سه پاندنى دۆخى سەپاو
2018-08-29 07:05:58
■سەلام عەبدولڵا
ئەگەرچی بەپێی دەستووری نوێی عێراقی كە بەزۆرینەی دەنگ لە (2005) بڕیاری لەسەردرا و ئەو ناوچانانەی كە بەجێ ناكۆكەكان ناوزەندكرا بەپێی مادەی (140) دەبوو دۆخەكەی تێدا ئاسایی بكرێتەوە و پاشان سەرژمێرییەكی پێكهاتەكانی ئەو ناوچانە بكرێ و لەدواین قۆناغیشدا راپرسییەك بۆ بڕیاردان لە سەر چارە نووسی ئەو ناوچانە بكرێ كە بەكردار هیچی نەكرا حكوومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراقیش بەهەموو شێوەیەك خۆی لە جێبەجێكردنی دەدزییە و و هیچ لەوەش نەدەپرینگانەوە كە بڵێن ئەوان هۆكاری مانەوەی ئەو دۆخەن تا لە شازدەی ئۆكتۆبەر لە ئەنجامی رێككەوتنێكی پیلانگێرانەی ژێربەژێری بێوێنە حكومەت و میلیشیاكانی عێراقی بەزەبری هێز دەستیان بەسەر ئەو ناوچانەدا وەبەتایبەتیش كەركووك گرت و دۆخێكی تازە هاتە ئاراوە كە ئێستا دەیانەوێ بیكەنە ئەمری واقیع و مۆڵەت بە باسكردنی چارەسەری ئەو كێشەیە بەهیچ شێوەیەك وەك خۆیان دەڵێن نەدەن ئەوەتا سەرۆك وەزیرانی عێراق حەیدر عەبادی كە لەهەموو كاتێك زیاتر پێویستی بەكوردە بۆ گەیشتنەوەی بەپۆستی سەرۆك وەزیاران پەیتا پەیتا بەتاك و بەكۆ شاند دەنێرێ بۆ ئەوەی كورد رازی بكات، كەچی زۆر بەڕاشكاوانە لە دوا ئاخاوتنیدا دەڵێت كە مەسەڵەی كەركووك جێی باس و مشتومڕ نییە، كە ئەمە لەڕاستیدا پێشێڵ كردنی دەستووری عێراقیەو كوردیش بەهیچ شێوەیەك ناچێتە ژێر باری سەپاندنی ئەم واقیعە كە بەزەبری هێز و یارمەتی دەرەكی و پیلانگێڕی ناوەخۆ هاتبێتەكایەوە.
یەكێك لەگرفتە سەرەكیەكانی كورد لەگەڵ دەسەڵاتدارانی بەغدا ئەوەیە كە ئەوان هەمیشە لە جێبەجێكردنی ماددەكانی دەستوور خۆیان دەدزنەوەو تەنها بەو ماددانەوە پەیوەستن كە لەبەرژەوەندی خۆیانە بۆیە وا بۆ سێزدە ساڵ دەچی ئەم گرفتانە هەر بەردەوامن و كێشە خوڵقێنن.
ئێستا كە بارودۆخێك هاتۆتە كایەوە چارەسەری هەموو ئەو گرفتانە بەپێی دەستوور بكرێ دەسەڵاتدارانی بەغداش هەمیشە جەخت لەسەر جێبەجێكردنی دەستوور دەكەنەوە دەبێت مەرجی گران كە لەراستیدا پێچەوانەی دەستووریشە نەخەنە بەردەم گفتووگۆ لەگەڵ كورد دا ئەگەر دەیانەوێت دۆخێكی سیاسی سەقامگیر باڵ بەسەر عێراقدا بكێشێت و حكومەتێكی نیشتیمانی كە هەموو پێكهاتەكان بەشدار بن تێیدا دروست بێت.