كۆمسيۆن كەهاتە پەرلەمان قوڕمیشكراو بوو!!
2018-08-29 18:03:48
■ گەشە دارا حەفید
دوای پێنج ساڵ كاركردن لەسەر تۆماری دەنگدەران لەپێناو هەڵبژاردنێكی پاك، كەتیایدا ڕێز لە ئیرادەی دەنگدەر بگیرێ، پێشتر پێمان وابوو كۆمسێۆنی عێراقە و خۆماڵی نییە، بۆیە بێباكن لەهەرێم، هەرچەندە نوێنەری كوردستانیشی تیابوو، بەڵام لەدوای ۲٠۱٥ كەبووینە خاوەنی دامەزراوەیەكی وەك كۆمسیۆنی (سەربەخۆی) هەڵبژاردنەكان، مایەی دڵخۆشی هەموومان بوو كەنوێنەری لایەنەكانی تری تیایە كەپێشتر ناڕازی بوون لەسەر ئەنجامدانی گزی و ساختەكاری لەهەڵبژاردنەكان، بەڵام بەداخەوە زۆر زیاتر لەماوەی كاركردنیان بێباكیمان بینی، لەوەڵامدانەوەی ئێمەی پەرلەمانتاران لەناردنی داتاو زانیاری لەسەر تۆمارەكەو دوای ئەو هەموو هەوڵە لە رۆژی (9-7-2018) كۆمسیاران هاتنە پەرلەمان، بەڵام بەداخەوە یەك وەڵامیان بڕوا پێهێنەر نەبوو بۆ ئێمەو خەڵكی كوردستان، كە ئەو تۆمارەیان بەجۆرێك ئامادە كردبێ تا بەرامبەر بەو ئەركە مێژووییەی لەئەستۆیانە پەرێزیان بێ گومان و شك بهێڵنەوە، هەموویان وەك یەك قسەیان كرد هەروەك ئەوەی قورمیشكرابن!! بێ لەوەی كەدوای سەردان كردنی ئێمە وەك چەند پەرلەمانتارێ بۆ كۆمسیۆن دواتر هاتنی كۆمسیاران بۆ لیژنەی كاروباری پەرلەمان، بەڵێنی ئەوەیان داینێ كە هەر پەرلەمانتارێ یەك نوسخە لە داتای تۆمارەكەی بۆ بنێرن، لەكاتێكدا ئێمە جەختمان كردەوە لەسەر ئەوەی تۆمارەكە لەسەر سیدی بەبەرنامەیەك بنێرن وەك (Excel) تا بتوانین كاری لەسەر بكەین و بەدواداچوونی بۆ بكەین، كەچی تا ئیستاش كە بڕیارە رۆژی (30-9-2018) هەڵبژاردن بكرێ، هیچ شتێك بەدەست ئێمەی پەرلەمانتاران نەگەیشتووە.
من هەمیشە لەگەڵ ئەوەدابووم و لەگەڵ ئەوەدام كە هەڵبژاردنەكان لەكاتی خۆیاندا بكرێن و لەپێناو بەرژەوەندی و لاسەنگی نفوز و كورسی حزبەكاندا ئەو مافە لەخەڵك نەسەنرێتەوە كە چوار ساڵ جارێك بەئازادی دەنگی خۆی بدات، ئەو رەخنانەش كە لەتۆماری دەنگدەرانی دەگرم نە قسەی ئەمڕۆمەو نە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنە، چونكە ماوەی پێنج ساڵە یاداشت و راپۆرت و داواكاری پێشكەش بە پەرلەمان و حكومەت و حزبەكان و كۆمسیۆن دەكەم، بەلام بەداخەوە لەكاتی خۆیدا هیچ كامیان گوێیان نەگرت!
دوای چەندین یاداشت بۆ پەرلەمان و حكومەت، ئەمەش بەشێك لەووتەكانی ئێمەیە لە دانیشتنی رۆژی (9-7-2018) ی پەرلەمانی كوردستان كە كۆمسیۆنی تیا بانگهێشت كرابوو.