Draw Media

تەقلیدییبونی نەوەی نوێ 

تەقلیدییبونی نەوەی نوێ 

2018-08-08 20:22:47


■ د. نیاز نەجمەدین ..

نەوەی نوێ زۆر باسی تەقلیدیيبون دەکات. بەپێی سەرنج و تێگەیشتنی خۆم، چەند بەڵگەیەک ئەخەمەڕوو کە دەریدەخات ئەم حزبەش زۆر هێڵی هاوبەشی هەیە لەگەڵ حزبی تەقلیدییدا. 
تەقلیدییبون چییە؟
- نەرجسییەتی سیاسیی: تەقلیدییبون ئەوەیە حزبێک توشی نەرجسییەتی سیاسیی ببێت، تەنیا سەرۆکەکەی خۆی یان حزبەکەی خۆی بە باشترین بزانێت، خۆی وەک فریشتە و ئەوانی تر وەک شەیتان سەیربکات. ئەوەی لە نەوەی نوێم بینیوە، رایان وایە کە تەنیا خۆیان تەقلیدیی نین، تەنیا خۆیان باشترینن و تەنیا ئەوانیش گۆڕانکارییان پێئەکرێت. 
- ئەخلاقی سیاسیی: تەقلیدییبون ئەوەیە لە پێناوی سەرکەوتندا دەست بۆ هەموو میکانیزمێک بەریت و باز بەسەر هەموو ئەخلاقێکی سیاسییدا بدەیت. نابێت ئامانجەکەت سەرکەوتن بێت بەو مانایەی لە حزبێکی ببةیتەوە. مەسەلەکە بردنەوە نییە لە حزبێک، بەڵکو توانای گۆڕانکارییە لە ژیانی خەڵکدا. تا ئەو شوێنەی من ئاگاداربم، ئەمەشم لە نەوەی نوێ نەبینیوە. 
- داخراویی حزب: تەقلیدییبون ئەوەیە حزبەکەت داخراو بێت، تەنیا لە ئەندام و لایەنگران و ئەکادیمیی و رۆشنبیرانی حزب قسە وەربگرێت و وزەی ئەمانیش بخاتەوە پارێزگاریکردن لە خۆی، لە بری مەسەلەی نیشتمانیی و ئینسانیی. ئەوەی تێبینییم کردووە، ئەگەر بە شان و باڵیاندا هەڵبەیت، یان بۆچونه‌که‌ت ره‌خنه‌ی ئه‌وان نه‌بیَ و ده‌عمیان بکات، ئەوا دەتخەنە سەر شاشەکانیان و ماڵپەڕەکانیان. بەپێچەوانەوە، فەرامۆشت ئەکەن.
- دوا خاڵ، تەقلیدییبون ئەوەیە هەڵبژاردنی پاک و دادپەوەرانە لەناو حزبەکەتدا رونەدات و باسی ئەوەش بکەیت کە دەبێت "هەڵبژاردنی پەرلەمانی پاک و بێگەرد بێت"، حزبەکەی خۆی بەدەزگایینەکردووە و باسی بەدەزگاییکردنی پەرلەمان و حکومەت دەکات، هەر بەو شێوەیە. کوا دەزگا و هەڵبژاردنی پاک و دادپەروەر و موشارەکەی بڕیاردان لەم حزبەدا؟ لەم چەند مانگەدا زۆر کەس وازیان لێ هێنان لەسەر ئەم تەقلیدییبونە. 
ئەمانەی سەرەوەش بۆ ئەوە نەموتون تا بڵێم: ئەم حزبە بسڕنەوە، دەنگی پێ مەدەن و چی و چی تر. هەم رونکردنەوەیەکی سادەیە بۆ رای گشتیی، رەخنەی ناڕاستەوخۆشە لە حزبەکانی تر، هەم بەڵکو برادەرێک لەو برادەرانەی نەوەی نوێ کە لە فەیسبوکدا هاوڕێمن گوێی بیستنی رەخنەیان بەهێزبێت و خۆیان راست بکەنەوە ئەگەر سەرنج و تێبینییەک شیاو و راست بوو.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand