Draw Media

سی و یەکی ئاب چی پێ وتین

سی و یەکی ئاب چی پێ وتین

2018-09-01 17:40:16


■ فرمان عەبدولڕەحمان 

سی و یەکی ئاب رووداوێک نیە لە دوامانەوەو لە رابردوودا روویدا بێ بەڵکو رووداوێکە لەبەردەمانداو ئەگەرێکە دەشێ ئایندە لێوانلێو بێ لەو بەروارانە مەگەر شازدەی ئۆکتۆبەر چی بوو..

سی و یەکی ئاب تەنها خیانەتێک نیە پارتی ئەنجامی دابێت بەڵکو بەشێکە لەو وێنە شێواوەی کە لە دونیابینی هەردوو حیزب پارتی و یەکێتیدا ئامادەیی هەیە دونیابینیەک لەسادەترین مانایدا پێمان دەڵێن ئەم دوو هێزە ئێستاشی لەگەڵدا بێ هەموو شتێک دەکەن بۆ پاراستنی نفوس و دەسەڵاتی خۆیان هەموو سنورێک دەبەزێنن بۆ مسۆگەر کردنی بەرژەوەندیە حیزبیەکانیان سی و یەکی ئاب و رووداوە هاوشێوەکانی پێمان دەڵێن کە پارتی و یەکێتی لە رابردووش و ئێستاشی لەگەڵدا بێ شتێکیان نەهێشتۆتەوە بە ناوی پرەنسیپی نەتەوەیی هەر یەکێکیان چی بۆ حیزبەکەی باش بوبێ رووپۆشی کوردایەتی و نیشتمانپەروەریان بۆ دووریوە..

ئاخر هەر هەڵگیرسانەوەی شەڕی ناوخۆ چی بوو جگە لە شکستی ئەو دوو پرۆژە سیاسیەی ناویان یەکێتی و پارتی بوو. تۆ تەماشا بکە لە مێژووی چ میللەت و لە ئەدەبیاتی سیاسی چ گەلێکدا شتی وا هەیە کە نەتەوەیەک تەنها شەش ساڵ پێش هەڵگیرسانوەی شەڕی ناوخۆ رووبەڕووی گەورەترین جینۆساید بوبێتەوە لەلایەن بەعسەوە لە رێگەی پەلامارەکانی ئەنفالەوە بەڵام دوو هێز کە دەبوو سارێژکەری برین و زامە نەتەوەییەکانمان بن دێن لەسەر دەسەڵات و داهاتی گومرگ براو باوک و ئامۆزاو دراوسێ دەکەن بە گژ یەکدیداو لەپێناو سڕینەوەی یەکتری دەستی دوژمن و بێگانە نامێنێ ماچی نەکەن..

ئەزانم پارتیەکان پاساوی ئەوە دێننەوە کە یەکێتیش پەنای بردە بەر ئێران بو لەناوبردنی پارتی کە بە فیعلیش یەکێتی ئەمەی کرد لێرەدا مەسەلەکە بەم خورشیدو خاوەرە تەواو نابێ ئێمە قسەمان لە هەڵگیرساندنەوەی شەڕی ناوخۆیە کە لەدوای ئەنفالەکانەوەو لە دوای کۆڕەوی ملیۆنی خەڵکی کوردستانەوە دەبوو پارتی و یەکێتی هەرگیز بیریان لە بژاردەی لەو شێوەیە نەکردایەتەوە چونکە سی و یەکی ئاب و خیانەتەکانی دیکەش بەشێک بوون لە دەرەنجامە دۆزەخیەکانی ئەو جەنگە خوێناویە کە بەرهەمە ماڵوێرانکەرەکەی دابەشکردنی کوردستان بوو بۆ دوو ئیدارەو دوو جوگرافیاو بە ئێستاشەوە کەلێنێکی وایکردە پرۆسەی بونیادنانی نەتەوەیی کوردەوە هەتا چەندین نەوەی داهاتووش باجەکەی دەدەین..

هەر بۆ زانیاری لە ئەم نەوەیە لە ساڵانی دوای ۱۹۹۸ەوە کە شەڕی ناوخۆ بە فشاری ئەمریکا وەستێنرا لە نێوان هەولێرو سلێمانی ۱٤ سەیتەرە هەبوو من خۆم ئەوەم یاداشتکردووەو بە چاوی خۆم بینیومن جا ئەگەر روخانی سەدام و پرۆسەی ئازادی عێراق نەدەبوو ئێستاش ئەبوایە هاواری یەکخستنەوەی ئیدارەکانمان بکردایە ئێمە دەمانوت تکایە نەتەوە پێویستی بە بیناکردن هەیە ئەمەش پرۆسەیەکە دەبێت هوشیاری سیاسی لە پشتەوە بێ یەکێتی و پارتی لەبری ئەوەو بەهۆی تێکەڵبونی بەرژەوەندیە ئابوری و حیزبیەکانیانەوە رێککەوتننامەی ستراتیژیان ئیمزاکردو هەموو شتێکیان قۆرخ و دابەشکردەوە جارێکی دی.. واتە دابەشبونەکە و دوو ێیدارەکە هەر مایەوە بەڵام ئەمجارە نفوزو دەسەڵات و پارە لەبری ئەوی لە رێگەی بەرەکانی جەنگەوە دابەش بکەن لە رێگەی کۆبونەوەکانی دوکان و سەری رەشەوە دابەشکران ئای هاوڕێیان مەگەر ئێوە بیرتان نایە چەند کۆبونەوە لەو دوو شوێنە ئەنجامدرا..

ئێستا ۲۲ ساڵ تێپەڕ دەبێ بەسر خیانەتی سی و یەکی ئابدا دابەش بون و جیاوازیەکان لە ئاستێکی ترسناکترو کوشندەتردایە پارتی و یەکێتی لە بری دروستکردنی نەتەوە بە مانا سیاسیەکەی هێندەی نەماوە نەتەوەیەک تا سەر ئێسقان داغان بکەن. ئەو پرۆژە حوکمڕانیەی بریاروو جێگەی شانازی چل ملیۆن کورد بێ ئێستا ناتوانێ موچی موچەخۆرەکانی دابین بکات جومگە سەرەکیەکای تا بنا گوێی نوقمی گەندەڵی و فەسادە نائومێدی و شەوەزەنگێکە هەتا خوا حەز بکات ئاسۆیەک دیار نیە لە هەموو ئەمانە کارەساتتر ئەوەیە پارتی و یەکێتی هیچ وانەیەکیان لە رابردوو وەرنەگرت و نەوەی دووەم سێیەمی سەرانی ئەو دوو هێزە ئامادەن دەستی هەموو بێگانەیەک ماچ بکەن بەڵام ئامادە نین لە پێناو دروستکردنی نەتەوەدا بچوکترین سازش بۆ یەکتر بکەن

پارتی و یەکێتی ئێستا پەتایەکی کوشندەن بۆ کورد

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand