڵیی کوردییە، وەکو قەڵغانێک بۆ بەرگریی لە دزەکردنی ڤایرۆسیی سیاسیی بۆ ناو ئەو وڵاتانە، زۆرجار ئەو ھێزانە دەیدەن کە لەناو سنووری ھەرێمدان و شەڕی ئەو دوو دەوڵەتە دەکەن. دەوڵەتە ئیقلیمییەکان سەروەریی سیاسیی ئەم دوو ھێزە لۆکاڵییەی پارتیی ویەکێتیی تەنھا بە چەک و پارە ناپارێزن، بەڵکو بە دەستکارییکردنی دەرئەنجامی ھەڵبژاردنەکانیش لە بەرژەوەندییاندا یەکێکە لەو خزمەتگوزارییانەی کە فایەرۆڵی ئەم ھێزانە دژ بە ڤایرۆسی ناوەکییان کە لە ئۆپۆزیسۆندا بەرجەستەدەبێت، بەھێزدەکەن. رێگەدانیش بە بازاڕی نەوتی قاچاخ کە ئەمڕۆ بەشێکی دانەبڕاوی تێکەڵبوونی سەرمایەی نوخبەی سیاسیی کوردیی لەناو سیستەمی سەرمایەی جیھانیی پێکدەھێنێت، لە خزمەتی کۆی سیستەمی بەرگریی و ئابووری ھەر یەک لەو دوو زلھێزە ناوچەییەدا دەکەوێتەوە.
بەیاننامەکەی حکومەتی ھەرێم دژ بە ھێرشە سەربازییە دڕندانەکەی دەوڵەتی ئێران بۆ سەر بنکەکانی حیزبە سیاسییەکانی خۆرھەڵات لە شاری کۆیە، گەواھیی ئەوەیە کە ئەم حکومەتە یەک ئامانجی ھەیە، ئەویش ئیشکردنە لە بەرھەمھێنانی عەقلییەتێکی ناسیۆنالیستیی ھەرێمییانەی کوردیی. ئەم عەقلییەتە پێماندەڵێت ئێمەی کوردی ئەم ھەرێمە لەگەڵ پارچەکانی تر جوداین و دەمانەوێت دەسەڵاتدارێتییەکی ھەرێمیی دابمەزرێنین کە خاوەن ناسیۆنالیزمێکی ھەرێمیی تایبەت بەخۆیەتی و نایەوێت ببێت بە مەترسیی بۆ ھیچ دەوڵەتێکی دراوسێ. ئەم ناسیۆنالیزمە ھەرێمییە لە جەوھەردا مانای نەمانی ھیچ ھێزێکی بەرگریی ناوەکیی و دەرەکییە بەرامبەر بە ھەموو فۆرمەکانی ھێرش و دەستکارییکردنی ناوەکیی ئەو دەوڵەتانە لەناو ھەیکەلی سیاسیی ھەرێم و رۆڵی لەناو چوارچێوەی عێراقدا.
مۆڕالی جەنگ و سنوورەکانی تیرۆر
گەر تیرۆر سنووری نەتەوەیی نەناسێت، ئەوا تێپەڕاندنی ھەر سنوورێکی نێودەوڵەتیی بەبەھانەی لەناوبردنی مەترسیی تیرۆر، وەکو تورکیا و ئێران لە ھەرێمی کوردستاندا دەیکەن، دەچێتە قاڵبی تیرۆری دەوڵەتییەوە. تیرۆری دەوڵەتی لێرەدا مانای ئەوەیە کە ھەموو رێسا و یاسایەکی نێودەوڵەتی پێشێلدەکرێت و بەبێ مۆڵەتی نێونەتەوەیی دەوڵەتێک ھێرشی سەربازیی یان موشەکیی بکاتە سەر سەروەریی دەوڵەتێکی تری دراوسێ و بەناوی پاراستنی ئاساییشی نەتەوەیی خۆیەوە خەڵکی مەدەنیی وڵاتەکەی تر بکوژێت و ئاوارە بکات.
ئەو قسەیەی کە دەڵێت جەنگ مۆڕاڵی نییە، بانگەشەی کوشتارێکی دەستەجەمعیی بێڕێسای نەیارەکانی دەکات. کوشتنی بێڕێساش مانای جەنگی ڕەھایە کە ھیچ مۆڕالێکی نییە. یەکێک لە کۆدێکسەکانی جەنگ بریتییە لەوەی کە لە بەرەکانی جەنگدا روبەڕوی دوژمن ببیتەوە. ھەموو کوشتنێکی بەرامبەر بەبێ بوونی رێسا دەچێتە دەرەوەی رێسای جەنگەوە. لەسەردەمی کلاوزەڤیتزەوە دەزانین کە جەنگ درێژکراوەی سیاسەتە بە کەرەسەی تر. کاتێک باس لە کەرەسەی تر دەکەین، مەبەست تەنھا توندوتیژیی نییە، بەڵکو مەبەست سیاسەتە. کوشتاری بێ ڕێسا لەبنەڕەتدا مانای نەھێشتنی ھیچ رووبەرێکە بۆ سیاسەت لەجەنگدا کە ھەمیشە بە دانوستاندن و رێککەوتن کۆتاییدێت.
خاڵێکی تر بریتییە لە رەھەندی عەدالەت لە جەنگ. کاتێک باس لە عەدالەت لە جەنگدا دەکەین، مەبەست بوونی رێز و خۆشەویستیی نییە لە جەنگدا، بەڵکو مەبەست ھاوتاییەکە لە بەکارھێنانی کەرەسەکانی جەنگ. کاتێک دوژمنەکەم شمشێری پێبێت بێمانایە من بە فلچەی ددان شەڕی لەگەڵدا بکەم. بەھەمان شێوەش ھێرشبردنە سەر دوژمن بە فرۆکەی بێفرۆکەوان دابڕاوە لە ھەموو رێسایەکی مۆرالی پێکدادانی جەنگاوەرییانە، چونکە ناتەبایی و ناھاوتاییەکی ھیجگار گەورە لە نێوان ئەوانەدا ھەیە کە لە گۆڕەپانی جەنگدان و ئەوانەی کە لە ئاسمانەوە وەکو یاری کۆمپیور دوژمنەکەیان بە پەلەپیتکەیەک دەکوژن. جیاواییەکە ناھاوسەنگیی ھێزی بەکارھێنانی جەنگە لەنێوان ئەوانەی کە لەسەر زەوین و ھیچ کەرەسەیەکی ھاوتایان نییە بۆ بەرگرییکردن لە خۆ و ئەوانەی کە لە ئاسمانەوە ھێرش دەبەنە سەر نەیارەکەیان. ھەموو کوشتنێک بە کلیکی ماوس لەسەر کۆمپیوتەر لە رووی ئەخلاقییەوە جەریمەیە و ناچێتە ناو جەنگێکی ھاوتاوە.
شەڕ یان جەنگ رووبەڕووبوونەوەی دوو کەسە یان دوو لایەنە لەناو گۆڕەپانی جەنگ، ئازایەتی نییە تۆ نادیاربیت و دوژمن بەدەرەوە، شکۆمەندیی نییە تۆ راکێتی دوورمەودات ھەبێت و دوژمنەکەت کڵاشنکۆف. تیرۆریزم بۆیە جەنگێکی پیسە، چونکە ھەموو رێساکانی جەنگ تێکدەشکێنێت. ھەر دەوڵەتێکیش جەبەرووتی ھێزی خۆی بەشێوەیەکی ناھاوسەنگ دژ بە نەیارە سەربازیی و سیاسییەکەی بەکارھێنا، دەچێتە خانەی جەنگی نائەخلاقیی و تیرۆری دەوڵەتییەوە.
لەسەردەمی ئەمڕۆدا جەنگی تەقلیدیی کە لە نێوان دوو دەوڵەتدا ڕوویدەدا، بەرەو نەمان دەچێت. لەبری ئەوە جەنگی نوێ وەکو دیاردەیەکی تازە بوونی ھەیە کە لە فۆرمی شەڕی ناوخۆ و ئەکتەری نادەوڵەتیی و تۆڕی تیرۆریستییەکاندا بەرجەستەدەبێت. بەنادەوڵەتییکردنی جەنگ لە جەوھەردا وەزیفەی بەناسیاسییکردنێتی. ھەموو بەناسیاسییکردنێکی جەنگیش دەچێتە خانەی بەنامۆڕاڵیکردنەوە، چونکە رێز لە ھیچ رێسایەکی جەنگ ناگیرێت.
لە جەنگی تەقلیدییدا دوژمن دەبێت لە گۆڕەپانی جەنگدا ملکەچبکرێت. ئەم ملکەچکردنە دەشێت بە ڕاگرتنی تەقە و رێککەوتن لەنێوان دۆڕا و براوە، یان تێکشاکان و تەسلیمبوون و خۆبەدەستەوەدان کۆتایی پێبێت. بەڵام لە جەنگی نوێی نادەوڵەتییدا ئەم رێسایانە نە بوونی ھەیە و نە رێزیشی لێ دەگیرێت، چونکە کاتێک راکێتێک بەئاسمانەوەیە و ئەوانەی وەکو ئامانج بۆیان دیارییکراوە ئاگایان لە تەقاندنی ئەو راکێتە نییە، بۆیە نە توانای گفتوگۆیان ھەیە، نە توانای تەسلیمبوون و نە فرسەتی ھەڵھاتنیشیان لەبەردەستدایە. بەھەمان شێوەش کاتێک فرۆکەی بێفرۆکەوان بە ئاسمانەوە چاودێریی نەیارە سەربازیی و سیاسیەکەی لەسەر زەوی دەکات و ساروخیان تێدەگرێت و وەکو مەگەز دەیانکوژێت، ھیچ فرسەتێک بە بەرامبەر نادات وەکو لە جەنگی تەقلیدییدا ھەیە کە خۆی تەسلیمبکات یان بریندارەکان ببرێن بۆ نەخۆشخانە و وەکو دیلی جەنگ مامەڵەیان لەگەڵدا بکات. بۆیە ئەو کەسەی کە لە ئاسمانەوە بە راکێت دەکوژرێت وێنای دوژمنی نییە، بەڵکو تاوانکارێکە کە بەبێ دادگا لەلایەن دەوڵەتێکەوە دەکوژرێت. بەمشێوەیەش لەخۆڕا نییە کە کوشتنی بەئەنقەست و بەئامانج، جەنگی لەشکر نییە دژ بە لەشکرێکی تر، بەڵکو جەنگی دەزگاکانی ئەمنیی و ئیستیخباراتییە دژ بە نەیارە سیاسیی و سەربازییەکان کە لەزۆرینەی کاتەکاندا ھێزی نادەوڵەتیین.
ئەم جۆرە جەنگە کوشتنی دوژمن نییە لەبەرەکانی جەنگ، بەڵکو کوشتنی بەئەنقەستە کە ھیچ یاسا و رێسایەکی نێودەوڵەتیی و ئێتیکی جەنگ نایگرێتەوە. ئەم جۆرە لە کوشتار سیاسەت نییە، بەڵکو کوشتنی کردەی سیاسەتە کە ھەمیشە لە جەنگدا بوارێک بۆ قسەکردن و دانوستاندن دەھێڵێتەوە. ئەم فۆرمە لە کوشتن چ لەرووی یاسای نێودەوڵەتییەوە و چ لەڕووی ئێتیکی جەنگەوە پڕئیشکالییەتە. رەھەندی جەنگ دژی تیڕۆر بەناوی پاراستنی ئاساییشی نەتەوەیی دەوڵەتییەوە بەئاستێک گەیشتووە کە جیاوازیی لەنێوان تیرۆری گروپ و تیرۆری دەوڵەتیی ھەڵبگیرێت و ئامانجی سەرەکیی لەم جەنگە نوێیەدا تەنھا کوشتار بێت کە جگە لە خوێنڕشتن ھیچ بوارێک بە کردەی سیاسەت نادات.
لەو چرکەساتەوەی کە کورد شەڕی چەکداریی ڕاگەیاندووە لە جەنگێکی ناھاوسەنگدایە لەگەڵ دوژمنەکانی. ئەم جەنگە بەشێوەیەکی ناتەبا و ناھاوسەنگ بەڕێوەدەچێت و دوژمنەکانی جیاوازیی لەنێوان چەکدار و بێچەکدا ناکەن، رێز لە رێسا و یاسا نێودەڵەتییەکانی جەنگ ناگرن و ھەموو بەرھەڵستکارێک وەکو دوژمن تەماشادەکەن و لەھەر شوێنکاتێکیشدا بۆیان بکرێت، بەبێ دادگا و رێزگرتن لە رێسا و ئێتیکی جەنگ، وەکو تاوانکارێک مامەڵەیان لەتەکدا دەکەن و دەیانکوژن. ئەم فۆرمەش لە جەنگ دەچێتە خانەی تیرۆری دەوڵەتییەوە.
....................................
تێبینی: ئەم بابەتە کورتکراوەی وتارێکی درێژە کە ھێشتا بڵاونەکراوەتەوە.
.....................................
بۆ زانیاری زیاتر دەربارەی تێزەکانی ئەم بابەتە بڕوانە:
زنجیرە وتارێکم دەربارەی جەنگ و تیڕۆر لە ژمارەکانی گۆڤاری سەردەمی ڕەخنە.
Byung-Chul Han: Müdigkeitsgesellschaft. Matthes & Seitz, Berlin 2010
Herfried Münkler: Die neuen Kriege, Rowohlt, Reinbek (2002)
https://www.matthes-seitz-berlin.de/…/byung-chul-han-die-et…