پەیامێك بۆ دادوەرەكانی كۆمسیۆن
2018-08-13 14:56:38
■ موراد غەزبان...
وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت
بۆ بەڕێزان دادوەران لە ئەنجومەنی كۆمسیۆن، ئەوانەی كە دانران، ئەی ئەوانەی كە راسپێردراون بە ئەركی ژماردنەوە و جیاكردنەوەی دەستیی دەنگەكان و بەرپرسیارێتی چارەنوسی گەل و وڵاتتان گرتەئەستۆ و رووبەڕووی ئەركێكی مێژوویی بونەوە كە دەكرا لە رێگەیەوە درك بە و هیوایە بكرێت كە ماوە هەروەها متمانەی گەل بۆ پرۆسەی سیاسی بگەڕێننەوە و عێراق رزگار بكەن لە چارەنوسێكی نادیار و تاریك.
بەڵام بەداخەوە.. لە ئاستی بەرپرسیارێتیدا نەبوون و عێراق و گەلەكەیتان نائومێدكرد وشتێكتان هێنا كە عەقڵ باوەڕی پێناكات و بەسەر نەزان و ژیریشدا تێناپەڕێت، هاوتابوونی ئەنجامەكان بەو شێوە ترسناكە كە ناكرێت لێكدانەوەی بۆ بكرێت، جگەلەوەی بوترێت رێككەوتنێك بوو بۆ تێپەڕاندنی ئەنجامەكان و قایلبون بە ئەمری واقیع، ئەگەر نا ڤیدیۆ دزەكراوەكان و دۆسییەكانی لیژنەی لێكۆڵینەوە و ئابڕوچوونەكانی بنكەكانی دەنگدان لە عەممان و سوریا و توركیا و راپۆرتی نەتەوە یەكگرتووەكان، چییان لێهات، كە دانی نابوو بە بوونی ساختەكاریی هەروەها كۆبوونەوەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ دەزگای هەواڵگری و ئاسایشی نیشتمانی كە بونی پرۆسەكانی هاككردنی ئامێرەكانی سەلماند، ئەمە سەرباری لێدوانی هەندێك لە ئەندامانی لەكارلابراوی كۆمسیۆن لەبارەی پرۆسەكانی یاریكردنی "گەورە" بە ئەنجامەكان و ئەمە و دەیان بەڵگە و دۆكیۆمێنتی تر كە هیچ بوارێكیان بۆ گومان نەهێشتەوە، تەنانەت ئەگەر بۆ رێژەیەكی دیاریكراوی ساختەكارییش بێت.
دوای ئەمانە راپۆرت و ئەنجامەكانی ئێوە دێت كە هەموانی توشی شۆك كرد و ئەو تۆزە متمانەیەشی سڕییەوە كە هاوڵاتییان بە پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردن و بنەمای ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵات هەیانبوو، دواین بزماری لە تابوتەكەی دا و عێراقی ناشت و رادەستی چارەنوسێكی نادیار و تاریكی كرد، گەل هەمووی توڕەیە و گەل هەمووی متمانە و ئومێدی بەو روخسارانە لەدەستداوە كە ئێوە بەم كارەتان بەشداربوون لە پاراستنی دەسەڵاتیان بەسەر گەردنی گەلدا بۆئەوەی سامانەكەی بدزن و ئەوەی دەیكوژن لە رۆڵەكانی، بیكوژن.
بەڵی، عێراق لێپرسینەوەتان لەگەڵدا دەكات و مێژووش باسیدەكات كە ئێوە بوون ئەو گەندەڵانەتان رزگاركرد كە حوكمی عێراق دەكەن و بەشداربوون لەوەی بیانگەیەننە كەناری ئارام و جارێكی تر و بۆ چوار ساڵی تر پارێزگاری لە پۆستە پڕ ناز و نیعمەتەكانیان بكەن بە سەروەت و سامانی عێراقەوە، تاوەكو گەمەی پێبكەن و تێكی بدەن بەوشێوەیەی دەیانەوێت.
گەل متمانەی نەبە سیاسەتمەدار ماوە نە دادگا نە پیاوانی ئاینی نە مەرجەع، ئەو هەمووان وەك بەشداربوو لەم رێككەوتنەدا دەبینێت و هەر ئەویشە كە تاكە زەرەرمەندە و هەریەكە لە ئێوە دەستكەوت و قازانجی خۆی بردووە.
ئێستا ئەم رێككەوتنە تێدەپەڕێت و گەل بەوە قایل دەكرێت كە بڕیارتان لێداوە، بەوپێیەی بێهیوا و ماندوو بووە و پێویستی بە پاروە نانێكە، بەڵام رۆژێك لە رۆژان كاردانەوەی گەل توشی سەرسامیتان دەكات كاتێك رادەپەڕێت و تۆڵەتان لێدەكاتەوە و ئەوكاتیش كە دەكەونە دەست گەل رێگای هەڵاتنتان نامێنێت.
هەموومان دەزانین كە ئاستی بەشداری لە هەڵبژاردنەكان 17%ی تێنەپەڕاند و بە قودرەتی قادر كرا بە 44% هەمووشمان پێشبینیمان دەكرد پرۆسەی ژماردنەوە و جیاكردنەوەی دەنگەكان ئەو رێژەیە ئاشكرابكات، بەڵام بەداخەوە ئێوە بەشداربوون لە دیزە بەدەرخۆنەكردنی تاوانەكە و بەشداریتان لە دزیەكەدا كرد.
بۆچی كۆمسیۆنتان كەمكردەوە و ناوتانزڕاند و وەكو ساختەكار ناوتان برد، كێ سەنگیان بۆ دەگەڕێنێتەوە دوای سەلماندنی ئەستۆپاكییان و پەسەندكردنی ئەو ئەنجامەی ئەوان رایانگەیاند، ئەگەر ركابەرەكەیان دادوەربێت پەنا بۆ كوێ ببەن سكاڵای خۆیان پێشكەش بكەن ؟
لێرەوە بیرتان دەخەمەوە هەموو ئەوەی لەم هەڵبژاردنانەوە بەرهەم هاتووە كە ئێوە رۆڵتان هەبوو لە ساختەكردنییدا، پوچەڵە و تانە لەسەر شەرعیەتی هەیە، نە حكومەت نە پەرلەمان نە سەرۆكایەتی بە ساختەكاریی دروست نابێ، و كەس باوەڕی پێی نییە جگە لە سودمەندبووەكان و حزبەكانیان و كۆیلەی سیمبوڵە سیاسییەكان لەگەڵ ئەوانەی خۆیانیان پێدا هەڵدەواسن.. بەڵام زۆرینەكەی گەل جوڵەیەكیان دەبێت ئەگەر دوای ماوەیەكی تریش بێت.