Draw Media

هەرێم و خیتابێكی سیاسی نوێ لەگەڵ بەغداد

هەرێم و خیتابێكی سیاسی نوێ لەگەڵ بەغداد

2018-08-21 18:03:04


■ لاوك سەڵاح
گۆرانکاریە ناوخۆییەکان ودەرەکییەکان و دەستێوەردانی ئیقلیمی زۆر خێران، ئێران وتورکیا لە ململانێیەکی سەختی ئابووریدان لەگەڵ ئەمەریکا کە شێوازی سزادانی ئەم ناوچەیەی بەهۆی سەرکێشی دەوڵەتە ئیقلیمییەکانەوە لە پەلامەردانی سەربازییەوە گۆریوە بۆ سزای توندی ئابووری. ئەمە سیاسەتی ئەم ئیدارەیەی ئێستای ئەمەریکایە.

هەرێم بە گۆرانکاری ریشەییدا تێدەپەرێت، هەرێمی ساڵانی نەوەدەکان وتەنانەت سەرەتایی ساڵانی دوو هەزار نییە، لەناوخۆدا هێزی نوێ و کاراکتەری سیاسی نوێ هاتوونەتە گۆرەپانی سیاسەتەوە، هەرێم چیدی بەتەنیا هەرێمی پارتی ویەکێتی نییە، هەرچەندە لە وێنە گەورەکەدا پارتی ناوچەیەکی گرنگی جیۆپۆلۆتیکی بەدەستەوەیە کە ئەمەریکا ناتوانێت گرنگی پێنەدا و پارتی ئیهمال بکات، تا ئەم ساتە، پارتی لە هەموو پارتەکانی دیکە دیسپلینی بە شێوازی خۆی هەیە، بەهەمان شێوە پارتی سەرباری ئیمزاکردنی رێکەوتنامەیەکی گرنگی نەوت لەگەڵ کۆمپانیاییەکی گرنگی رووسیدا ناتوانێت لە دەرەوەی ئەجەندای ئەمەریکا رەفتار بکات، هەربۆیە هەموو سنوورەکان تەسلیم بە بەغدا کرانەوە و نەوت دەڕوات و مووچە دێت و گرفت لەگەڵ بەغدا لەم ساتەدا نییە، بەهەمان شێوە یەکێتی پەیوەندیەکی توندی بە ئێرانەوە هەیە، هێزێکی گەورەی لۆکەڵی لە بەردەستدایە، سەربار بە نەبوونی سەرکردایەتییەکی توندوتۆڵ و رەفتارە سەیروسەمەرەکان وسەربەخۆکانی کەسە ناشارەزاکانی، هێشتا لەرزۆکانە حکومرانی ناوچەی سەوز دەکات . گۆران میراتێکی سیاسی و تێروانێکی سیاسی تایبەتی بۆ ئاییندەی سیاسی ئەم هەرێمە هەیە، کە زۆرجار روون و یەک یەکە نییە و پێویستی بە کاتی زیاتر هەیە بۆ ئەوەی لە توانای ئەندامەکانیدا رەنگبداتەوە، بەڵام هێشتا وەک رکابەرێکی سەخت دەتوانێت رۆڵی گرنگ لەسەر ئاستی شەقام و چەمکەکانی دادپەروەری ویەکسانی و دەوڵەت و حکومرانی کاری زیاتر بکات. هێزە ئیسلامییەکان نوێنەرایەتی چینیكی فراوان لە کۆمەڵگە دەکەن کە ناکرێت پەرواێز بکرێن و لە ناو ململانێی زاراوە سیاسییەکانی عیلمانییەت وئیسلامی سیاسی و ئیرهابی سیاسیدا بخنکێنرێن، نەوەی نوێ و هێزە بچووکەکانی دیکە لەسەر ئاستی ئەندامەکانیان  خیتابێکی سیاسیان لە جۆرێکی دیکە هەیە کە ساڵانێکە پارتە کلاسیکییەکان لە ژێر فشاری چەمکە شۆرشگێرە چەواشەکاندا، نەیانتوانیوە ئاوریان لێبدەنەوە. 

هەرێم لەسەر ئاستی خیتابی سیاسی پێویستی بەدەستپێشخەرییەکی سیاسییە کە بتوانێت ئەم هێزانە کۆبکاتەوە و ئاراستەیان بکات و بە نەخشە رێگایەکی پراگماتیکییانە مامەڵە لەگەڵ بەغدا بکات دوور لە دروشمی بێ مانا و دوورلە شێوازەکانی پۆپۆلیزمی سیاسی بدوێن و پلانی کۆنکرێت بۆ ئاییندەی هەرێم دارێژرێت، لانی کەم متمانەی خەڵک بگەرێننەوە  تاوەکو ئەوەی ماوە تەرخان بکرێت بۆ شەرعیەتی سیاسی دوور لە قومارکردن و دوور لە فێڵ وجەهلی کەسە ساختەکان. لەهەمان کاتدا لە ئەجێندای دەرەوە تێبگات و بتوانێت وەک بەرگدروو پرۆژەیەک بە قەبارە و ئاستی ئەم کۆمەڵگە پێشکەش بکات کە تێگەیشتن لە پارسەنگی بەرژەوەندییە سیاسیەکان وململانێکانی مێژوو و پێکدادانەکانی کەلتوور و پێداویستییە فراوانەکانی کۆمەڵگە تیایدا رەنگبداتەوە.

ئێمە هەموومان لە خەتەرداین ئەگەر بەلەمێک نەبێت بەهێمنی لە کەناردا لەنگەر نەگرێت. 

 چارەنووسی زیاد لە ٤ ملێۆن کەس بەدەست ئێوەوەیە، ئەو دەستپێشخەرییە جوامێری و راستگۆیی سیاسی دەخوازێت

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand