Draw Media

كێ‌ هەڵبژاردن دوادەخات؟!

كێ‌ هەڵبژاردن دوادەخات؟!

2018-08-24 22:23:45


■ نەبەز گۆران

ئێستا پرۆژەیەكی نوێ‌ لە ئارادایە و پرۆژەكە باس لە دواخستنی هەڵبژاردنەكان دەكات. پارتی دیموكرات سێ‌ مەرجی بنەرەتی هەیە تاكوو ئەو پرۆژەیە قبوڵبكرێت. مەرجەكانی:
یەكەم: بۆ ماوەی دووساڵ هەڵبژاردن دوابخرێت، بە ئەنجومەنی پارێزگاكانیشەوە.
دووهەم: هەرسێ‌ لایەنەكە، گۆڕان، یەكگرتوو، كۆمەڵ، بگەڕێنەوە ناو حوكومەت.
سێهەم: هەر شەش لایەنەكە، پارتی، یەكێتی، كۆمەڵ، گۆڕان، یەكگرتوو، هاوپەیمانی، وەك كوتلەیەكی سیاسیی كورد بچنە بەغداد.
بە پێی بۆچوونی چوار لایەنەكە و یەكێتیی نیشتیمانی بێت، چاوەروانكراوە ئەم خاڵانە قبوڵبكرێن، ئەما پێویستیان بە گفتوگۆی زیاتر دەبێت لە نێوان هێزەكاندا.
ئەوەی روونە پرۆژەی دواخستنی هەڵبژاردنەكان پرۆژەی دوو پارتەكەی دەسەڵات نییە، پرۆژەی چوار لایەنەكەیە و یەكێتیش نایشارێتەوە خۆشحاڵە بەم پرۆژەیە. چوار لایەنەكە بیانوشیان بۆ دواخستنەكە ساختەكاری و، زۆری ناوی دووبارە و مردووە. ئەشێت ئەو چوار لایەنە حەقی خۆیانبێت لە هەڵبژاردن بترسن، چوون هەڵبژاردنەكانی _عێراق_ گورزی كەمەرشكێن بوو بۆ هەرچواریان و تەواوی نەخشەی جەماوەری و سیاسیی قوڵپكردەوە و، نیگەرانی و هەوڵە سیاسیی و یاساییەكانیش كاریگەریان لەسەر گۆڕینی ئەنجامەكان نەبوو.
چوار لایەنەكە لەوە دڵنیان ئەم هەڵبژاردنەی كوردستانیش بۆ ئەوان گورزێكی دیكە دەبێت. چ لە رووی ساختەكارییەوە، چ لەو رووەوەی زۆرینەی ئەوانەی دەنگ نادەن، دەنگە نارازییەكانن و دەنگی چوار لایەنەكەیە.
ئەگەر ئەم پرۆژەیە سەربگرێت، گوتاری بەرگریكردن لە دیموكراسی، ماف، سەروەری یاسا، بۆ ماوەیەك پاشەكشێ دەكات. پاشەكشێك كە پەیوەندی بەوەوە دەبێت، ئەو لایەنانەی پێشتر بانگەشی بەرگریكردنیان دەكرد لەم چەمكانە، ئێستا خۆیان لە دۆخێكدان هەوڵی ئەوەدەدەن هەڵبژاردن دوابخرێت، بۆ ئەوەی جارێكی كە خۆیان كۆبكەنەوە! ئەم هەوڵە بەر لەهەمووشت لێدانە لە دیموكراسییەت، لێدانە لە ماف، لە سەروەری یاسا. كاتێك دەبینین ئەو لایەنانەی خاوەنی ئەم گوتارە بوون و ئێستا خۆیان پێچەوانەی گوتارەكەی خۆیان دەجوڵێنەوە، دەبێت چاوەروان بكەین رووبەری سیاسیی لەم هەرێمە، بۆ ماوەیەكی زەمەنی دەچێتە دۆخی كپ بوونەوە.
گەر ئەم پرۆژەیە سەر نەگرێت و هەڵبژاردنەكە بكرێت_ كە هیواخوازین بكرێت_ ئەوا دەبێت دیسانەوە چاوەروانی دەنگە دەنگی شاشەكان بین ولایەنە كەوتووەكان نارازیبن بە دۆخەكە. هەرچۆنێك بێت دۆخەكە لە متبوندایە، بە پێی داتاكان پێناچێت ئەم هەڵبژاردنەش گەر بكرێت، نەخشەی سیاسیی بگۆڕێت. ئەوەی لەم كاتەدا پێویستە سەرنجی لەسەر بدەین، نەمانی گوتار و پاشەكشێیە لە گوتاری پێشوو.
چوار لایەنەكە هەوڵەكەیان سەربگرێت بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، ئەوا دەبێت گومان لە كۆی وتارەكانی رابردوویان بكرێت. چونكە ئەم هەوڵە گواستنەوەی رووبەری نارەزایەتی و ئۆپۆزسیۆنە، بۆ ناو رووبەری دەسەڵات و رازی بوون. ئەم گواستنەوەیە ناچاریاندەكات بێدەنگی هەڵبژێرن، مەرجەكانی دوو پارتەكەی دەسەڵات، بە تایبەتی پارتی، مەرج گەلێكن دۆخی بەرگریكردن دەگۆڕێ‌ بۆ دۆخی رازی بوون.
كردنی هەڵبژاردنەكە بە هەر دەرئەنجامێكەوە بێت، باشترە لە دواخستنی. حیزبی كوردیی و بە تایبەت دوو پارتەكەی دەسەڵات، زۆرجار جوڵەیەك دەكەن بە عادەت و دووبارەی دەكەنەوە، لەوانەیە ئەم دواخستنە بكەنە عادەت و دووبارەی بكەنەوە و وردە وردە دۆخی دیموكراسی و مافی دەنگدان بەرەو پاشەكشێی تەواوەتی ببەن. هەرلەبەر ئەمە ئەو هەوڵەی چوار لایەنەكە بۆ ئەم دواخستنە، هەوڵێكی زۆر مەترسیدارە، گەرچی ئەوان وەك هێزی سیاسیی دەتوانن بۆ ماوەیەك بێدەنگ بن و، ناتوانن دەنگی بەرزی راستەقینەی نارەزایەتی كپ بكەن، ئەما نەمانی گوتاری بەرگیركردن لەناو ئەو چوار لایەنە، بۆ خۆی لەدەستدانی بروای ئەو خەڵكانەیە، كە هێشتا بروایان بەم چوار لایەنە هەیە.
بە دیوكێكی دیكەشدا ترسی چوار لایەنەكە لە بچوكبوونەوەی قەبارەیان لەم هەڵبژاردنەدا، وا دەكات سەرقاڵی بەرهەم هێنانی ئەم پرۆژە مەترسیدارە ببن، لەكاتێكدا رێگای دروست بۆ ئەوان بەرهەم هێنانی ئەم پرۆژەیە نییە، بەڵكو سووربوونە لەسەركردنی هەڵبژاردنەكە و بایكۆتكردنییەتی بۆ ئیفلیجكردنی و، گواستنەوەی دەنگی نارەزایەتی و بەرزكردنەوەی گوتاری بەرگرییە، لە هۆڵی پەرلەمانەوە بۆ شەقام و بۆ شاشەكان. بەڵام پێناچێت جەسارەتی بایكۆتیان هەبێت و ئەوەی چاوەرواندەكرێت لێیان، بەرگریكردنە لەم پرۆژە نوێیەی خۆیان، (گەر سەربگرێت) دیموكراسییەت و هەڵبژاردن و مافی دەنگدان دەخەنە دۆخێكی مەترسیدارەوە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand