Draw Media

رێکكەوتن بۆ دوای دامەزراندنی حكومەت بێت؟

رێکكەوتن بۆ دوای دامەزراندنی حكومەت بێت؟

2018-09-04 07:25:46


سەلام عەبدولڵا

لای حزبە عێراقییە عەرەبییەكان، بەتایبەتی شیعە، گرنگ دروستكردنی گەورەترین گرووپی پەرلەمانییە، بۆیە ئەوە بەكاری سەرەكی دەزانن دەڵێن ڕێكەوتنەكان دەخەینە دوای ئەوە و وتووێژ یان ڕێكەوتنی لەسەر دەكەین، بەڵام بەلای زۆرینەی حزبە كوردستانیەكانەوە دەبێ ئەو ڕێكەوتنە لەپێش پێكهێنانی حكوومەت و بەدەستهێنانی زۆرینەی پەرلەمانەوەبێت و ئەو مەسەلانە پێش هەموو شتێك بڕیاری لەسەر بدرێ، چونكە ئەزموونی ئەم چەندین ساڵە لەگەڵ حزبە عەرەبیەكاندا ئەوەی بۆ لایەنی كوردی سەلماند كە ئەوان هەرگیز بابەند نابن بە بەڵێنەكانیانەوە، بۆیە ئەمجارە كورد پێداگری لەسەر ئەو مەسەلانە دەكات بەتایبەتی دوای ئەو گۆڕانكاریانەی لەلایەن حكوومەتی عێراقی و حەشدی شەعبی بەیارمەتی پێلانگێڕیی ناوخۆ هاتۆتە كایەوە بەتایبەتی لە كەركووك و ناوچە كوردییەكانی دەرەوەی هەرێم كە بارودۆخەكەی بەتەواوی گۆڕیوە تا ئەو ئاستەی كە گوێبیستی ئەوە دەبین كە حكوومەت دەیەوێت ئەو گۆڕانكاریانە بكاتە ئەمری واقیع و بەسەر هەرێمدا بیسەپێنێت.
گەر ئەو حزبانە دەیانەوێ كێشەكان لەگەڵ هەرێمدا چارەسەربكرێ بەتایبەتی كێشەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم و كەركووك ئەوا پێویستە ئەو مەسەلەیە بۆ دوای دامەزراندنی حكوومەت دوانەخرێت، چونكە هیچ گەرەنتیەك نییە كە ئەوانە خاوەنی بەڵێنی خۆیان بن و ئەزموونی چەندین ساڵەی پێشووش ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن، چونكە ئەوانە لەگەڵ ئەوەشدا كە ماددەیەكی دەستووری بەناوی ماددەی(140) بەئاشكرا داوای چارەسەری كێشەی كەركووك و ناوچەكانی دی دەكات، بەڵام ئەوان لەماوەی ئەم چەندین ساڵەدا كە دەیانتوانی ئەو كێشە بەپێی ئەو ماددەیە چارەسەربكەن، بەڵام هەمیشە بە پراكتیك خۆیان لەو چارەسەرە نەك دزیوتەوە، بەڵكو هاوكات لەسەر سیاسەتی بە عەرەباندنی ئەو ناوچانەشیان پەیڕەوی كردووە و هیچ جیاوازییەكی لە ڕژێمی پێشوو لەو بارەیەوە نەبووە.

ئەو هیچ كە دوای شانزەی ئۆكتۆبەر زۆر بەچڕوپڕی و ترسناكتر لە ڕژێمی پێشوو دەستیان كردووە بە عەرەباندنی ئەو ناوچانە كە لەمێژووی عێراقدا وێنەی نەبووە.

ئەوەتا ئێستا بەئاشكرا عەرەبە هاوردەكان دەهێننەوە ئەگەرچی قەرەبووش كراون، بەڵام جارێكی دیكە بەپێی بڕیارەكانی ڕژێمی پێشوو بەرپرسانی داسەپاو مامەڵە دەكەن و ئەو گوند و ناوچانە لە كورد چۆڵدەكەن و بۆیە كورد داوای ڕێككەوتنی پێش دامەزراندنی حكوومەت دەكات ئەویش تەنها بە بەڵێن نا بەڵكو بەنووسراوی فەرمی كە حكوومەتی داهاتوو دەبێ پاش دامەزراندنی پابەندی ئەو بڕیارانەبێت كە چارەسەر بۆ كێشەكان بەكردار دادەڕێژێ و جێبەجێی دەكات، بۆیە ڕازی نەبوون بەڕێككەوتن لەسەر ئەو مەسەلانەو دواخستنی، ڕاكردن و خۆدیزنەوەیە لە چارەسەر و ناڕاستگۆیی ئەو لایەنانە جارێكی دیكە نیشانی گەلەكەمان دەدات.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand