Draw Media

بۆردومانه‌كه‌ی ئێران

بۆردومانه‌كه‌ی ئێران

2018-09-09 05:41:05


■  ئاری محه‌مه‌د هه‌رسین

ناڕازاییه‌كانی شاری به‌سره‌ی شیعه‌ نشین پێی ناوه‌ته‌ قۆناێكی نوێوه‌، ئه‌ویش چونكه توندو تیژیه‌كان قوربانی زۆرتریان لێ كه‌وتۆته‌وه‌ و جگه‌ له‌ دام و ده‌زگا حكومیه‌كان، خۆپیشانده‌ران هێرشیان كردۆته‌ سه‌ر كۆنسولخانه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران و به‌ به‌رچاوی كامێراكانه‌وه‌ ئاڵای ئه‌و وڵاته‌یان سوتاندوه‌.

ئه‌گه‌ر خه‌ڵكی به‌سره‌ له‌ هه‌ژموونی كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ ده‌ڤه‌ره‌كه‌یان توڕه‌ن، ئه‌وا مه‌نتقی بوو ئه‌و توڕه‌ییه‌ به‌ڕوی ئه‌و لایه‌نه‌ عێراقیانه‌دا بته‌قێننه‌وه‌ كه‌ مه‌جالیان بۆ ئێران كردۆته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ به‌سره‌ باڵاده‌ست بێت. ‌هه‌ موو كه‌س ده‌زانن كه‌ ئه‌ركی ئێران نیه‌ ئاوی پاكی خواردنه‌وه‌ و كاره‌با بۆ خه‌ڵكی به‌سره‌ دابین بكات و كێشه‌ی بێكاریان بۆ چاره‌سه‌ر بكات.

عێراق وڵاتێكی ده‌ستكردی ئیستیعماره‌ و، ئه‌و كه‌سانه‌شی كه‌ ڕێكلام بۆ عێراقێكی یه‌كگرتوو و به‌هێز ده‌كه‌ن خه‌یاڵپڵاون و خه‌ریكی پینه‌و په‌ڕۆكردنن. عێراق هه‌رگیز ده‌وڵه‌تێكی سروشتی و هۆمۆجین نه‌بوه‌ و هه‌رگیزیش وای لێ نایه‌ت. هه‌ر ئه‌وه‌شه‌ وا ده‌كات كه‌ هه‌موو دونیا خاوه‌ن بڕیار بێت له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ ده‌ستكرده‌دا، دانیشتوانه‌كه‌ی لێ ده‌رچێت.

ئێمه‌ش (زۆر به‌داخه‌وه‌) وه‌ك به‌شێكی به‌زۆر لكێنراو به‌ عێراقه‌وه‌، وه‌ك له‌ ماڵی خۆماندا خاوه‌ن ماڵ نه‌بین وایه‌. ئه‌وه‌تا ڕۆژێك توركیا به‌ مافی خۆی ده‌زانێ سنوری نیشتیمانه‌كه‌مان ببه‌زێنێت و ئه‌وه‌ی حه‌زی لێیه‌ جێبه‌جێی ده‌كات و، ڕۆژێكیش ئێران. له‌ هه‌ردو حاڵه‌ته‌كه‌شدا ده‌وڵه‌تی عێراقه‌ كه‌ چرای سه‌وز بۆ ئه‌م دوو دراوسێیه‌ی لێده‌دات كه‌ له‌ هێرش و مانۆڤره‌ سه‌ربازیه‌كانیاندا له‌ چوارچێوه‌ی سنوره‌كانی عێراقدا ده‌ستكراوه‌ بن.

به‌داخه‌وه‌ ئه‌مڕۆ فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌ تایبه‌تیه‌كانی هێزه‌كانی سوپای پاسدارانی شوڕشی ئیسلامی ئێران به‌ چه‌كی پێشكه‌وتوو ئاڵۆزه‌وه‌ هێرشیان كرده‌ سه‌ر باره‌گاكانی كوردانی خۆرهه‌ڵات له‌ قه‌زای كۆیه‌. دیاره‌ كۆماری ئیسلامی ئێران به‌رنامه‌یه‌كی زۆر ووردی بۆ ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنه‌ داڕشتوه‌، چونكه‌ هه‌ر ئه‌م به‌یانیه‌ رامین په‌ناهیان له‌ سێداره‌داو شه‌هیدیان كرد. به‌ واتایه‌كی تر ئامۆزا نه‌ژادیه‌كه‌مان، به‌ یه‌ك ئاڕاسته‌ دوو هوشداری جیاوازی بۆ ڕه‌وانه‌ كردین، كه‌ یه‌كێكیان په‌یامێكی سه‌ربازیه‌، ئه‌وه‌ی تریشیان سیاسی (ڕامین په‌ناهی له‌سه‌ر تلیاك كێشان نه‌گیرابوو، چونكه‌ ئه‌گه‌ر وابوایه‌ ئه‌وا ده‌بوو ده‌وڵه‌تی ئێران نیوه‌ی گه‌وره‌ساڵانی ئێرانی له‌سێداره‌ بدایه)‌.

ئێمه‌ داگیركه‌ری فه‌له‌ستین نه‌بوین، كه‌چی سه‌ددام و حیزبی به‌عسی عه‌ره‌بی له‌ ترسنۆكیان به‌رامبه‌ر به‌ ئیسرائیل ئێمه‌یان كیمیایی باران و جینۆساید ده‌كرد. ئێمه‌ نه‌چوین و هیچ كوردێكی خۆرهه‌ڵاتیش نه‌چوه‌ هێرش بكاته‌ سه‌ر كۆنسولخانه‌ی ئێران له‌ به سره‌ و ئاڵای وڵاته‌كه‌یان بسوتێنێت، كه‌چی ئێران له‌ ترسی ئه‌مه‌ریكا و ئه‌سرائیل ته‌كنۆلۆژیا سه‌ربازیه‌كه‌ی له‌سه‌ر ئێمه‌ تاقی ده‌كاته‌وه‌.

كۆماری ئیسلامی ئیران باشتره‌ جورئه‌تی هه‌بێت و به‌ره‌و ڕوی ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل ببێته‌وه، با شه‌ڕه‌كه‌ نه‌گوێزته‌وه‌ بۆ نیشتیمانی كوردستان. باشتره‌ تاران بیر له‌ به‌رژه‌وندی هاوبه‌ش بكاته‌وه‌ نه‌ك ده‌ست شكاندن. به‌م جۆره‌ كرده‌وانه‌ نابێت كۆماری ئیسلامی ئێران لای سه‌یر بێت هاوسۆزی بۆ براكانیان و توڕه‌ بونیان، وا له‌خه‌ڵكی باشوری كوردستان بكات كه‌ به‌ فه‌وج (و رایت الناس یدخلون فی دین الله‌ افواجا- النسر ٢) له‌ ڕیزدا بوه‌ستن بۆ به‌ خۆبه‌خش خۆ ناونوسكردن له ڕیزه‌كانی خه‌ڵكی كورد له‌ خۆرهه‌ڵاتی كوردستان، له‌ دژی كۆماری ئیسلامی ئێران. داهاتویه‌كی له‌و جۆره‌ له‌ قازانجی كه‌س نیه‌. هیوادارین كۆماری ئیسلامی ئێران ئه‌م هه‌ڵه‌ كوشه‌نده‌یه‌ دوباره‌ نه‌كاته‌وه‌.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand