كابینەی هەشتەم.. درێژكردنەوەی ویلایەتی بارزانی و داخستنی پەرلەمان
25(4).jpg)
2025-03-16 18:28:12
راپۆرت: درەو
7ی ئاب 2013 وادەی خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستان كۆتایی هات، بەر لەم وادەیەو لە 5ی كانونی یەكەمی 2012دا ئەرسەلان بایز سەرۆكی پەرلەمان نوسراوێكی ئاڕاستەی مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد، داوای لێ‌كرد مەرسومێكی هەرێمیی دەربكات و وادەی هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمان دیاری بكات، بەجۆرێك ماوەی (6) مانگ بۆ ئامادەكاریی كۆمسیۆن بۆ هەڵبژاردنەكە، لەبەرچاو بگیرێت.
18ی نیسانی 2013، بارزانی مەرسومێكی دەركردو رۆژی 21ی ئەیلولی 2013ی وەكو وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمان و هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی هەرێم دیاریكرد، چونكە هاوكات لەگەڵ تەواوبوونی وادەی خولی سێیەمی پەرلەماندا، وادەی سەرۆكی هەرێمیش تەواو دەبوو.
وەكو بارزانی خۆی دەڵێ:
(لە دوای ئەو فەرمانی دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردن و پێش دەرچوونیشی، جیاوازیی بیروڕا هەبوو لەسەر میكانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، كە ئایا بەپێی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ژمارە 1ی ساڵی 2005ی هەمواركراو و پڕۆژەی دەستوور بێت، كە سەرۆكی هەرێم راستەوخۆ لە لایەن خەڵكەوە هەڵبژێردرێت، یان بە پێی بۆچوونی چەند حیزبێك كە داوا دەكەن سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە نێو پەرلەماندا هەڵبژێردرێت).
دەستورو درێژكردنەوەی ویلایەتی بارزانی
بۆ چارەسەری پرسی چۆنیەتی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم، پرسی رەشنوسی دەستوری هەرێمی كوردستان هێنرایە پێشەوە، رەشنوسێك كە لە كۆتایی خولی دووەمی پەرلەماندا‌و بەدیاریكراوی لە 24ی ئابی 2009دا پەسەندكرا بوو؛ لەڕێگەی بریكارەكانی دابەشكردنی خۆراكەوە، دەقی پرۆژە دەستورەكە بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشكرابوو، ئەم پرۆژەیە لە (122) ماددە پێكهاتبوو، لەكۆی (97) ئەندامی ئامادەبووی دانیشتنی پەرلەمان، (96) دەنگی هێنابوو. دوای پەسەندكردنی پرۆژەی دەستورەكە، پەرلەمانی كوردستان بڕیاریدا بوو، پرۆژەكە بخرێتە راپرسیی گشتییەوە، ئەم بڕیارەش لەكاتێكدا دەرچوو بوو كە ماوەی یاسایی خولی دووەمی پەرلەمان كۆتایی هاتبوو، بەوپێیەی لە تەموزی 2009 هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو بوو، بەڵام هێشتا پەرلەمانتارە نوێیەكان دەستبەكار نەبووبوون.
خولی سێیەم سەرەتای دەركەوتنی بەرەیەكی ئۆپۆزسیۆنی بەهێزبوو لەناو پەرلەمان بە سەرۆكایەتی بزوتنەوەی گۆڕان؛ كە پێكەوە لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی‌و یەكگرتووی ئیسلامی‌دا لەكۆی (111) كورسی (35) كورسی پەرلەمانیان هەبوو، ئەم بەرە نوێیە ناڕەزایەتی لەسەر رەشنوسەكە هەبوو، رێگری كرد لە تێپەڕاندنی دەستورەكە بۆ راپرسی گشتیی.
17ی شوباتی 2011 لەژێر كاریگەریی خۆپیشاندانەكانی "بەهاری عەرەبی"دا، شەپۆلێك خۆپیشاندان لە هەرێمی كوردستان دەستی پێكرد، یەكێك لەداواكارییەكانی خۆپیشاندانەكانی 17ی شوبات، گەڕاندنەوەی دەستور بوو بۆ پەرلەمان، مانگێك دوای ئەم خۆپیشاندانانە‌و بە دیاریكراوی لە 17ی ئازاردا، لەژێر فشاری شەقام‌و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان، پەرلەمانی كوردستان بڕیاری ژمارە (2)ی پەسەندكرد، یەكێك لە خاڵەكانی ئەم زنجیرە بڕیارە ئەوە بوو، دەستورە پەسەندكراوەكە نەخرێتە راپرسی گشتیی‌و جارێكی تر بگەڕێندرێتەوە بۆ پەرلەمان بەمەبەستی هەمواركردن‌و دروستكردنی كۆدەنگیی‌و سازانی نیشتمانیی لەسەری.
بۆیە كاتێك بۆ پرسی چۆنیەتی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم بابەتی دەستور هێنرایەوە پێشەوە، لە 19ی ئابی 2013دا هەر چوار فراكسیۆنی (گۆڕان+ یەكگرتوو+ كۆمەڵ+ ئایندە) راگەیەندراوێكیان بڵاوكردەوەو تێیدا ئاماژەیان بەوەكرد:
• چوار ساڵ بەسەر رەشنوسی دەستوردا تێپەڕیوەو راپرسی بۆ نەكراوە.
• رۆژی 17ی ئازاری 2011 (واتا لەسەروبەندی خۆپیشاندانەكانی شوباتدا لە سلێمانی) بەزۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران دەنگدراوە بە بڕیاری ژمارە (2)، لەم بڕیارەدا هاتووە (چاوخشاندنەوەی بە رەشنوسی دەستوری هەرێمدا بەمەبەستی داڕشتنی دەستورێكی هاوچەرخی دیموكرات كە تێیدا گشت مافە مەدەنی و سیاسی و یاساییەكانی هاونیشتمانیان بە رەسمی ناسرا بن و دەسەڵاتەكان بە ئاشكرا جیاكرابنەوەو سەربەخۆییان پارێزراو بێت).
• بەپێی پەیڕەوە یاساییەكان، ئەم بڕیارەی سەرەوە هەر بڕیار‌و یاسایەكی تر هەڵدەوەشێنێتەوە كە رێگر بێت لە گێڕانەوەی رەشنوسی دەستور بۆ پەرلەمان، بۆیە گێڕانەوەی ئەو رەشنوسە نەك پێچەوانەی یاسا نییە، بگرە نەهێنانەوە بەمەبەستی هەمواركردن پێچەوانەی ئەم بڕیارەیە.
• 60 پەرلەمانتار یاداشتیان بۆ گێڕانەوەی دەستور بۆ پەرلەمان ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كردووە، لەلایەن سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە بە هەند وەرنەگیراوە.
• بەپێی بڕیاری ژمارەی (27)ی ساڵی 2008 لە یاسای پەسەندكردنی دەستوری هەرێمی كوردستان؛ بڕیاری ریفراندۆم لەسەر دەستور لە دەسەڵاتی سەرۆكایەتی پەرلەمان و حكومەتی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەكاندایە.
• هاودەنگین كە گۆڕانكارییە ناوچەیی و ناوخۆییەكان دەخوازن پرۆژەی رەشنوسی دەستور پێداچوونەوە پێدا بكرێت و ئەو ماددەو بڕگانەی هەموار بكرێنەوە كە تایبەتن بە شێوەی سیستمی حوكمڕانی و پشتبەستن بە ماددەی 140 لە دیاریكردنی دەستورو شێوازی دانانی ئەندامانی دادگایی دەستوریی.
بڕیاری ژمارە (2)ی پەرلەمان كە پشتیوانی لە گەڕاندنەوەی پرۆژەی دەستور دەكرد بەمەبەستی هەمواركردنەوەی، لە رۆژنامەی "وەقایعی كوردستان"دا بڵاونەكرایەوە، بەهۆیەوە دواجار دەستورەكە نەگەڕێندرایەوە بۆ پەرلەمان، بەڵام نەشخرایە راپرسی گشتیی و پشتگوێ خرا.
لەم نێوەندەدا، پەرلەمان رۆژی 30ی حوزەیرانی 2013 دوو یاسای دەركرد:
- یاسای درێژكردنەوەی تەمەنی خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستان لە (20ی ئابی 2013 تاوەكو 1ی تشرینی دووەمی 2023).
- یاسای درێژكردنەوەی ویلایەتی سەرۆكی هەرێم بۆ ماوەی (2 ساڵ)و لە (20ی ئابی 2013 تاوەكو 19ی ئابی 2015) بەوجۆرەی كە (ئیتر یارای درێژكردنەوەی نەبێت).
بەمشێوەیە پەرلەمان دەرگای لەسەر مشتومڕەكان لەسەر پرسی چۆنیەتی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم (لەناو پەرلەمانەوە یاخود راستەوخۆ لەناو خەڵكەوە) دواخست.
16ی تەموزی 2013 مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێم راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە، تێیدا درێژكردنەوەی ویلایەتی سەرۆكایەتییەكەی قبوڵ كرد‌و رایگەیاند:
(یاسای درێژكردنەوەی ماوەی پەرلەمانی كوردستان‌م ئیمزا كرد تاوەكو هیچ بۆشاییەكی یاسایی و دەستووری لە هەرێمی كوردستاندا دروست نەبێت. ماوەو ویلایەتی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، لە لایەن پەرلەمانی كوردستانەوە بە دەنگی فراكسیۆنی كوردستانیی پارتی و یەكیێتی لەگەڵ فراكسیۆنەكانی حیزب و نەتەوەكانی دیكەی ناو پەرلەمان و سەربەخۆكان جگە لە فراكسیۆنەكانی حیزبەكانی ئۆپۆزیسیۆن، درێژكرایەوە. ئێستا من لەبەردەم ئەركەكانی ئەو هاوپەیمانییەتەدام كە لە نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا هەیە.. ئەمڕۆش كە جەنابی مام جەلال لەبەر باری تەندروستی لە كوردستان نییە هەست دەكەم بەرپرسیارێتییەكەی ئەویش دەبێ من ئەنجامی بدەم لە پاراستن و بەهێزكردنی ئەو هاوپەیمانییەتییەدا وەك وەفادارییەك بۆ پێكەوەكاركردن و هاوخەباتیی و هاوكاریی چەندساڵەی نێوانمان لە پێناو گەل و وڵاتەكەماندا.. هەروەها بۆ رەچاوكردنی نیگەرانییەكانی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی كوردستان.. یاسای درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان‌م رەتنەكردەوە.. درێژەی راگەیەندراوەكە لە پاشكۆی ئەم بەشەدا دانراوە).
هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمان
بەمجۆرە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی لە هەڵبژاردنی پەرلەمان جیاكرایەوەو لە 21ی ئەیلولی 2013دا هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكە بەڕێوەچوو، (31) لیست به‌شدارییان تێیدا كرد. (17) لیست سەركەوتوو بوون، ئه‌نجامی هەڵبژاردنەكەش بەمشێوەیە بوو:
ئەوەی جێگەی سەرەنجە؛ لەم هەڵبژاردنەدا بەپێچەوانەی رێككەوتنی ستراتیژییەوە، پارتی و یەكێتیی بە لیستی جیاواز بەشدارییان كرد، ئەمە هەم بۆ ئەوەی قەبارەی دەنگی هەریەكێكیان دەربكەوێت هەم بۆ ئەوەش ئیتر بزوتنەوەی گۆڕان پرسی بەیەكەوە بوونەكەی یەكێتیی لەگەڵ پارتی نەكاتە خاڵی لاواز بۆ راكێشانی دەنگی خەڵك لە سنوری سلێمانی.
بۆ جاری یەكەم لەدوای دروستبوونی ئۆپۆزسیۆنی بەهێزەوە بە رێبەرایەتی نەوشیروان مستەفا، بزوتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنەكەدا بە جیاوازی (6) كورسی كەوتە پێش یەكێتیی نیشتمانی بوو بە هێزی دووەم لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان.
ئیتر لێرەوەو دوای 4 ساڵ لە ریبەرایەتیكردنی ئۆپۆزسیۆنێكی تاڕادەیەك رادیكاڵتر بەراورد بە پێش خۆی، بزوتنەوەی گۆڕان بڕیاریدا بەشداری حكومەت بكات و ببێت بە بەشێك لە دەسەڵات، بەوهۆیەوە پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی هەشتەمی حكومەت لە هەرێمی كوردستان ماوەی نزیكەی (9) مانگی خایاند.
كابینەی هەشتەم.. پێنج قۆڵییەكە
رۆژی 18ی حوزەیرانی 2014 كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی (نێچیرڤان بارزانی) پێكهات.
ئەم كابینەیە (بنكە فراوان) بوو، لەپاڵ پارتی و یەكێتیی دا، سێ لایەنە سەرەكییەكەی ئۆپۆزسیۆن (بزوتنەوەی گۆڕان+ یەكگرتوو+ كۆمەڵ) بەشدارییان تێدا كرد، واتا كابینەكە (پینج قۆڵی) بوو.
لێرەوە بۆ یەكەمجار درز كەوتە ناو رێككەوتنە ستراتیژییەكەی نێوان بارزانی و تاڵەبانی، بۆ پێكهێنانی كابینەكە، پارتی كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردن بوو، بەر لە یەكێتیی رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان ئیمزا كرد.
رێككەوتنی لایەنەكان بۆ پیكهێنانی حكومەت، پۆست و وەزارەتەكانی كابینەكەی (كە 23 پۆست بوو) بەمشێوەیە دابەشكرد:
• پارتی: سەرۆكی حكومەت + 5 وەزارەت (ناوخۆ، سامانە سروشتییەكان، پلاندانان، پەروەردە، شارەوانی)
• گۆڕان: پۆستی سەرۆكی پەرلەمان + 4 وەزارەت (دارایی و ئابوری، پێشمەرگە، پیشەسازی و بازرگانی، ئەوقاف و كاروباری ئاینی)
• یەكێتیی: جێگری سەرۆك وەزیران + 5 وەزارەت (تەندروستی، ئاوەدانكردنەوە، رۆشنبیری، خوێندنی باڵا، شەهیدان و ئەنفال)
• یەكگرتووی ئیسلامی: 3 وەزارەت (كاروباری كۆمەڵایەتی، كارەبا، وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان)
• كۆمەڵی ئیسلامی: 2 وەزارەت (كشتوكاڵ، وەزیری هەرێم بۆ كاروباری ژینگە)
ناوی ئەندامانی كابینەی هەشتەم
نێچیرڤان بارزانی بەرنامەی كابینە پێنج قۆڵییەكەی لەبەردەم پەرلەماندا خوێندەوە، جەختی لەسەر چەند خاڵێك كرد كە ئەمانەن بوون:
• به‌دامه‌زراوه‌كردنی حكومه‌تێكی كارا‌و شه‌فاف.
• بنه‌مای هاوڵاتیبوون، جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات.
• سه‌روه‌ریی یاسا و یه‌كسانی له به‌رده‌میدا.
• چاكسازیی هه‌مه‌لایه‌نه و ڕاسته‌قینه.
• دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری گونجاو بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هه‌موو جۆره گه‌نده‌ڵییه‌ك له داموده‌زگاو دامه‌زراوه‌كاندا.
• لێكجیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تیی حكومه‌ت له كار‌و چالاكیی حزبی.
• پێكهاته‌كانی ئه‌م كابینه‌یه هاوبه‌شی ڕاسته‌قینه‌ن له حكومه‌دا، چ له هه‌ڵسوكه‌وتی به‌ڕێكردنی ئه‌ركی حكومه‌ت و چ له بڕیاردان و، چ له ئه‌ستۆگرتنی به‌رپرسیاریه‌تیی به‌رامبه‌ر گشت ئه‌و بریارانه‌ى كه ده‌درێت.
• هاوبه‌شان له‌م كابینه‌یه‌دا به‌ڵێنیان له ئاستی به‌رپرسیاریه‌تی و توانای ئابوری و دارایی و كارگێڕیی ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تدا ده‌بێت و پێكه‌وه به‌رپرس ده‌بن له بڕیاره‌كانی. هیچ لایه‌نێك نابێته ڕێگر له جێبه‌جێكردن و پیاده‌كردنی بڕیاره‌كانی.
• یه‌كێك له ئه‌ركه‌كانی ئه‌م كابینه‌یه، گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تی ئاشتیخوازانه ده‌بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه چاره‌سه‌رنه‌كراوه‌كانی تائێستا و ئاینده‌ی هه‌رێم له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدڕاڵی عێراق، به‌تایبه‌تى كێشه‌ی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ى هه‌رێم و جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140ی ده‌ستور.
• هه‌وڵ ده‌ده‌ین پێكه‌وه، به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم و په‌رله‌مانی كوردستان و به هاوكاریی لایه‌نه سیاسییه‌كان، هه‌نگاوی په‌له بنێین بۆ دامه‌زراندنی ئه‌نجومه‌نێكی دانوستاندن بۆ ڕێكه‌وتنی سیاسیمان كه گوزارشت له ئیراده‌ی خه‌ڵكی كوردستان بكات.
• كابینه‌ی هه‌شت زه‌مینه‌ی له‌بار ده‌ڕه‌خسێنی بۆ كاراكردنی ڕۆڵی چاودێریی په‌رله‌مان له‌سه‌ر كاری حكومه‌ت. له هه‌مان كاتدا ئێمه داوای متمانه و پاڵپشتیی په‌رله‌مان ده‌كه‌ین تا پێكه‌وه خزه‌مه‌تی چاوه‌ڕوانكراوی هاووڵاتیانى هه‌رێمى كوردستان بكه‌ین.
• كابینه‌ی هه‌شت په‌یوه‌ندی و هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیی به‌رده‌وام و پته‌وى له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان و ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌ماندا ده‌بێت.
• ئامانجمان به‌دیهێنانی به‌رده‌وام و جۆراوجۆركردنی سه‌رچاوه‌كانی داهات و خۆنه‌به‌ستنه‌وه به تاكه سێكته‌ری نه‌وت. كار ده‌كه‌ین بۆ گه‌شه‌پێدانی كه‌رتی كشتوكاڵ و پشه‌سازی و بازرگانی و خزمه‌تگوزاری و كه‌مكردنه‌وه‌ی جیاوازیی هه‌لومه‌رجی ژیانی گوند و شار.
• به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی خزمه‌تگوزارییه سه‌ركییه‌كانی كار و ئاو و كاره‌با و ڕێگاوبان كه گونجاو بێت له‌گه‌ڵ گه‌شه‌ی ئابووریی به‌رچاوی كوردستان.
• به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی بژێوی تاك و په‌ره‌سه‌ندنی وه‌به‌رهێنانی خۆماڵی و بیانی له ڕێی به‌گه‌ڕخستنی ته‌واوی توانا و سه‌رمایه‌ی ماددی و مرۆیی له هه‌رێمى كوردستان.
• كار دەكه‌ین بۆ جێبه‌جێكردن و چه‌سپاندنی لامه‌ركه‌زی، جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان، ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر هه‌مواركردنی ئه‌و یاسایانه‌ی ڕه‌هه‌ندی نیشتیمانییان هه‌یه.
• به‌رده‌وام ده‌بین له‌سه‌ر چاكسازیی سیسته‌می په‌روه‌رده و خوێندنی باڵا و فێركردن به دابینكردنی پێداویستییه‌كانیان و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی زانستیی مامۆستایان.
• كار ده‌كه‌ین بۆ په‌یڕه‌وكردنی سیسته‌می ته‌ندروستیی پێشكه‌وتوو و جیاكردنه‌وه‌ی كه‌رتی گشتی و تایبه‌ت له خزمه‌تگوزارییه‌كانی ته‌ندروستیدا.
• هه‌وڵ ده‌دەین به ڕێكاری یاسایی چاو به سیسته‌می خانه‌نشینی و موچه‌دا بخشێنێته‌وه، به جۆرێك كه هاوڵاتیان به شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه لێی سوودمه‌ند بن.
• كار ده‌كەین بۆ دروستكردنی سندوقی كوردستان بۆ داهاتی نه‌وت و دامه‌زراندنی كۆمپانیای نه‌وتی هه‌رێم وه‌ك له یاسای ژماره (22)ی 2007ی تایبه‌ت به نه‌وت و گازی هه‌رێمدا هاتووه.
ئەمە بەشێكی ئەو بەڵێنانە بوو كە كابینەی پینج قۆڵی بە خەڵكی كوردستانی دا (لە پاشكۆدا دەقی وتارەكەی نێچیرڤان بارزانی دانراوە كە چەندین بەڵێنی تری تێدایە)، ئەم بەڵێنانەش لەكاتێكدا بوو بەغداد بەشە بودجەی هەرێمی راگرتبوو، نێچیرڤان بارزانی لە كۆتاییەكانی كابینەی حەوتەمەوە كە هەر خۆی سەرۆكایەتیی حكومەتی دەكرد، لەرێگەی پەرلەمانەوە ئامادەكاریی كردبوو بۆ راگەیاندنی پرۆسەی "ئابوری سەربەخۆ"، ئابورییەك كە تێیدا حكومەتی هەرێم خۆی بەشێوەی راستەوخۆو بێ گوێدانە ناڕەزایەتییەكانی بەغداد نەوت هەناردەی دەرەوە بكات و بە داهاتەكانی ئیدارەی كاروباری خۆی بدات. بۆیە كابینەی هەشتەم هاوكات لەگەڵ پرۆسەی ئابوری سەربەخۆو دەستپێكردنی شەڕی "داعش" لەدایكبوو، كە دۆخێكی ئابوری وای بۆ دروستكرد تەنانەت نەتوانێت موچەی موچەخۆران دابین بكات و پەنا بۆ "پاشەكەوتكردنی موچە" ببات.
وێنەی یادەوەریی كابینەی پێنجەم لەناو پەرلەمانی كوردستاندا
سەرباری بەشداری بزوتنەوەی گۆڕان وەكو لایەنیكی "ریفۆرمخواز"و بەڵێنەكانی كابینە پێنج قۆڵییەكە، ئەم حكومەتە لەدوای دەستبەكاربوونییەوە یاسای بودجەی نەبوو (لەوكاتەوە تائێستا هەرێمی كوردستان هیچ یاسایەكی بودجەی نییە، ئەمە لەكاتێكدایە كە لەماوەی ساڵانی 2007 تاوەكو 2013 كە پشكی هەرێم لە بەغدادەوە هاتووە، یاسای بودجە بەشێوەیەكی رێكخراو دەرچووە)، سەرباری ئەمەش بەهۆی سیاسەتی ئابوری سەربەخۆوە كە ئەم كەبینەیە پەیڕەوی كرد، فرۆشی سەربەخۆی نەوت لەڕووی داهاتەوە نەیتوانی شوێنی پشكی هەرێم بە بودجەی گشتیی عێراق بگرێتەوە، ئەمەش بووە هۆكاری پاشەكشێی هەرێم لە پەندین رووەوە، بەجۆرێك:
• (5) هەزار پڕۆژە وەستاون، (3 هەزار و 500) کارگەی گەورەو بچوک داخراون. زیاتر لە (1000) کۆمپانیا مایەپوج بوون.
• حکومەتی عێراق لە دوای ساڵی (2014)ەوە بە بڕی (81 ترلیۆن و 611 ملیار و 422) ملیۆن دینار بودجەی لە پشکی هەرێمی کوردستان راگرت. لەبەرامبەردا حکومەتی هەرێمی کوردستان توانی بڕی (1 ملیار و 103 ملیۆن و 857 هەزار 335) بەرمیل نەوت لە ماوەی (8) ساڵدا هەناردە بکات و بڕی (30 ترلیۆن و 863 ملیار 374 ملیۆن و 220 هەزار 231) دینار _دوای لێدەرکردنی خەرجییەکان و هەرزانتر فرۆشتنی_ بۆ بمێنێتەوە. ئەو جیاوازییەی لە بەراوردی فرۆشی سەربەخۆی نەوت و بودجەی گشتی عێراق دەکەوێتەوە؛ بریتییە لە (50 ترلیۆن و 748 ملیار و 47 ملیۆن 779 هەزار و 769) دینار بووە.
• به‌هۆی كورتهێنانه به‌رده‌وامه‌كان و به‌تایبه‌تیش به‌هۆی قه‌یرانه‌كانی ساڵانی (2014-2017 و2020) هه‌رێمی كوردستان كه‌وته ژێر باری قه‌رزێكی زۆره‌وه، کە بەشی زۆری قەرزی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و بەدوای ئەویشدا پابەندییە داراییەکان و قەرزی دەرەکی و قەرزی بانکی (تی بی ئای)و قەرزی ناوخۆیین و بڕەکەی زیاترە لە (31 ملیار) دۆلاری ئەمریکی، بەشێکی گەورەی قەرزەکانیش دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی كابینەی هەشتەم.
• کۆی شایستەی دارایی موچەخۆران، بەهۆی لێبڕین و پاشەکەوتی موچە لەلایەک و؛ راگرتنی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران لەلایەکی تر لە هەردوو كابینەی هەشتەم و نۆیەم، گەیشتوەتە نزیكەی (25 ترلیۆن) دینار.
• زیادبوونی رێژەی كۆچكردن لە ناو گەنجانی هەرێمی كوردستان، هاوكات بەرزبوونەوەی رێژەی تەڵاق لەناو خێزانەكاندا بە بەراورد بە ساڵانی بەر لە راگەیاندنی ئابوری سەربەخۆ.
• چەندین لێكەوتی تری ئابوری و كۆمەڵایەتی و سیاسی دەریدەخەن پرۆسەی ئابوری سەربەخۆ، لەبری گەشانەوە، پاشەكشێی لە هەرێم دروستكردووە، بۆ وردەكاری زیاتر خوێنەر دەتوانێت سود لە كتێبی (بارگرانی و لێكەوتەكانی ئابوری سەربەخۆ لەڕووی یاسایی، دارایی و ئابوری، سیاسی و كۆمەڵایەتی) ببینێت، كە بەرهەمێكی چاپكراوی (دامەزراوەی میدیایی درەو)ەوە لە ساڵی 2023دا.
داخستنی پەرلەمان و تێكچوونی كابینە
13ی حوزەیرانی 2015، مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێم فەرمانیدا بەوەی رۆژی 20ی ئابی 2015 هەڵبژاردنی گشتیی بۆ سەرۆكی هەرێم ئەنجام بدرێت، چونكە لە 19ی ئابی ئەو ساڵە ماوەی درێژكراوەی ویلایەتی بارزانی بۆ (2 ساڵ) كۆتایی دەهات.
بانگەوازی بارزانی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەناو خەڵكەوە لەكاتێكدا بوو كە تا ئەوكات فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمان لەسەر هەمواری یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم و چۆنیەتی هەڵبژاردنی سەرۆك نەگەیشتبوونە رێككەوتن.
ئیتر لەوكاتەوە تاوەكو 23ی حوزەیرانی 2015 لایەنە سیاسییەكان چوونە ناو زنجیرەیەك كۆبوونەوە بۆ رێككەوتن لەسەر چۆنیەتی هەمواری یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم بەڵام نەگەیشتنە رێككەوتن، بەتایبەتیش پارتی و بزوتنەوەی گۆڕان.
بارزانی لە بیرەوەرییەكانی خۆیدا لەبارەی كۆبونەوەكان بۆ رێككەوتن لەسەر هەمواری یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم دەڵێ:
(18ی ئابی 2015 لە هۆڵی مامۆستا سەعد عەبدوڵا كۆبوونەوەیەكی فراوان بە بەشداری نوێنەری نەتەوەیە یەكگرتووەكان و ئەمریكا و بەریتانیا بەڕێوەچوو؛ تا بەربەیانی خایاند لە كۆبوونەوەكەدا برێت مەكگۆرك بەناوی ئەمریكاوە رایگەیاندبوو: من نوێنەری ئەمریكام، ئێمە زانیاریمان هەیە كە داعش چی بەرنامەو پلانێكی هەیە بۆ كوردستان. حەمە تۆفیق رەحیم ئەندامی وەفدی گۆڕان وەڵامی داببوەوە كە "ئێوە بۆخۆتان شەڕ دەكەن، نەك بۆ ئێمە" كۆبوونەوەكە تا بەیانی رۆژی 19ی ئاب بەردەوام بوو، لەسەر ئەوە رێككەوتبوون كە كۆبوونەوەی پەرلەمان دوابخرێت، بەڵام لە ئەنجامدا بەبەرچاوی نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەمریكا و بەریتانیا، بەپێی رێنمایی سەركردایەتییان، یوسف محەمەدو فەخرەدین قادر هەوڵیاندا پەرلەمان كۆببێتەوە، بەڵام رێژەی یاساییان پێتەواو نەكرا، ژمارەی ئامادەبووان بەمشێوەیە بوو: 24 پەرلەمانتاری گۆڕان، 18 پەرلەمانتاری یەكێتیی، 4 پەرلەمانتاری كۆمەڵ، 5 پەرلەمانتاری یەكگرتوو، پێنج پەرلەمانتاری تری یەكگرتوو بەشدار نەبوون. رێژەی یاسایی تەواو نەبوو، بۆیە یەكێتیی توشی شكستی گەورەبوو، گۆڕانیش بەتەواوی بێ هیوا بوو، دوای ئەم بارودۆخە كاتی وەڵامدانەوەیان هات).
23ی حوزەیرانی 2015 یوسف محەمەد سەرۆكی خولی پێشووی پەرلەمان كە سەربە بزوتنەوەی گۆڕان بوو، هەموار یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی خستە بەرنامەی كاری دانیشتنی پەرلەمانەوە، پارتییەكان كە دەیانزانی بزوتنەوەی گۆڕان‌و هاودەنگەكانی لەو پرسەدا، دەیانەوێت لەو كۆبونەوەیەدا كۆتایی بە ماوەی درێژكراوەی سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی بهێنن، هەوڵی شكاندنی نیسابی یاساییان دا، بەشێوازی یاسایی نەیانتوانی رێگری لە دانیشتنی پەرلەمان بكەن، دواجار پەنایان بۆ رێگەچارەی سەربازی برد‌و رێگرییان كرد لە گەڕانەوەی سەرۆكی پەرلەمان كرد بۆ هەولێر.
لەم مەسەلەیەدا پارتییەكان، یوسف محەمەدی سەرۆكی خولی پێشووی پەرلەمان‌و بزوتنەوەی گۆڕانیان تۆمەتبار دەكرد بەوەی سازان‌و تەوافوق‌و رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتیان شكاندووە‌و لە پرسێكی هەستیاردا (سەرۆكایەتییەكەی بارزانی) لەسەر بنەمای زۆرینە‌و كەمینە بڕیاریانداوە.
دوای رێگری لە گەڕانەوەی سەرۆكی پەرلەمان لە سلێمانییەوە بۆ هەولێر، پارتی بەفەرمی وەزیرەكانی گۆڕانیشی لە حكومەت دەركردو رێككەوتنی سیاسی خۆی لەگەڵ گۆڕان هەڵوەشاندەوە.
لەبارەی ئەم رووداوە، بارزانی بەهانە بۆ داخستنی دەرگای پەرلەمانی كوردستان دەهێنێتەوەو لە بیرەوەرییەكانی خۆیدا دەڵێ:
(لەو سەروبەندەی ئێمە سەرقاڵی روبەڕووبونەوەی داعش بووین، رۆژی 23ی حوزەیرانی 2015 هەوڵی كودەتایاندا، لای من زۆر سەیر بوو بەیەك دەنگی پەرلەمانتاری حزبی شیوعی رێژەی یاسایی تەواو بوو، لە كۆبوونەوەكەدا پەرلەمانتارێكی بزوتنەوەو ئاشوریەكیش ئامادەبوون، بەڵام زۆر باش بۆمان دەركەوت كە كێ لە پشت ئەم پیلانەوەیە!
بەر لە كۆبوونەوەكەی پەرلەمان، هێمن هەورامیم ناردە لای سەرۆكی پەرلەمان و هەواڵم بۆ نارد پێویست ناكات ئەو كارە بكەن، ئەمە شەڕ فرۆشتن و كۆدەتایەو بەهیچ شێوەیەك قبوڵناكرێت، ئەگەر بەردەوام بن لەسەر هەڵوێستەكانتان دواتر گلەیی نەكەن، ئێمە باوەڕی تەواومان بە پرۆسەی دیموكراسی هەیە بەڵام بە شێوەیەكی تر وەڵامی كودەتا دەدرێتەوە. سەرۆكی پەرلەمان لوتبەرزانەو نابەرپرسانە وەڵامی دابووەوە دیار بوو هێشتا لە دونیا نەگەیشتبوو).
لەدوای داخستنی دەرگای پەرلەمان لەسەر فەرمانی بارزانی و بەهۆی هەمواری یاسایی سەرۆكایەتییەكەوە، ئیتر كابینەی پێنج قۆڵی حكومەت توشی لێكترازان بوو، لەو دۆخە ئاڵۆزەدا، بارزانی لە 25ی ئەیلولی 2017دا رێبەرایەتیی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان و جیابوونەوەی لە عێراق كرد، ریفراندۆمەكە روبەڕووی كاردانەوەی توندی حكومەتی عێراق و ئێران و توركیا بووەوە، بەناچاریی و لەژێر فشاردا ئەنجامەكانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان سڕكرا، بارزانی بە ناچاریی رێگەی گفتوگۆی لەگەڵ بەغداد گرتەوەبەر، لەدوای ئەم روداوانە، ئیتر بارزانی بڕیاریدا دەست لە پۆستی سەرۆكی هەرێم هەڵگرێت.
سەرچاوەكان:
• سایتی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
https://presidency.gov.krd/krp/kurdish/articledisplay.aspx?id=hHO2PW7aZI8=
• سایتی پەرلەمانی كوردستان
https://www.parliament.krd/about-parliament/parliament-terms/term-4/
• سایتی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان
https://8th.cabinet.gov.krd/p/page.aspx?l=13&s=000000&r=424&p=355&h=1&t=0
• نێچیرڤان بارزانی گرەو لەسەر دەستور دەكات، راپۆرتی (درەو)
https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=8403
• بارگرانی و لێكەوتەكانی ئابوری سەربەخۆ، دامەزراوەی میدیایی درەو، چاپی یەكەم 2023
• بارزانی و بزوتنەوەی رزگاریخوازی كورد، بەرگی شەشەم
پاشكۆكان:
دەقی مەرسومی هەرێمی بۆ دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمان و سەرۆكایەتیی هەرێم
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
دوای ئەوەی بە پشتبەستن بە برگەی (دوو) لە ماددەی (دە) و ماددەی (چوار)ـی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم ژمارە (1)ـی ساڵی (2005)ـی هەمواركراو و پابەندبوون بە بنەما دیموكراتییەكانی سیستەمی سیاسیی هەرێمی كوردستان لە ڕێكەوتی 8ـی 4ـی 2013ـدا بە نووسراوێكی فەرمی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانم ئاگادار كردەوە كە پێویستە ئامادەكاریی بۆ سازدانی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكی هەرێم و پارلەمانی كوردستان بكەن، لە ڕۆژی 16ـی 4ـی 2013 كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان بە نووسراوی ژمارە (خ 13490) وەڵامی ئیجابی بۆ نامەكەمان دایەوە و ئامادەیی خۆیان ڕاگەیاند كە دەتوانن لە ماوەی نێوان (5ـی ئەیلوولی 2013) هەتا (5ـی تشرینی یەكەمی 2013) لە هەر ڕۆژێكدا بێت هەڵبژاردنەكانی سەرۆكی هەرێم و پارلەمانی كوردستان بەڕێوە ببەن.
بە پێی ئەو دەستەڵاتەی لە یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم پێمان دراوە و بەلەبەرچاوگرتنی ئامادەیی كۆمیسیۆن، بە فەرمانێكی هەرێمی بڕیارمدا ڕۆژی شەممە ڕێكەوتی(21ـی ئەیلوولی 2013) وەك ڕۆژی سازدانی هەر دوو هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم و پارلەمانی كوردستان دیاری بكرێت. داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەم هەموو ئامادەكاریی پێویست بكەن بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێكی شارستانی و ئازاد ئەنجام بدرێت و نابێت هیچ لایەك بە هیچ شێوەیەك دەست بخاتە ناو كاروباری سەرپەرشتیارانی پڕۆسەی هەڵبژاردن.
مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
18ـی 4ـی 2013
دەقی راگەیەندراوی مەسعود بارزانی سەبارەت بەو ناكۆكییانەی لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمەوە دروستبوون
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
گەلی خۆشەویستی كوردستان....
هێز و لایەنە سیاسییەكان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی...
بۆ من خۆشترین بڕیار ئەوە بووە كە لە تەمەنی 16 ساڵیدا لە پێناو ئازادی و مافە نەتەوەیی و دیموكراتییەكانی گەلی كوردستان و ڕزگاركردنی خاكی كوردستاندا بوومە پێشمەرگەی كوردستان.
پێشمەرگایەتیش گەورەترین شانازیی ژیانی منه و، لە هەر پلە و پۆستێكدا بووبم بە گیانی پێشمەرگانە كار و خەباتم كردووە و، بە بیروباوەڕی پێشمەرگانەوە كارم بۆ بەرژەوەندیی گەلەكەم كردووە و، هەر لەو ڕوانگەشەوە هەموو پۆستەكانم بۆ بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانەكەم بەكارهێناوەن.
زۆریش سەربەرزم بەوەی كە هەر لە سەرەتای راپەڕینی شكۆداری گەلی كوردستان لە بەهاری 1991ـەوە وەك پابەندبوون بە ئامانجەكانمان لە ئازادی و دیموكراسی لە كاتی شۆڕش و خەباتی پێشمەرگایەتیدا لە شاخ، هەروەها وەك ئەركێكی نیشتمانی و چەسپاندنی بنەماكانی دیموكراسی و دامەزراندنی سیستەمێكی سیاسی و ئیداریی دیموكراسیانە، داوام كرد بەرەی كوردستانی بە زووترین كات هەڵبژاردنێكی ئازاد ئەنجام بدات، بۆ ئەوەی گەلی كوردستان لە ڕێگەی سندوقەكانی دەنگدانەوە، چارەنووس و سیستەمی سیاسیی خۆی دیاری بكات.
لەوكاتەوە گەلی كوردستان، بە هاوكاریی هەموو لایەنە شۆڕشگێرەكانییەوە پڕۆسەیەكی دیموكراسییانەی دەستپێكرد. ئێستاش بە پشتێوانیی خوای گەورە و هاوكاریی دڵسۆزان و خەبات و خۆڕاگریی گەلەكەمان، پێشكەوتنی گەورە لە هەموو ئاستەكانی ژیانی خەڵكی كوردستاندا بەدیهاتوون. هەر بەو هۆیەوە كوردستان ئەمڕۆ نێوبانگێكی باشی هەیە لە ڕووی جێگیریی سیستەمی سیاسی و سەقامگیریی باری ئەمنی و پێكەوەژیان. هەروەها پێشكەوتنەكان لە بواری ئابووری و ئاوەدانیدا، ڕۆژ بە ڕۆژ پێگەی كوردستان لە جیهاندا بەهێزتر دەكەن.
لە ماوەی ڕابردوودا لە هەرێمی كوردستاندا، وەك بەشێك لە نەریتی دیموكراسی، گفتوگۆ و گەنگەشەیەكی زۆر لەسەر سروشت و پێناسەی سیستەمی سیاسی و پڕۆژەی دەستوور هاتە ئاراوە.
بۆ پێشكەشكردنی نموونەیەكی جوانتری پڕۆسەی دیموكراسی و پابەندبوون بە یاساوە، نامەی فەرمیم نارد بۆ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، تاوەكو لە مانگی 9ی ئەمساڵدا هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان و سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێن. بەو شێوەیە ئەوەی ئەركی سەرشانی من بووە بەجێمگەیاندووە، لە نامەناردن و داواكردنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان و پاشان دیاریكردنی كاتی هەڵبژاردنەكان، كە ئەویش رۆژی 21/9/2013 بووە. لە دوای ئەو فەرمانە و پێش دەرچوونیشی، جیاوازیی بیروڕا هەبوو لەسەر میكانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، كە ئایا بەپێی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ژمارە 1ی ساڵی 2005ی هەمواركراو و پڕۆژەی دەستوور بێت، كە سەرۆكی هەرێم راستەوخۆ لە لایەن خەڵكەوە هەڵبژێردرێت، یان بە پێی بۆچوونی چەند حیزبێك كە داوا دەكەن سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە نێو پەرلەماندا هەڵبژێردرێت. ئەمەیش جیاوازی خستە ناو لایەنەكانەوە پاشان پرسی پڕۆژەی دەستووری هەرێمی خرایە سەر و دەرئەنجام بەداخەوە مامەڵەكردنی توندی هەندێ لایەن پڕۆسەی سیاسی بەرەو قەیران برد.
بۆ ئەوەی بتوانین زەمینەی پێكەوەكاركردنێكی باشتر بهێنینە ئارا سەبارەت بەو پرسانە و بۆ ئەوەی نموونەیەكی جوانتری پڕۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان پێشانی خەڵكی خۆمان و دەرەوەش بدەین، هەروەها بۆ ئەوەی بتوانین زەمینەی تەوافوق بڕەخسێنین و لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتەكانی كۆمەڵگەی كوردستان، سەرنج و تێڕوانینی خۆیان لەسەر شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆك و پڕۆژەی دەستوور بخەنەڕوو، بەنامەیەك لە 25ـی 5ـی 2013 داوام لە هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كرد، تێبینی و سەرنجەكانیان لەسەر پڕۆژەی دەستوور بۆ ئێمە بنێرن. دوای گەیشتنی وەڵامەكان، داوام لە سەرۆكایەتیی پەرلەمان كرد لەگەڵ سەرجەم لایەن و پێكهاتەكانی كۆمەڵگەی كوردستان كۆ ببنەوە بۆ ئەوەی بگەنە ئەنجامێك.
ئامانجی من لە ناردنی تێبینیی لایەنەكان بۆ سەرۆكایەتیی پەرلەمان بۆ ئەوە بوو كە تەوافوقی لایەنەكانی ناو پەرلەمان و دەرەوەی پەرلەمان و سەرنجی هەموو پێكهاتەكان ببێتە نەخشەڕێگەیەكی باشتر و زەمینەیەكی گونجاوتر دابین بكەین بۆ پڕۆژەی دەستوور و هەڵبژاردنەكان، ئینجا بە هەموو سەراحەتێكەوە بە گەلی كوردستان ڕابگەیێنم كە من وەك شەخسی خۆم هیچ نییەتێكم بۆ خۆكاندیدكردنەوە نییە و ڕێز لە هەموو یاساكان دەگرم و ئەمانەتی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ڕادەستی هەر بەڕێزێكی دیكە دەكەم كە هەڵدەبژێردرێت.
بەڵام بە داخەوە ئۆپۆزیسیۆن سەركەوتوو نەبوون لە هاوكاریكردن بۆ سەرخستنی پڕۆسەكە، بەڵكو بەو شێوە ڕەفتارەیان كە قبووڵیان نەكرد لایەنەكانی دیكە لە كۆبوونەوەكانی سەرۆكایەتی پەرلەماندا بەشدار بن، هەوڵ و پرۆسەكەیان پەكخست. لەوەدا دەركەوت كە مەفهوومی تەوافوق لای ئۆپۆزیسیۆن تەنیا سەپاندن و جێبەجێكردنی ئەو داوایانەیە كە خۆیان هەیانە، بە بێ گوێدانە داواكانی لایەنەكانی دیكە.
دەمەوێت لێرەدا زۆر بە ڕاشكاوی بیڵێم، تەوافوق ئەوە نییە كە تەنیا پارتی و یەكێتی و سێ لایەنەكەی ئۆپۆزیسیۆن رێكبكەون، بەڵكو پەیوەستە بەوان و هەموو لایەن و پێكهاتە جیاجیاكانی دیكەی كوردستانیشەوە. پڕۆژەی دەستوور كاتی خۆی لە لایەن 36 حیزب و هەموو نەتەوەكانی كوردستانەوە گفتوگۆی لەسەر كراوە، لەبەر ئەوەش ئەمڕۆ نابێ پشتگوێ و پەراوێز بخرێن، چونكە كوردستان هەر تەنیا ئەو پێنج لایەنەی تێیدا نییە. لێرەشدا دووبارە داوا لە هەموو لایەنەكان دەكەمەوە، لەسەر پرسی دەستوور بەرەو تەوافوق هەنگاو بنێن و منیش بە هەموو توانایەكەوە پشتیوانی‌تان دەكەم، با قەیرانی سیاسی دروست نەبێ و بۆ ئەوەی ئارامیی ژیان لە خەڵكی كوردستان تێكنەدرێت و، هەموو هێز و توانای خۆمان بخەینە گەڕ بۆ ئەوەی سوود لەو دەرفەتانە وەربگرین كە ئەمڕۆ بۆ گەل و نیشتیمانەكەمان لە ناوچەكەدا هاتوونەتە پێش.
هەموو هەوڵێكی خۆم دەخەمە گەڕ بۆ ڕەخساندنی زەمینەیەكی نوێی گەییشتن بە تەوافوق. خەڵكی كوردستان و حیزبەكان شایەتی ئەوەم بۆ دەدەن، كە لە سەروبەندی پەسەندكردنی پڕۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2009دا لە لایەن پەرلەمانەوە، هەوڵێكی زۆرمدا بۆ ئەوەی تەوافوقی لەسەر دروست ببێ و بە دڵی هەموو لایەنەكانی كوردستان بێت و، پێداگیریم لەسەر ئەوە كرد كە دەبێ تێڕوانینی هەموو نەتەوە و پێكهاتە ئایینییەكانی تێدا جێبكرێتەوە. هەرواش كرا و، دوای ئەوە لە پەرلەمان دەنگی لەسەر درا. ئەمجارەش دەمویست دوور لە هەموو گرژی و هەڵچوونێكی ناو پڕۆسەی سیاسی هەمان زەمینە دروست بكەمەوە بۆ گەییشتن بە تەوافوق.
بەداخەوە ئۆپۆزیسیۆن بە ڕەفتار و شێوەی مامەڵەكردنیان لەو چوار ساڵەی رابردوودا، ئەو تێڕوانینەی بەشێكی زۆر لە خەڵك و لایەنەكانیان لەسەر خۆیان چەسپاندووە، كە بە هیچ شتێك رازی نابن و، تەوافوق لە ڕوانگە و بە لێكدانەوەی ئەوان سەپاندنی بیروڕاكانی خۆیانە كە ئەوەش پێچەوانەی ڕێسا و عورفە سیاسی و دیموكراسییەكانە.
سێ لایەنەكەی ئۆپۆزیسیۆن دەبێ بزانن كە جگە لە پارتی و یەكێتی، زۆر حیزبی دییش هەن لە كوردستاندا لە سەختترین ڕۆژگاری ژێر دەستەییدا ئەو پەڕی فیداكارییان نواندووە بۆ بەرگریكردن لە هەبوونی گەلەكەمان و مانەوەی ناوی كوردستاندا، هەروەها زۆر حیزبی دیكەی مۆڵەتپێدراو هەن ئەمڕۆ ڕا و قسەیان هەیە بۆ پێشكەوتنی كوردستان. نابێ سێ لایەنەكەی ئۆپۆزیسیۆن ڕێگە بە خۆیان بدەن و هەوڵی ئەوە بدەن لە لایەن دەزگا باڵاكانی كوردستانەوە ڕا و بۆچوونی لایەنەكانی دیكە نادیتە بگیرێن. یان رێگە بە خۆیان بدەن بە شێوەیەك لە سووكایەتی پێكردنەوە باسیان بكەن، چونكە بە هیچ شێوەیەك ئەوە نەریتێكی دیموكراسیانە نییە. بۆیە داوا لە برایانی ئۆپۆزیسیۆن دەكەم بە سینگێكی فراوانی یەكترقبوڵكردنەوە و بە پێی بنەما دیموكراسییەكان كار و چالاكییە سیاسییە یاساییەكانیان ئەنجام بدەن و، هەموو ڕەفتار و مامەڵەكانیان لەسەر بنەمای قبوڵكردنی ئەوانیترەوە بێت.
خەڵكی خۆڕاگری كوردستان....
پەرلەمانی كوردستان، لە ڕۆژی 30/6/2013 دا بە دەركردنی دوو یاسا، ماوەی پەرلەمان و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانی درێژ كردەوە، ئەوەش دواكەوتنی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی لێكەوتەوە. لێرەدا دووپاتی دەكەمەوە هیچ كات خولیای كورسی و پۆست نەبوومە. ئەمڕۆش نامەوەێ مێژووی خۆم لە خەبات بۆ رزگاری و ئازادی كوردستان بە هیچ شتێكی دیكە بگۆڕمەوە. مرۆڤ زیاتر بە خەبات و كار و بەخشش بۆ گەل و نیشتمان و مرۆڤایەتی دەناسرێتەوە نەك بە پلە و پۆست و ناونیشانی وەزیفی و ئیدارییەوە.
یاسای درێژكردنەوەی ماوەی پەرلەمانی كوردستان‌م ئیمزا كرد تاوەكو هیچ بۆشاییەكی یاسایی و دەستووری لە هەرێمی كوردستاندا دروست نەبێت. ماوە و ویلایەتی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، لە لایەن پەرلەمانی كوردستانەوە بە دەنگی فراكسیۆنی كوردستانیی (پارتی و یەكیێتی) لەگەڵ فراكسیۆنەكانی حیزب و نەتەوەكانی دیكەی ناو پەرلەمان و سەربەخۆكان جگە لە فراكسیۆنەكانی حیزبەكانی ئۆپۆزیسیۆن، درێژكرایەوە.
ئێستا من لەبەردەم ئەركەكانی ئەو هاوپەیمانییەتەدام كە لە نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا هەیە، كە پێكەوە لەگەڵ چەند حیزب و نەتەوەی كوردستاندا لەناو پارلەمان بڕیاریان داوە ماوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بۆ دوو ساڵ درێژ بكرێتەوە، بە بێ ئەوەی من تێیدا بەشدار بووبم.
هەروەها من لەبەردەم بەرپرسیارێتیی ئەخلاقی و كۆمەڵێ ئەرك و كاری هاوبەشی درێژخایەندام لەگەڵ برای خۆشەویستم مام جەلال بۆ درێژەدان بە هاوپەیمانێتییەكە، بۆ ئەوەی وەفاداری ئەو كاروانە بم كە دەستمان پێكرد و ئەنجامەكانیشی بە ئیجابییەوە بەردەوام بن و، ئینشاڵڵا كە ئەویش بە خۆشی دەگەڕێتەوە بۆ كوردستان، هەموو شتێك لەوپەڕی سەقامگیریدا ببینێ. لە هەمانكاتدا من باش لە ئەركەكانی هاوپەیمانێتی نێوان یەكێتی و پارتی تێدەگەم، كە بە ڕاستیش ئەو هاوپەیمانێتییە سەقامگیری و پێشكەوتنێكی زۆر گەورەی لە كوردستاندا دروستكردووە، كە بەرهەمەكەشی ئەوەیە كە ئێستا هەرێمی كوردستان جێگەی سەرنجی هەموو جیهانە، هەروەها وایكرد كورد بەشدارێكی چالاك بێت لە گۆڕانكارییەكانی عێراق و ناوچەكەدا. ئەمڕۆش كە جەنابی مام جەلال لەبەر باری تەندروستی لە كوردستان نییە هەست دەكەم بەرپرسیارێتییەكەی ئەویش دەبێ من ئەنجامی بدەم لە پاراستن و بەهێزكردنی ئەو هاوپەیمانییەتییەدا وەك وەفادارییەك بۆ پێكەوەكاركردن و هاوخەباتیی و هاوكاریی چەندساڵەی نێوانمان لە پێناو گەل و وڵاتەكەماندا.
هەروەها بۆ رەچاوكردنی نیگەرانییەكانی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی كوردستان لەمەڕ ئەگەری قوڵتربوونی قەیرانی سیاسی و پاراستنی سەقامگیری لە كوردستاندا و، لەبەردەم داوای كەسایەتییە خەباتگێڕەكانی كوردستانی عێراق و پارچەكانی دیكەی كوردستاندا، و پاش ڕاوێژكردن لەگەڵ زۆربەی هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان یاسای درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان‌م ڕەتنەكردەوە. بەڵام ئەو ڕەتنەكردنەوەیەش بەو مانایە نییە كە من لەگەڵ شێواز و ناوەڕۆكی یاسای درێژكردنەوەی ویلایەتی سەرۆكی هەرێمدا بم، بۆیەش ئیمزام نەكرد.
لێرەدا وەك ڕێزگرتنێك لە دەنگی زۆربەی فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان و بۆ ئیحراج نەكردنیان، بە گەلی خۆشەویستی كوردستان رادەگەیێنم، كە من بە شێوەیەكی كاتی تا وەكو خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان دەست بەكار دەبێت و بە پەلە دەگەنە تەوافوقێك، ئەو ئەرك و ئەمانەتەی كە خراوەتە سەرشانم بەجێیدەگەیێنم، هەر لە ئێستاشەوە داوا لە سەرۆكایەتیی خولی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان دەكەم كە لەژێر ڕۆشنایی ئەو نامەیەم كە لە 12ـی 6ـی 2013ـدا ئاراستەی سەرۆكایەتیی خولی ئێستای پەرلەمانم كردبوو، دوای هەڵبژاردنەكانی 21/9/2013 دەستبەجێ لە كۆبوونەوە دەستپێكییەكانی سەرۆكایەتیی پەرلەماندا بە زووترین كات میكانیزمێك بدۆزنەوە بۆ ئەوەی لە ماوەی كەمتر لە ساڵێكدا بگەنە تەوافوق لەسەر هەمواركردنی پڕۆژەی دەستوور و ئالییەتی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم. ئەو كات هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێی هەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێت و ئەو ئەمانەتەی لە دەست ئێمە دایە بدەینە هەر بەڕێزێكی دیكە كە متمانەی گەلی كوردستان بەدەست دەهێنێت. خۆم و كاك كۆسرەت، جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان و دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانیش، وەك دەزگای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان هەموو هاوكارییەكی سەرۆكایەتی پەرلەمانی تازە دەكەین بۆ ئەو مەبەستە.
دەبێ بە هەموومان نموونەیەكی جوانی دیموكراسی پێشكەش بكەین، نابێت هیچ كەس بە كورسییەكەیەوە بچەسپێت و، نابێت ڕێگە بدرێت سەرۆكی هەتا هەتایی هەبێت لە كوردستاندا. من خۆم باوەڕێكی تەواوم بەوە هەیە كە كاتێك پۆستێك لە لایەن كەسێكەوە بەجێدەهێڵدرێت، دەبێ گەل ئەو پرسیارە بكات كە بۆچی ئەو پۆستە بەجێدەهێڵێت، نەك گەل بگاتە رادەی ئەوەی ئەو پرسیارە بكات كە بۆ چی ناڕوات.
گەلی خۆشەویستی كوردستان من دڵنیاتان دەكەمەوە كە تەنیا ئێوە دەتوانن بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆتان بدەن و، كەس ناتوانێ ئەو مافەتان لێ زەوت بكات.
بژی كوردستان...
نەمری بۆ شەهیدانی ڕێگەی رزگاری كوردستان و سەرفرازی
سەربەرزی بۆ گەلی كوردستان
مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
16ـی 7ـی 2013
دەقی نوسراوی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان بۆ گەڕاندنەوەی پرۆژەی دەستور بۆ ناو پەرلەمان
وتارى سەرۆک وەزیران نێچیرڤان بارزانى
له ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی کوردستان
به‌ڕێز سه‌رۆكى په‌رله‌مان،
به‌ڕێزان ئه‌ندامانى به‌ڕێزى په‌رله‌مانى كوردستان،
ئێواره‌تان باش..
ئه‌مڕۆ ئێمه كابینه‌ی هه‌شتی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له هه‌لومه‌رجێكی زۆر ناسكدا ڕاده‌گه‌یه‌نین. هه‌ر چۆن ساڵی 2003 پێویستیمان به یه‌كده‌نگی و هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی هه‌بوو بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی و ده‌ستكه‌وته‌كانی هه‌رێمی كوردستان، له‌م ساته‌شدا كه عێراق به بارودۆخێكی سه‌ختدا تێپه‌ر ده‌بێت، هه‌مان بیركردنه‌وه‌ی ستراتیژیمان پێویسته تا هیچ له‌و ده‌سكه‌وتانه‌ى كه به ده‌ستمان هێناوه، تا ژیانی هاووڵاتیان له هه‌رێم و ناوچه كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیدارى هه‌رێمى كوردستان بپارێزین، تا بڕیارمان له‌سه‌ر ئاستی به‌رپرسیاریه‌تیی مێژوودا بێت به‌رامبه‌ر به خه‌ڵكی خۆشه‌ویستى كوردستان.
به‌ڕێزان،
كابینه‌ی هه‌شت كابینه‌ی هاوبه‌شی بنكه‌فراوانه كه گوزارشت له خواستی هێزو لایه‌نه سیاسییه‌كانی ناو هه‌رێمی كوردستان ده‌كات. ئه‌م ئه‌ركه وای ده‌خواست به ئارامی و نه‌فه‌سدرێژی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ پێكهێنانی ئه‌م كابینه‌یه بكه‌ین بۆ ڕێكه‌وتن له‌سه‌ر بنه‌مای هاوبه‌شیی ڕاسته‌قینه له‌سه‌ر ئاستی ئه‌رك و پێداویستییه‌كانی ژیانی سیاسیی ئێستای هه‌رێمى كوردستان.
زۆر سوپاسی هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌م بۆ خۆڕاگرییان ده‌رباری پرۆسه‌ی پێكهێنانی ئه‌م كابینه‌یه، به‌تایبه‌تیش پاش ئه‌وه‌ی حكوومه‌تی فیدراڵ له به‌غدا مووچه‌ی هه‌رێمی بڕی. ئه‌م كاره ناهه‌قه و دژی ده‌ستوورییه، ژیانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانی گه‌لێك سه‌خت كردووه، كاریگه‌ریی خراپی له‌سه‌ر ئابووریی هه‌رێم و وه‌به‌رهێنان هه‌یه. ئێمه هاوسۆز و هاوخه‌می گشت گرفتی هاووڵاتیانی هه‌رێمى كوردستانین.
له چه‌ند ساڵی داهاتوودا خۆڕاگریی ئێستای خه‌ڵكی كوردستان وه‌ك قۆناغێكی نوێی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی زوڵم له قه‌ڵه‌م ده‌درێت. ئێمه بێ وچان هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م كێشانه ده‌ده‌ین تا جارێكى تر تووشی قه‌یرانی سیاسی و دارایی نه‌بینه‌وه له هه‌رێمى كوردستان.
ئه‌م كابینه‌یه هه‌وڵی ته‌واو ده‌دات بۆ به‌دامه‌زراوه‌كردنی حكوومه‌تێكی كارا و شه‌فاف. بنه‌مای هاووڵاتیبوون، جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات، ئاشتی و دادپه‌روه‌ریى كۆمه‌ڵایه‌تی، مافی مرۆڤ و به‌تایبه‌تى مافی ئافره‌ت و منداڵ، سه‌روه‌ریی یاسا و یه‌كسانی له به‌رده‌میدا، دابینكردنی خۆشگوزه‌رانی، چاكسازیی هه‌مه‌لایه‌نه و ڕاسته‌قینه، پاراستنی ژینگه‌ی كوردستان، دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری گونجاو بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هه‌موو جۆره گه‌نده‌ڵییه‌ك له داموده‌زگا و دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێمى كوردستاندا.
هاووڵاتیبوون پره‌نسیپ و به‌ها و پێوه‌ری یه‌كه‌می كار‌و هه‌ڵسوكه‌وتی حكوومه‌ته له دابینكردنی ماف و ده‌ستنیشانكردنی ئه‌رك و ڕه‌خساندنی ده‌رفه‌تى یه‌كسان و وه‌ك یه‌ك بۆ گشت دانیشتوانی هه‌رێمى كوردستان بێ جیاوازیی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی. كابینه‌ی هه‌شت به پشتبه‌ستن به میكانیزمی سه‌روه‌ریی یاسا و به دامه‌زراوه‌بوون كار ده‌كات بۆ لێكجیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تیی حكوومه‌ت له كار و چالاكیی حزبی.
كابینه‌ی هه‌شت كابینه‌ی حكوومه‌تی هاوبه‌شه، پێكهاته‌كانی ئه‌م كابینه‌یه هاوبه‌شی ڕاسته‌قینه‌ن له حكوومه‌دا، چ له هه‌ڵسوكه‌وتی به‌ڕێكردنی ئه‌ركی حكوومه‌ت و چ له بڕیاردان و، چ له ئه‌ستۆگرتنی به‌رپرسیاریه‌تیی به‌رامبه‌ر گشت ئه‌و بریارانه‌ى كه ده‌درێت. حكوومه‌ت موڵكی هه‌موو تاكێكی كوردستانه و كار بۆ خۆشگوزه‌رانی و ده‌سته‌به‌ركردنی خزمه‌تگوزاری و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ده‌كات.
