شانۆگەری هەڵبژاردن
2018-08-31 18:34:49
■ گوڵاڵە سدیق
ئەوەی دەگوزەرێ لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەڵبژاردن نیه، بەڵکو شانۆگەرییەکە، کە لە پێشدا دەق و سیناریۆ و ئەکتەرەکان و کۆتایی شانۆگەریەکەش ئامادەکراوە.
لە ساڵی ١٩٩٢ کە بۆ یەکەم جار هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان کرا، بە شاهیدی خودی مام جەلال و زۆربەی هەرە زۆری چاودێران و ڕەخنەگران، هەڵبژاردنێکی پڕ تەزویر بوە، بەتایبەت لەژێر قەڵەمڕەوی پارتی دیموکراتی کوردستاندا.
بەجۆرێک لە دهۆک و زاخۆ بەڕێژەی زیاتر %110 خەڵکی دەنگیان داوە.
لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراقیشەوە هەمیشە باسی تەزویر لە هەڵبژاردنەکانی عیراق کراوە، بەجۆرێک کەهەمیشە ناکۆکی خستۆتە نێوان هێزە ڕکەبەرەکانەوە.
لەسەرەتادا هێزەکان بەسەر کورد و عەرەبی سونە و عەرەبی شیعە دابەشکرابو، ئەمەش وایکردبو کە هەندێک جار چاوپۆشی لە تەزویراتی هەڵبژاردنەکان بکرێت، چونکە هەمو کورد بەلیستی کوردستانی یان هاوپەیمانی کوردستانی دەچوە ناو هەڵبژاردنی عێراقەوە.
بەڵام لە دوای دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕانەوە، ئەم کلتورە شکا و هەر حزبەو بەجیا دەچوە ناو پرۆسەکەوە، ئەمەش کاری تەزویرکردنی قورستر کرد بەتایبەت لەناو بنەکانی دەنگداندا.
چونکە پێش دروست بونی بزوتنەوەی گۆڕان هەمو بەڕێوەبەری بنکە و وێستەگانی دەنگدان لەگەڵ چاودێری لایەنە سیاسیەکان ڕێکدەکەوتن کە سندوقەکان بە دەنگی کورد پڕ بکەنەوە.
لیستی نیمچەکراوە و لیستی جیای حزبەکان وایکرد کە نەتوانرێ ئەم تەزویراتە ڕاستەوخۆ لەناو بنکەکانی دەنگدان بکرێ، بەڵکو بو بەهۆی ئەوەی هێزە دەسەڵات بەدەستەکان، لەڕێگەی جۆراوجۆر و هانا بردن بۆ ناوی وەهمی و مردو و دەستێوەردانی کۆمسیۆنی پارێزگاکان و هەندێ جاریش کارەساتی وەک شەوی ئەلبیسەکە لە سلێمانی باری لاری حزبەکانیان ڕاست بکەنەوە و تەزویر بکەن.
ئەوانەی کە لە نزیکەوە ئاگاداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانن باش دەزانن کە لە ساڵی ٢٠١٤ بزوتنەوەی گۆڕان ١٧ کورسی بەدەست هێنا، بەڵام بەهۆی تەزویرکردن لە حزوری کاک نەوشیروان لە ژیاندا، ٥ کورسی تەزویر کرا، هەر ئەوکاتە لەبەر هەڵنەگیرساندنی شەڕ لە سلێمانی ئەنجامەکان قبوڵ کرا.
وە لە کۆتا هەڵبژاردنی عێراق ٢٠١٨ ئەو فەزاحەتە تەزویرەی ڕویدا لە عێراق، هیچ هۆکارێکی نەهێشتوەتەوە بۆ ئەوەی هێزە عێراقی و کوردییەکان باوەڕیان بە هەڵبژاردن بمێنێ.
چونکە ئەو هەمو بەڵگە کۆنکرێتی و ڤیدیۆییانە خرانە ڕو، کافی بو بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەکە هەڵبوەشێتەوە.
بۆ یەکەمجار بو لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراقەوە بەرپرسانی کۆمسیۆن، خودی خۆیان، لە بەرنامە تەلەفزیۆنەکانەوە بەڵگەکانی تەزویان بڵاو دەکردەوە.
وە بۆ یەکەمجار بو لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراقەوە ئەندام پەرلەمانەکان داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکان بکەن.
بەڵام بەداخەوە وەک هەمو جارەکانی پێشو ئەنجامەکان قبوڵکرا.
کەواتە کردن و نەکردنی هەڵبژاردن وەک یەکی لێهاتوە، پێویستە لەسەر هێزە دەنگ دزراوەکان بە دەنگێکی دلێر داوای دواخستنی هەڵبژاردن بکەن، لەحاڵەتی کردنی هەڵبژاردنیش ئەمان زۆر بە بوێری بایکۆتی پرۆسەکە بکەن.
چونکە خەڵک لە دوای ١٢ ی ئایارەوە زۆر نائومێد بوە لە هەڵبژاردن بە هەمو پێوەرێک بۆ هەڵبژاردنی ٣٠ ی ئەیلول %70 ی خەڵک بایکۆتی هەڵبژاردن دەکات، هەر لەبەرئەوە پێویستە هێزە دەنگ دزراوەکان هیچ ڕەوایەتیەک نەدەن بەم شانۆگەرییە، چونکە سیناریۆ و دەق و ئەکتەرەکان و کۆتاییەکەی هەر لە ئێستاوە لای جوت هێزی دەسەڵات نوسراوە.
پێویستە هێزە دەنگ دزراوەکان بگەڕێنەوە بۆ ناو خەڵک، لەگەڵ %70 خەڵک بەدەنگێکی بەرز بڕیاری دواخستن یان بایکۆت بدەن.
عەیبەیەکی گەورەیە بۆ تەنها جارێک دژی تەوژمەکانی دەسەڵات نەتوانن بڕیار بدەن، با بەدەردەکەی ڕیفراندۆم نەچین!