فوکویاما وەک بوقێک بۆ پڕوپاگەندە
2018-09-02 11:55:11
■ مەریوان وریا قانع
چەند سەرنجێکی کورت دەربارەی ھاتنی فرانسیس فوکویاما بۆ ھەرێم
لە ساڵانی ھەشتا و لە گەرمەی شەڕی ئێران و عێراقدا بەعسییەکانی عێراق ساڵانە دەیان نووسەر و ڕۆشنبیر و بیریاری ئەوروپایی و ئەمریکییان داوەتدەکرد و لەبەغدا پارەیەکی زۆریان لە ھات و چۆ و مانەوەیاندا سەرفدەکرن. مەبەست لە داوەتکردنەکان پێشخستنی ژیانی ئەکادیمیی ناو زانکۆکانی عێراق و پێشخستنی ڕۆشنبیریی عێراقی نەبوو، مەبەست لەھێنانیان پڕوپاگەندەکردنێکی ڕووت بوو بۆ ڕژێمەکەی سەدام حوسەین کە ڕۆژانە لە بەرەکانی جەنگدا بە سەدەھا کەسی بە کوشت ئەدا و سەدەھا خێزانیان بێباوک و بێبرا و بێکەس دەکرد. لەناوخۆی عێراق خۆشیدا ھەموو دەنگێکی ناڕازییان بە خوێناویترین شێوە بێدەنگدەکرد. زۆرێک لەو میوانە ئەوروپیی و ئەمریکییانە کە دەھاتنە بەغدا، یان لە وێرانە گەورەکەی سەدام حوسەین بێدەنگدەبوون کە بە کوشتن و بڕینێکی زۆر دروستیکردبوو، یاخود بێشەرمانە دەکەوتنە مەدح و سەنای عێراق و دەسکەوتە گەورەکانی ڕژێمەکەی سەدام بۆ ئەو وڵاتە. کەسانێکیان تا ئەو شوێنە دەڕۆشتن عێراقی بەعسییەکان بە ”ئەڵمانیای خۆرھەڵاتی ناوەڕاست“ ناوبنێن.
ئەم ڕەفتارە بەعسییانە ماوەیەکی درێژە بووەتە ڕەفتاری ھێزە سیاسییەکانی ھەرێمە وێرانەکەی خۆشمان. ئەمانیش ھەم پارەیەکی زۆر لە کڕینی چەندان سیاسیی و ڕۆژنامەنووس و ئەکادیمیدا سەرفدەکەن و سەرفکردوە، کە ئەرکی ژمارە یەکیان ئەوەیە پڕوپاگەندە بۆ ئەزموونە مافیاییەکەیان بکەن. ھەم کەسانێکی ناوداریش لە دەرەوەوە بۆ کوردستان دەھێنن بۆ وێنە لەگەڵگرتن و دەرھێنانی چەند ڕستەیەک لێیان کە عەیب و عارە گەورە و ترسناکەکانیان بشارێتەوە. ئەم ھاتنە تازەیەی فرانسیس فوکویاما بۆ ھەرێم لەناو ئەم ڕەوت و کەلەپورە بەعسیی و مافییانەدا ڕووئەدات.
ھاتنی فوکویاما بۆ ھەرێم نە دۆخی ئەکادیمی وێرانی ناو زانکۆکانی کوردستان دەگۆڕێت، نە گڕوتینێک بە ناوەندی ڕۆشنبیریی و میدیایی ئێمە ئەدات و کۆمەڵێک مواقەشات دەخاتەوە. ئەوەی دەیکات چاوپێکەوتنێکی کورتی لەم جۆرەی کەناڵی کوردستان ٢٤ کە تیایدا فوکویاما بێشەرمانە پڕوپاگەندەی دیموکراسیبوون و پلورالبوون و دەزگاییبوون بۆ ئەزموونە مافیاوییە سوڵتانییەکەی ھەرێم دەکات. ھەرێمێک پەرلەمانەکەی دوو ساڵ نێردرایەماڵەوە، بە لێشاو لە ھەڵبژاردنەکانیدا تەزویر دەکرێت، میلیشیای تایبەت قەڵەوکراوە بۆئەوەی کێیان بوێت لە سوکایەتییپێکردنەوە تا کوشتن پێیبکەن، کۆمەڵگاکەی تا بینەقاقا دابەش و بەشبەش کراوە، میدیایەکی کڕدراو و ئاراستەکراوی ھەیە کە وەک میلیشیا کاردەکات، لانی ھەرەکەمی ھیچ ئیجماعێکی تیا نەماوە، دزییەکی کەم وێنەی تیادەکرێت و حکومەتەکەی توانای دابینکردنی لانیکەمی ھیچ خزمەتگوازرییەکی سەرەتایی نییە. ئەوەی فوکویاما لەم چەند دێڕە کەمەی ناو ئەم چاوپێکەوتنەدا باسیدەکات یان ھێما بۆ بێئاگاییەکی ھەمەلایەنە و ناشارەزاییەکی کوشندە لە دۆخی ئەمڕۆکەی ھەرێم دەکات (کە ئەمە دەبوایە بێدەنگی بکردایە)، یان ھێما بۆ کۆمەڵێک قسەی بێمانا و نابەرپرسیار دەکات کە خاوەنەکەی پارەیەکی باشی وەرگرتوە بۆئەوەی بیانکات.