لایەنە ناڕازییەكان چۆن خۆیان كوشت!
2018-08-12 13:27:50
■ كەمال رەئوف..
بەدەر لەلۆمەو رەخنەو رەتكردنەوەی كاری ساختەكاری پارتی و یەكێتی لەهەڵبژاردنەكان، گرنگە كەموكورتی لایەنە نارازیەكانیش لەبەرچاو بگیرێت و ئەو هەڵانەش باس بكرێت كە خۆیان لێ بەرپرسیار بوون، چونكە ئەوەی لە هەڵبژاردنی 12/ 5 رویدا گەر بەشێكی رەخنەكان بەرەو رووی لایەنە نارازیەكان نەكرێتەوە، بەتایبەت گۆران، هاوپەیمانی، كۆمەڵ و یەكگرتوو، ئەوان رەخنەكان جگە لەپاساو هێنانەوە هیچی تر نابێت.
سەرباری ئەو هەموو كاری ساختەكاریانەی ئەنجامدران، هێشتا كۆی دەنگی ئەو چوار لایەنە پێكەوە لەهەرێم دەكاتە هێزی دووەم و لەگەڵ پارتی ئەوەندەی جیاواز نییە، بۆنمونە، لەهەرێم ئەو چوار لایەنە پێكەوە كۆی دەنگەكانیان دەكاتە، 512351 دەنگ، لەكاتێكدا كۆی دەنگانی یەكێتی 364638 دەنگە، واتە 147713 دەنگی لە یەكێتی زیاترە، پارتی كە هێزی یەكەمە لەگەڵ چوار لایەنەكە 212376 دەنگی زیاترە، بەڵام دابەش بوونی لایەنەكان و فەوتاندنی دەنگەكانیان واكەوتۆتەوە، كە نەوەی نوێ بە 63760 دەنگەوە لەسلێمانی 2 كورسی بەربكەوێت لەكاتێكدا چوار لایەنەكە، بە 283289 دەنگەوە بتوانن تەنها 6 كورسی بەدەست بهێنن، ئەمە لەكاتێكدا چوار لایەنەكە 219529 دەنگیان لە نەوەی نوێ زیاترە، خۆ ئەگەر چوار لایەنە نارازیەكە پێكەوە بونایەو دەنگیان نەفەوتایە، دەبوو لەباتی 6 كورسی 9 كورسیان بۆخۆیان مسۆگەر بكردایە. لەهەولێر چوار لایەنەكە كۆی گشتی دەنگەكانیان 152659 دەنگە بەڵام سێ كورسیان مسۆگەر كردوە، بەڵام نەوەی نوێ بە 70833 دەنگ دوو كورسی بەركەوتوە، واتە دەبوو چوار لایەنەكە زیاتر لە 4 كورسیان بەربكەوێت. لەدهۆكیش هەمان حاڵ دووبارە بووەتەوە، بۆنمونە، هەرچوار لایەنەكە 76631 دەنگی هەیە، بەڵام یەك كورسیان بەركەوتوە، گەر پێكەوە بونایە دەبووە دووكورسی، واتە كۆی ئەو كورسیانەی لە هەر سێ پاریزگاكە لەدەستیانداوە بەهەڵەی خۆیان دەكاتە 6 كورسی. ئەمە وێرای ئەگەر بەیەكەوە بونایەو یەك لیستیان هەبووان ئومێدی زیاتر و بەشدارییەكی زیاتری خەڵك لەهەڵبژاردن دەكراو رادەی كاری ساختەكاریش بەو شێوەیە نەدەبوو كە ئێستا چارەسەركردنی بووەتە خەونی حوشتر. ماوەتەوە سەر ئەوەی بڵێن گەر دەسەڵات غەدری شەش كورسی لێكردبێتن بۆ خۆشیان هۆكاری لەدەستدانی زیاتر بوون، بۆیە هەقوایە بەشێك لە رەخنەكان پێش دەسەڵات بەرەو رووی ئەو هۆكارانە بكەنەوە كە تەنها خۆیان هۆكار بوون و نەیان توانی دۆخەكە وەك خۆی بناسنەوە.