Draw Media

خۆکوشتنی سیاسی

خۆکوشتنی سیاسی

2018-08-19 11:30:02


■ گوڵاڵە سدیق 

کاتێک باسی خۆکوشتن دەکرێت، هەموان بێ بیرکردنەوە خەیاڵمان بۆ کوشتنی ڕۆح دەچێت، کە ئەم خۆکوشتنە لە ئاینی ئیسلامدا بە یەکێک لە کارە حەرامەکان دادەنرێت.
سەرەڕای حەرامییەکەی خۆکوشتن بە کردارێکی پێچەوانەی سروشتی مرۆڤ دادەنرێت، چونکە نەک تەنها مرۆڤ بەڵکو هەمو زیندەوەرێک بە سروشت خۆشەویستی بۆ ژیان و مانەوە لە ژیان هەیە.

لە وڵاتە ئیسلامییەکاندا سەرەڕای خراپی باری گوزەرانی خەڵک لەڕوی دارایی و سیاسی و ئابوری و ...... هتد بەڵام دەبینرێت کە ڕێژەی خۆکوشتن کەمترە بەبەراورد وڵاتی غەیرە ئیسلام.

بەڵام کاتێک هەندێک لە سیاسیەکان یان سەرۆکەکان یان هەندێ حزب لە پێناو بەدەست هێنانی چەند دەسکەوتێک هانا بۆ وڵاتێکی بیانی  دەبەن(دەسکەوتەکە ئابوری بێت یان سیاسی)، بێ گوێ دانە لێکەوتەکانی ئەوا بەو تەسلیم بونە بەو هێزە دەرەکییە دەوترێت خۆکوشتنی سیاسی .
هەمیشە ئەم تەسلیم بونە لەسەر ئاستی دەوڵەت یان حزب یان سەرۆک دەبێت، کە پرسێک دەکرێت بە ڕەهنی ئەو دەسکەوتە شەخسیە یان حزبییە، لەکاتێکدا پرسەکە پرسی نەتەوەیەک یان میلەتێکە.

کاتێک هێزێک پشت بە دەوڵەتێکی بیانی دەبەستێت لە ڕوی دارایی یان سەربازی یان سیاسی بۆ ئەوەی ئەو دەوڵەتە بیانیه ڕۆڵی سەرەکی ببینێ بۆ یەکلاکرنەوەی پرسێک لە بەرژەوەندی هێزە بەرژەوەند خوازەکەوە، ئەوا ئەو هێزە بەهەمو پێوەرێک خۆکوژی سیاسی کردوە، چونکە هەمیشە ئەو پرسەی کە لە پێناویدا تەنازلاتی بۆ کراوە دەوڵەتە بیانییەکە وەک بارمتەیەک لای خۆیەوە لێی دەڕوانێت و هەمو پیرۆزییەکانی ئەو وڵاتەی کە داوای پشنیوانیەکانی کردوە دەبنە بارمتە لای.

بەهیچ جورێک نابێت بۆ پرسی ناوخۆیی وڵاتێک پشت بە وڵاتی بیانی ببەسترێت چونکە ئەو دەوڵەتە بیانیه پێویستە سیاسەتیان لەگەڵ بکرێت نەوەک پشتیان پێ ببەسترێ.

وەهەمیشە زیانەکانی ئەم خۆکوشتنە زۆر گەورەیە، زیانی بۆ پرسێکی گرنگی گەل و نەتەوەیەک دەبێت.

ئەم خۆکوشتنە لە میلەتە زیندوەکاندا بەهیچ شێوەیەک قبوڵکراو نیه، هەمیشە کەسی سازشکەر یان لایەنی سازشکەر بەتوندترین شێوە لەلایەن گەل و نەتەوە سزادەدەرێت.

لەسەر ئاستی تاکیش کەسانێک هەن کە بەرەو خۆکوشتنی سیاسی هەنگاو دەنێن.
هەندێک جار بەهۆی بەدەست هێنانی سودی کەسی لە ڕوی ئابوری و سیاسیەوە کە تەسلیم بە ئیرادە و ئایدیای هێزێکی تر دەبێت، بێ گوێ دانە هیچ لێکەوتێک.
کاتێک کەسێک لە پێناو بەرژەوەندییە شەخسیەکانی خۆی ئەم کارە دەکات، کاتێک بە مەرامەکانی دەگات گرنگ نابێت بەلایەوە لە پاشەڕۆژیدا سیاسەت بکات یان نا، ئەوەی کە گرنگە بەلایەوە دەسکەوتە خێراکانە.
هەندێ جاریش بەهۆی خۆشباوەڕی و کەم ئەزمونی کەسی خۆکوژەوە دەبێت و لە سیاسەتدا، کە هەندێک لە سەرکردەی حزبەکان ئەم کەم ئەزمونیە دەقۆزنەوە و تاکەکان لە بەرژەوەندی خۆیان بەکاردەهێنن.
لە هەردو حاڵەتەکدا ئەگەر کەسی خۆکوژ بەهۆی دەسکەوت یان کەم ئەزمونی بێت، تەنها زیانی بۆ خۆی هەیە، هیچ زیانێکی گەل یان نەتەوەی تێدا نیه.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand