Draw Media

کوردستان و فەریکە دیموکراسی

کوردستان و فەریکە دیموکراسی

2018-08-12 19:45:00


■ چیا عەباس ..
دیموکراسیەت گرێبەستێکە نێوان گەل وەک سەرچاوەی تەشریع و فەرمانرەوا وەک لایەنی جێبەجێکەر، دەستوریش گرێبەستەکەیە. دیموکراسیەت بەیعەدان نیە کە فەرمانرەوایی بە پێرەوکردنی شەریعەتی خوا یا بە حوکمی فکر و عەقیدەیەکی تایبەت دەکرێ و گرێبەسەتەکەشی ئیمان و چەمکی کۆمەڵایەتیە. 
یەکێک لە پرەنسیپە بنەرەتیەکانی دیموکراسی یەکسانی هاوڵاتیانە لە ماف و ئەرکەکاندا. لەم روانگایەوە با بزانین دیموکراسی هەرێم لە کوێدایە.
لە گەڵ بەرزبونەوەی حەماوەی هەڵبژاردن و گرژبونی دەمارگیری حزبی چەندین بەرپرس و کادر و هەڵسوراو و نوسەر و کاندید بە لەهجە و شێوازێک باس لە هەڵبژاردنەکان دەکەن وەک ئەوەی بە نەکردنیان یاخود دواخستنیان کڵپەی دیموکراسی لە هەرێم دادەمرکێتەوە، حوکمرانی، خزمەتگوزاری، گۆرانکاری و کار و کاسبی ئیفلیج دەبن، بە ئەنجامدانیشی لە کاتی خۆیدا ئیتر پەیمانی وەفا و راستگۆیی لە گەڵ دیموکراسی دەگاتەوە لوتکە. گروپێکی تر بانگەشە بۆ بایکۆت دەکەن چونکە لەو باوەرەدان هەڵبژاردن شتی جەوهەری لە حوکمرانی ناگۆرێت. 
بۆ سەلماندنی کاریگەری دیموکراسی و گرنگی پەرلەمان گروپێک لەم هەڵمەتەدا گۆرینی هاوسەنگی هێزی ناو پەرڵەمان بە بەراورد بە سەرەتای دروستبونی بۆ پرۆسەی دیموکراسیەت و ژیانی پەرڵەمانی دەگەرێننەوە. 
ئەمە تەنها دیوێکی واقیعەکەیە، دیوەکەی تری ئەوەیە وێرای ئەو گۆرینە دەرکەوت شتێکی ئەوتۆی لە سیستەم و شێوازی حوکمرانی نەگۆریوە، بە پێچەوانەوە لە چەند بوارێکی هەستیاردا خراپتریش بوە لەوەی پێش گۆرینی هاوسەنگیەکە.
بۆ یەکەم جار لە مێژوی باشوردا دوای راپەرین پەنا بۆ چەمکی دیموکراسیەت برا،
کورد لە دۆخێکی زۆر دژوار و ئاڵۆزدا بو، کوردستانێکی وێرانەی دەستی سەدامی ئازاد کردبو، ئابوری دارمابو و لە گەڵ چەندین برین و کێشەی گەورە بەرەو ئازادی و بونیاتنان هەنگاوی دەنا، تەنها پشتگیری گەورەی هێزەکانی هاوپەیمان بون.
مەخابن هێشتا پەنجەمۆری دەنگدەران بۆ پەرڵەمانی کوردستان وشک نەبوبو بە زەبری هێز فیفتی- فیفتی سەپێنرا، ئەوەندەشی نەبرد لە سەر پارە فیشەک جێگای وشەی گرتەوە، پەرڵەمان لەت کرا و داخرا، " دیموکراتخوازە دێرینەکان" هۆکاری زۆر دەردەسەری و ماڵوێرانی و زراندنی ناو و ناوبانگی کورد بون.  

دوای چوار ساڵ بە جەبروتی ئەمریکا شەرەکە راگیرا و پەرڵەمان یەکخرایەوە.
ئەمە سەرەتای تاقیکردنەوەیەکی مێژویی بو بۆ دەسەڵاتدارانی کورد چۆن مامەڵە لە گەڵ پرۆسەی بە دیموکراتیزەکردنی کوردستان دەکەن. بە گەلێک پاساو و هۆکارەوە یەکگرتنەوەی دو ئیدارەکە لە سەر پشتی کیسەڵ دەرۆیشت، هەوڵێکی جدی نەدرا بۆ بە دامودەزگاکردنی جومگەکانی حوکمرانی تا بکرێنە کۆڵەیەکی  بەهێزی دیموکراسی، بە پێچەوانەوە چوار ساڵ دوای روخاندنی سەدام بە زەبری رێکەوتنی ستراتیژی نقەیان لە پرۆسەی بە دیموکراتیزەکردن بری، مافەکانی هاوڵاتیانیش کرانە خۆراک و کاڵای حزبی. 
وێرای ئەو سەرەتا سەقەتە بە درێژایی ٢٦ ساڵ لە تەمەنی پەرلەمان چەندین نوسەر و رۆشنبیر و خۆپیشاندەر بونە قوربانی بەکارهێنانی سادەترین مافی دیموکراسیان لە دەربرین را و نارەزایی، چەندین رێکخراو و دەزگا ناودارەکانی دنیا دەرباری پێشێلکردنی مافە دیموکراسیەکان راپۆرتیان بڵاوکردۆتەوە. 
تێگەیشتنی زۆربەی هێزەکان بۆ پرسی دیموکراسی تێگەیشتنێکە کە هاوتەریب بە ژمارەی کورسی بە دەستهاتوی پەرلەمان ژمارەی پۆست و دەسکەوتی تایبەت و حزبیان دەبینن، مامەڵەیان لە گەڵ پرۆسەی دیموکراسی وەک گرێبەستێکی سیاسی، یاسایی، ئیداری، کۆمەڵایەتی و مەعنەوی کە مافەکانی هاوڵاتی دەپارێزێت، دابینیان دەکات و بەرگریشیان لێدەکات، نەکردوە. 
زۆر ئاساییە هێزەکان مشوری یاسایی و رەوای پێگەی بەهێز لە پەرلەمان بخۆن وەک دەروازەی سەرەکی بۆ گەیشتن بە دەسەڵات، کێشەکە لەوەدایە بەدەستهێنانی ئەو پێگەیە بۆتە ئامانجی سەرەکی تا لە سایەی دەسەڵات و نیعمەتەکانیدا گوزەر بکەن، هەر بۆیە سەرجەم هەڵبژاردنەکان لە کوردستان بێبەری نەبون لە ساختە و فروفێڵی بەرچاو بۆ بەرزکردنەوەی زۆرەملێی نارەوای ژمارە. 
ئەم ئەزمونە تاڵانە دەریدەخەن کە شەرعیەتی شۆرشگیری لە دوای راپەرینەوە و لە یەکەم ساتی دروستبونی پەرلەمانەوە شکستی هێنا بە شێوازێکی هێمن و پەسندکراو و رەوا بەرەو شەرعیەتی یاسایی و دەستوری بروات، هاوکاتیش تارمایی ئەو دو شەرعیەتە لە پرۆسەی بە دیموکراتیزەکردندا وا تێکەڵ و پێکەڵ بون کە لێکەوتەکەی بۆتە ئەستەنگێکی سەرسەختی بەردەم پرۆسەکە. ئەزمونی حوکمرانی و پەرلەمانی کوردستان لێوان لێون لە دەیان نمونە لەو بوارەدا. 
بەشێکی تر لە خەمخۆرانی هەڵبژاردن بە جۆرێک سەمایەیان بە دەوری خێمەی دیمەکراسیەت و پەرلەماندا بەرپا کردوە وەک ئەوەی گرێبەستی دەستور یەکلایی بۆتەوە و بەیعەتی ئاینی و حزبی و خێلەکی و فکری ملکەچی پرۆسەی بە دیموکراتیزەکردن و بەرژەوەندیە باڵاکانی نەتەوە و نیشتمانن.
کارنامەی هێز و حزبەکانی کوردی لە ساتی دامەزراندنیانەوە( نەتەوەیی، ئاینی، کۆنسێرڤەتیڤ، کۆمینیست، سۆسیال دیموکرات و.... جۆرەکانی تریش) داوای دیموکراسیەتیان کردوە و بە کلیلی چارەسەری پرسی کوردیان زانیوە.
پاش روخاندنی سەدام و پێرەوکردنی سیستەمێکی پەرلەمانی تەوافقی لە بەغدا کە بۆ زیاتر لە ١٣ ساڵە بێجگە چەسپاندنی چەند مافێکی رەوای کورد لە دەستوردا نەبێت پرسە گرنگەکانی تر یەکلا نەکراونەتەوە، کەچی هێزە کوردیەکان بە بانگەشەش بێت گۆدۆ ئاسا چاوەروانی دیموکراسی بەغدان، لە کاتێکدا نێوماڵی خۆیان تەنراوە بە دیاردە و کاری نامۆ بە دیموکراسی. 
کاتیەتی دەرک بکرێت بەوەی زۆر لە مێژە پرسی دیموکراسیەت لە ناوچەکەمان، بە کوردستانیشەوە، برینە کۆنەکەیەتی کە لە سایەی ئاین و مەزهەب و حزب و عەقیدە و دکتاتۆر و نەریتە بەسەرچوەکاندا زەمینەی سارێژکردنی بۆ نەرەخساوە.    
کاتێک گۆڕان دروستبو نوێنەرەکانی پەرڵەمانی کوردستان یان وروژاند، هاوکێشەکان، ئیرادەی حزبی، بەرژەوەندخوازەکان، ژمارەکان و بەرپرسان کەوتنە بەر شاڵاوی راستەوخۆی نارەزایی و هەڵچون، هاوتەریب هەڵمەتێکی راگەیاندنی بەهێزیش ئاستی هۆشیاری کۆمەڵایەتی و تێگەیشتنی خەڵکی بۆ چەندین چەمکی سیاسەت و حوکمرانیان پتەوتر کرد.
گۆرانکاری لە ئەقڵیەتی خەڵک و گەشەکردنی ئاستی هۆشیاری کۆمەڵایەتی ئەو سەرمایە گەورەیە کە کاری بەرەی نارەزای ناو پەرڵەمان بەدەستی هێناوە. مەخابن باش ئیستیسمار نەکراوە، چونکە پرسی دیموکراسی بۆ بەرەی عیلمانی نارەزاش لە هەمان فێرگای فکری و سیاسی بەرەی دەسەڵاتەوە سەرچاوەی کردوە.
لەو فێرگایەدا وا پەروەردە و گۆشەکراون کە ململانێکردنی یەکتر بە چەک یاخود بە سیاسەت بۆ زاڵبون و باڵادەستیە و گەر بشکرێت بۆ سرینەوەی یەکترە، بە چەک و سیاسەت ئەمەیان بۆ نەکرا. 
لە سایەی ئەو مێژ و زەمینەیەدا شەری دەنگ لای خۆمان زۆر ئاڵۆزترە لە شەری چەک، چونکە دەنگ وەک فیشەک نیە دەتوانرێت ئاراستەکەی بگۆردرێت، بۆیە شەرەکە لە سەر ئاراستەکردنی دەنگە.
راستە لەم شەرەدا بەرنامەی جیاواز خراونەتە بەردەم دەنگدەر، تا ئێرە کارێکی ئاساییە، ئەوەی هێزەکان لەو پرۆسەیەدا پشتگوێیان خستوە ئەوەیە کە پرۆسەی دیموکراسی تەنها دەنگدان نیە، بەڵکو لە بنەرەتدا پەروەردە و گۆشەکردنی دیموکراسیانە و پێرەوکردنی یاسا و بە دامەزراوەکردنی حوکمرانی و دادپەروەری و قبوڵکردنی یەکتر و جیاوازیەکان و گوێگرتن لە لۆژیکی واقیعی و لە سەروی هەمو ئەمانەشەوە دارشتنی هاوبەشی بەرژەوەندیە باڵاکانی نەتەوە و نیشتمان و پێرەوکردنیانە.  
پرۆژە یاسای هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم یەکێک بو لە پێوەرە هەرە گرنگەکان بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی ئەقڵیەتی سیاسی دیموکراسی. 
چاوەروان دەکرا پارتی لە گەڵیدا نەبێت، بەڵام نەک بەو شێوەیەی قفڵ لە دەرگای پەرڵەمان بدات و رێگری لە سەرۆکی پەرلەمان بکات و نوێنەرانی هاوپەیمانێکی حوکمرانی بە فەرمانی حزبی رەوانەی ماڵەوە بکات. 
ئەوەی چاوەروان نەدەکرا یەکێتی کە خۆی بە سۆشیال دیموکرات دەزانێت و خاوەنی پرۆژەی سەرەتایی هەموارکردنەوەکە بو لە پشتەوە خەنجەرێک لە پرسێکی گرنگی دیموکراسی بدات. ئەم ئەزمونە سەلماندی بەیعە کرۆکی دیموکراسیەتی لە کوردستان دارشتوە و ئەقڵیەتی سیاسی کوردی ماویەتی بتوانێت ملکەچی دیموکراسیەتێکی راستەقینە بێت.
بۆ خۆم ئەوپەری شانازی دەکەم کە کوردستانەکەم خاوەنی پەرلەمانە، هاوکات بێ ئومێدیشم بە مانەوەی ئەم پەرلەمانە بەم شێوازەی ئێستا بتوانێت رۆڵیکی کاریگەری لە بیناتنانی نەتەوەکەمدا هەبێت.
بێگومان پەرلەمانتارە بەرێزەکان دەڵێن چەندین یاسایان دەرکردوە، چەندین لێپرسینەوە و چاودێریان کردوە و رۆڵیان لە چارەکردنی چەند کێشەدا هەبوە.
ئەوانە هەمویان راست و واقیعن. گروپ و کۆمەڵگا سەرەتاییەکانیش یاسا و رێسای خۆیان بۆ رێکخستنی ژیانیان هەبوە، گەرچی ئەمجۆرە لە حوکمرانی بە زەبری وراسی و عرفەوە بەرێکراون، بەڵام شتی زۆر باشیان بۆ خۆیان کردوە کە دواتر گەشەیان کردوە و بونەتە بەردەکانی بناغەی فەرمانرەوایی لە دنیادا.
ژیانی پەرلەمانی کوردستان، سەرەرای دەسکەوتەکانی، لە کەش وهەوای فەریکە دیموکراسیدا گیرساوەتەوە، پرۆسەی دیموکراتیزەکردن بەو شێوازە لە دایکبو، بە ئیفلیجی پەروەردە کرا، بە زەبری حزب و بەرژەوەندیەکان تا ئەم چرکەیەش دیلێکی قوماتە کراوە و ناو بە ناویش بە میلۆدیا نەتەوەییەکان دەیلاوێننەوە.
وێرای ئەوەی ئەم هەڵمەت و پەرۆشیە بۆ هەڵبژاردن مافی هێزەکانە، بەڵام گرنگ نیەتە هاندەرەکانن، بێگومان بەشێکی خەمخۆریە و بەشەکەی تریشی بۆ شەرعیەت دانە بە پێگە، جا چ دەسەڵاتدار بێت یاخود نارەزا و ئۆپزسیۆن، ئەو دو بەرەیەی کە هەر یەک لێیان پشکی خۆی هەیە لە شێواندنی زەمینە دروستەکەی دیموکراسی.


رۆتەردام: ١٢ی ئۆگۆستی ٢٠١٨  
   
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand