Draw Media

هەڵبژاردن؛مانۆڕێک بۆ شەرعیەت و مانەوە ..!

هەڵبژاردن؛مانۆڕێک بۆ شەرعیەت و مانەوە ..!

2018-09-06 09:12:18


 

  ■ بەشدار عوسمان
ئومێد و دڵخۆشی بۆ ئەنجامدان و رەخنەگرتن لە دواکەوتنی هەڵبژاردن و هەوڵ بۆ دواخستنی چاوەڕوانی هەڵچنین لەسەری،هەموویان ئاو دەکەنە یەک ئاشەوە،ئەویش درێژەکێشانی ئەو وەزعیەتە مەرگەساتەیە کە هێزەکانی پشتەوەی پەرلەمان،ئەوانەی یەک زەڕەش بروایان بە دەنگدان و هەڵبژاردن و پەرلەمان نیە،وەکو مانۆرێک بۆ مانەوە و بەردەوامی بەڕێیدەخەن .
بەکردەوە هەموومان بینیومانە،نەپەرلەمان شوێنی چارەسەرکردنی کێشە و گرفتە سەرەکیەکانی خەڵک بووە کەماوەی سێ دەیەیە پێوەی دەناڵێنن،نە ئەندامەکانی لەناو ئەو ژینگە چەتەگەراییە توانیویانە لەسەدا نیوی بەڵینەکانیان بە دەنگدەرانیان ببەنە سەر .
ئەو پەرلەمان نیە و نەبوە بۆ بەرگری لە ماف و ئازادییەکانی خەڵک و گێڕانەوەی ماف و دەستەبەرکردنی ئازادییە فەردی و مەدەنیەکان،ئەم قسەیە بۆ پەرلەمانەکانی وڵاتانی ئەوروپای دیموکراتیش ڕاستە،چ جای هەرێمێکی خاوەن دەیان میلیشیا و چەتە و ئەوەی ناوی یاسا و دامەزراوەیی بێت بە سیمای هیچ کارێکیەوە بەدیناکرێت و گوێ بە سەرەتاترین پڕەنسیپەکانی ژیان و ئازادی و مافی مرۆڤ نادات،بەڵکو ئەوە هێز و هۆشیاری خەڵک و شەقامە توانیویەتی و دەتوانێت کاریگەری دابنێت و قەڵغانێکی بەهێز بێت بەرووی دز و ستەمکاران .
نزیکترین نمونە،دوایی ئەوەی دەسەڵاتداران سیستەمی پاشەکەوتی مووچەیان سەپاند بەسەر فەرمانبەران بەبیانوی لاوازی باوەڕپێنەکراو،نزیکەی سێ ساڵ ئەو وەعیەتە درێژەی کێشا وخراپی گوزەرانی خەڵک تا ڕادەی شکانی کەمەرەکان رۆیشت ! پەرلەمان و ئەندامەکانی چ رۆڵێکیان هەبوو لە کەمکردنەوەی ئەو فشارە سەرسوڕهێنەرە ؟ بە دانپیانانی خۆیان هیچ ! بەڵام بەهێز و فشار و هاتنە سەر شەقامی خەڵک و فەرمانبەران،بەشێکی زۆر لە پاشەکەوتەکانیان هەڵگیرا،بۆهەموو شتێکیتر ئەوە تاقیکراوەتەوە،تەنها دەنگ‌هەڵبڕین و نارەزایەتیە زامنی مسۆگەرکردنی ئایندەیەکی باشترە بۆ هەمووان،پەرلەمان دەتوانێ ژیان و گوزەرانی تەنها (١١١ )کەس بگۆڕێت نەک پێنج ملیۆن کەس ! 
لەماوەی ئەم چەند ساڵەی رابردوودا،کوشتن و خۆکۆشتنی ژنان و لاوان بوو بەدیاردەیەکی قێزەوەن،لێدان و سوکایەتی و تیرۆری رۆژنامەنووسان و خۆپیشاندەران و کەسانی ناڕازی و سوتاندنی دەزگاکانی ڕاگەیاندن و بارەگا حزبیەکان دیمەنێکی بەرچاوی شانۆی رووداوەکان بوون،لە کاتێکدا بکوژانی رۆژنامەنوسان بۆ زۆرێک لەخەڵک ئاشکرا و روونن،تەقەکەرانی خۆپیشاندەران وەکو فیلمی هۆڵیۆد بە ڤیدیۆی( فول ئیچ دی )لەبەردەستی هەمووان دایە،بکوژانی ژنان وەکو پاڵەوان لە دادگاکان بۆی دەرچوون،دەیان کەیسی دزی و فەرهودی سامانی گشتی ئاشکرا بوو،پێمان ناڵێن چەند پولتان بۆ خەزێنەی حکومەت گێڕایەوە ؟! پێمان ناڵێن چەند بکوژتان لە سجنەکان ئاخنی ؟!
ئێوە قەت پرسیوتانە بۆچئ پارتی لە سنوری پارێزگای سلێمانی بەدەنگەکانی لەهەموو هەڵبژاردنەکان هێزی چوارەم و پێنجەمە و یەکێتیش لەژێر هەیمەنەی پارتی لەهەولێر و دهۆک بەهەمان شیوە ؟! وەڵامەکەی رۆشنە،هەڵبژاردنێک لەژێر لولەی تفەنگ و دابەشکاری دوو دەسەڵاتی میلیشیایی و چەتەگەرایی و بەڕێوەبچێت، نەتیجەکەی هەر دەبێت بەم شێوەیە بێت .

هەڵبژاردن لەمەملەکەتەی ئێمە، بۆ تێکنەچوون و درێژەکێشانی و کەڵەکەکردنی زیاتری سەرمایەی چەند سەرمایەدارێک و قوتدانی ناڕەزایەتی کۆمەڵگا و مانەوەی ژیانی بەشی هەرە زۆری خەڵکیشە لەنێو فەقیری و فەلاکەت .

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand