Draw Media

ئەردۆغان لەبەرامبەر ترەمپ

ئەردۆغان لەبەرامبەر ترەمپ

2018-08-14 13:28:19


■ عەبدولڕەحمان راشید...

وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت
هیچ دەوڵەتێك لەبەرامبەر ویلایەتە یەكگرتووەكان رانەوەستاوە و نەدۆڕابێت، تەنانەت ئەگەر كاتەكە درێژەشی كێشابێت، ئەمە راستییە لە زۆربەی حاڵەتەكاندا، بەهێزترین چەكی ئەمریكییەكان چەكی سەربازی نییە، بەڵكو ئابورییە.
توركیا نە لە ئەڵمانیا و نە لە چین بەهێزتر نییە، دوو وڵات كە بڕیاریاندا روبەڕووی ئیدارەی ترەمپ نەبنەوە، و دانوستان و سازش و دوركەوتنەوەیان لە توندكردنەوەی بارودۆخ و شەڕەقسە هەڵبژارد، كێشەكە چییە ؟ واشنتۆن چاوەڕوانی كۆمەڵێك داواكاری لە توركیا دەكات، گرنگترینیان راگرتنی بازرگانییە لەگەڵ ئێران، كەمترینیشیان ئازادكردنی ئەو قەشە ئەمریكییەیە كە توركیا تۆمەتباری دەكات بە سیخوڕیكردن.
لە ئابلۆقەی ئێراندا، سێ دەوڵەتی سەرەكی هەن كە پێكەوە یاخود بە تەنیا دەكرێ رۆڵی هاوسەنگ بۆ رژێم لە تاران بگێڕن، پاكستان و توركیا و سعودیە. هەرسێكیان پەیوەندی بەهێز دەیانبەستێتەوە بە ئەمریكاوە، بەڵام توركیا رێڕەوی سەرەكییە بۆ بازرگانی ئێران، توركیا دەوڵەتێكی گرنگە لە سیستمی خۆرئاوادا، تاكە دەوڵەتی ئیسلامییە لە پەیمانی ناتۆدا و گرنگە بۆ هەر روبەڕوبونەوەیەك لەگەڵ روسیا لە داهاتوودا هاوكات لەگەڵ توندبونەوەی ناكۆكی روسیا و ئەمریكا و ئەگەری گەڕانەوەی جەنگی سارد. ترەمپ دەیەوێت توركیا رۆڵی خۆی وەكو هاوپەیمانێك بگێڕێت یاخود نا. واشنتۆن لە توركیای قبوڵ ناكات چەكی بەرگریی ستراتیژی لە روسیا بكڕێت، و كرانەوەی بازرگانی بەڕووی ئێراندا بكات و هاوكاتیش لە پەیمانی ناتۆ لەگەڵیدا دابنیشێت و خۆی وەكو دەوڵەتێكی هاوپەیمان ئەژماربكات.
بەڵام سنورێك هەیە بۆ قوڵبونەوەی پەیوەندییەكان لەنێوان واشنتۆن و ئەنكەرەدا لەچوارچێوەی پەیوەندی ستراتیژی نێوان هەردوو پایتەختەكە. سەرباری ئەو ژاوەژاوەی كە لەگەڵ خۆیدا هێناویەتی، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا "سزای" دیاریكراوی بەسەر توركیادا سەپاندووە، كە سزای رەمزین و ئامانج لێیان فشاردانانە لەسەر سەرۆك ئەردۆغان. ئەژماری بانكیی دوو وەزیری توركیای بلۆك كردووە، و باجی بەسەر تەنیا دوو جۆر كاڵای توركیدا سەپاندووە. بەدڵنیایی لێكەوتی ئەو دوو هەنگاوە لەسەر توركیا گەورەیە، لیرەی شاردەوە و ترسی خستە ناو بازاڕەكەیەوە، هۆكارەكەشی بە پلەی یەكەم سیاسییە، بەجۆرێك رەشبینی باڵیكێشا بەسەر پەیوەندییەكە و داهاتوشیدا.
لە روخساری روبەڕوبونەوەكەدا شێخێكی توركی و قەشەیەكی ئەمریكی هەن. ئەردۆغان حكومەتەكەی ترەمپ تۆمەتبار دەكات بەوەی داڵدەی رێبەری ئۆپۆزسیۆنی داوە، گولەن، كە ئۆپۆزسیۆنێكە لەدوای هەوڵی كودەتاكەوە لە پرۆسەكانی پاكتاوكردندا لەناوبراوە. ترەمپ هەڵگرتنی سزاكان دەبەستێتەوە بە ئازاددكردنی قەشە ئەمریكییە دەستگیركراوەكە لە توركیا. بەتێڕوانینی من، نە گولەن و نە قەشەكە كێشە نین، ئەگەرچی ئەو بەهانەیە لە راگەیاندنەكانەوە باسدەكرێن، ناكۆكییەكان ماوەیەكە توند دەبنەوە و دۆسیەی جیاواز لە خۆدەگرن، لەناویاندا ناكۆكی لەناو سوریا، و پەیوەندی لەگەڵ روسیا، هەروەها دژی پەیوەندی بەهێزی بازرگانی ئەنكەرەیە لەگەڵ ئێران، بە دیاریكراوی ئەمە مەترسیدارترین هۆكاری قەیرانە لەگەڵ ترەمپ كە زۆر جەخت لەسەر خنكاندنی ئێران دەكاتەوە لەڕووی بازرگانییەوە، ئەمەش شتێكە كە توركیای هاوبەشی سەرەكی ئێرانییەكان قایل ناكات.
سەرباری ئەو زیانە گەورانەی كە بەهۆی بڕیارەكەیەوە بۆ دوو هێندەكردنی باج لەسەر هەناردەی ئاسن و ئەلەمنیۆمی توركیا كەوتوەتەوە. ترەمپ نە پەلەیەتی و نە هەڵەشەیە، لەراستیدا ترەمپ رێزێكی تایبەتی بۆ ئەردۆغان نیشاندا دژ بە ئارەزووی سیاسەتمەدارانی تری ئەمریكا، دەستوەردانی كرد و فشاری خستەسەر حكومەتی ئیسرائیل و خانمێكی توركی ئازادكرد كە تۆمەتبار دەكرا بەوەی یارمەتی دارایی بزوتنەوەی حەماسی داوە، پاسەوانەكانی ئەردۆغانی ئازاد كرد كە تۆمەتبار كران بە لێدانی خۆپیشاندەران لە واشنتۆن (نوسەر مەبەستی لە خۆپیشاندەرانی كوردە). هەروەها ترەمپ یەكەمین سەرۆكی جیهان بوو كە تەلەفۆنی بۆ ئەردۆغان كرد و پیرۆزبایی سەركەوتنی بۆ سەرۆكایەتی توركیا لێكرد، پەیوەندییەكی باشیش لەنێوان هەردوو وڵات هەیە كە گریمانەی پیلانگێڕی دوردەخاتەوە كە ئەردۆغان باسی لێوەكرد.
توركیا وەكو ئێران دەوڵەتی شۆڕش نییە، بەهای توركیا لە ئابورییەكەیدایە نەك پاسەوانانی شۆڕش (سوپای پاسداران) و چالاكییە تیرۆریستییەكانی وەكو ئێران، هەروەها بەهای توركیا بەهۆی ئامادەگییەتی لەناو سیستمی سیاسی و سەربازی خۆرئاوادا. 
ئایا حكومەتی توركیا زاتی ئەوە دەكات روبەڕووی ویلایەتە یەكگرتووەكان ببێتەوە؟ ئەگەرێكی دوورە. توركیا دەوڵەتێكە كە شانازی بەوەوە دەكات لەڕووی ئابورییەوە سەركەوتووە، ئابورییەكەی لەسەر بازرگانیكردنە لەگەڵ خۆرئاوا نەك ئێران و عەرەب. توركیا ناتوانێت ئاڵنگاریی سزا ئابورییەكان لەسەر ئێران بكات، لەسەردەمی سەرۆكایەتی باراك ئۆبامادا ئەمەی كرد، بەڵام ئیدارەی ترەمپ هۆشداری زۆری نارد بۆ هەموو ئەو وڵاتانەی كە مامەڵە لەگەڵ ئێران دەكەن بەوەی سزایان  دەدات، هەروەها، بابەتێكی پەراوێزی وەكو دەستگیركردنی قەشەكە، كە پێشتر ئازادكراو لە ئیزمیر ماڵبەند كرا، شایستەی ئەوە نییە هۆكارێك بێت بۆ تێكدانی ئابوری توركیا. ترەمپ قەشەكە وەكو كارتێكی فشار بەكاردەهێنێت، چونكە دەزانێت ئەگەر توركیا ئازادی بكات چاكەكەی بۆ ئەو دەبێت، ئەگەر ئازادیشی نەكات وەكو كارتێكی هەڵبژاردن لەبەرژەوەندی خۆی بەكاریدەهێنێت بەوەی كە پاڵپشتی كردووە، و سزای توركیا دەدات لەسەر دەستگیركردنی. بەڵام توركیا لەهەردوو رووەكەوە دۆڕاوە، ئەگەر كێشەكەی بە كراوەیی جێهێشت. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand