Draw Media

چەندسه‌رنجێک له‌سه‌ر دۆخی سیاسی

چەندسه‌رنجێک له‌سه‌ر دۆخی سیاسی

2018-09-02 13:56:09


 ■  کۆسره‌ت خدر

١.  سیستەمی ئەلیكترۆنی پەیڕاوكراو بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاق تەنها لە ئەژماركردنی دەنگەكاندا نەبێت، لە سەرجەم ڕووەكانی ترەوە سەركەوتنی باشی بەدەستهێنا و ڕێگری زۆریكرد لە دەنگی مردوو، دووبارە، ئاوارە و لەبری دەنگدان و هتد.. دەبوو هەمان سیستەم بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانیش پەیڕەو كرابووا، تەنها ئەژماركردنی دەنگەكان بەدەست بووا. حزبەکان و له‌ناویاندا به‌شی زۆری هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌کان خۆیان بڕیاریاندا كار بەو سیستمە نەكەن، ئێستاش گلەیی لە لیستی دەنگدەران دەكەن!
٢. حزبە ناڕازییەكان، پەیوەندی بەستن لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە و بەتایبەت ئێران و توركیا بە حەرامی سیاسی دادەنێن. له‌ ناوخۆشدا هه‌ردوو حزبی ده‌سه‌ڵاتدار بە جاشی ئێران و تورکیا دەزانن. كەچی لەگەڵ پارتی و یەكێتی دادەنیشن و هاوكاری و هەماهەنگیان لەگەڵدا دەكەن بەڵام ئامادە نیین هەماهەنگی و پێشوازی لە باڵیۆز و كونسوڵ و وەفدی ئەو دوو وڵاتە بكەن كە ئەگەر هەیە لانی كەمی ببێتە هۆی ئەوەی لە هەڵبژاردندا ئەو تەزویرە گەورە و ڕێكخراوەیان لەدژ نەكرێت. پرسیار ئەوەیە كاتێك ئەو وڵاتانە بە ئاغا و ئەو حزبانەش بەنۆكەر دەزانیت، لەگەڵ ئاغاكە دابنیشیت باشترە یان لەگەڵ خوڵامەكەی؟! بێگومان لێره‌دا پەیوەندی به‌ستن بە مانای جاشایەتی و دارەدەستێتی نایەت. به‌ڵام به‌ حوکمی جوگرافیا و کۆمه‌ڵێک ڕه‌هه‌ندی جیۆپۆله‌تیکی و ئابووری و سیاسیی، په‌یوه‌ندی نێوان وڵاتان بابه‌تێکی حه‌تمی و پێویسته‌. بۆ هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌کانی کوردستانیش هه‌مان شت ڕاسته‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌بێت جیاواز بێت ئه‌وه‌یه‌ که‌ په‌یوه‌ندییه‌کی هاوشێوه‌ی یه‌کێتی و پارتی نه‌بێت له‌گه‌ڵیاندا. نابێت په‌یوه‌ندییه‌ک بێت له‌سه‌ر حسابی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی کوردستان بێت، به‌ڵکو ده‌کرێت په‌یوه‌ندییه‌کی تاڕاده‌یه‌ک هاوسه‌نگ و به‌رژه‌وه‌ند دوولایه‌نه‌ بێت، لانی که‌م ئه‌و ترسه‌ بڕه‌وێنرێته‌وه‌ که‌ زیهنیه‌ت و دوونیابینی ئه‌و وڵاتانه‌دا سه‌باره‌ت به‌و حزبانه‌ چه‌سپیووه‌، وه‌ک باسمان کرد تاوه‌کو لانی که‌می ئه‌وانیش له‌به‌رامبه‌ردا ڕێگریت لێ نه‌که‌ن له‌ ئاینده‌دا بگه‌یته‌ ده‌سه‌ڵات.
٣.  ئەمڕۆ لە زۆربەی ئاستەكانەوە هەتا لەسەر ئاستی میدیایی ئەهلی و ڕێكخراوەكان و هەتا زۆرێك لە خەڵكانی ڕۆشنبیر و ڕەخنەگر و مەدەنیش ڕای گشتی وائاڕاستە ده‌کرێت كە دەنگ و كورسییەكانی ئۆپۆزسیۆن كەم دەكات و دەنگی حزبه‌کانی دەسەڵات زیاد دەكات!! ڕاستە ئۆپۆزسیۆن له‌ ڕابردوودا دەستكەوتی سیاسی گەورەی نەبووە، بەڵام خۆ لەبەرامبەریشدا نیوەی خاكی كوردستانی بە عێڕاق نەفرۆشتووە و چارەگێكی تری نەخستۆتە ژێر پۆستاڵی جندرمەی توركی و ئێرانی. نەوت و داهات و مووچەی خەڵكی كوردستانی تاڵان نەكردووە، گەنج و خۆپیشاندەرانی شەهید و بریندار نەكردووە! بۆ دەبێت دەنگی موعارەزە كەم و هی دەسەڵات زیاد بكات؟! بۆیه‌ ده‌کرێت ئه‌و بۆچوونانه‌ تاڕاده‌یه‌کی زۆر بۆچوونی سه‌رپێی و ڕووکه‌شین نه‌وه‌ک بیرکردنه‌وه‌ و وربوونه‌وه‌یه‌کی قوڵ له‌ پشتیانه‌وه‌ هه‌بێت، هه‌ربۆیه‌ ڕه‌نگه‌ به‌ نه‌تیجه‌ش خزمه‌تێکی ئه‌و تۆ به‌ ڕه‌وتی گه‌شه‌ و پێشکه‌وتنی سیاسی له‌ کوردستاندا نه‌که‌ن. 
4.  زۆرێك ناوەند و جهت و هەتا لایەنی سیاسیش بەلێبڕاوی ئیش دەكەن لە پێناو ناشیرینكردن و لێدان لە هەڵبژاردن و پەرلەمان و ڕێگای مەدەنی بۆ گۆڕانكاری سیاسی لە كوردستان، بەڵام ئەگەر هێزە ئۆپۆزسیۆنه‌کان دەست بۆ خەباتی چەكداری بەرن، بەدڵنیایی نەك تەنها سەعاتێك بەشداری ناكەن بەڵكو پێش هەموو كەسێك ئەوان دەكەونە وێزەیان، موعارەزە بەبێ سەبر و بە هەڵگیرسێنەری شەڕی ناوخۆ تۆمەتبار دەكەن! ئه‌وه‌ راسته‌ که‌ په‌رله‌مان و سه‌رجه‌م داموده‌زگاکانی تر له‌ هه‌رێمی کوردستان له‌ ئاستی خواست و داواکاری خه‌ڵکدا نه‌بوون، به‌ڵام بێگومان بێگوومان‌ هێشتا سه‌ره‌ڕای هه‌موو که‌موکوڕییه‌کان په‌رله‌مان له‌ گه‌نده‌ڵی و نادادپه‌روه‌ریدا ناکه‌وێته‌ لیستی یه‌که‌می دامه‌زراوه‌ به‌رپرسیاره‌کان. سه‌رجه‌می ئه‌و بۆچوونانه‌ی ڕه‌خنه‌ی په‌رله‌مان و ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان ده‌که‌ن، ده‌بێت به‌هێند وه‌ربگیرێن، به‌ڵام ده‌بێت ڕه‌خنه‌کان ڕووه‌و ئه‌و ئاڕاسته‌یه‌ بن که‌ په‌رله‌مان ڕۆڵی زیاتر له‌ ده‌رکردنی یاساکان و هه‌موارکردنه‌وه‌یان، چاودێریکردن و لێپرسینه‌وه‌ی حکومه‌تدا، دانانی بودجه‌ و چاودێری به‌سه‌رجێبه‌جێکردنییه‌وه‌ و به‌دواداچوونی جددیتر بۆ کێشه‌ و داواکارییه‌کانی خه‌ڵک بگێڕێت، نه‌ک وه‌ک ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ناو پۆپۆلیزمدا بۆچوونێک ته‌واو ته‌شه‌نه‌ی سه‌ندووه‌ و هه‌بوون و نه‌بوونی په‌رله‌مان یه‌کسان ده‌کات به‌ یه‌کتر یاخوود هه‌ندێکجار داخستن و نه‌مانی به‌ پێویستییه‌کی گرتنگتر ده‌زانن.
5. چارەسەر چییە؟ چارەسەر بەخۆداچوونەوە و خۆبەهێزكردنەوەی موعارەزە و چارەسەكردنی گرفت و كەمووكوڕییە ناوخۆییەكانە (نم: ناكرێت تاكە ڕێگای خەباتی سیاسیت هەڵبژاردن بێت و داوای دواخستنی هەڵبژاردنیش بكەیت! ناكرێت داوای ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵات لە كوردستان بكەیت و لە ناوخۆتدا پەیڕەوی نەكەی و هەندێكجار ٤-٥ ساڵ هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانت دوابخەیت! ناكرێت ڕەخنە لە حكومەت بگری كە موچەی فه‌رمانبه‌ره‌کانی نادات و هەمان شت لە ناوخۆشتدا هەبێت و موچەی كارمەندەكانت كەمبكەیتەوە یان حزب و كەمپەینی هەڵبژاردن بە سواڵ و سەدەقە بەڕێوەببەی! ناكرێت خەڵكی نا مەبدئی و پەروەدەنەكراوی سیاسی بنێریتە ناوه‌ندەكانی بڕیاردان و دوای ماوەیه‌ك بەجێتبهێڵن و بچنه‌ پاڵ لایه‌نێکی سیاسی ده‌سه‌ڵاتدار له‌ پێناو هه‌ندێک به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی و ده‌ستکه‌وتی تایبه‌ت.
چارەسەر ئەوەیە هەڵبژاردن بە فعلی بكرێتە شاڕێگای گۆڕانكاری سیاسی لە كوردستان (تا ئێستا نەبووە) نەك نەبووە بەڵكو ئێستاش بەردەوام كار بۆ بێ نرخکردنی دەكرێت. چی پێویست بێت لە ناوخۆ و دەرەوەدا دەبێت بكرێت تاوەكو هەڵبژاردنی بێگەرد لە زەمینەیەكی یەكسانی بەردەم حزبەكاندا بەڕێوەبچێت یاخوود لانی كەم تەزویری وەك ١٢ی ئایار نەكرێتەوە! هێشتا دەیان ڕێگا و شێوازی سیاسی و مەدەنی ماوە كە نەك كاریان پێ نەكراوە بەڵكو هەر بیریشیان لێ نەكراوەتەوە. تا سەرجەمی ئەو ڕێگا و میكانیزمە سیاسیی و مەدەنییانە تاقینەكرێنەوە، دەستبردن بۆ بژاردەی تری سەربازی و ناسیاسی و مه‌ده‌نی، دەبێتە هەڵەیەكی سیاسی گەورە و لەبیرنەكراو. حزبی سیاسی دەبێت بەشی ئەوەندە خوێندنەوە و دیراسە و بەرچاوڕوونی هەبێت، كە هەم خۆی و هەم بەرامبەرەكەی و هەمیش كەرەستە و خەڵكەكەی بناسێت!

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand