ناسنامەی گۆڕان بەرەو کوێ ؟
2018-08-25 18:12:58
■ چیا عەباس
دەستوری بزوتنەوەی گۆڕان دیاری کردوە کە بەرنامە و پێکهاتەی مرۆیی گۆڕان کە باوەریان بە بەرنامەکە و دەستوری ناوخۆی گۆڕان هەیە کرۆکی ناسنامەکەن.
ئاشکرایە کۆنفرانسی نیشتمانی بزوتنەوەکە بریار لە دەستوری ناوخۆ و بەرنامەکەی دەدات، بە گۆرینی بەرنامە و دەستورەکە ناسنامەکەشی دێتە گۆرین.
ناسنامەی گۆڕان تەنها وابەستە نیە بە بەرنامە و دەستورەکەیەوە، بەڵکو گەلێک تایبەتمەندی بزوتنەوەکە لە سەرەتای دروستبونیەوە لە گەڵ ئەو ئۆرگان و بەرپرسانەی دەبنە هەڵگری ناسنامەکە و کاری بۆ دەکەن ئاوێنەیەکی گرنگی پرسەکەن، بێگومان گۆڕانکاریەکانیش لە جوگرافیای سیاسی و رێکخراوەیی گۆڕان هۆکار و کاریگەریان لە سەر ناسنامەکە دەبێت.
یەکێک لە تایبەتمەندیە گرنگەکانی گۆڕان ئەوەیە کە دەستپێشخەران و دامەزرێنەرە سەرەتاییەکان و هەڵسوراوە باڵاکانی لە ناو یەكێتییەوە هاتون، زۆربەی جەماوەری گۆڕانیش بێلایەن و گەنج و پێکهاتەی توێژە جیاکانی کۆمەڵگان کە سەرمایەی مرۆیی ناسنامەکەیان دروست کردوە.
زۆربەی گروپەکەی یەکێتی گۆشەکراوی رەوش و دۆخی سیاسی و رێکخراوەیی و پێشمەرگایەتی یەکێتی بون. ئەو بەرێزانە لە ناو یەکێتیدا لە رەوشێکی زۆر تایبەتدا بەکار بون و پەروەردە و گۆشەکراون: یەکێتی کۆی گشتی یەکە رێکخراوەیی و فکری و سەربازی و ئیداری پێکهاتە سیاسیە جیاکانی بو کە بە منبەر و باڵ ناسرابون، کە بە هۆی نەگونجاندنیان دواتر زۆربەیان لە یەکێتی جیابونەوە.
بە حوکمی خەباتی شاخ و جوگرافیا بەرپرسانی ئەو یەکانە ئۆتۆنۆمیان لە سنوری کارکردنیاندا هەبوە، وەک نمونە: ئەندامانی سەرکردایەتی، ئامر هەریم، بەرپرسی مەڵبەند، ئامر کەرت و .... تاد، لە سنوری خۆیاندا دەسەڵاتداری یەکەم و ئەخیر بون، تەنانەت زۆربەی کاتیش خۆیان مشوری چەک و تەقەمەنی و پارەیان خواردوە. بە شێوە شۆرشگیریەکە ئەمانە حوکم و حاکم و حەکەم و حامی ناوچە و بوارەکانی ژێر دەسەڵاتیان بون.
ئەم تایبەتمەندیەی یەکێتی لە دوای راپەرینەوە بوە یەكێک لە کێشە هەرە گەورەکانی یەکێتی کە تا ئەم چرکەیەش بەدەستێەوە دەناڵێنێت، تایبەت دوای کۆچی دوایی مام جلال و نەمانی ئەو کاریزما کاریگەرە دەبینین چۆن هەر بەرپرس و گروپێک لێیان حاکمێکە بۆ خۆی. بۆیە نەیانتوانی کەلێنە گەورەکانی غیابی کاریزما بە دەستەجەمعی کەم بکەنەوە.
ئەو برادەرانەی یەکێتی، هەر هەمویان پێگەی بەرپرسیاریەتی باڵا و دەسەڵاتێکی زۆریان لە یەکێتیدا هەبو، کە هاتنە ناو گۆران ئەو خەسڵەتە زەقەش ئۆتۆماتیک یاوەریان بو. یەکسەر دوای وەفاتی کاک نەوشیروان پشتیان لە دەستە جەمعی کرد، کە باشترین رێگەیە بۆ پاراستنی ناسنامەی گۆڕان. لای هەمو ئاشکرایە بە چ شیوازێک خانەی راپەراندن دروستکرا.
بە واتایەکی تر ئەوان لە پراکتیکدا ناسنامەی گۆڕان لە روانگای دەسەڵاتی تایبەتیان یاخود گوێرایەڵی گروپە جیاکانی ناو بزوتنەوەکە دەبینین.
بەشێک لەو یەکێتییە دێرینانە تێگەیشتن کە لە حزوری کاک نەوشیروان گۆڕان گۆرەپانی ئەو نەریتە نیە وازیان هێنا، یاخیبون یاخود بە دودڵیەوە مانەوە.
دو دڵیەکە راستەوخۆ پەیوەندی بە هزری گۆڕانەوە نیە، بەڵکو جۆرێکە لە پارادۆکسی سیاسی و رێکخراوەیی( ئیرسێکی کڵتوری یەکێتی) کە لە شێوازی بەرێوەبردن و کارکردن بەرچاو دەکەوێت و لە ئاستی سیاسیشدا لە چەند ساتێکی هەستیاردا رەنگدانەوەی زەقی هەبوە، ئەم پارادۆکسە ناسنامەی گۆڕانی تەم و لێڵ کردوە، چونکە وەک نوشتەیەکی پێچراوی لێکردوە کە بەردەوام بە سنگەوە کراوە.
تا کاک نەوشیروان لە ژیاندا بو ئەو دودڵیە کاریگەریەکی ئەوتۆی لە سەر ناسنامەی گۆڕان نەبو، دوای ماڵئاوایی لێمان دودڵیەکە بۆتە دیاردەیەکی هەستیاری ناو بزوتنەوەکە کە گۆڕانی دوچاری ئیزدواجیەت و نارونی و ناجێگیری کردوە، زیادە بۆ ئەمەش لە چەند بوارێکی هەستیاردا دەستورەکە پشتگوێ خراوە و لادان لە رەوتی گۆڕان کراوە. لێرەدا بوار نیە باس لە چەندین نمونە لەو بارەوە بکرێت.
ئەو بەرێزانە کەسانی تێکۆشەر و خاوەنی ئەزمونێکی دەوڵەمەندی رێکخراوەیی و پێشمارگایەتی و سیاسین، ئەم خەسڵەتە گرنگانە توانیان تەوژمێکی جەماوەری لە دەوری گۆڕان کۆبکەنەوە، بەڵام نەیانتوانی ئەو تەوژمە سەقڵ و ئاراستە بکەن بە ئاراستەی دەوڵەمەندکردنی ناسنامەی گۆڕان، بە پێچەوانەوە لە هەندێ بواردا چەند دیاردەیەک لە ناو گۆڕاندا سەریان هەڵداوە کە لە گەڵ پرەنسیپە بنەرەتیەکانی گۆڕاندا ناگونجێن، ئەم دیاردانە کاریگەریەکی گەورەیان لە سەر ناسنامەی گۆڕان و جەماوەرەکەی کردوە.
لە بنەرەتدا گۆڕان بەلای کاک نەوشیروانەوە زیاتر سەکۆ و بزافێک بو بۆ گەشەپێدانی ئاستی مەعریفە و هۆشیاری کۆمەڵایەتی وەک لەوەی زۆربەی وزە و کاتەکانی لە دۆخی سیاسی کوردستان سەرف بکات.
ئەم بەشە گرنگە لە ناسنامەی گۆڕان هەر لە سەردەمی نەخۆشی و غیابی رێکخەری گشتیدا هێدی هێدی کاڵبۆتەوە و لە ئێستادا بۆشاییەکی بەرچاوی دروستکردوە، بۆشاییەک دیاردە و شتی لابەلای زەرەربەخشی راکێشاوە.
بەرپرسانی ئێستای گۆڕان لە موخەزرەمەکانی سیاسەتی کوردین لە باشور. ئەزمونەکانی کارکردنیان سەلماندویانە تێرامانیان بۆ پرسی گۆڕان و گۆرانکاری لە چوارچێوەی تێگەیشتنە کلاسیکیەکاندا کۆکراونەتەوە، بە واتایەکی تر تێگەیشتنێکی موحافزکاری چەقبەستوی بێ دینامیک و وروژاندن و بێ دیدگایەکی رونی مەودا درێژ. ئەوان زۆربەی قورسایی بزوتنەوەکەیان لە پرۆسەیەکی سیاسی ئاڵۆز و نارون و بێ سەروبەردا خستۆتە گەر و حەزدەکەن تێیدا بمێننەوە، لەو پرۆسەیەدا بە حوکمی هاوکێشە سیاسیەکان ناسنامەی گۆڕان گەمارۆ دراوە و روشاوە، نمونەکانی گۆڕان لە حوکمرانیدا ئەو راستیە دەسەلمێنن.
لە دەرەوەی ئەم بازنە سەرەکیەی گۆڕان چەند کەسێک بە هۆی گۆڕانەوە پۆست و پێگەی فەرمی باڵایان دەستکەوتوە، ئەرکەکانیان بۆ خزمەتکاریە گشتیەکانە، بۆیە هەر کارێک بکەن یەکسەر رەنگدانەوەی لە سەر خەڵک و رای گشتی دەکات. مەخابن بەشێک لەو فەرمانبەرانە ئەوەندە پێناسەی گۆڕان یان لە بەر چاوی خەڵک روشاندوە کە دەبو بازنەی یەکەم لێپرسینەوەی جدی لە گەڵیاندا بکردایە.
رەوشی ناوخۆی گۆڕان جێگیر نیە، دەوروبەری سیاسی لێی سودمەندن و بێدەنگی گۆرانخوازانیش سنورێکی هەیە، بۆیە پێویست دەکات بە پەلە هەڵسوراو و بەئەمەکەکان کاری جدی بکەن بۆ بوژاندنەوە و گەشەپێدانی ناسنامەی گۆڕان بە مەرجی پاراستنی ناسنامەی گۆڕان وەک بزوتنەوەیەکی جەماوەری کراوە کە باوەری بە کاری سیاسی و مەدەنی و پەرڵەمانی هەیە بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی.
رۆتەردام: ٢٥ی ئۆگۆستی ٢٠١٨