نامەیەکی کراوە بۆ بەرپرسان و هەموو کادرەکانی گۆڕان
2018-09-03 18:10:40
بەهادین نوری
من هیچ کاتێ ئە ندامی ب. گ. ( بزووتنەوەی گۆڕان ) نەبووم. وەکو کەسایەتیەکی دیموکراتی سەربەخۆ لە ئۆپۆزسوێنی سیاسی ئەم وڵاتە دا خۆشحاڵ بووم بە دامەزراندنی ئەم حیزبە لەیەکەم ڕۆژەوە، چونکە وەکو ڕێخراوێکی ئۆپۆزسوێن لە دایکبوو، هیوایەکی بەخشی بە جەماوەر کە بتوانێ ڕۆڵێکی گرنگ ببینێ لە کۆتایی هێنان بە قۆرخکردنی دەسەڵاتی ناهەمواری پارتی و یەکێتی.
پەیدابوونی ب. گ. ئەنجامێکی لۆژیکی بوو بۆ ئەو سیاسەتە چەوتەی کە پارتی و یەکێتی پێڕەویان کرد لە ١٥ ساڵی پاش گواستنەوە یان لە شاخەوە بۆ شار، لە شەڕی پارتیزانیەوە بۆ سەر کورسی دەسەڵات. لەو ساڵانەدا جەماوەری هەرێم بەتەمای بنیاتنانی کوردستانێکی ئاوەدان و پێشکەوتوو دیموکراتی بوو. بەڵام ئەوی ڕویدا پێچەوانەبوو: شەڕی برا کوژی نەوەدەکان لە سەر کورسی و پارەو قۆرخکردنی دەسەڵات و گەندەڵکاری بێئەندازەو دروستکردنی توێژێکی کۆمەڵایەتی نوێ لە مشەخۆران کە بێ خستنەگەڕی هیچ سەرمایەیەک، لە ڕێگەی بەکارهێنانی دەسەڵاتەوە، بوون بە ملیۆنیر و ملیاردێر. ئەمە ناڕەزایەتی و ڕق و کینەی توێژێکی گەورەی لە ناو جەماوەردا دروستکرد، بنەمای کۆمەڵایەتی بۆ ڕێکخراوێکی وەک ب. گ. دروستکرد. شکۆی سەرکردایەتی ئەم دروستکردنەش بە نەوشیروان مستەوفا بڕا کە یەکەم کەس بوو ئۆپۆزسوێنی پەرلەمانی لە هەرێمدا دروستکردو بنەمای بۆ دەستاودەستی دەسەڵاتى داڕشت. دەبێ بوترێ کە ئەم ئیشە هەر بە کەسایەتیەکی وەک نەوشیروان دەکرا کە دەیەها ساڵ لەناو پارتی و دواتر لە ناو یەکێتیدا بووە و دواتر گەیشتە قەناعەت کە دەبێ جێیان بێڵێ و بچێتە ڕیزی ئۆپۆزسوێن.
تەوژمی جیابوونەوە لە ینک بە گوڕوتینێکی بەهێزەوە هاتەکایەوە ، بەتایبەتی لە شاری سلێمانی و دەوروبەری، واتە لە ناوچەی ئیدارەی ینک. ئەوە بوو ب.گ. بوو بە خاوەنی ٢٥ کورسی پەرلەمان لە هەڵبژاردنی ٢٠٠٩ دا. لە هەڵبژاردنی دواتردا لەباتی زیادکردن ژمارەی کورسیەکانی دابەزین بۆ ٢٤. ئەگەر ئیستە هەڵبژاردنیکی خاوێن بکرێ چاوەڕێی دابەزینێکی گەورەتر دەکرێ. ئەمە مانای وایە ب.گ. ئەوە دەرنەچوو کە خەڵک چاوەڕێ بوون. لەبەر ئەوە زۆر کەس لەوانەی بە حەماسێکی زۆرەوە پێشوازیان لە پەیدابوونی ب.گ. کرد ئەمڕۆ ئەو هیوایەی جارانیان نەماوەو ڕەنگە نەیشچن بۆ دەنگدان لە هەڵبژاردندا.
خیلافات و ململانێ ناوخۆ لە حیزبدا، هەر حیزبێ بێ، دیاردەیەکی سروشتی و فاکتەری گەشەپێدان و پێشکەوتنە ئەگەر ئەو ململانێیە بەشێوەیەکی ئوسووڵی ببرێ بەڕێوە. بەڵام بەداخەوە ئەو ململانێیەی ئەمڕۆ لەناو ب.گ. دا ڕەچاو دەکرێ هێڵی سوری تێپەڕاندووە و زیانی لە قازانجی زێترە . کێشەکان ڕۆژ بە ڕۆژ زێتر دەبن و ئەگەر چارەسەر نەکرێن دەبنە هەڕەشەیکی جدی لەسەر ب.گ.
به بۆچوونی من کێشەی سەرەکی گۆڕان لەم چوار خاڵەی خوارەوەدایە :
١- کێشەی سەرکردایەتی کە پرسێکی ناوخۆییەو ئەڵقەی سەرەکیە لە نێوکێشەکاندا.
٢- چەند هەڵەیەکی سیاسی کەلەم ساڵانەی ڕابووردوودا گۆڕانی تێکەوتووە.
٣- کێشەی دارایی، واتە دابینکردنی خەرجی پێویست بۆ ب.گ.
٤- هەڕشەی بنەماڵەچێتی کە دەبێتە مەترسی لەسەر سەربەخۆیی سیاسی ب.گ.
بۆچوونی خۆم سەبارەت بەم خاڵانە دەخەمەڕوو:
پرسی سەرکردایەتی لە ب.گ دا.
کێشەی سەرکردایەتی گۆڕان لەگەڵ دروستکردنی حیزبەکەدا هاتەکایە. هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوە کە نەوشیروان خوازیاری دروستکردنی رێخراوێکی نوێ بوو، نوێ چ لە بەرنامەی سیاسی و چ لە کادری سەرکردایەتیدا. ئەمەش بەڕوونی دەرکەوت لەوەداکە ئەرکی سەرکردایەتی ژوورەکانی سپارد بەو گەنجانەی لە دەرەوەی ڕیزەکانی یەکێتیەوە هاتنە ناو ب.گ. ئەمە لەلایەکەوە جموجول و دینامیکیەتێکی باشی لە خەباتی گۆڕاندا هێنایەئاراو لەلایەکی دیکەوە بوو بە هۆکاری ناڕزایەتی هێندێ کەس لەوانەی پۆستی سەرکردایەتیان لە ینکدا جێهێشت و هاتنە ناو گۆڕان. دەبوو نەوشیروان، بەر لە کۆچی دوایی خۆی، هەیئەتێکی سەرکردایەتی دروستبکردایە بۆ ب.گ، چ لە ڕێگەی کۆنگرە یان کۆنفرانسێ بوایە چ بەهەر شێوەیەکی گونجاوی دی. بەداخەوە ئەمەی نەکردو مردنی پێشوادە لە گۆڕانی دابڕی. کێشەی سەرکردایەتی بەجێما بۆ گۆڕانخوازان و ئەوانیش بەهەڵە چارەسەریانکرد، سەرکردایەتیەکی ناهاوسەنگیان پێکهێنا کە نەیدەتوانی نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی حیزبەکە بکات.
ئەمڕۆ کێشەی سەرەکی ب.گ- بەبۆچوونی من – کێشەی سەرکردایەتیە. لێرەوە دەکرێ دەستبکرێ بە چارەسەری هەموو کێشەکان. کەرەستەی چارەسەر لای گۆڕان هەیە. کادری زێڕینی بەتوانای هەیە کە ینک -یان جێهێشتووە و هاتوونەتە ڕیزی گۆڕان وەکو قادری حاجی علی کە لەمێژەوە ناڕازی بوو لە سیاسەتی جلال تاڵەبانی و یەکێتی جێهێشت، وەکو عوسمانی حاجی محمود و عومەری سید علی و مستەفای سید قادر.هەروەها تاقمێ کادری زێڕین هەیە لەناو ئەو لاوانەدا کە لە دەرەوەی یەکێتیەوە هاتوونەتە ڕیزی گۆڕان. پێمباشە کە گۆڕان سەرکردایەتیەکی ٩ کەسی لەنێوان ئەوانەدا هەڵبژێرێ، چ بە ناوی خانەی ڕاپەڕاندنەوە بێ چ بەناوی پولیت بیرو (مەکتەبی سیاسی). ئەم هەڵبژاردنەش ساڵانە بکرێ، هەتا ئەوی سەرکەوتوو بووە دەکرێ هەڵبژێردرێتەوە، ئەویشی سەرکەوتوو نەبوو بگۆڕدرێ و خوێنێکی تازە بکرێتە لاشەی هەیئەتی سەرکردایەتی. سەبارەت بە ڕێخەری گشتیش پێمباشە لەم قۆناخەدا جڤاتی نیشتمانی خۆی و جێگرەکەی هەڵبژێرێ بۆ دووساڵ، بۆ کەسیش نەبێ لە ٨ ساڵ زیاتر لەو پۆستەدا بمێنێ. دەبێ سەلاحیاتی ڕێخەری ب.گ دیاری بکرێ.
- هەڵەی سیاسی گۆڕان
ب.گ هەر لەسەرەتای دروستبوونیەوە وەکو حیزبێکی ئۆپۆزسیۆن پەیدابوو. بۆیە خەڵکێکی زۆر پشتگیریان کرد چونکە هەموویان بێزاربوون لە پارتی و یەکێتی. دەسەڵاتداران نەیاندەتوانی ب.گ. لاوازبکەن لەرێگەی بەگژداچوون و سەرکوتکردنەوە. بیریان لەرێگەیەکی دیکە کردەوە، ڕێگەی هەڵخەڵەتاندن و بەشداری لە هەریسەکەدا. هێندێ لە بەرپرسانی ب.گ کە لەناو یەکێتی و پێشتر پارتیدا، بەعەقڵیەتی ئەو دوو حیزبە پەروەردەکرابوون، حەزیان لەم خەڵەتاندن و هەریسەخواردنە هەبوو. هێندێکیش پێیانوابوو ب.گ لەرێگەی بەشداریەوە لە حکومەتدا وردە وردە بەهێزتر دەبێ و دەبێتە هێزی سەرەکی لە نێوان حیزبە حکومڕانەکاندا. بەڵام واقیعی سەرزەمین شتێکی جیاوازی خستەبەردەم: نە خەونی ب.گ هاتەدی و نە پارتی ب.گ ی بۆ کرا بەو لوقمەیە کەبۆی قوتبدرێ. پێوەندی نێوان ب.گ پارتی تێکچوو. دورکەوتنەوەیان لەیەکتر بوو بە شتێکی چاوەڕوان کراو حەتمی، لەبەرژەوەندی گۆڕان بوو ئەگەر دەستپێشکەری بکردایە و لە حکومەتی پارتی و یەکێتی بکشایەتەوە. بەڵام نەیکرد. مەسعود بەرزانی سەرۆکی پارتی ئەو دەستپێشکەریەی قۆستەوەو بەشێوەی سوکایەتی پێکردنیش ب.گ دەرکرد لە حکومەت: لە پردێ سەرۆکی پەرلەمان و وەزیرەکانی گۆڕانی گێرایەوە بەرەو سلێمانی و ئاگاداری کردن کە هاتنیان بۆ هەولێر قەدەغەیە. گۆڕان ئەم سوکایەتی پێکردنەشی قوتدا و بۆ ماوەیەکی درێژ دوای ئەوەش لە حکومەتدا مایەوە و کە بەکردەوە هەموو ڕۆڵێکیان بریتیبوو لەوەی سەری مانگ دەچوون موچەیان وەردەگرت. هەڵەی بەشداری ب.گ لە حکومەتی گەندەڵخۆری قۆرخچی دەسەڵات زیانێکی سیاسی زۆر گەورەیدا لە ب.گ و هەموو ئۆپۆزسیۆنی هەرێم . تائێستەش برینی ئەو هەڵەیە سارێژنەبۆتەوە.
ب.گ کەوتۆتە هەڵەی دیکەش و ئەمە زیانی گەورەی لە میللەتداوە. هیچ عاجباتییەکیش لەمەدا نیە. ئەوی دەبێ ئاماژەی بۆکرێ و ڕەخنەی لێبگیرێ پرسی بەرەو هاوکاری ئۆپۆزسیۆنە. چاوەڕوان دەکرا ب.گ ڕۆلێکی کارامە بگێڕێ بۆ پێکهێنانی بەرەی ئۆپۆزسیۆنی هەرێم. بەڵام ئەوەی کە نەوەی نوێ و ب.گ . پێکیانهێنا ململانێ و شەڕەدەنوکێکی بێسەربووبەر بوو کە هەتا ئەمڕۆ درێژەی هەیە و هەردوولاش خەتابارن. من داوا لەهەردوو لایان دەکەم کە ئاشتببنەوە و پێکەوە لەبەرەی ئۆپۆزسیۆندا تیبکۆشن. تەنها ئەوەیە ڕێگەی ڕاست بۆ خزمەتی گەلەکەیان .
هەڵەی بچوکتریش هەیە، نەک تەنها لای ب.گ ، بەڵکو لای هەموو حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆن. دەبێ ئەوە ببێتە دەرسێ قەت لەبیرنەکرێ. حیزبی سیاسی پێکدێ و دەکەوێتە چالاکی بۆ ئەوەی دەسەڵات وەرگرێ، چونکە ئەو بەرنامەی دایڕشتووە قەت جێبەجێ ناکرێ بێوەرگرتنی دەسەلات. پارتی و یەکێتیش ئەو سیاسەتە پەیڕەو دەکەن، لە پێوەندیەکانیان لەگەڵ حیزبەکانیتر، کە هەرخۆیان حکومڕانبن و رێگە بەهیچ حیزبێکیتر نەدەن بۆ وەرگرتنی دەسەڵات. ئەو پێوەندیەی دروستی دەکەن لەگەڵ هەر لایەنێکی دیکە دەیانەوێ خزمەتی مانەوەی خۆیانبکات لەسەر کورسی دەسەڵات. بۆ نمونە: ئێستە پارتی و یەکێتی زۆر بەپەرۆشن بۆ یەکڕیزی هەموو حیزبە کوردستانیەکان بەرانبەر حکومەتی عێڕاق، ئەمەش گوایە لە پێناو بەرژەوەندی باڵای میللەتی کوردا! ئەگەر بەرژەوەندی بەرزی ئەم میللەتەیان بویستایە ئەوە لای خۆیانەوە دەستیان پێدەکرد، لێرەوە گەندەڵکاریان نەدەهێشت و فایلی نەوتیان دەخستە ڕوناکی و موچەی فەرمانبەران و خانەنشینانیان نەدەبڕێ و خەڵکیان بێکارەبا نەدەکرد ، کورسی دەسەڵاتیان قۆرخ نەدەکرد و هەڵبژاردنیان تەزویر نەدەکرد ...هتد. ئەو حیزبەی ئۆپۆزسیونی ڕاستەقینە و دڵسۆزی گەلەکەی بێت شوێن گەندەڵخوازان و قۆرخ چیەکان ناکەوێ بۆ بەغدا و پاشکۆگەری ئەوانە ناکات. بەڵکو کەیسی خۆی دەبێ و قسەی تایبەتی خۆی دەکات لە بەغدا .
کێشەی دارایی ب.گ و ڕێگەچارە
لەم سەردەمەدا هەموو حیزبێکی سیاسی مانگانە پێویستی بە بوجەیەکی بچووک هەیە بۆ بەڕیوەبردنی ئیش وکاری خۆی – بۆ دەزگای ڕاگەیاندنی، بۆ بارەگای سەرەکی و بۆ بارەگاکانی تری، بۆ سەیارە و پاسەوان و شۆفێر، بۆ کادری حیزبی محترف .. هتد ...
پرسەکە لێرەدا ئەوەیە کە ب.گ. چۆن ئەم کێشەیە چارەسەرکات ؟
پشتبەستوو بە ئەزمونی شەخسی خۆم لە چلەکانی سەدەی پێشووەوە هەتا ئێستە، بە دیراسە و تێگەیشتنی خۆم لە بارودۆخی ئەمڕۆی کۆمەڵگەی کوردەواری، لێرەدا پێشبینیەکانی خۆم دەخەمە بەردەمی سەرکردەکانی ب.گ، هیوادارم کەڵکی هەبێ بۆ دابین کردن و خەرجکردنی بوجەکەیان لە چوارچێوەی ئەم وەزعەدا:
- دەبێ بەر لە هەموو شتێ هەوڵی ئەوە بدرێ کە ئیش و کاری حیزب بەکەمترین پارە جێبەجێ بکرێ. ئەمە بکرێبە ڕێڕەوی کار بەشێوەیەکی هەمیشەیی.
- پێویستە لیژنەی دارایی لەسێ کەسی دەستپاک و زیرەک پێکبهێنرێ کە زۆر بەوریایی و عاقڵانە ئیشەکە بەڕێوەببەن و هەمیشە بیریان بەوەوە خەریک بێ کە چۆن مەسروفاتی حیزبەکەیان دابین بکەن و رێگە لەزیادە خەرجی بگرن.
- دەبێ پرنسیپی بنەڕەتی لە ئیش و کاری گۆڕاندا کاری خۆبەخشانە بێ. لەم جیهانەدا هیچ حیزبێکی جدی خاوێن ناتوانێ ببێتە دەزگایەکی مووچەخۆران وەکو دامەزراوەیەکی حکومی، مەگەر بووجەی دەوڵەت قاسەیەکی کراوەبێ لەبەردەم کادری حیزبی و ئیش و کاری حیزبیدا، وەکو حیزبی بەعسی سەدامی کردی و پارتی و یەكێتیش کردیان و دەیکەن. داهاتی سروشتی حیزب هیچ کات بەشی ئەوەی نەکردوە و نایکات کە وەک و فەرمانبەرانی دەوڵەت کادر و کارمەندانی بەگشتی مووچە لە حیزب وەربگرن. حیزب ڕێخراوێکی سیاسی خۆبەخشە و بنەمای فکری ئەوەیە کە کەسانێک لە کۆمەڵگەدا هەن کە دەیانەوێ هێز و توانای خۆیان بخەنە خزمەتی گەل و نیشتیمان و پێشکەوتنی وڵات. ئەوی خەباتگێڕی خۆبەخش کردویانە بۆ بزوتنەوەی سیاسی هیچ کات بە خەباتگێڕە مووچە خۆرەکان نەکراوە.
- لەوڵاتانی دیموکراتیدا دەوڵەت یارمەتی حیزبەکان دەدات بە پێوەری ژمارەی کورسیەکانیان لە پەرلەماندا. دەکرێ ئەوە لێرەش بکرێ .
- ب.گ کۆمەڵی کادری هەیە کە مووچەی خانەنشینی خەبات و پێشمەرگایەتی لە دەوڵەت وەردەگرن، بەتایبەتی ئەوانەی مووچەی خانەنشینی پەرلەمان وەردەگرن. هەر خانەنشینێ گیانی فیداکاری بەرز و دڵسۆزی تێدابێ دەتوانێ وەکو کادرێکی خۆبەخش و محترف ئیش بۆ ب.گ بکات و فلسێکیش وەرنەگرێ . ئەگەر پەرلەمانتارێکی خانەنشینکراو نەیتوانی خۆی ئیش بۆ ب.گ بکات وەکو کادرێکی محترف ئەوە دەتوانێ کە مانگێ ڕێژەیەک (دوو ملیۆن) لەو مووچەیە کە بەهۆی گۆڕانەوە بۆی بڕاوەتەوە بداتە محترفێکی حیزبەکەی.
- ئابوونەو پیتاکی مانگانە: من نازانم ئەم پرسە چۆن باسکراوە و بڕیاری لەسەر دراوە لە ب.گ دا، بەڵام هەموو کەس ئەوە دەزانێ کە وەرگتنی ئابوونەی مانگانە لە ئەندامانی هەر حیزبێ شتێکی ئاسایی و یاساییە وەکو سەرچاوەیەک بۆ دارایی حیزب. ئەمە لە پەیڕەوی نێوخۆیی حیزبدا تۆماردەکرێ کە داوای مۆڵەتی یاسایی لە دەوڵەت دەکرێ. من ئەزموونی تایبەتی خۆم هەیە لەسەر دارایی حشع لە ناوەڕاستی سەدەی پێشوودا، کە چوارساڵ سکرتێری حیزبی حشع بووم. حشع ئەوکاتە حیزبێکی نهێنی جەماوەری گەورەبوو، سەرکردایەتی سەدان خۆپیشاندان و مانگرتنی چینایەتی و نیشتمانی دەکرد. بەتەحەداوە دەڵێم کە لەو چوارساڵەدا جگە لەپارەی ئابونەو و پیتاکی ئەندام و دۆستانی حیزب هیچ سەرچاوەیەکی دارایمان نەبووە، ڕۆژێ لەرۆژان پارەمان لە هێچ دەوڵەتێ یان حیزبێ یان شەخسێ وەرنەگرتووە. دەزانم کە بارودۆخی ئەمڕۆ جیایە لە هی ئەو کاتە. بەڵام نابێ ئەمە وەها تەفسیر بکرێ کە ئەمڕۆ ئابوونە و پیتاک ڕۆڵێکی گرنگیان نەماوە لە دابینکردنی بڕێکی باش لە دارایی حیزب. دەبێ لیژنەی دارایی، بەهاوکاری لیژنە جیاجیاکان، ئەم پرسە تاوتوێبکەن و بەباشی بەڕێوەببرێ.
- ب.گ رێخراوی حیزبی و دۆست و لایەنگرانی لەدەرەوەی وڵات هەیە. بێگومان ئەوانە لە دۆخێکی وەهادان کە دەتوانن بەشداریەکی باشبکەن لە دەبینکردنی دارایی حیزبەکەیاندا، دەشتوانن داواش لە هێندێ دەزگا و کەسایەتی لەو وڵاتانە بکەن.
- لەم هەرێمەشدا ب.گ دەتوانێ داوای یارمەتی (مانگانە یان ساڵانە) لە هێندێ کۆمپانیا و خەلکی دەوڵەمەن بکات.
بنەماڵەچێتی
لەم وڵاتەدا پێویستمان بەقسەی زۆرنیە لەسەر بنەماڵەچێتی چونکە نمونەی زیندوی شتەکە لەبەرچاودایە. بە درێژایی ٢٧ ساڵی ڕابردوو، هەموو خەڵکی ڕۆشنبیر و تێگەیشتو دەزانن چیە مانای بە بنەماڵەکردنی حیزب. دیاردەی بنەماڵەچێتی بەشێکە لە دیاردەی کۆمەڵایەتی لە قۆناخی خێڵەکیدا. حیزبی سیاسی لە کۆمەڵگەی پێشکەوتودا لەرێگەی سنوقی هەڵبژاردنەوە سەرۆکی خۆی دیاری دەکات و دەیگۆڕێ. ئەم گۆڕینە لە ئەوروپای ئەمڕۆدا بۆتە کارێکی ڕۆتینی سادە و هیچ کێشەیەکی بەدوادا نایەت. گەلێ جار سکرتێری حیزبێ پۆستەکەی خۆی جێدێڵێ بۆ یەکێکی دیکە بەس لەبەر ئەوە کە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا ئەو حیزبە ژمارەی پێویست لە کورسی بەدەست نەهێنا، لە کۆمەڵگەی ئێمەدا سکرتێر وەکو موڵکێکی تاپۆدار سەیری حیزبەکەی دەکات، وەکو سەرۆکی عەشرەت یان وەکو بەڕێوبەری کۆمپانیایەک دەیەوێ کەڵک لە حیزب – کۆمپانیا – وەربگرێ.
هەڤاڵانی ب.گ . هەقیانە لە بنەماڵەچێتی بترسن. ئەو پێشنیازانەی لەم نامەیەدا پێشکەشم کردون دەکرێ بەربەستی ئەو مەترسیە بکات. نەوشیروان هەنگاوی زۆرباشی نابۆ دروستکردن و بەهێزکردنی ئۆپۆزسیۆن. بەڵام ئەوەی باش نەبوو کە تاپۆی هەموو شتێکی خستە سەر کوڕەکانی و ئەم کێشەیەی بۆ حیزبەکەی خوڵقاند. ئەگەر بیانەوێ کوڕەکانی دەتوانن بە گرێبەستێکی یاسایی کۆمپانیای وشە و گردەکە ڕادەستی ب.گ بکەن و بۆماوەی ١٥-٢٠ ساڵ .