عیراق وەک سییەکى هەناسەدان بۆ ئێرانى گەمارۆدراو
2018-08-12 19:36:46
■ یاسین تەها ...
سەرۆک وەزیرانى عێراق حەیدەر عەبادى لەدوا کۆنگرەى هەفتانەیدا زۆر درێژەى دا بەباسکردنى زیانەکانى گەمارۆ ئەمەریکییەکان لەسەر گەلى ئاسایی ئێرانى و بەدۆخى خەڵکى عێراق و ساڵانى نەوەدەکانى چوواند. بەڵام بەرانبەر بەمەش جەختیکردەوە کە حکومەتەکەى "لەپێناو بەرژەوەندى گەلى عێراق" پابەند دەبێت بەو گەمارۆیانە کە یەکلایەنە لەلایەن ئەمەریکاوە سەپێنراون بەسەر تاران بەتایبە پاش هەڕەشەی تڕەمپ بۆ خۆ یەکلاییکردنەوەی وڵاتان لەنێوان ئەمەریکاو ئێران.
هەندێک لەچاودێران ستایشى هەڵوێستەکەى عەبادى دەکەن و پێیانوایە پراگماتییە بەرانبەر دۆسییەک کە زۆر گەورەترە لەقەبارەى عێراق، بەڵام هەندێکیتر لەوانەش سەرۆک مەعسوم بەگومانن عێراق بتوانێت بەئاسانى پابەند بێت بەگەمارۆکان چونکە 1400 کم سنوری لەگەڵ ئێراندا هەیە، ئەمە جیا لەپەیوەندییە مێژویی و مەزهەبییەکانى نێوان هەردوو وڵات.
دۆستانى ئێران لەبەغدا بەرەیەکى گەرمى شەڕیان کردۆتەوە دژى هەڵوێستەکەى سەرۆک وەزیران، بەجۆرێک لەماوەى دوو رۆژدا زیاتر لە 20 بەیاننامەو لێدوانى جیاجیا لەوبارەیەوە دەرکران کە زۆربەیان دژى چونە بەرەى ئەمەریکا بوون لەلایەن عێراقەوەو هەندێ سیاسەتوانیش ئەمەیان ناوناوە شیزۆفرینیا.
حیزبى دەعوە کە بنکەى سیاسى عەبادییە، داوایکرد "گەلانى ئازادیخواز دژى گەمارۆکەى ئەمەریکا بوەستەوە"، بێئەوەى باسى هەڵوێستى حکومەتى عێراق بکات لە پابەندبوون بەو گەمارۆیانە لەکاتێکدا سکرتێرى مەکتەب سیاسییەکەى خۆى "عەبادى" سەرۆکایەتى دەکات. بەرانبەر بەمەش ئەمیندارى گشتى حیزب کە نورى مالیکییەو لەرکابەرییەکى سەختدایە لەگەڵ عەبادى راشکاوانە دوایکرد حکومەتى عێراق نەبێتە بەشێک لەگەمارۆکان، بەدواى ئەوەشدا کۆبوونەوەیەکى لەگەڵ بالیۆزى ئێران ئیرەج مەسجدی _ دا گرێدا بۆ سەلماندنى مانەوەى کاریگەریی ئێران لەکایەى سیاسى عیراقیدا. ئەوەشى مالیکى بەراشکاوانە نەیوت، ئەوا هەندێ لەسەرکردەکانى دەعوەو ناوەندیترى نزیک لەئێران وتیان کاتێک عەبادیان تۆمەتبار کرد بە "بێ سفەتى" بەو پێیەى ئێران لەسەردەمى سەدام پەناى حیزبى دەعوەو خودى عەبادى ـ یان داوە، لەشەڕى داعشیش هاوکاریی باشى عێراقیان کردووە.
دابەشبوونى عێراقییەکان لەبارەى سزا ئەمەریکییەکانى سەر ئێرانەوە، تەنها لەناو حیزبى دەعوەى حوکمڕاندا نییە، بەڵکە ئەم دۆسییە فرە رەهەندە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییە تەواو عێراقى شپرزە کردووە، وەک ئەوەى وڵاتەکە خۆى زۆر تەباو رێک بێت و هیچ هۆکارێکى نەبێت بۆ دابەش بوون. بۆ نمونە کەتیبەکانى سەیدولشوهەدا کە لەژێر چەترى حەشدى شەعبیدان داوا دەکەن بەهەمووجۆرێک ئیش بکرێت بۆ شکاندنى گەمارۆکان و سوێندیان خواردووەو خوایان گرتووە بەشایەت لەبەیاننامەکەیان کە نان لەگەڵ ئێرانییەکان بکەن بەدوو کەرتەوە. بەبێ ئەوەى ئەوان هەڵوێستەیان لەسەر ئەوە کردبێت کە هێشتا نان و خواردن و شمەک و کەلوپەل هەر لەئیرانەوە دەگاتە عێراق و قەبارەى ئاڵوگۆڕى بازرگانى شمەک لەئێرانەوە بۆ عێراق ساڵانە 6 ملیار دۆلار تێپەڕ دەکات.
عەسایب کە 15 کورسى پەرلەمانیان بەدەستهێناوەو لەباڵە ئێرانییەکانى حەشدن برێک دیبلۆماسیانەتر مامەڵەیان لەگەڵ دۆخەکە کردووە بەبیرخستنەوەى عەبادى کە ئەو حکومەتى کار بەرێکەرى کاتییەو مەجبور نییە بچێتە ژێربارى بڕیارى وەها، ئەمەش پێچەوانەى هەڕەشەى گروپەکانیترى حەشدى دەستەخوشکى عەسایبە لەچەشنى کەتیبەکانى حیزبوڵڵا.
لەناو شەپۆلى نارەزایەتییەکانى شیعە دژى بەشدارى عێراق لەگەمارۆکانى سەر ئێران، رەوتەکەى حەکیم ناوەراستى گرتووە بەداواکردنى قسەکردن لەگەڵ ئەمەریکا بۆ رەچاوکردنى دۆخى عێراق و پێدانى رۆڵێکى هاوچەشنى ئوردن لەگەمارۆى عێراقى ساڵانى نەوەدەکان، ئەنجومەنى باڵاى ئیسلامیش شتێکى هاوشێوەى لەمەى وتووە بۆ دورکەوتنەوە لەتوڕەیی ترەمپ و هەمیش قوتاربوون لە ئیحراجى بەجێهێشتنى هاوپەیمانەکەیان کە ئێرانە. نێچرڤان بارزانى کە حکومەتەکەى بەبێ پرسى عێراق نەوت دەفرۆشێت، دەلێت چاوەڕوانى هەڵوێستى بەغدا دەکەین لەمەڕ ئێران.
لەرووى ئابووریشەوە شارەزایان پێیانوایە ئەو دۆخەى لەئێران هاتۆتە ئاراوە هەندێک جێکەوتەى دەبێت لەسەر عێراق لەوانەش، کەمبونەوەى دانانى پارە لەبانکەکانى ئێران، چونکە بەپێى هەندێک خەمڵاندن لەماوەى رابردوودا عیراقییەکان لەهاڕەکردنى بەهاى تمەن نزیکەى 500 ملیۆن دۆلار زیانیان کرد. جگە لەوەش رەنگە خەڵکى زیاتر بۆ گەشتوگوزار روو بکەنە ئێران و لەوەیە خانوو شوققەو ئەرزەش بکڕن چونکە نرخەکەى هەرزانە لەچاو دۆلار، ئەو شتانەشى بەفەرمى قەدەغە دەکرێن دگۆردرێن بۆ مەرزە نافەرمى و رێگا قاچاغەکان.
لەمەولا چیتر ئیرانییەکان ناتوانن بۆ گەشتوگوزار یان زیارەت وەک جاران بێنە عێراقەوە بەهۆى گرانى تێچوونەکان، ئەگەرى زۆریش هەیە بەقاچاغ ئاودیوکردنى دۆلار لەسەر ئاستێکى فراوان دەست پێ بکات بەتایبەت ئەوکاتەى عێراق دەبێتە سییەکى هەناسەدان بۆ ئیرانى تەواو گەمارۆدراو لەمانگى تشرینى دووەمى ئەمساڵدا. هەرچەندە عێراق خۆى کێشەى کوشندەى بێکاریی هەیە بەڵام دوور نییە ئێرانییەکان روو بکەنە ئێرە بۆ دەسکەوتنى کارو راکردن لەو دۆخە سەختەى لەوڵاتى خۆیاندا سەرهەڵدەدات.
هەرچەندە گەمارۆکان بۆ ئێران کوشندەو خراپن بەڵام بەشى عێراقیش خێریان تێدایە بەهۆى بەرزکردنەوەى نرخى نەوتەوە کە داهاتى سەرەکى عێراقییەکانە، زۆر کەسى بەئاگاش هوشیاریی دەدەن لەوەى عێراق دڵ بەو سەرکزییەى ئێستاى ئێران خۆش نەکات، چونکە گوشارەکان زیاتر تڕەمپ ـ ین تا ئەوەى ئەمەریکى بن و ئەگەر بێت و دوو ساڵیتر نەبێتەوە بەسەرۆک ئەگەر هەیە ئیران بگەرێتەوە دۆخى خۆى وەک سەردەمى ئۆباما.