Draw Media

هەڵبژاردن شاڕێی گۆڕانکارییە!

هەڵبژاردن شاڕێی گۆڕانکارییە!

2018-09-07 09:12:50



■  گوڵاڵە سدیق

لەسەرەتای دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕان، خەڵک بە گڕوتینێکی زۆر بەرەو سندوقەکانی دەنگدان ڕۆشتن، هەمو هیوا و ئومێدێکیان لەسەر بزوتنەوەیەک هەڵچنیبو کە دامەزرێنەرەکەی کاریزمایەکی بەهێز و باڵایەکی پڕ هەیبەت و ویقاری هەبو.

لە دوای ئاشکراکردنی ئەنجامەکان خەڵک زیاتر بەجۆشتر بو، وە هیواو ئومێدێک بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن گەڕایەوە لە هەرێمی کوردستاندا.
هەڵبژاردن پاش هەڵبژاردن ئەم حەماسەتەی خەڵک زیادی دەکرد بە ئومێدی ئەوەی ڕۆژێک بزوتنەوەی گۆڕان و هێزە هاوبیرەکانی بتوانن بە هەمەئاهەنگی و پێکەوە، زۆرینەی پەرلەمانی بەدەست بهێنن و حکومەت و وەزارەتەکان بگرنە دەست.

بەڵام لە ساڵی ٢٠١٣ ئەو تەزویرەی لە هەڵبژاردنەکان کرا، دەسەڵات یەکەم گورزی نائومێد بونی خۆی وەشاند چونکە هێزە ڕکەبەرەکانی گۆڕان و هاوبیرەکانی ئەو ڕاستیەیان لا ئاشکرا بو، کە ئەگەر بەتەزویر کردن نەبێت ناتوانن باری لاریان ڕاست بکەنەوە.
لەدوای داخستنی پەرلەمان ئەو ئومێدەی لەدڵی خەڵکدا مابو بۆ گۆڕانکاری، بەتەواوەتی ڕو لە پوکانەوە بو، چونکە لە هیچ وڵاتێک کە باوەڕی بە پرۆسەی هەڵبژاردن بێت، ناتوانێت بە بڕیارێکی کەسی دەرگای گەورەترین دامەزراوەی یاسادانان بە مەزاجی شەخسی دابخات.
بەڵام بەداخەوە لە هەرێمی کوردستان هەروەک چۆن لە ٣١ ی ئابدا پەرلەمان داگیرکرا، بەهەمان شێوە دوای ٢٠ ساڵ پەرلەمان داگیرکرایەوە بەڵام بەشێوازێکی جیاوازتر لە ٣١ ی ئاب.

هەر ئەو کات کاک نەوشیروان کە لە ژیاندا مابو ئەوەی ڕاگەیاند کە ( خەباتی پەرلەمانی لە ژێر تاقیکردنەوەیەکی سەختدایە).

کارەساتی ١٢ ی ئایار و هەبونی ناوی مردو و دوبارە و کوردانی باکور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و گەنجی خوار ١٨ ساڵ و یەک بازنەیی و دەنگدانی تایبەت و چەند هۆکارێکی تر، کافییە بۆ ئەوەی ئەو هێزانەی لەدەرەوەی دەسەڵاتن داوای دواخستن یان بایکۆتی پرۆسەی هەڵبژاردن بکەن لە ٣٠ ی ئەیلول.
وە پێویست ناکات هیچ هێزێک لەم هێزانە ترسیان لە هێرشی ئەکاونتە فەیکەکانی فیس بوک هەبێت، یان لەبەر موزایەدەکردن لە بەردەم ڕاگەیاندنەکاندا بڵێن ئێمە ئامادەین بۆ هەڵبژاردن!
ڕاستە ئامادەن بۆ هەڵبژاردن، بەڵام چۆن هەڵبژاردنێک؟ 
مەگەر نەمانبینی لە ١٢ ی ئایار دەنگی خەڵک چۆن دزا؟
مەگەر ئێوە نەبون بەڵێنی گەڕاندنەوەی دەنگەکانتان دا؟
ئەی ئێستا چ گرەنتیەکتان دەست کەوتوە وا ئامادەن بۆ هەڵبژاردن؟

پێویستە بزوتنەوەی گۆڕان وەک هێزێکی ئۆپۆزسیۆنی کاریگەر ڕوداو دروست بکات و ڕوداو بخوڵقێنێت، ئەو بڕیارەی کە داویانە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن بە هیچ شێوەیەک لێی پاشگەز نەبێتەوە، وە لە ئەگەری کردنی هەڵبژاردن، بێ گوێدانە کاردانەوەکانی میدیا و سۆشیاڵ میدیا سور بێت لەسەر بایکۆت کردن، چونکە هێزی سیاسی بەتایبەت ئۆپۆزسیۆن پێویستە ڕوداو بخوڵقێنێت نەوەک دوای شەپۆلی دەسەڵات بکەوێت.
وە لە ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردن بەهیچ شێوەیەک نەگەڕێتەوە بۆ ناو ئەم حکومەتە، کە بەهەمو پێوەرێک فەشەلی هێناوە.
پێویستە داوای حکومەتێکی ڕزگاری بکات کە ماوەکەی لە ١٨ مانگ بۆ ٢ ساڵ کەمتر نەبێت، وە ژمارەی وەزارەتەکان کەم بکەنەوە.
وە لەو ماوەیەدا کار بکەن بۆ پاکردنەوەی تۆماری دەنگدەران، گۆڕینی یەک بازنەیی بۆ فرە بازنەیی، گۆڕینی شێوازی لیست.
ئێستا تۆپەکە لە ساحەی گۆڕانە، پێویستە گۆڕان زۆر لێزانانە گۆڵەکە بکات، چونکە ئەگەر هاتو گۆڕان ئەمجارە نەبێتە خوڵێقنەری ڕوداوێکی دژ، ئەوا ڕۆحیەتی گۆڕانکاری و ئۆپۆزسیون بون بەدڵنیاییەوە دەمرێت.

وەبێ هیچ سڵەمینەوەیەک بڵێن ڕاستە لە ڕابردودا هەڵبژاردنمان بە شاڕێی گۆڕانکاری داناوە، بەڵام لەئێستادا هەڵبژاردن نەک لە ژێر تاقیکردنەوەیەکی سەختدایە، بەڵکو بە هەمو پێوەرێک فەشەلی هێناوە.

وە ئەوانەشی لە خەمی دیموکراسیدان لە کاتێکدا هەڵبژاردنی کوردستان لە 1/11/2017 بە بڕیارێکی شەخسی و بە تۆپزی دواخرا بۆ 30/9/2018 ، بۆ هیچ هەڵوێستێکتان نەنواند!

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand