حیزبی ناڕازیی مانای چییە؟ بۆچی پشتیوانیی نەوەی نوێ ناکەین؟
2018-08-29 18:07:36
■ كەمال چۆمانی
- حیزبی کوردیی زۆر لێهاتوە لە داتاشینی چەمکی بێمانا، بۆ نمونە، دوایین چەمک کە گۆڕان، یەکگرتو، کۆمەڵ و هاوپەیمانیی دایانتاشی، "لایەنە ناڕازییەکان" بو.
لە کاتێکدا ئێمە داوادەکەین ئەو چوار لایەنە چوار حیزبیی جدیی ئۆپۆزسیۆن بن، ئەوان ناو لە خۆیان دەنێن ناڕازیی. کۆی ناڕەزایەتییەکەشیان لە ناڕەزایەتیی لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن کورتکردۆتەوە.
ئۆپۆزسیۆنبون سەختە، چونکە پێویستی بە هەبونی پڕۆژەی بەدیلە. گۆڕان تەنها لەژێر سەرکردایەتیی کاک نەوشیروان مستەفادا لە چوار ساڵی یەکەم توانی ئەزمونی ئۆپۆزسیۆنبون تا رادەیەک بەرجەستە بکات.
ئەو چەمکە نوێیە بە راستی هەر قابیلی ئەو چوار هێزەیە کە تەنها لە بەرانبەر روداوەکان ناڕەزایەتیی نیشاندەدەن نەک کردەی سیاسیی. قسەدەکەن نەک کار. هێزێک خۆی بە ئۆپۆزسیۆن نەبینێت، ناتوانێت رۆڵی ئۆپۆزسیۆن ببینێت.
- بەشێک لە بەرپرسەکانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ گلەیی ئەوە لە رەخنەگرانی سیستەمی سیاسیی و رۆشنبیران و رۆژنامەنوسانی سەربەخۆ دەکەن لە بەرانبەر ئەو پشتیوانییەی بە گۆڕانیان بەخشی لە ٢٠٠٩ کەچی هیچ پشتیوانییەکی ئەوتۆیانە بە جوڵانەوەی نەوەی نوێ نەبەخشیوە. نەوەی نوێ چونکە حیزبێکی کوردییە و هەڵقوڵاوی کەلتوری کوردییە، دەیەوێت رۆڵی قوربانیی ببینێت، لە کاتێکدا ئەو هێزە نوێیە دەبێت لە خۆی بپرسێت بۆچی هەمان پشتیوانیی بە نەوەی نوێ نابەخشرێت. دەبێت هۆکار چی بێت؟ ئایا خەلەلەکە لە نەوەی نوێیە یان لەو رۆشنبیر و رەخنەگر و رۆژنامەنوسە سەربەخۆیانە؟
نەوەی نوێ دەبێت بزانێت بەو پۆپیولیزمە بێتامە و بەو هەرزەکارییە سیاسەت ناکرێت. نابێت سیاسەتکردن تەنها لەوەدا ببیننەوە کە لە هەڵبژاردندا لە کۆمەڵ و یەکگرتو و هاوپەیمانیی کورسییان زیاتر هێناوە. هێنانی کورسیی زیاتر هەرگیز بە مانای هەبونی سیاسەت و ستراتیجیی باشتر و دونیابینیی مۆدێرنتر و دیموکراتتر نییە.