Draw Media

خیانەت لە وێنە گەورەکەیدا

خیانەت لە وێنە گەورەکەیدا

2018-08-31 11:28:03


■  پەیكار عوسمان 

(٣١ی ئاب و هاوشێوەکانی، لە شەڕی ناوخۆوە هاتوون، شەڕی ناخۆ لە حیزبی چەکدارەوە هاتووە، حیزبی چەکدار لە فیکرەی شۆڕشی چەکدارییەوە هاتووە، شۆڕشی چەکدارییش لە بڕوابوون بە توندوتیژییەوە هاتووە) ئەمە هەمووی یەك پاکێجەو خیانەتی عوزماش پاکێجەکەیە، نەك تەنیا بەشێکی.

عەمالەت لەو ساتەوە دەسپێئەکا کە چەك ئەکەینە شانمان، خیانەت لەو کاتەوە دەسپێئەکا کە شۆڕش هەڵئەگیرسێنین، ناپاکی سیاسیمان وا بەسەر نوکی شمشێرەوە! 
چونکە بێ پشتیوانی ئەملاولا شۆڕشی چەکداری ناکرێت، بە حوکمی جوگرافیاش، ئێمە لە شۆڕشدا هەمیشە پشتمان بە یەکێ لەو چوارلایە بەستووە، کە هەر خۆمان پێیان ئەڵێین دوژمن!!

یەعنی لە ڕاستیدا، ئێمە لە چەکەوە یاخی نەبووین، ئێمە لە چەکەوە تەسلیمبووین. ئێمە لە شۆڕشەوە بەرگریمان دەست پێنەکردوە، ئێمە لە شۆڕشەوە جاشێتیمان دەستپێکردوە. ئێمە لە شەڕەوە نەبووین بە پارێزەری ماف، بووین بە فرۆشیارو هەڕاجکەری ماف!

ئاخر جاشەکان تەنیا ئەوانە نین کە چەکیان بۆ ڕژێمی (ئەلف) هەڵگرتووە دژی شۆڕش، بەڵکو شۆڕشگێڕەکانیش بە جۆرێك لە جۆرەکان چەکداری ڕژێمی (بێ) بوون و ئەوانیش بە دیوێکا هەر جاش بوون، ئەسڵەن ئەم جاشەی دووەمە کە هۆکارو پاڵنەری دروستبوونی جاشی یەکەمیشە!

شەڕەکانی ناوخۆ کە خیانەتی هەرە گەورەیە، کێ کردویەتی و ئەیکا؟ هەر حیزبی چەکدار، هەر (پارتی و یەکێتی و پەکەکەو کۆمەڵەو دیموکرات..) هەر ئەوانە کە پێیان ئەڵێین پێشمەرگەو گەریلاو قارەمان و شۆڕشگێڕ!

شۆڕش شەرعەیەتی شۆڕشگێڕیت بۆ ئەهێنێ و شەرعیەتی شۆڕشگێڕیش عەبایەکە دزی و خیانەت و شەڕو پیاوکوشتن و تیرۆر و مافیایی و تاڵانی و هەموو شتێك دائەپۆشێ، هەموو شتێکی لە پاڵا ئەکرێ، جگە لە دیموکراسی!

تۆ ئەگەر بتەوێ ئەزموونێکی دیموکراسی دەستپێبکەیت، ئەبێ شەرعەیەتی شۆڕشگێڕی کۆتایی پێبێنیت. چەكی شۆڕشگێڕەکان ئەگەر نەکرێ بە چەکێکی نیزامی، ئەزمونێکی تری ستەمکاری دروست ئەکاتەوە نەك ئەزمونی ڕزگاری.

نەوشیروانیش بە حوکمی پاشخانە مەعریفییەکەی، پێش هەمووان عەقڵی بەمە ئەشکێ و ئەگەرچی خۆی قائیدی ڕاپەڕین و شۆڕش و شەڕو شۆڕە، کەچێ هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی ڕاپەڕینەوە، دێ باسی هێزی نیزامی و حکومەتی دامەزراوەو کۆتایی هێنان بە شەڕعیەتی شۆڕشگێڕی ئەکات. (هەر ئەوەی کە ئەڵێ من بەو هەموو مواسەفاتەوە لە خۆم ڕانابینم ببم بە محافزی سلێمانی..) 
ئەتوانین بڵێین ئەو پیاوە تاکە سەرکردەی دیموکراسی ئێمەیە، چونکە لە مەترسی شەرعیەتی شۆڕشگێڕی تێگەیشتووە!
ئەگەرچی کەس شەرعیەتی شۆڕشی بەقەت ئەو نیە، کەچی نەك لەسەر ئەو وەتەرە یاری ناکات، بەڵکو هەر لە سەرەتاوە ئەیەوێ ئەو وەتەرە بپچڕێنێ، چونکە ئەزانێ وەتەری خیانەت و ستەمکاریشە!

کاتێ ئاپۆش لە پرۆسەی ئاشیتیدا داوای چەکدانان لە قەندیل ئەکات، لەڕاستییا داوای تەسلیمبوونیان لێناکات، بەڵکو ئەیەوێ تەسلیمبوون کۆتایی پێبێنێت! 
چونکە لە وێنە گەورەکەداو لە نەتیجەدا، چەك هەمیشە فاکتەری تەسلیمبوونمانە نەك یاخیبوونمان.

ئەمەوێ بڵێم ئێمە لەگەڵ چەکا کەسایەتییەکی تێکشکاومان هەیە، کە مەشروعی خیانەت و عەمالەت و جاشێتییە. 
بۆ ئەوەی بگەین بە کەسایەتییەکی ترو پەروەردەیەکی تر، ئەبێ چەك لە شانمان و توندوتیژی لە عەقڵمان داکەنین. 
ئێمە بە چەکەوە بمانەوێ و نەمانەوێ هەمیشە لەسەر هێڵی خیانەتین، تەنیا بە فڕێدانی چەك ئەتوانین بکەوینە سەر هێڵی نیشتمان.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand