كەی نەوەی نوێكان دەبنە شاسواری داهاتوو؟
2018-08-30 07:24:28
■ عەلی مەحمود محەمەد
رێزدار شاسوار عەبدالواحد, سەرۆكی بزوتنەوەی نەوەی نوێ, لەزۆر بۆنەو كاتدا, بانگەشەی ئەوە دەكات, كە كار دەكات لە داهاتوودا, هەموو لاوانی هەرێمی كوردستان وەك ئەویان لێبێت لە هەموو بوارەكانەوە,گوایا ئەو خەبات دەكات بۆ ئەوەی 3 ملیۆن نەوەی نوێكەی هەرێمی كوردستان بەرز كاتەوە بۆ ئاستی خۆی, ئەگەر جارێ واز لە نەوەی نوێكانی دەرەوەی هەرێم بهێنین بۆ هەڵبژاردنی داهاتوی عێراق, یاخود لەم خولەی پەرلەمانی عێراق شتێكیان بۆ بكات, لە كەمترین حالەتدا بیانكاتە سەرو خاوەند ئۆتۆمۆبیلێكی كارەبایی, ئەو زۆر سەختی تەبیعەتە لە گەڵ خەونی سەرخستنی ئەواندایە بۆ ئاستی خۆی نەك هاتنە خوارەوەی خۆی بۆ ئاستی ئەوان, ئیتر نازانم سەرخستنی لەشكرێكی 3 ملیۆن كەسی ئاسانە یان هاتنە خوارەوەی تاقە سوارێك؟, ئەمە وتەو بەرنامەی بۆرجوازی جیهانە, كە لە سێ سەدەی رابردوو بانگەشەی بۆ دەكەن, لەیەك حالەتی بچوكیش جێبەجێیان نەكرد, بگرە رۆژ لە دوای رۆژ سەروەت و سامانی جیهان زیاتر دەچێتە گیرفانیانەوە, ژمارەو رێژەیان نەك لە زیاد بوندا نییە بگرە لە كەمبونەوەدایە, نەك كەسیان نەهێنایە ریزی خۆیانەوە, بگرە خۆیان بەربنەتە گیانی یەكترو خۆ دەخۆن, تا ئێستا نەمانبینی تاقە سوارێكیشیان بە ئارەزووی خۆی بێتە ریزی گەلەوە, ئەوانەشی دەچنە ریزیانەوەو بە بەرنامەی پارتەكانیان لە خشتە دەبردرێن, دەبنە ئامرازێك بۆ پاراستنی سستەمی چینایەتی و پارێزەری سەروەت و سامانی شاسوارەكان, نەك گەیشتن بە یەكسانی و سەركەوتن بۆ ریزەكانیان, رۆژ بە رۆژ ئەوانەی خوارەوە زیاتر دەچنە خوارترەوە, تەنانەت ئەوانەشی گەیشتونەتە نیوە رێگا, ماری سەرمایەداری لە نیوەی رێ قوتیان دەداو دەیان هێنێتە ناو دۆزەخی وەیلەوە, رێگا بە سەركەوتن لە پێپلیكانەكانیان نادرێت , سەركەوتن لە پردی سەرمایەداری گرانترە لە پردی سیرات.
كاك شاسوار بوێرە لەم بڕیارەی, ترسی لەوە نییە موشتەری چاڤی لاندەكە و كڕیاری شوقەكانی گوندە ئەڵمانیەكانی نەمێنێت, چونك 3 ملیۆن سەرمایەداری وەك ئەو پەیدا دەبێت, دەكەونە شەڕی بەدەستخستنی زێدەبایی و بازاڕەوە لە گەڵی, پاش نەوەیەكی دیكە, هێندەی دی بە زیاترەوە دێتە سەری, خۆ ناكرێت نەوە نوێكان دی لە بیر بكات و سەریان نەخات لە ترافیكەكەی,گرنگ لای ئەو ئەوەیە ئەوان سەركەون و ببنە خاوەند چاڤی لاندەكان و گوندە ئەڵمانیەكان و دەزگای راگەیاندنەكان, یان هەر كارێكی دیكە وەلێ بە هاوتای سەرمایەكەوە,ئایا بەڕاستی شاسوار ئەمەی دەوێت و دەشتوانێت بیكات؟, ئایا دەكرێت 50 بۆ 60%ی كۆمەڵگا ببنە خاوەند چاڤی لاند و گوندی ئەڵمانی و كەناڵی راگەیاندن و هەموو ئەو شتانەی بەڕێزیان هەیانە؟, دەكرێت لە كوردستان لەم هەرێمە بچوكە 3 ملیۆن گەنجی خاوەند 660 ملیۆن دۆلاری بوونیان هەبێت؟, كە بووە سەرەك وەزیران وەك خەونی پێوە دەبینێت , ئەوانیش وەك ئەو سەركەون و تامی بكەن و پۆستەكە تاقیبكەنەوە, باشە 3 ملیۆن كەس بە چەند ساڵ دەتوانن پۆستەكە تاقی بكەنەوە ئەگەر جەنابی دوای خولێكیش جێی هێشت؟, ئەگەر باوەڕی بە یەكسانی وایە بۆ نەوەیەكی نوێی كاندید نەكرد بۆ وەرگرتنی پۆستەكە؟, ئەگەر وایە ئێمە خیانەتێكی گەورەی چینایەتی دەكەین, كە نابینە هاوسەنگەری بۆ یەكسانی, كە ئەو دەیەوێت بەدی بێنێت لە كوردستان.
ئایا ئەو سستەمە سیاسیەی ئەو خوازیارە دایمەزرێنێت لە داهاتووی كوردستاندا , پاش ئەوەی دەبێتە سەرۆكی حكومەت, دەتوانێت بودجەی 3 ملیوێن" ژمارەی گەنجان" 660 ملیۆن دۆلاری " نرخی سەرمایەی شاسوار" دابین بكات؟, تەنانەت لە مەودای نەك سەدەیەك بگرە هەزارەیەكیشدا, بۆئەوەی هەموو نەوەی نوێكانی كوردستان سەرخات بۆ ئاستی خۆی, پاش نەك نەوەیەك 33 نەوەی تریش, ژمارەكە هێندە زۆر عەقڵ لە ئاست خوێندنەوەی نییە نەك دابینكردنی 1980000000000000دۆلار, كە لە ئێستادا نرخی هەموو سەروەت و سامانی جیهان 280 ترلیۆن دۆلارە, بۆ ئەوەی نەوەی نوێكانی كوردستان وەك كاك شاسواریان لێبێت پێویستمان بە سەروەت و سامانی 7 ئەستێرەی وەك زەوی و مانگێكی قشتی تر هەیە, ئیتر نازانم كاكە شاسوار چۆن بودجەی ئەو حكومەتە دابین دەكات كە خۆی كاندیدی سەرۆكایەتیەتی و هەموو گەنجانی كوردستان دەگەێنێتە ئاستی خۆی , ئەمە جگە لەوەی ئەگەر ئاو و ئارد و خوێ و پاراستیمۆل و مەچەو ئۆكسجینیش بۆ نەوە كۆنەكەی وەك ئێمە مانان دابین نەكات و لێمانی ببڕێت, رێگاكانی مەرگیش دەستیان لێنەدرێت ,جێبەجێكردنی وێنەی ریكلامی شارە پڕ بریقەو باقەكانی ریكلامەكانیش واز لێبهێنرێت كە بڕیار وایە جێبەجێیان بكات وەك لە بانگەشەی هەڵبژاردنەكانیدا هاتوونە, باسی ئۆتۆمۆبیلە كارەبایەكانیش ناكەم, خۆیان وێستگەی شەحنكردنی پاتریەكانیان, لەوەیا هەواداریم ئەگەر بتوانێت چەند هەزارێك وەك قۆناغی یەكەم هاوردە بكات.
ئەگەر بڕیار وایە هەموو وەك خۆی لێبكات ئیتر چ پێویست دەكات پارت و بزووتنەوەی سیاسی دی بوونی هەبێت لە كوردستان, بە تایبەتیش ئەوانەی كار دەكەن بۆ یەكسانی ئابووری, ئەركیشە ماركس لە گۆڕەكەی رابپەڕێت داوای لێبوردن بكات كە نەیزانی رێگایەكی وەك كاكە شاسوار بدۆزێتەوە بۆ گەیشتن بە یەكسانی, هەر نەبێت ئەنگلز حەقی لە سێدارە دانی هەیە چونكە هەوڵی نەدا نەگبەتەكانی وەك ماركس وەك خۆی لێبكات, بۆ ئەوەی هەر نەبوایا 3 منداڵەكەی لە برسان نەمردبانایان.
گەنجان وەك هەر توێژێكی كۆمەڵایەتی كۆمەڵگا دابەش بوونە بەسەر چین و توێژە كۆمەڵایەتییەكان, لە بێكارەوە بۆ كرێكار و سەرمایەدار و وردە بۆرژوازی و جوتیار و ئاغا و كرێكاری كشت و كاڵی و كوڕی ملیاردێر و ئۆلیگارشی و منداڵی سەرۆكی گەورەو بچوك و مام ناوەند و, ملیۆنێری وەك كاك شاسوارو....., حەشاماتی بێكارانی گەرمیانیشمان هەیە, گەنجانی وەك ئەوانەشمان بە ملیۆنان هەیە پارەی كرێ خانویان نییەو رۆژ لە دوای رۆژ ژمارەی خۆكوژییەكانیان زیاد دەكات , كە كاكە شاسوار سەدان شوقەی بەتاڵە ناهێڵێت لەبەردەم باڵەخانەكەی چادرێكیش هەڵدەن و بحەوێنەوە, لە روی تەمەنەوە بەشێك لە كۆمەڵگا لە تەمەنێكی دیاریكراودا گەنجن یان نەوەی نوێن وەك جەنابی ناوی لێ ناون , لێ لە روی پێك هاتەی كۆمەڵایەتییەوە, ئەمانە خاوەند شێوە ژیانی هاوبەش و رۆشنبیری هاوبەش و كاری هاوبەش و بەرژەوەندی هاوبەش و خەونی هاوبەش و خاوەنداری یەك جۆر نین, تەنانەت لە روی جوانی و درێژی تەمەن و باڵا و ئاستی خوێندن و پلەی زیرەكی و نەخۆشی و میراتی بەجێ ماو و بڕوانامەو .... جیاوازن , چینە باڵاكان تەندروست , پۆشتە , باڵا بەرز , زیرەك و خاوەند بڕوانامەی باشترین زانكۆكانی جیهانن, تەنانەت تەمەن زۆر زیاترو بە تەندروستی باشتر دەژێن, لە روی چینایەتیەوە یەك چینی كۆمەڵایەتی نین, لە روی سیاسیەوە بەرژەوەند و خەون و حەزی جیان, بۆیە پێویستە لەناو پارت و رێكخراوی سیاسی جیا جیا لە پاڵ چین و توێژەكانی كۆمەڵگا خۆیان رێك بخەن,چونكە بەرژەوەندی و خواستیان جیایە لە یەكتر, گەنجێكی كرێكار بەرژەوەندی لە گەڵ كرێكارێكی پیر یان بێكارێك یەك دەگرێتەوە, یاخود دەستفرۆشێكی سەرجادە , كەچی منداڵێكی سەركردە یەكیان بە سەرۆكی نەبێت رازی نابێت, خەونی وەك شاسوارە, ئەوی دیكەیان لە ناوچەوانی نوسراوە تا هەتا هەتایە جێگیر بێت, سێیەمیان وەزیرو خاوەند پڕۆژە بێت ....., كاك شاسواری گەنجیش بەهۆی سەرمایەو كەناڵە راگەیاندنەكەیەوە هەرچەندە دەیەوێت هەموتان وەك خۆی لێبكات لێ زەمەنێكی نادیاردا, نازانین ئێستایە یان دوای زیندوبونەوەی محەمەدی مەهدییە, یان لە جیهانی كۆمۆنیستی یاخود كۆمۆنەی سەرەتاییە,یان خەیاڵ وەك جیهانی دیلمۆن , نازانین ئەگەر ملی شەیتان شكاو كورسییەكەی بە جنگ هێنا, ئەوا سەروەت و دەسەڵات لە هەموو وەك نەوە نوێیە دەسەڵاتدارەكانی هەنووكە لە چنگی خۆی كۆدەكاتەوە, یان هەمووی بە یەكسانی دابەش دەكات؟, گەنجە دەنگدەرەكانی وەك رۆژنامەنووسە بێكار كراوەكانی كەناڵەكانی بێكار دەبن؟, یان وەك خاوەند پشكەكانی چاڤی لاند هەر دەبێت لێ لێ بانگ كەن, لۆ لۆی پاش دەسەڵاتداریش بەڕێوەیە, كارەبامان فولە كات, یان بە خۆڕایی وەك هەنووكە بۆ ترافیكەكانی سەرە خات, ئەوكاتە لە بری ئەوەی ببنە خاوەند 660 ملیۆن دۆلار, بیتاقەی ترافیكیان بەدیاری دەداتێ تا لەسەر گۆیژەوە سەیری شار بكەن.
لە چركە ساتێكی مێژوییدا دەژێین بە خێرایی سەروەت سامانی جیهان لە دەست كەمایەتییەك رۆژ بە رۆژ ژمارە كەمتر كەڵەكە دەبێت, سەرمایەكەشیان بە ملمی چركە لە هەڵكشاندایە , لە سەردەمی كۆمپانیای ئەپل داین كە نرخەكەی ترلیۆنێكی تێپەڕاند و جیف بۆزیس خاوەندی ئەمازۆن سەرمایەكەی 159 ملیار دۆلاری رەتدا, كە تەنها لەم ساڵدا زیاتر لە 60 ملیار قازانجی كردووە , هێشتا 4 مانگیش ماوە بۆ كۆتایی ساڵ, لە سەردەمێكداین
1%ی كۆمەڵگا خاوەند 82%ی سەروەت و سامانی جیهانە و 99%یش خاوەند تەنها 18% ەكەی دیكەیە, 8ی هەرە دەوڵەمەندی جیهان سەروەت سامانەكەیان بە ئەندازەی نیوەی هەژاری جیهانە كە 3650 ملیۆن كەسە, چاوەڕوانی ئامارە ترسناكەكانی سەری ساڵی داهاتوو دەكەین, كە بە خێرایی نرخی كۆمپانیاكان و سەرمایەی خاوەنەكانیان دەچنە سەر و هەژارانیش رۆژ لە دوای رۆژ هەژارر دەبن, كاك شاسوار لەم ژینگەیە بە ئایدۆلۆجیای وڵاتی ئەپڵ و ئەمازۆنەوە خوازیارە هەموو گەنجان وەك خۆی لێبكات, ئەمە چ دیماگۆگیەتێكە كە هیچ سیاسی و حوكمڕانێك نەیان توانیوە شەكری وا بشكێنن, بۆیە لەم سەردەمە باوەڕ هێنان بە مەقولەی هەمووتان وەك خۆم لێدەكەم گەمژەییەكی ئەحمەقانە زیاتر نییە.
لە كۆتاییدا داوا لە گەنجان دەكەم رستە بەناو بانگەكەی تۆبامارۆسە رۆبن هودەكانی ئۆرۆگوای بە پراتیك بكەن " هەموو یان پێكەوە سەما دەكەین یان كەس نایكات" چاوەڕوانی شاسوارەكان مەكەن بۆ ئەوەی ئیعازی سەماتان بداتێ وەك خۆیتان لێبكات, ئەوە خەونێكی مردووەو دەكرێت چەند دانەیەك لە ترافیكەكەی سەركەون لە دەرەوەی ئیرادەی ئەو, لێ ملیۆنانتان ئەگەر ئەوان نەهێننە خوارەوە ئەوا رۆژ لە دوای رۆژ ژیانتان خراپتر دەبێت و لە ناوی زێرابی شوقە بهادارەكانیشی ناژێن, با خۆمان رێك بخەین هەموو سەما بكەین نەك تەنها ئەوان و ئێمەش تەماشاكەرێكی رەزا گرانی جانتا هەڵگر بین, با شاسوارەكان بهێنینەخوارەوە بۆ ریزی خۆمان نەك لە چاوەڕوانی گۆدۆی سەرخستنی ئەودا بین, یان هەموو ملیۆنێر بین یان كەس, گوڵ لە كوێیە لەوێ سەما بكەین.