دیوارەکانی ئەوان و دیوارەکانی ئێمە: سەردەمی کەرتبوون
2018-08-27 05:47:07
■ لاوك سەڵاح
هەمیشە لە نێوان هەردوو لای دیوارێکی هەڵچنراودا دوو سەرگوزشتە وحیکایەتێکی جیاواز هەن کە دەبنە مایەی هێنانەکەی دوو مێژووی جیاواز، دووکەلتووری جیاواز، دوو جوگرافیای جیاواز و هەندێ جار دوو نەتەوە و دوو میللەتی جیاواز، تەماشایەکی خێرا بە دیوارەکانی رابردوو و مێژوو بکە، ئەوەی فەلەستین و ئیسرائیل بێنە بەرچاوی خۆت نەوەک هەر دوو ئەفسانە تەنانەت دونیایەک وێنا و رق و کینە لە نێوان هەردوو نەتەوەی ئەم دیو و ئەو دیوی دیوارەکەدا هەن، دیوارەکان خۆیان لەخۆیاندا دوو چیرۆکی جیاوازن، هەر بەهۆی دیواری نێوانییانەوە ئەو جوگرافیایە سەدان جار کەرتبووە.
لە چەند ساڵی رابردوودا دیوارە هەڵچنراوەکانی نێوان دەوڵەتەکان تا هاتووە زیادی کردووە و هەر لە زیادبووندایە، بڕوانە ئەورپای رۆژهەڵات؛ هەنگاریا و سیبریا و ماسەدۆنیا وسێربیا و تەنانەت یۆنان ونەمسا، هەندێکیان بە مەبەستی پاراستنی سنوورەکانیان لە تیرۆریزم و هەندێکیان بە بیانوی رێگرتن لە کۆچبەرێک کە بە نایاسایی دەژمێردرێت، بێگومان دیوار هەڵچنین هەر ئەوروپای نەگرتۆتەوە، وڵاتێکی وەک ئیماراتیشی گرتۆتەوە کە دیوارێکی فراوانی بەرامبەر وڵاتی عومانی بەرزکردۆتەوە، کوێت بەرامبەرعێراق وهەروەها ئێران وعێراق لە نزیکەوە چاودێری یەکتر دەکەن، هەندێ لە وڵاتەکان وەک تاجاکستان سنوورەکانیان مینرێژ کردووە، هیندستان و پاکستان و مالیزیا و تایلاند وبەنگلادیش و چین و کۆریای باکور و ئەمەریکا بەرامبەر مەکسیک لە نووسینەوەی دیواردا بەردەوامن.
رەهەندی بیناکردنی ئەم دیوارانە زۆرن، دونیایەک شتمان لەسەر سیاسەت و پێگەی جوگرافی هەر وڵاتێک پێدەڵێت، سی ساڵ بەر لە ئێستا لەگەڵ رووخاندنی دیواری بەرلین، دونیا بە تاسە وهەڵپەوە چاوەروانی لە دایکبوونی دونیایەکی دیکەی دەکرد و دەخواست، هەموو سەرمەست بووین کە دابرانێک لەگەڵ مێژوویەکی خوێنای دووروو درێژ هاتۆتە ئاراوە، بەڵام لە پاش سی ساڵ، لە بری دابڕان و کۆتایهاتن بەو مێژووە، ئێستا لە دونیایەکی تەواو گۆشەگیر و کەرتبوودا دەژین جا ئەم کەرتبوونە بەهۆی ئاین یان سیاسەت یان بەرژەوەندی وڵاتانەوە بێت وبە پەیرەکردنی سیاسەتێکی تایبەت بێت. سەیر ئەوەیە ئەم کەرتبوونە لەسەردەمی سۆشیال میدیا و دیجتاڵدایە.
ئەم کەرتبوونە لانی کەم پانتاییەکی زۆر بەرتەسک بۆ کەسەکان دروست دەکات کە تا دێن ببنە شێوازێکی نوێ لە خڕبوونەوەی خێڵ، پەیوەندییەکانی نێوانیان بەو بەرژەوەندیانەوە دەناسرێنەوە کە پێکەوە دەیان بەستێتەوە. ئەم کەرتبوونە ترس و فۆبیا لە غەریب و ئەو کەسانەی کە بەو خێڵە نامۆن دروست دەکات، لە بەردەم هەرەشە دەرەکییەکاندا جۆرێک لە کەلتوور و تێگەیشتن دادەمەزرێنرێت بۆ ئەوەی بەرگەبگرن و بمێننەوە، ئەم خێڵانە دەبنە گروپی بچووک بچووک و بۆ مانەوەی خۆیان بە دوای سەرچاوەی مانەوەدا دەگەرێن هەر بۆیە شوناسێک لە ململانێ دروست دەکەن بۆ ئەوەی لەسەری بژین.
بەڵام دیوارەکانی دونیای ئێمە جیاوازن، کەرتبوونی دونیای ئێمە بەداخەوە قووڵترە، لە بونیادی کۆمەڵگە و لە زەین و لە ووشیاریدایە. هەر پارتە و مەدالیای ئالتوونی بەو کەسانە دەدات کە بۆ گروپ وخێڵی خۆی کاریان کردووە، پارتی لە بری ئەوەی پانتایی کاری سیاسی خۆی فراوان بکات بەناساندن و رێزگرتن لە هەموو شەهیدانی کوردستان، تەنها مەدالیا بەو کەسانە دەدات کە لە رابردوودا کاریان بۆ ئەو کردووە، پەیامێک دەدات بەهاوڵاتیان دەڵێت من تەنها کاری ئەو کەسانە دەنرخێنم کە کاریان بۆ گروپی پارتی کردووە. یەکێتی تەنها سەردانی ئەو ماڵانە دەکات، ئەوەش لە هەڵمەتی سواڵی دەنگدا کە دەوێرن بچنە ماڵیان و گوێ لە قسەی حەق نەگرن، پێشمەرگە دێرینەکان هەر ئەوانەن کە سەر بە گروپی خۆیان بوون. بەو دیووی دیوارەکەدا، لەهەر گروپێک بێیتە دەرەوە دونیایەک رق و کیینە بەرامبەرت دەوروژێنن کە رەوایی بە هەر کەسێکی سەرکێش دەدات لە خیاباندا بە چەقۆیەکی هەرزان کۆتای بە تەمەنت بێنێت لە پێناو وەهمێکی سیاسیدا.
هاوڵاتیانی ئاسایی کوردستان لە نێوان دیواری ریفراندۆم و کارەساتەکانی رۆژانی دواتردا نەوەک هەر کەرت بوون بەڵکو هەلاهەلا بوون، دیوارێکی توندی تر هەڵچنرا و حیکایەتێکی تری ساختە نووسرایەوە و کەلتوورێکی سیاسی شەرمنتر لە کەرتبوون بەرجەستە بوو.
بۆ کەسێکی ئاسایی ئەم هەرێمە، هەردوو سەرگوزشتەکە دوولای دیوارێکن، لە پاڵ هەر کامێکیایاندا بیت، بەردەوام دەبیت لە کەرتکردنی ئەم هەرێمە.