بەڕاستی پارتی دوژمنی ئێرانە؟
2018-09-01 11:03:45
■ دانا حەمەعەزیز
ساواك و میت ڕۆڵی هاوبەشیان بینی لەدروستکردنەوەی پارتی و، یەکەم گورزیشیان لە شۆڕش، دوای لەناوبردنی برایم عەزۆ گەرگەری و هاوڕێکانی، کوشتن و بەدیلگرتنی سەدان پێشمەرگە بوو لەهەکاری لە بەهاری ١٩٧٨دا.
ئەوترێ لە پایزی ١٩٧٨ دا، بارزانی ئامادە بووە پشتیوانی لە پۆلیس و سوپای شا بکا بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی ئێران، هەرچەندە بەڵگەنامەکانی ئەم هەڵوێستە تەنها لە ئەرشیفی ئیتلاعاتدا هەڵگیراوە، بەڵام دوای کەوتنی شا و ڕوخانی حکومەتەکەی شاپور بەختیار، قیادەی مۆقەتە بای دایەوە، ئەوکاتە بارزانی ڕەحمەتی هێشتا لە ژیاندا بووکاتێ لە ژێر ناوی (ڕەزمەندگانی موسلمانی عێراقیدا) چوە سەنگەری سوپای پاسداران لە شەڕ لە دژی (کۆمەڵە و دیمۆکرات و هێزەکانی شێخ عزەدینی حوسەینی) کە زۆربەی شارو ناوچەکانی کوردوستانی ئێرانیان لە پاوە وە هەتا شنۆ و خانێ، بەدەستەوە بوو.
پەیوەندی نێوان ئێران و پارتی بەو شێوەیە نیە کە دەزگا ڕاگەیاندنە (سێبەرەکان)ی پارتی دیعایەی بۆ ئەکەن، ڕاستیەکەی ئەوەیە کە تائێستا هیچ دەزگایەکی (فەرمی) پارتی یان (کەسایەتیەکی بارزانی) زاتی ئەوەی نەکردوە بە ڕێکەوتیش یەك وشەی خراپ لەسەر ئێران بڵێ. بەدرێژایی ساڵانی هەشتا، پارتی بە پشتیوانی ئێران و سوپای پاسداران لە سنورەکانەوە شەڕی لەگەڵ یەکێتی کردوە چ بە تەنیا چ لەگەڵ بەرەی جود. بەدرێژایی ٢٧ ساڵی ڕابردوو و بە ئێستاشەوە، پارتی ڕێگەی نەداوە هیچ بارەگایەکی هیچ حزبێکی کوردودستانی ئێران لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتیدا بن بە هەولێریشەوە.
پارتی لە شەڕی ناوخۆدا لە ساڵی ١٩٩٤ قوڕگی کوردوستان(برایم خلیل) ی کۆنتڕل کرد و یەکێتی لە نێوان تەسلیم بوون بە پارتی و بەعس یان دۆستایەتی ئێراندا هێشتەوە، ئەوکاتە یەکێتی بەهۆی هەڵوێستی توندی دژی ئێران لەسەر تیرۆرکردنی سادقی شەرەفکەندی، پەیوەندی لەگەڵ ئێران بەتەواوی پچڕاندبوو. بەڵام لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ، پارتی پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئێراندا پتەوتر کرد و ئێران بەئاشکرا حاجی ئۆمەران و چۆمان و قەسرێ و پشتی قەڵادزێ و پێنجوێن و هەڵەبجەی تەسلیم بە پارتی کرد، ئەدهەم بارزانی بە پشتیوانی سوپای پاسداران، حەسن کوێستانی و هاوڕێکانی کوشت و، پارتی بە تۆپخانەی ئێران لە (کێلێ) وە قەڵادزەی خەڵتانی خوێنکرد.
ساڵی ١٩٩٤، کاتێ یەکێتی ناچار بوو ڕادیۆکەی حزبی دیمۆکرات بگوازرێتەوە بۆ کەرکوك، ئێران بێمنەتی ڕاگەیاند و بە ئاشکرا بە یەکێتی وت "ئەوەی کردوتانە لە چاو ئەوەی پارتی بۆمانی ئەکا هیچ نیە، ئێوە ڕادیۆکەیان دا ئەخەن پارتی کادر و پێشەمەرگەکانیانمان بەمردوویی و زیندووی تەسلیم ئەکاتەوە"!
بەدرێژایی مێژووی دووروو نزیك و بە ئێستاشەوە، دۆستایەتی پارتی لەگەڵ ئێران، لە هەموو حزبەکانی تری کوردوستانی عێراق باشتر بووە.