بۆچی پۆپۆلیزم گۆڕانکاری پێناکرێت
2018-08-23 19:19:35
■ رۆبیتان كاكەزاڵ
لە دیدگای فەلسەفییەوە گەر مۆدێرنە کۆکردنەوەی راستیبێت ، ئەوا پۆستمۆدێرنە پەرشکردنەوەی راستییە بۆ چەندین راستی. پرۆسە و چەمک و کولتوری مۆدێرنە سەرلەبەری ئاماژە و خواست و هەوڵدانە بۆ خۆرێکخستن و ناوەندگەرایی و پێشبینیکردن لەسەر ئاستی یەک رەهەندی و یەک یەکەیی ، هەروەک چۆن لە زانستدا دیسپلینەکان خۆیان لەیەکدی جیادەکەنەوە و تاکرەهەندانە خواستی شیکاری و تێگەشتن دەکەنە بەرنامەی کاری لێکۆڵینەوەکانیان، بەهەمان شێوەش خۆرێکخستن و شوناسی نەتەوە و دەوڵەتی نەتەوەیی و رەگەز و ئاین لەسەر ئاستی یەکەی ئەتۆمی و خۆجیاکەرەوە لەویدی شێوازوەردەگرێت. مۆدێرنە بەکۆی کولتور و پرۆسە و واتا و چەمکسازی لە سەردەمی پۆستمۆدێرنەدا دوچاری قەیرانی پەرشوبڵاوی واقیع دەبێت لە ئاستی سادەیی گریمانە و بیردۆزدا. چیتر لە واقیعدا پەرش و بڵاوی باڵادەست دەبێت و لەگوتار و بەهاکاندا پاشماوەی سادەیی و دونیای رەش و سپی مۆدێرنە و زانستەکانی هەوڵی مانەوە دەدەن و لەخەمی دەستبەرداربوندان لە دەسەڵاتی راڤەکردن و ئاراستەکردن و پێشبینیکردن. لەم ناوکۆییەداسیاسەت وەک کایەیەکی تیۆری یان کرداری، بۆ ناسینەوە و پێناسەکردن و پراکتیکردنی دەسەڵات دوچاری گرفتی گەورەدەبێت. سیاسەت وەک زانست ناتوانێت بێ زانستی ئابوری، زانستی کۆمەلناسی، زانستی ماتماتیک و ئامار هەنگاوی دیسکریپتیڤ بنێت، واتە ناتوانێت قسەیەک بکات سەبارەت بە دیاردەیەک ، چونکە خودی سیاسەت قسەیەکە یان کردەیەکە سەبارەت بەچۆنێتی دابەشبونی دەسەڵات و هەوڵی تیۆری یان کرداری بۆگۆڕینی ئەو دابەشبونە، کەئەمەش کایەی سەرەکی دەسەڵاتی ئابوری و جومگەدەسەڵاتییە کۆمەڵناسییەکانە وەک خێزان، هۆز، دامودەزگا پەروەردەییەکان، رێکخراوی سیاسی و سەندیکایی هتد ، واتە کایەی نۆرماتیڤیش یان ئەوکایەی کە تەنها باسی ئەوەناکات شتێک چۆنە یان پەیوەندییەکی دەسەڵاتی چۆنە ، بەڵکو ئەو پەیوەندییە چۆنبێت باشە. پاشتر کە سنوری دەسەڵاتی دەوڵەتی نەتەوەیی بەسەر جوگرافیای سیاسی و جوگرافیای ئابوری و بازاڕی کار و شوناسی مرۆڤەکاندا گۆڕانکاری بەسەردادێت ، کاتێکیش کۆمپانیا فرەنەتەوەییە نێودەوڵەتییەکان لەسەر و ئاستی سنوری دەسەڵاتی دەوڵەتی نەتەوەییە وە چالاکی ئابوری ئاراستەدەکەن ، ئیتر ناوەندگەرایی دەسەڵاتی دەولەت هیچی ئەوتۆی بۆنامێنێتەوە کە کاریگەری کردەی سیاسی حکومەت لەسەر رەوتی روداو و پێشهاتەکان مسۆگەربکات. بۆکورتکردنەوەی بابەتەکە گەر لێرەوە پۆپۆلیزم وەک جوڵەیەکی سیاسی نیمچە رێکخراوی ئومێدبەخش بە چین و توێژێکی دیاریکراو بهێنینە ناو بابەتەکەمانەوە، ئەوا دەتوانین بە ئاسانی لەکایەی سیاسیدا بیناسینەوە. زۆربەی جوڵانەوە پۆپۆلیستەکان لە چەند رویەکەوە لەیەک دەچن. زۆربەیان پێناسەی کێشەکان چ سیاسی و چ ئابوری ئاساندەکەنەوە ، هۆکاری کێشەکان دەگەڕێننەوە بۆ مۆراڵ و چارەسەری کێشەکانیش پەیوەستدەکەن بە رێکاری ئاسان و خێرا و مۆرالیزم. زۆربەی جوڵانەوە پۆپۆلیستەکان ساناترین جۆری خۆرێکخستن و پرۆسەی دروستکردنی بڕیاریان هەیە و زۆرترین کاریان بە دروشم و مێتافۆر و قسەکردنە.
بزاڤە پۆپۆلیستییەکان لەزۆربەی ئەزمونەکاندا وەک رەخنەگرێکی سەرسەخت و لایەنگری راستی و پاکی و نیشتیمانپەروەری دەردەکەون ، لەهەندێک ئەزمونیشدا نەتەوەپەرست و رەگەزپەرست و خۆویست بە دیوە نەرێتییەکەدا نمایش دەکەن. لێرەدا قسەلەسەر ناوەرۆکی گوتارەکان نییە لای پۆپۆلیزم بەڵکو قسە لەسەر شێوازی داڕشتنی گوتارەکان و میکانیزمی جوڵاندنی زۆرینەیە. کاتێک پۆپۆلیزم رەخنەدەگرێت ، کێشەکان بەزمانێکی ئاسان پێناسەیەکی ئاساندەکات و بەرەی مۆراڵی باش و مۆراڵی خراپ دیاریدەکات ، خۆی توشی هەمان گرفتی حکومەتی دەوڵەتی نەتەوەیی دەکات و بەهەمان لۆژیک دەکەوێتە ناو پەرش و بڵاوی پنتەکانی دەسەڵاتەوە، ئەم ترسە لە پەرش و بلاوی و نەتوانینی دروستکردنی گۆڕانکاری لەرێگای حکومەت و دەسەڵاتی سیاسی دەوڵەتەوە بەتەنها ، زۆر لە بزاڤە سیاسییەکان دەخاتە بەردەم دوو رێگا.
رێگای یەکەم / نەچونە ناو حکومەتەوە و مانەو لە ناوە پەرلەمان و سەرشەقام و مێدیاکان و بەردەوامیدان بە مانەوە لە کایە سیاسییەکەدا.
رێگای دووەم/ نزیکبونەوە لە دەسەڵات و درێژەدان بەکات و چونە ناو حکومەتی هاوپەیمانی و بەردەوامیدان بە هەمان جۆری گوتار و دروشم.
لەهەردوو رێگەکەدا پۆپۆلیزم لەبەردەم هەمان گرفتدایە. ئەگەرچی رێگاکان جیاوازن بەڵام یەک چارەنوسیان هەیە. چارەنوسی هەردوو رێگاکە لەژێر رەحمەتی کاتدایە ، هەردوو رێگاکە کات لەبەرژەوەندیان نییە. دروشم و پەیمانی سانا و خێرا ناتوانێت بەبەردەوامی ئومێدبەخشبێت. لە رێگای یەکەمدا ئومێد واتایەکی نامێنێت و پۆپۆلیزم لە کۆتاییدا لە دەستەبژێرێکدا دەمێنێتەوە و هێدی هێدی توانای جوڵاندنی نامێنێت و دەکەوێتە داوی سازش و پاراستنی بەرژەوەندی ئەو دەستەبژێرە. لە رێگای دووەمدا تێپەڕبونی کات و نەتوانینی دروستکردنی گۆرانکاری و هاتنەئارای بەراوردکردن لە نێوان دروشمی سانا و بێ توانایی لە کاریگەردانان و بردنەسەری پەیمانە خێرا و سادە و چارەنوسازەکان، بزاڤەکە دەخاتە بەردەم هەوڵدان بۆ مانەوە لەبری کاریگەردانان، کە لەسروشتی گوتارەکانەوە دوبارە بە تێپەڕبونی کات داددراوە بە خۆرێکخستنێکی دەستەبژێری و پاشتریش تێگەشتن لە ئاڵۆزی پەرشوبڵاوی پنتەکانی دەسەڵات و هەوڵدان بۆ سازش و پاراستنی بەرژەوەندی دەستەبژێرەکە.
کەواتە دەتوانین بڵیین ئەو بزاڤەی لەسەرەتادا باوەڕی بە سانایی کێشەکە و چارەسەر و میکانیزمەکەی بەخێرایی هەیە لە کۆتاییدا دەبێت بزاڤێکی دەستەبژێری سازشکار لەگەڵ دەسەڵات و توانای جوڵاندنی سیاسی جەماوەری گەورە لەدەستدەدات. لێرەوە چیتر خەونی گۆڕانکاری دەگۆڕێت بۆ نائومێدی و هەوڵی مانەوەی دەستەبژێرێک بۆ بەدەستهێنانی دەسکەوت و پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان. ئەم چارەنوسەی پۆپۆلیزم هۆکارەکەی مۆراڵ و بێتوانایی نیە بەڵکو تێنەگەشتنە لەزۆربەی ئەزمونەکاندا لە کۆمەڵناسی خۆرێکخستن و سودوەرنەگرتن لە تێپەڕبونی کات و بەردەوامیدان بە بەرزکردنەوەی دروشمی سادە و خێرا.