بۆچی ئێمە خاوەن سیستەم نین؟
2018-08-11 11:01:20
■ د. ئەحمەدی مەلا ..
ئەوەی لای ئێمە هەیە، سیستەم نییە، بەڵکو "ستراکتور" هەن، مزگەوت "ستراکتورێکە" لە ناوەوەی ئەم ستراکتورە سیستەم هەیە، نموونە، ئەرکە ئاینییەکان، پێنج ئەرکەکە، ژمارەی کڕنۆشەکان، دەسنوێژ پێش نوێژکردن، گوتاری هەینی هتد. خێل ستروکتوترێکە، لە ناوەوەی ئەم ستراکتورە سیستەم هەیە. سوڵحی عەشایریی، هەڵبژاردنی ریش سپی، نەریت و دەستوورە نەنووسراوەکان.خێزان ستراکتورێکی دیکەیە، هەروەها قوتابخانەش ستراکتورێکە، لە ناوەوەی ئەم بونیادە سیستەم هەیە، ژمارەی وانەکان، دابەشبوونی مادەکان و نمرە بەدەستهێنان و دەوامی بەیانیان و دوای نیوەڕوان. بەڵام ئەم ستراکتورانە، وەکو دورگەی دوور لەیەکن. لە سەرووی ئەمانەوە سیستەمێکی گشتگیر نییە. دروستکردنی سیستەم پەیوەستە بە پرۆسەی ئەقڵانییەوە کە دواتر لەگەڵ مۆدێرنیتێ یەک دەگرێتەوە و دواجار دەبێتە بنەما بۆ بەڕێوەبردنی دیموکراسیی و هتد تاکو ئێستا هیچ حیزبێک نەیتوانیوە خوێندنەوەیەکی ورد بکات و پرۆگرامێکی تێروتەسەلی لەم رووەوە هەبێت. وەک بینیمان، مامۆستایانی قوتابخانە مانیان گرت، هیچی لێ شین نەبوو، چونکە قوتابخانە دابڕاوە لە کۆمەڵگە..سبەی ئەگەر هەموو زانکۆکان دەرگاکانیان دابخەن، هیچ روو نادات...سبەی کەس نەچی بۆ مزگەوت، هیچ روو نادات..جوتیار زەوی نەكێڵێ، هیچ روو نادات...ئێمە سیستەممان نییە، چونکە دامودەزگایەکی باڵامان نییە کە سەرنجی کۆمەڵگە بدات، لە جوولەکانی تێبگات و دواجاریش ئاراستەی بکات، دەستنیشانی کێشەکان بکات و چارەسەری بۆ بدۆزێتەوە.حیزب هەموو ئەرکەکانی کورتکردۆتەوە بۆ چەند شتێکی سادە و ساکار کە ئیدامەدانە بە بوونی خۆی وەکو حیزب کە بانگەشە بۆ ئەوە دەکات کە بوونی ئەو وابەستەیە بە بوونی کوردەوە. چۆن لەگەڵ بەغدا رێک بکەوێ...چۆن دڵی شیعە رازی بکات، چۆن لەگەڵ سوننە بکەوێتە دانوساندنەوە...چۆن داوای یەک ریزیی بکات، چۆن و چۆن..سیستەم واتە بوونی یەک پاکێچ، ئەمەش پەیوەستە بە پرۆسەی ئەقڵاندنەوە کە لە لای ئێمە نییە.