Draw Media

چ هەڵبژاردنێكە دەكرێت

چ هەڵبژاردنێكە دەكرێت

2018-09-05 20:31:55


■  سەرتیپ جەوهەر 

مشتومڕی هەڵبژاردنی كوردستان هێشتا نەبڕاوەتەوە، پرسی خراپی لیستی دەنگدەران و ژمارەو رێوشوێنی دەنگدانی كۆتاو قانونی هەڵبژاردنی هەرێم، دیارترین ئەو تێبینیانەن كە جگە لەپارتی لایەنەكانی دیكە لەسەر هەڵبژاردنەكە هەیانە.
لایەن هەیە دەیەوێت هەڵبژاردن لە 30 مانگدا بكرێت، ئەو بۆچونەی پارتی لەسوربونی لەسەر چەسپاندنی دیموكراسی نییە، ئەگەر وابا! دەبو دەرگای پەرلەمان دانەخات كە گرنگترین دامەزراوەی دیموكراسییە! ئەوانەیشی سەرنج و تێبینیان هەیە، بێگومان دەترسن ئەم هەڵبژاردنە، دۆخێك بێنێتە پێشەوە لەبری چارەسەركردنی ئەو چەقبەستنەی ئێستای باری سیاسی و حوكمڕانی لە هەرێم، ئاڵۆزتری بكات!
بەپێی ئەو زانیارییانەی بەردەستن سێ‌ لیستی دەنگدەران هەیە، یەكێكیان لای كۆمسیۆنەكەی، ئەویدیكەیان لای حزبەكان و یەكێكیش ئەوەی لای كۆمسیۆنی عیراقییە! جیاوازییەكی زۆر لەنێوان هەرسێ‌ لیستی دەنگدەران هەیە! ئەوەی زۆر جێی مەترسییە، لەنێوان 140 بۆ 160 هەزار مردو لەنێو لیستەكەی كۆمسیۆنی هەرێم نەسڕاوەتەوە، ئەمە جگە لەمەترسیی جددی لەسەر ساختەكاریی لەدەنگدان!
تێبنییەكی دیكەی لایەنەكان جگە لەپارتی، بونی ئەو ژمارە زۆرەی كۆتاو شێوازی دەنگدان بەو كاندیدانەی كۆتایە كە ژمارەیان 11 كورسییە لە كوردستان. هەموو دەزانین كە زۆربەی كورسییەكانی كۆتا بۆ لایەنێكی دیاریكراوی سیاسی دەچێت بەدەنگی زێرەڤانی و تایبەت، ئەمەش سەرەنجام هەر دەنگی ئەو لایەنە سیاسیەیەو ئەوانەی دەردەچن نوێنەری راستەقینەی نەتەوەو پێكهاتەكانی كوردستان نین! بۆیە داوادەكرێت هەم ژمارەی كورسی كۆتا، هەمیش شێوازی دەنگدان بەكۆتا دەستكاریی بكرێت، بەجۆرێك كلدۆ ئاشورو ئەرمەنی و توركمانەكان نوێنەری خۆیان هەڵبژێرن.
تێبینیەكی دیكە ئەوەیە، بەپێی قانونی هەڵبژاردنی هەرێم، كوردستان یەك بازنەیە، ئەمەش وادەكات ئەوەی لەدهۆكە بتوانێت دەنگ بەكاندیدێك لە گەرمیان بدات، مەترسییەكە لەوەدایە رێژەی دەنگدان لەسنورێكی دیاریكراو كەم بێت و لەسنورێكی دیكە هەم زیاتر بێت و هەمیش لەڕێی ساختەكردن بەشێك لەسندوقەكان پڕبكرێنەوە، ئەمەش وادەكات نرخی كورسی بەرز ببێتەوەو سەرنجام لایەنێكی دیاریكراو ژمارەی كورسییەكانی زۆر زیاتر ببێت، ئەمەش مەترسییەكی جددیە لەسەر ئایندەی دیموكراسی و پرسی هاوسەنگی لەهەرێم.
هەموو ئەوانەی سەرەوە پرس و بابەتی جددین و مەترسین لەسەر هەڵبژاردن و سەرەنجام دیموكراسی لەهەرێم، بەڵام پرسیاری من لێرەدا ئەوەیە، ئەم كۆمسیۆنەی هەرێم هەموو لایەنە سیاسییەكان بە پارتی و یەكێتی و گۆڕان و ئیسلامییەكانی تێدا، كەوایە ئەو لایەنانەی ترسیان لەساختەكاریی و پرسی نەسڕینەوەی ناوی دوبارەو مردوو هەیە، تائێستا چیانكردووە لەكۆمسیۆن؟ بۆ لەماوەی دوو ساڵی رابردوو ئەو كارانەیان تەواو نەدەكرد؟ بۆ دێن لەكۆبونەوەی حزبیی خۆیان گلەییەكان دەكەن؟
هەقە لێرەدا پرسیارێكی دیكەش بكەین، بڵێین ئەوانەی داوای دواخستنی هەڵبژاردن دەكەن بۆ ماوەیەكی دیاریكراو، بۆنمونە ساڵێك یان دووان، هیچ ئەجێنداو پلانێكیان بەدەستەوەیە تا بتوانن لەو ماوەیەدا لیستی دەنگدەران یان قانونی هەڵبژاردن یان رێژەی كۆتا لە پەرلەمان دەستكاریی بكەن و سەرەنجام ببێتە مایەی بەڕێوەچونی هەڵبژاردنێك هەموو لێی رازی بین؟ ئەو پرسیارانە بۆ ئەو حزبانەیەو پێویستە وڵامی بدەنەوە، نەك لە راگەیاندن هەرا دروست بكەن و هیچ پلانێكیشیان نەبێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand