Draw Media

ئەرکی ڕۆشنبیر لە دونیایەکی تاریکدا چییە؟

ئەرکی ڕۆشنبیر لە دونیایەکی تاریکدا چییە؟

2018-09-05 18:31:11


 

■  مەریوان وریا قانع 
بەبۆچوونی من ئەرکی ڕۆشنبیر لە ھەموو ساتەوەختێکی مێژووییدا، بە تاریک و ناتاریکییەوە، ھەر ئەوەیە باوڕەڕی بە ھێزی ووشە و بە توانای نووسین لەقنەبێت، گومان لەوە نەکات کە ھۆشیاریی دەتوانێت دونیا دەسکاریبکات، دوودڵ نەبێت لەوەی کە گوتنی ھەقیقەت ھەمیشە کردەیەکی شۆڕشگێڕانەیە. ڕۆشنبیر دەبێت لە خەمی پەرەدانبێت بەو ھۆشیارییەی کە توانای جیاکردنەوەی درۆ لە ڕاستیی و دەمامک لە دەموچاوی ڕاستەقینە و وشەی ساختەی لە وشەی ڕاستگۆ ھەبێت. 
ھەرگیز ڕەچەتەیەکی حازر بۆ گۆڕان و دەسکاریکردنی دونیا بوونی نەبووە و بوونیشی نابێت، ھەرکەسێکیش بیەوێت ئەو ڕەچەتەیە بنووسێت، دڵنایبێت لەوەی ڕەچەتەیکی ھەڵە و زۆرجار ترسناکیش دەبێت. ئەوەی گرنگە مەسەلەی کۆڵەندان و ڕاستیی وتن و خۆنەدۆڕاندنە ئەرکی سەرەکیی ڕۆشنبیر و ناڕۆشنبیر ئەوەیە نەبن و نەیانەوێت ببن بە بەشێک لەو دونیا ناشیرینەی لەئاردایە. ئەوەی زۆر گرنگە ئەوەیە مرۆڤ توانای جیاکردنەوەی ھەڵە لە ڕاستیی و شیاو لە نەشیاو و باش لە خراپ، لەدەستنەدات. باوەڕی بەو درۆیانە نەبێت کە لەمڕۆدا توانای زۆر گەورەی بڵاوبوونەوە و گەیشتنیان بەھەموو گوێچەکەیەک لەبەردەستدایە. لە پارە و کڕین و چاندنی تەماحی گەورەوە بیگرە، تا بە دەزگا زلەکانی شۆرینەوەی مێشک و گەوجاندن و بەلاڕێدابردن دەگات. نەھێڵێت ئەو تاریکاییەی لە فۆرمی جیاوازدا بەرھەمدەھێنرێت بگاتە ناو زەین و دیدی خۆی و دیدی زۆرینەی کۆمەڵگاکەی. لەوە دڵنیابێت کە لە ویژدانی تاکەکەسیی و کۆمەڵایەتیەدا ئاستی جیاوازی ھۆشیاریی بەسەریەکدا کۆدەبنەوە تا لەدوا دەرەنجامدا دۆخێک دروستدەکەن کە نەکرێت درۆ و پارە و فشار و زۆربۆھێنان، تا دوا سات بەردەوامبن. 
ئەمڕۆ، کە لە دونیای ئێمەدا ھێزێکی سیاسیی بوونی نییە و بوونی نەماوە کە بتوانێت ئەگەرێکی تر بخاتە بەردەمی کۆمەڵگای ئێمە، ئەوەی ماوە باوەڕبوونە بە ئینسان و بە ھۆشیاریی و بە ڕاستگۆیی، بە توانای مرۆڤ لە جیاکردنەوەی باش لە خراپ و مانا لە بێمانایی و ھەڵە لە ڕاست. ئەوەی ماوە درێژەدانە بە بەرگریکردن لە بەھا ئینسانییە سەرەکیی و بنەڕەتییەکان، لە مافەکان، لە ڕێزگرتن، لە بیننی مرۆڤ وەک بەھایەکی بەرز، لە یەکسانیی، لە کەرامەتی تاکەکەسیی و گشتیی، لەو مانایانەی سیاسەت کە وەک چالاکی ھەرە گرنگیی دروستکردنی ژیانێکی گشتیی و پێکەوەیی ھێمن و ئازاد دەیبینێت. ھەموو ئەمانە ئەمڕۆکە لە دونیای ئێمەدا لەژێر ھەڕەشە و پەلاماردان و سوکایەتیپێکردنی گەورەدان. مرۆڤ بەگشتیی و ڕۆشنبیر بەتایبەتی تا دەمرێت پێوسیتە بەرگریی لەو بەھایانە بکات، لەڕاستیشدا ێەنھا ژیانێک بەشناکات بۆ بەرگریکردن لەو پرنسیاپانەی باسمکردن. بۆیە مرۆڤی ڕاستەقینە، چ ڕۆشنبیر بێت چ شتێکی دیکە، کاتی ئەوەی نابێت تاریک و ڕەشبین و بەزیوبێت. ھەمیشە شتێک ھەیە مرۆڤ بتوانێت بەرگریی لێبکات، بێمافییەک ھەیە بەگژیدابچێتەوە. ئەوەی ئەمڕۆ لەھەموو کات زیاتر پێویستە مرۆڤێکە کە بڵێت نا، نا بەوەی دروستکراوە و دروستدەکرێت. ئەرکی ئەخلاقیی ژمارە یەکی ڕۆشنبیر لە ئێستادا ئەوەیە ئەو ”نا“ بێژە بین، ئەو کەسەبێت کە سەر نەلەقێنێت و نەڵێت بەڵێ، گەر مردیش توانیبێتی ”نا“ یەک، یان کۆمەڵێک ”نا“ی لەدوای خۆی بۆ نەوەکانی تر بەجێھێشتبێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand