بۆ کوردە ئەندامە نوێیەکانی پەرلەمانی عێراق
2018-09-05 08:17:44
■ كەمال چۆمانی
لە خولی نوێی پارلەمانی عێڕاقدا، نزیکەی ٦٠ ئەندام پارلەمانی کورد نوێنەرایەتیی پێکهاتەی کورد و هەرێمی کوردستان دەکەن.
پێشنیازی من بۆ ئەوان ئەوەیە؛
- تکایە ئێوە ئەندام پارلەمانی عێڕاقن، سوێندیشتان خواردوە بەرژەوەندییە باڵاکانی عێڕاق و عێڕاقییەکان بپارێزن، واز لەوە بێنن وەک ئەندام پارلەمانی پارلەمانی کوردستان و ئەنجومەکانی پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانیی و دهۆک و کەرکوک و موسڵ مامەڵە بکەن. عێڕاق دەستورێکی دیموکراتیکیشی هەیە و دەتوانن لە چوارچێوەی ئەو دەستورە داکۆکیی لەو کەس و لایەن و پێکهاتانە بکەن کە ئێوەیان هەڵبژاردوە. ئێوە واز لەو شەڕە گەڕەکەی هەرێمی کوردستان بێنن. زۆر شەرمێکی گەورەیە لەسەر ئاستی پارلەمانی عێڕاق و عێڕاق نەتوانن ئەدائێکی باشتان هەبێت و هیچ کارێکی جدییتان پێنەکرێت، خەریکی روداوەکانی هەولێر و سلێمانیی بن و لەو رێیەوە خۆتان پیشانبدەن. تۆی ئەندام پارلەمانی عێڕاق کە ناتوانیت لە بەغداد داکۆکیکاری دیموکراسیی، مافی ئینسان، ئازادیی، عەدالەتی کۆمەڵایەتیی، حوکمی قانون و دژی گەندەڵیی و بنەماڵەگەرای و مەزهەبگەرایی و دینگەرایی بیت، هەرگیز ناتوانیت لە هەرێمی کوردستاندا ئەو رۆڵە بگێڕیت. تۆ ئەگەر دەتەوێت داکۆکیی لە مافەکانی منی دانیشتوی هەولێر بکەیت، پێویست ناکات روت لە حکومەتی هەرێم بێت، دەبێت روت لە حکومەتی عێڕاق بێت. ئەگەر قسەیەکیشتان هەبو لەسەر هەرێمی کوردستان، بە نمونە وەک مەسەلەی سەرۆکایەتیی هەرێم، تکایە پێویست ناکا لە تەلەفزیۆنەکانەوە باسیبکەن، خۆمان باشتر لە هەرێم باسی ئەو کێشانە دەکەین، بەڵکو بیبەنە پارلەمانی عێڕاق.
پوختەی قسان، واز لە موزایەدەی کوردایەتیی و دژایەتیی گەندەڵیی و حوکمی بنەماڵەیی لە هەرێمی کوردستان بێنن، خەریکی کاری خۆتان بن کە پارلەمانتارییە لە پارلەمانی عێڕاق نەک هەرێمی کوردستان.