Draw Media

لە دواخستنەوە بۆ بایکۆتکردن

لە دواخستنەوە بۆ بایکۆتکردن

2018-09-06 21:00:35


■ فرمان عەبدولڕەحمان 

کاتێ لە فەیسبوکی کوردستانەوە تەماشای ئەو هەموو سەرنجە رەخنەئامێزانە دەکەی لەسەر بزوتنەوەی گۆڕان وا گومان دەبەیت کە بەرپرسیاری سەرەتاو کۆتای ئەم دۆخە ناهەموارو پاشاگەردانیە ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتیەی کوردستانی پێدا تێپەڕ دەبێ گۆڕانە..

هەر بەجدی ئەمە چ مەهزەلەیەکە ئەو هێزانەی کە کوردستانیان بەهۆی گەندەڵی و فەساد و شکستی حوکمڕانیەوە هێناوەتە سەر لێواری خەرەندە هەزار بە هەزارەکە هاتون رەخنە لە گۆڕان دەگرن و پێیانوایە بەربەستە لەبەردەم پرۆسەی بە دیموکراتیزەکردنی هەرێمەکەمان گوایە وتویەتی با هەڵبژاردن دوا بخرێ چما مانایەک ماوەتەوە بۆ هەڵبژاردن و پەرلەمان و پرۆسەی سیاسی ئاخر هەر ئەو هێزە نەبوو کە ئێستا بانگەشەی دیموکراسیەت و هەڵبژاردن دەکات بۆ ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ بە تۆپزی دەرگای شەرعیترین دامەزراوەی داخست تەنها لەبەرئەوەی ئەجێندای دانیشتنەکانی پەرلەمان بە دڵی برادەران نەبوو..

گۆڕان کێشەی ناوخۆیی هەیە کێشەی روئیاو دونیابینی هەیە گۆڕانی ئێستا ناتوانێ هاوتەریب لەگەڵ گۆڕانی سەردەمی کاک نەوشیروانی رەحمەتی هەنگاو بنێ ئەمانە هەموو راستن بەڵام ئەمە مانای ئەوە ناگەیەنێ نەیارەکانی بەرپرسیاریی ئەو نائومێدیە کوشندەیەی بخەنە پاڵ کە ژیانی لە هەرێمدا ئاوێتەی خەمۆکیەکی گەورە کردووە..

ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەم چرکەساتەدا تەنها یەک دەرەنجامی هەیە ئەویش بێ ئومێدکردنی زیاتری خەڵک و ئەستورکردنی زیاتری پایەکانی ستەمکاری و دیکتاتۆریەتە واتە بەم حاڵەوە ئەنجامدانی هەڵبژاردن نەک پاڵپشتی دیموکراتیزەکردنی پرۆسەی سیاسی ناکات بەڵکو خۆی لە خۆیدا بووەتە ئاکتێکی ستەمکارانە بە دەستی هەردوو پارتە دەسەڵاتدارەکەوەو پرۆسەی. کێشەکە تەنها ناخاوێنی لیستی دەنگدەران نیە کە تا ئاستی مەحاڵ هەڵبژاردنی لە هەموو پرۆسەیەکی سیاسی خاوێن و تەندروست خاڵی کردۆتەوە بەڵکو کێشەکە ئەوەیە هەڵبژاردن دەبێتە تەواوکەری پرۆسە دیموکراسیە بێ وێنەکەی ۱۲ی ئایارو بەوەش هۆکارێک دەبێ بۆ درێژەدان بەو پاشاگەردانیەی ئێستا لەگۆڕێیە
چونکە هیچ کات دەرفەتی یەکسان لەبەردەم هێزە رکابەرەکاندا نەبووەو هەمیشە پارتی و یەکێتی ئیستیغلالی دەسەڵات و داراییان کردووە بۆ پاراستنی دەسەڵات و بەرژەوەندیەکانیان ..

نازانم هەڵبژاردن دوادەخرێ و بە قسەی گۆڕان دەکرێ یان نا بەڵام پێویستە بزوتنەوەی گۆڕان بەهەماهەنگی لەگەڵ کۆمەڵ و یەکگرتوو بایکۆتکردنی هەڵبژاردن و پرۆسەی سیاسی بکەنە پرۆژەو بژاردەی سیاسی داهاتویان دەبێت بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رای گشتی ناوخۆش بووترێ هەڵبژاردن بەو شێوازەی لە رابردوودا ئەنجامدراوە لە مەهزەلەیەک زیاتر شتێکی دیکە نەبووە هەربۆیە کاتی ئەوەیە بە فیعلی مانا بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن بگێڕدرێتەوەو بکرێ بەو پرۆسەیەی کە شارێی گۆڕانکاری بێ..

قەیرانی دارایی پاشەکەوتی موچە بێکاریی داڕووخانی خزمەتگوزاریەکان هەرەسی پرۆسەی سیاسی و خەونی نەتەوە بڵاوبونەوەی هەژاری و دەردە کۆمەڵایەتیەکانی دیکە تاکە دوو هێز لێی بەرپرسیارن ئەوانیش پارتی و یەکێتین هەڵبژاردنیش نەک هیچ لە دۆخەکە ناگۆڕێ بەڵکو ملی دەسەڵات ئەستورتر دەکات هەربۆیە لە دۆخێکی وادا هەڵبژاردن گاڵتەکردنە بە خودی دیموکراسیەت

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand