لیرە و تمەن بەرامبەر دۆلار
2018-08-12 13:01:35
■ كۆساڵان عەبدولمەجید ..
لەبنەمادا ھاتنە سەردەسەڵاتی ترامپ واتای گۆڕانکارییەکی ئابوری سیاسی بوو بۆ جیھان و بەتایبەت ڕۆژ ھەڵاتی ناوەڕاست، ترامپ نەیشاردۆتەوەو بەئاشکرا ئەڵێت "ئەوەی لەگەڵ ئێرانە لەگەڵ ئێمە نیە".
لەبنەمادا ئێرانیش ھێندە پارویەکی بچوک نیە تا بەئاسانی قوتبدرێت، ھەربۆیە سیاسەتی ئەمریکا لەشەڕی بەرامبەر ئێران بەچەند شێوازو قۆناغێکە و کۆتا ڕێگەی چارەسەری سەربازییە.
لەو چوارچێوەیەدا ئەمریکا ھەوڵی بڕینی شادەمارەکانی ئێران دەدات لە عێراق سوریا لوبنان، بەبڕوای من شەڕی سوریا و داتەپینی ئابوریيەکەی و لەناوبردنی ئەسەد ھەر لەچوارچێوەی بڕینی شادەمارەکانی ئێراندایە. لەکاتێکدا ئەمریکا دەیتوانی چەند ساڵێک لەمەو بەر ئەو سزایانە بەسەر ئێراندا بسەپێنێ بەڵام ئیدارەی ئەو وڵاتە ھەموو ھەنگاوێک بەدراسە دەکەن، چونکە ھەتا پەلوپۆکانی ئێران لەکارنەخەن، باش دەزانن سزاکان کاریگەری ئەوتۆیان نابێت، لەماوەی ڕابردوشدا ئەو ڕاستیيە سەلمێنرا.
بۆیە بەدرێژایی شەڕی ئەمریکاو ئێران و لەچوار چێوەی ئەو فشارانە خراونەتە سەر ئابوریيەکەی، ھێندەی ئێستا کاریگەری نەبووە و ھێزی کڕینی پارەی دانەبەزیووە.
ئەمە لەکاتێکدایە ھیچ یەکێک لە دەوڵەتە ھاوپەیمانەکانی لەناوچەکە حاڵیان لە ئیران باشتر نیە وەک حکومەتی شیعەی عێراق و بەشار ئەسەد لە سوریا، بۆیە بەئاسانی ناتوانێ ئەو لاسەنگیيە ڕاست بکاتەوە.
یەکێک لەو دەوڵەتانەی غەزەبی توڕەیی ئەمریکا گرتویەتيیەوە، تورکیایە، کە دەیەوێت سەرکێشی لەگەڵ ئەمریکا بکات لە سیاسەتی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا. ڕاستە بە ئێستەشەوە تورکیا ھاوپەیمانێکی ستراتیژی ئەمریکایە، بەڵام ھەندێ جار بەمەبەست بێت یان بێ مەبەست لەخەتی ئەمریکا لا ئەدا، بۆیە ناتوانین بڵێین ئەمریکا وەک ئێران چاو لە تورکیا دەکات، بەڵام پێویستیشە جارجارە زلەیەكی ئاگادارکردنەوەی لێبدات.
سەرەڕای بوونی چەند دۆسیەیەکی بازرگانی و سپیکردنەوەی پارەی ئێرانی لە لایەن تورکیاوە، لەئێستاشدا تورکەکان بە ئاشکرا دەڵێن ئێمە پابەندی سزاکانی ئەمریکا بۆسەر ئێران نابین، دروستە ئەگەر لەڕووی دیبلۆماسیيەوە سەیری ئەو ھەڵوێستەی تورکیا بکەن، بەو مانایە کە دەیەوێت ئەمریکا ناچار بکات مل بۆ کۆمەڵێک داواکاری بدات، بەڵام ئایا تاچەند ئەمریکا بەدەم ئەم فشارانەی تورکیاوە دێت ؟
وەک دەردەکەوێت ئەمریکا نەک بەدەم فشارەکانی توەکیاوە نەھاتووە، بگرە تۆزێکی ماوە ھاوتای ئێرانی بکات، لیرەی تورکی تۆزێکی کەمی ماوە لەڕوی ھێزی کڕینەوە ھاوشێوەی تمەنی ئێرانی لێبێت.
پرسیاری گرنگ ئەوەیە، ئایا کام لەم دوو دەوڵەتە زوتر تەسلیمی ئیرادەی ئەمریکا دەبن؟
ئەوەی جێی سەرنجە فشارەکانی ئەمریکا بۆسەر تورکیا زیاتر و کاریگەر تر دەبن،چونکە ساڵانێکە گەلی ئێرانی بەبەراورد بە تورکیا لەگەڵ ئەو دۆخە ڕاھاتون و دەڵێن "زیندەگی سەختە"، بەڵام تورکەکان وانین، بەرگە ناگرن، چونکە شێوازو ستایلی ژیان لە خواردن و خواردنەوە، کەیف و سەفا، زۆر لەگەڵ ئێرانیيەکان جیاوازە.