سبەی پرسەیە !
2018-09-04 14:27:34
■ بەشدار عوسمان
دەبێ چ نارەزاییەتیەک،چ توڕەییەک ،چ بێزارییەک،چ بێھیواییەک ناخی ئەو گەنجەی کۆنترۆڵ کردبێت و چ ژیان و داھاتوویەکی تاریک و ناڕۆشن لەبەرچاوی بێت تا خۆشترین ساتەکانی ژیانی بەدەستی خۆی کوورتبکاتەوە ؟! بۆ ساتێکیش بێت خۆتان بھێننە شوێنی ئەو گەنجەی بە دوو ووشە و دوو دەقیقەی ڤیدیۆ، رۆژێک پێشتر پرسەی خۆی ڕادەگەیەنێت و ھەموو گیانی خۆی خەڵتانی خوێن دەکا،لە کاتێکدا پێشووتر بە سعات لەبەردەم ئاوێنەدا وەستاوە بۆ شانەکردن و جەڵکردنی قژی !
دەبێت چ ترسێک لە پشتەوەی ئەو کچە شانزە ساڵانە خۆی مەڵاس دابیت،کاتێک ھەموو گیان و جەستەی خۆی دەکات بە گڕێک و پاش چەند دەقیقەیەک دەبێت بەخۆڵەمێش،لەکاتێکدا رۆژێک پێشتر کرێمی دژە خۆری بەکارھێناوە !
خۆکوشتن و کۆتایھێنان بەژیان،ھۆکار و ڕیشەکەی بۆ سیستەمی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و فەرھەنگی زاڵی کۆمەڵگاوە دەگەڕێتەوە،کاتێک خەڵک بۆ مووچە و بژێوی تاوی بۆ دێت و دێتە سەر شەقام و بە گولـلە و ئاسن وەڵام وەردەگرێتەوە و گوێی لێ ناگیرێت،کاتێک ھەڵبژاردن و پەرلەمان دەبێتە گاڵتەجاری بەئارەزووی خۆیان دەیکەن و نایکەن و دایدەخەن و دەیکەنەوە و زیادی دەکەن و کەمی دەکەن ،کاتێک لەسەر ووشە و نوسین و رەخنە گەنج و رۆژنامەنوسەکانمان دەم و سینگیان دەکرێ بە بێژینگ،کاتێک خۆشەویستی و گۆڕینەوەی ھەست و ئیحساس یاساغ بێت،کاتێک دەزگاکانی ڕاگەیاندن و دادگاکان شوێنی دادگایی و شکاندنی کەسانێکی ناڕازی بن،کاتێک گەنجێک ناتوانێت جلێکی دڵخوازی خۆی بکڕێت و بپۆشێت،بەڵام بەناوبانگترین بڕاندەکانی مۆدە و جل وبەرگ لەشارەکەی نمایشدەکرێت،کاتێک سوپەر ستارەکانی ئەمەریکا و ئەوروپا بۆ کۆمەڵێک خەڵکی تایبەت دەھێندرێتە شارەکەی و ئەو بۆی نیە و ناتوانێت سەد مەتریش لە ھۆڵی ئاھەنگەکان نزیک ببێتەوە،ئیتر ھەناسەکان لە سیەکان بێزار دەبن !
سبەی و دوو سبەی و ھەفتەیەکیتر و مانگێکیتر پرسەمانە و پرسەمان دەبێت،تا ئەو کاتەی سەروەت و سامانی بێشوماری ئەو وڵاتە لەدەستی چەند خانەوادەیەکی دەستڕۆیشتوو بێت و مناڵ و دەست و پێوەندەکانیان لە باشترین و بەرزترین زانکۆکانی دنیا بەپارەی خەڵک بخوێنن و بگوزەرێنن و ھەزاران گەنجیش نەتوانێت لەبەر بێ پارەی لەشارەکەی خۆی خوێندن تەواو بکات،تا ئەوکاتەی لەپارەی خەڵک دەزگای راگەیاندنی گەورە دابمەزرێندرێت و دژی وویستەکانی گەنجان بەگەڕ بخرێت و خواستەکانیان رۆژانە لەم دەزگایانە چەواشە بکرێت،توڕەیی و نارەزایەتی کێرڤەکەی بەرزدەبێتەوە و پرسەمان گەرمتر دەبێت ،پرسەمان دەبێت تا ئەوکاتەی ووڵات بۆ خەڵک ببێت بە زیندانێکی گەورە و خۆیان و ماڵ و مناڵ و دەست و پێوەندەکانیشیان بۆ پشووی کۆتایی ھەفتە لە لندن و واشنتۆن و لاھای بن،پرسەمان دەبێت تا ئەوکاتەی ھەرچی زەوی و دەشت و شاخ ھەیە تەڵبەندبکرێت و بکرێت بەباخ و شوینی حەوانە و ڕابواردنی تایبەت، ھەزاران خێزان و کچ و کوڕیش کوخ و کەلاوەیەک شک نەبن تیایدا رۆژ بکەنەوە بەناچاری لەیەکتر دووربکەونەوە و جیاببنەوە ،پرسەمان دەبێت تا ئەوکاتەی دارزیوترین کەلتوور و فەرھەنگ لەکۆمەڵگا فەرزکرابێت بەسەر کچان و ژنان و لاوان،ھەر جوڵە و ھەڵسوکەوتێک مەرگی لەدواوەبێت،پرسەکانی ئێمە بەردەوامە چونکە دواجار ھیچ دەزگایەک شک نابەری ھانای بۆبەری و ماف بۆ مافخوراو بگەڕێنێتەوە ،دەسەڵاتی قەزائی و دادگاکان خۆیان بەشێکن لە دریژەدان بە زوڵم و ستەم و ناعەدالەتیەکان و و پەناگەیەک نیە بۆ داڵدەدان و ڕەوێنەوەی ترسەکان .
بڕیارنیە ئەو پرسەیەی ئێمە ھەر درێژەی ھەبێت،کۆتایھێنان بەژیان لاوازترین و نێگەتیفترین بڕیاری مرۆڤەکانە،ئەوان بە پلان و بەرنامە ئەو ژیانەیان بۆ خەڵک دورستکردووە تا ھەمیشە خەریکی پرسەکانمان بین و ئاگامان لە دزی و فەرھودی نەوت و سامانی ئەو وڵاتە نەبین،تا ھیوا و ئومێد بۆ لەگۆڕنانی ئەو سیستەمە ناعەدالەت و نایەکسانە لاواز و لاوازتر بکەنەوە،دەیانەوێت ھەمیشە لە پرسەدابین تاکو نەک باسی خۆشی و شادی نەکەین،بەڵکو چاومان ژیانە شاھانە و فیرعەون ئاساکەی ئەوانیش نەبینێت .
ژیان بەرەنگارییە،رەنگە بەرەنگارییەکەی ئێمە قورس بێت،بەڵام دەستراگەیشتنی ھەموو تاکێکی ئەو کۆمەڵگا بەم رەفاھیەتەی ئێستا ژمارەیەک خێزان تیایەتی،خەون نیە ! کوورتکردنەوە و توڕھەڵدانی دابە و نەریت و فەرھەنگ و یاسای دارزیو بەسەر سەری کچان و ژنان و لاوان کارێکی ئەستەم نیە،ئەمە تەنھا ئیرادە و تەسلیم نەبوونی دەوێت .