هه‌ڵه‌ی ستراتیژیی کورد له ئێستادا
2018-08-14 20:24:19
■ عادل باخه‌وان
من وشیارم به‌وه‌ی که له ئێستا و ئێره‌دا ماڵی سیاسی کوردی وه‌ک لاپه‌ڕه‌یه‌ک دڕاوه و سه‌دان ناکۆی له‌نێوان گروپه سیاسیه‌کاندا هه‌یه، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای هه‌موو لێکترازانه‌کان، سه‌ره‌ڕای هه‌موو دڕانه‌کان، سه‌ره‌ڕای هه‌موو ناپاکیه‌کان، سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و غه‌درانه‌ی له یه‌کتری و له کۆمه‌ڵگای کوردیان کرد، ...، گه‌ر لایه‌نی هه‌ره‌که‌می به‌رپرسیاریی له‌به‌رامبه‌ر "کوردبوون"دا لای گروپه سیاسیه‌کان مابێت، ده‌بێت هه‌موو تواناکانیان بخه‌نه کار، بۆئه‌وه‌ی جارێکی دیکه عه‌بادی نه‌بێته‌وه به سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق. که‌وتنی که‌رکوک له 16ی ئۆکتۆبه‌ر دا، له‌ڕوی سایکۆلۆژیه‌وه چه‌ند برینێکی سه‌خت و قوڵی له یاده‌وه‌ریی ده‌سته‌جه‌معیی کوردی‌دا به‌جێهێشت، بوونه‌وه به سه‌رۆک وه‌زیرانی عه‌بادی، ئه‌وه‌نده و له‌هه‌مان ئاستدا، برینێکی دیکه‌ی سه‌خت و قوڵ له هه‌مان یاده‌وه‌ریدا به‌جێده‌هێڵێت. سیاسه‌ت بریتیه له ئیداره‌کردنی ستراتیژیه‌کان له کورته مه‌وداو نزیکه مه‌ودا و دوره مه‌ودادا. ستراتیژیه‌کانیش له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیه‌کانی هێز له‌نێوان ئه‌کته‌ره‌کاندا دروستده‌کرێن. له نزیکه مه‌ودادا، شکاندنی عه‌بادی په‌یوه‌ندیه‌کی ڕاسته‌وخۆی به که‌رامه‌تی سیاسی کوردیه‌وه هه‌یه، گه‌ر له 16 ئۆکتۆبه‌ردا ئه‌و که‌رامه‌ته شکابێت، به‌دڵنیاییه‌وه دورخستنه‌وه‌ی عه‌بادی له پۆستی سه‌رۆک وه‌زیران، به‌شێکی زۆر له‌و که‌رامه‌ته سیاسیه شکاوه بۆ کورد ده‌گه‌ڕێنێته‌وه. بێگومان که‌ده‌ڵێم کورد، مه‌به‌ستم هه‌موو ئه‌و مرۆڤانه‌یه که ئینتیمای سیاسیان بۆ کوردبوون هه‌یه، نه‌ک هه‌موو ئه‌و مرۆڤانه‌ی به کوردی قسه‌ده‌که‌ن، یان کوردی ده‌زانن، یان له خێزانێکی کوردی له دایکبوون.