Draw Media

بـــۆ دوو دەوڵــەتنەداری نــابەڵەد

بـــۆ دوو دەوڵــەتنەداری نــابەڵەد

2018-03-30 11:26:24


 د. ئیسماعیل نامیق

هەتا كەی تێناگەن هاوار ودەنگ هەڵبڕینی مامۆستا وپزیشك فەرمانبەرو كۆی هاووڵاتیان تەنها لەپێناو موچە وناندا نیە، راستە ناونیشانی سەرەكی ئەم ناڕەزایەتیانە بێ‌ موچەییە، هەر ئەو بێ‌ موچەییەشە وایكردوە خەڵك خۆی بخاتە بەردەم شەقی بەڵتەجیەكانتانەوە، لەئاست زەبرو زەنگی دەزگا سەركوتكەرەكانتاندا چۆك دانەدا، بەڵام دەبیـَت لەوە تێبگەن كێشەكە تەنها موچە نیە، تا بەبەڵینێكی درۆ چارەسەر بكرێت. بەڵكو جەوهەری ناڕەزایەتیەكان بریتیە لەهاوای خەڵك بۆ دادپەروەری كۆمەڵایەتی، بۆ ئازادی، بۆ ژیانێكی شایستەو پڕ لەكەرامەت. دەبێت باش لەوە تێبگەن هاواری خەڵك ئەوەندەی لەدەست ئێوەیە بۆ لای ئێوە نیە. لە ساڵی 2011 خەڵك كێشەی موچەی نەبو، كاتێك دەنگی ناڕەزایەتی لەدەست بێدادی ئێوە بەرز كردەوە، دژ بەحوكمڕانی خراپ ونادروستی ئێوە راوەستا، ئێوە ئەوكاتیش تێنەگەیشتن یان نەتانویست تێبگەن، بۆیە مەبەستی ناڕەزایەتیەكانتان بەلاڕێدا برد ولەچەند داوایەكی روكەشی پوچی مادیدا قەتیستان كردو كەچی ئەوانەشتان جێ‌ بەجێ‌ نەكرد.
كەی تێئەگەن چیتر خەڵك ئومێدی بەئێوە نەماوە، كە تاوەكو ئێستاش وەكو ئێوە مامەڵەی لەگەڵدا نەكردون، هۆكارەكەی هەستكردن بوە بەبەرپرسیارێتی نیشتمانی، لەپەرۆشی وخەمی خۆی بوە بۆ ئەو خەونەی سەد ساڵە هەمو كوردێكی لەبەیانیاندا راچەڵەكاندوەو بەخەبەر هێناوە. هاوڵاتی بۆیە تا ئێستا هەمو شتێكی لێ‌ قبوڵكردون چونكە چاوی لەو تروسكایە ئومێدە بو كە ئێوە لە25/ 9 / 2017 خامۆشتانكرد.
     بۆیە چاوەڕێی ئەوە مەكەن كاتی دیكەتان پێ‌ بدرێت، كات درەنگە زوو نیە، پێویستە ئیتر تێبگەن وبڕیار بدەن، ئایا ملكەچ ئەبن بۆ ئامراز ورێگە دیموكراسیەكان و رێز لەویستی گەل دەگرن وبەرێزەوە دەسەڵات رادەست دەكەن؟ تا گەل كەسانێكی لەئێوە باشتر وشایستەتر رابسپێرێت بۆ بەڕێوەبردنی دەسەڵات، لەهەمان كاتدا پشو وفرسەتێكیش بێت بۆ ئێوە بەمەبەستی بەخۆداچونەوەو خۆباشكردن بۆ ئەوەی  لەئایندەدا چانسی ترتان پێ‌ بدرێتەوە. یان وەكو رەندولی بێفەڕ لەخوڵك وخولی خۆتان بەردەوام دەبن، ئەوكاتیش خەڵك بەبێزاری وبێزراویەوە توڕتان ئەداتە كەنارەوە وقەدەغەشتان لەسەر دائەنێت، وە نابێت چاوەڕێی هیچ رێزێكیش بن بۆتان دەرببڕدرێت.
لەكۆتاییدا پێویستە باش ئەو راستیە بزانن، مامۆستا وپزیشك وفەرمانبەر وكۆی خۆپیشاندەران زۆر لەوە وشیارترن بەهەڕەشەیەكی نابەجێی ئێوە چەقۆو دەمانچە هەڵبگرن، خۆئەگەر كار گەیشتە ئەوەی چەقۆو دەمانچە هەڵبگرن، ئەوا ئەو چەقۆو دەمانچانەی ئێوە شانازی پێوە ئەكەن وخەڵكی پێ‌ ئەترسێنن، یەكەم كەس روبەڕوی گەردن وملی خۆتان ئەبێتەوە، ئەی نابینن ئەوانەی چەقۆو دەمانچەكانیان بۆ هەڵگرتون، راستە بەناچاری روی چەقۆو دەمانچەكانیان كردۆتە خەڵك، بەڵام حسابێكیش بۆ ئەوە بكەن ئەوان پشتیان لەئێوەیە ورویان لەخەڵكە، رەنگە لەهەر چركە وساتێكدا ئەمانیش خۆیان وچەقۆو دەمانچەكانیان بێنە ناو خەڵك وببنە موڵكی خەڵك، ئەوسا ئێوە پشتتان ئەشكێ‌ وروتان رەش ئەبێ‌.  

   

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand