جۆن مەککەین مرد
2018-08-26 09:20:13
■ د. سەردار عەزیز
چەند ڕۆژێک لەمەوپێش جۆن مەککەین کۆتایی بە عیلاجکردنەکانی هێنا، بۆ نەخۆشی شێرپەنجە، هەر زوو پاش ئەوە لە ماڵی خۆیان لە ئەریزۆنا مرد. مەککەین بە کۆمارییەکی ڕۆمانسی ناسراوبوو. زوو دەهات بۆ عێراق و کوردستان، هەروەها ئەفگانستان. دەڵێن یەکێک لەو رووداوانەی کە مەککەین هەمیشە لە یادی بوو دەربارەی عێراق مردنی ئەو دوو سەربازە ئەمریکیە بوو کە هێشتا نەبووبوونە هاوڵاتی ئەمریکی کوژران. لە کاتی یادکردنەوەیاندا لە بڕی خۆیان پێڵاوەکانیان دانرابوو!! دیارە خەڵكی پەنابەری هەژاربوون بۆ ئەوەی پاسەپۆرتی ئەمریکی وەربگرن چووبونە خزمەتی سەربازی. جۆرێک لە مێرسینەری.
ترەمپ لەو جۆرە کۆمارییانە بوو کە هەتا بێت نمونەیان کەم دەبێت یان بە سەر دەچێت. خەڵکیک کە بڕوایان بە بەها و مۆدێلی ڕۆژئاوا هەیە نەک تەنها ئەمریکا. حیزبی کۆماری هەتا بێت زیاتر ناسیونالیست دەبێت و هەموو دونیا بە دوژمنی ئەمریکا تەماشا دەکات. دیارە شایانی باسە دیموکراتەکان بە گشتی خاوەن دیدی ڕوون نین، بەڵکو زۆربەی کات پەرچەکردارن. بۆ نموونە جاران کۆمارییەکان بە هەموو جۆرێک دژ بە روسیا بوون، ئێستا دیموکراتەکان وەهان. خوێندنەوەی کارەکانی چاودێرێکی بە ئاگای وەک دەیڤید برۆمویچ زۆر باشە لەم ڕوەوە.
ئەم ناوازەییەی مەککەین وەهای لێکردبوو یەکێک بێت لەو کۆمارییە دەگمەنانە کە بە ئاشکراو دەنگی بەرز ڕەخنە لە ترەمپ بگرێت بە هەمان زمان کە دیموکراتەکان بەکاری دەهێنن. ترەمپ ڕقی لە ئەوبوو. لە کاتی کامپەینی هەڵبژاردندا بە سوکایەتیەوە ووتی ئەو ئەو کەسانەی خۆش ناوێت کە لە جەنگدا خۆیان ئەدەن بە دەستەوە، ئاماژەبوو بۆ بەدیلگرتنی مەککەین لە ڤێتنام. دیارە میتۆدی ترەمپ بەوجۆرەیە کە سوکایەتی و جنێو و بێڕێزیپێکردن چەکی سەرەکییەتی. چەند ڕۆژێک لەمەوپێش کاتێک ترەمپ یەکێک لە گەورەترین بودجەکانی سەربازی واژۆکرد کە بە ناوی مەککەینەوە ناونرابوو، بە هیچ شێوەیەک ناوی نەهێنا.
مردنی مەککەین هەروها مردن و کۆتاییهاتنی نەوەی ڤێتنامە. ئەو خەڵکانەی کە شەڕی ڤێتنامیان بەردەوام بەرهەم دەهێنایەوە لە پانتایی گشتی و ئاگایی ئەمریکیدا. برینێک کە مانای زۆرە، بەڵام بەکاردبردنی زۆرترە.
وەک هەموو مردنێکی تر مردنی مەککەین مردنی کۆمەڵێک شتی ترە، مردنی ڕۆمانسیەتی سیاسیە، مردنی پێکەوەکارکردنی هەردوو کۆماریی و دیموکراتە، مردنی جۆرێک لە پاتریوتیزمی ئەمریکیە: کە وەهای دەبینی ئەمریکا ڕۆڵ و ئەرکێکی جیهانی هەیە. مەککەین نزیک بوو لە کورد. بەڵام دەمیک بوو مەککەین بەسەرچووبوو. بیرم دێت جارێک لە کونسوڵخانە لە میانەی گفتوگۆیەکدا ناوی هاتە ناو، یەکێک لە کارمەندانی کونسوڵخانە بە گاڵتەوە ووتی ئەوە مۆزەخانەیەکی جوڵاوە. بەڵام چیتر لە جوڵە کەوت.