هاوبه‌شان له‌م كابینه‌یه‌دا به‌ڵێنیان له ئاستی به‌رپرسیاریه‌تی و توانای ئابووری و دارایی و كارگێڕیی ده‌سه‌ڵاتی حكوومه‌تدا ده‌بێت و پێكه‌وه به‌رپرس ده‌بن له بڕیاره‌كانی. هیچ لایه‌نێك نابێته ڕێگر له جێبه‌جێكردن و پیاده‌كردنی بڕیاره‌كانی.
ئێمه وه‌ك لایه‌نه هاوبه‌شه‌كانی پێكهاته‌ی ئه‌م كابینه‌یه به ده‌نگ و متمانه‌ی هاووڵاتیان، حكومڕانیی ئه‌م هه‌رێمه ده‌كه‌ین، به ئیراده‌یه‌كی به‌هێزه‌وه كار ده‌كه‌ین بۆ هێنانه‌دی ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی به هاووڵاتیانمان داوه و خزمه‌تیان ده‌كه‌ین.
كاركردنی چه‌ند حیزبێكی جیاواز له حكوومه‌تی هاوبه‌ش ده‌كه‌ینه هۆكارێك بۆ پته‌وكردنی بنه‌مای دیموكراسی له كوردستاندا. پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتی، ڕێزگرتن له جیاوازیی بیروبۆچوون و ئازادیی ڕۆژنامه‌گه‌ری و حوكمڕانى له‌ژێر چه‌تری كاری هاوبه‌ش، سنگفراوانیی گه‌لی كوردستان ده‌باته ئاستێكی نوێ له مێژووی سیاسیماندا.
ئێمه ده‌بێت هه‌نگاوی گه‌وره بنێین بۆ به‌دیهێنانی خه‌ونی نه‌وه‌ی پێش خۆمان بۆ كوردستانێكی ئارام و سه‌قامگیر له سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆماڵیدا. ئێمه به‌رپرسیارانه داهاتووی خۆمان ده‌ستنیشان ده‌كه‌ین و هه‌نگاوی پێویستی بۆ ده‌هاوێژین.
به‌ڕێزان،
یه‌كێك له ئه‌ركه‌كانی ئه‌م كابینه‌یه، گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تی ئاشتیخوازانه ده‌بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه چاره‌سه‌رنه‌كراوه‌كانی تا ئێستا و ئاینده‌ی هه‌رێم له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فیدڕاڵی عێراق، به‌تایبه‌تى كێشه‌ی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ى هه‌رێم و جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140ی ده‌ستوور. هه‌وڵ ده‌ده‌ین پێكه‌وه، به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم و په‌رله‌مانی كوردستان و به هاوكاریی لایه‌نه سیاسییه‌كان، هه‌نگاوی په‌له بنێین بۆ دامه‌زراندنی ئه‌نجومه‌نێكی دانوستاندن بۆ ڕێكه‌وتنی سیاسیمان كه گوزارشت له ئیراده‌ی خه‌ڵكی كوردستان بكات.
كابینه‌ی هه‌شت زه‌مینه‌ی له‌بار ده‌ڕه‌خسێنی بۆ كاراكردنی ڕۆڵی چاودێریی په‌رله‌مان له‌سه‌ر كاری حكوومه‌ت. له هه‌مان كاتدا ئێمه داوای متمانه و پاڵپشتیی په‌رله‌مان ده‌كه‌ین تا پێكه‌وه خزه‌مه‌تی چاوه‌ڕوانكراوی هاووڵاتیانى هه‌رێمى كوردستان بكه‌ین. كابینه‌ی هه‌شت په‌یوه‌ندی و هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیی به‌رده‌وام و پته‌وى له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان و ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌ماندا ده‌بێت.
هه‌رێمی كوردستان ناوچه‌یه‌كی تا ڕاده‌یه‌ك ده‌وڵه‌مه‌نده، بۆیه ئامانجمان به‌دیهێنانی به‌رده‌وام و جۆراوجۆركردنی سه‌رچاوه‌كانی داهات و خۆنه‌به‌ستنه‌وه به تاكه سێكته‌ری نه‌وته له‌م هه‌رێمه‌دا. كار ده‌كه‌ین بۆ گه‌شه‌پێدانی كه‌رتی كشتوكاڵ و پشه‌سازی و بازرگانی و خزمه‌تگوزاری و كه‌مكردنه‌وه‌ی جیاوازیی هه‌لومه‌رجی ژیانی گوند و شار.
به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی خزمه‌تگوزارییه سه‌ركییه‌كانی كار و ئاو و كاره‌با و ڕێگاوبان كه گونجاو بێت له‌گه‌ڵ گه‌شه‌ی ئابووریی به‌رچاوی كوردستان و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی بژێوی تاك و په‌ره‌سه‌ندنی وه‌به‌رهێنانی خۆماڵی و بیانی له ڕێی به‌گه‌ڕخستنی ته‌واوی توانا و سه‌رمایه‌ی ماددی و مرۆیی له هه‌رێمى كوردستان. له‌م بواره‌دا ده‌بێت ئێمه چالاكانه كار بكه‌ین بۆ جێبه‌جێكردن و چه‌سپاندنی لامه‌ركه‌زی، جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان، ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر هه‌مواركردنی ئه‌و یاسایانه‌ی ڕه‌هه‌ندی نیشتیمانییان هه‌یه له وڵاته‌كه‌ماندا.
گرنگی ده‌ده‌ین به كه‌رتی پیشه‌سازی و گه‌شتوگوزار. پشتگیریی كه‌رتی تایبه‌ت ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ڕۆڵی خۆی ببینن له ئاوه‌دانكردنه‌وه و گه‌شه‌ی ئابوورى له هه‌رێمى كوردستاندا. په‌ره ده‌ده‌ین به سیاسه‌تی وه‌به‌رهێنان له كوردستان به شێوه‌یه‌ك كه گونجاو بێت له‌گه‌ڵ گه‌شه‌ی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیی قۆناخی داهاتووی كوردستان.
له به‌رنامه‌ی كابینه‌ی هه‌شتدا به‌رده‌وام ده‌بین له‌سه‌ر چاكسازیی سیسته‌می په‌روه‌رده و خوێندنی باڵا و فێركردن به دابینكردنی پێداویستییه‌كانیان و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی زانستیی مامۆستایان. بایه‌خ ده‌ده‌ین به توێژینه‌وه‌ی زانستی و خوێندنی پێشه‌یی به‌مه‌به‌ستی فه‌راهه‌مكردنی ده‌ستی كاری كارامه و به‌توانا بۆ بازاڕی كار و كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕێژه‌ی نه‌خوێنده‌واری له هه‌رێمدا.
هه‌روه‌ها له كه‌رتی ته‌ندروستیشدا كار ده‌كه‌ین بۆ په‌یڕه‌وكردنی سیسته‌می ته‌ندروستیی پێشكه‌وتوو و جیاكردنه‌وه‌ی كه‌رتی گشتی و تایبه‌ت له خزمه‌تگوزارییه‌كانی ته‌ندروستیدا. كابینه‌ی هه‌شت ئاوڕى زیاتر له ژیان و گوزه‌رانی كه‌سوكاری شه‌هیدان و قوربانیانی ئه‌نفال و كیمیاباران و زیندانیانی سیاسی ده‌داته‌وه، كار ده‌كه‌ین بۆ باشتركردنی ژیان و گوزه‌رانیان. كار ده‌كه‌ین بۆ ڕێكخستنه‌وه‌ی به‌رنامه‌ی نیشته‌جێبوون به شێوازێكی هاوچه‌رخ و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی نیشته‌جێبوون به‌تایبه‌تی بۆ چین و توێژه كه‌مده‌رامه‌ته‌كان.
ئێمه شانازی به‌م بارودۆخه ئارام و ئاسایشه ده‌كه‌ین كه له جه‌رگه‌ی ناوچه‌یه‌كی پڕ توندوتیژی و شه‌ڕ و تیرۆر و تۆقاندندا به هیممه‌ت و وریایی و كاری دڵسۆزانه‌ی هێزی پشمه‌رگه و پۆلیس و ئاسایش بۆ هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان ده‌سته‌به‌ر كراوه. له‌م ڕوانگه‌یه‌وه حكوومه‌تی هه‌رێم كار ده‌كات بۆ باشتركردنی ژیان و گوزه‌رانی هێزه چه‌كداره‌كانی هه‌رێم و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاست و توانا و لێهاتووییان، به‌نیشتمانیكردنیان ئه‌ركی گرنگی ئه‌م كابینه‌یه ده‌بێت.
كابینه‌ی هه‌شت هه‌وڵ ده‌دات به ڕێكاری یاسایی چاو به سیسته‌می خانه‌نشینی و مووچه‌دا بخشێنێته‌وه، به جۆرێك كه هاووڵاتیان به شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه لێی سوودمه‌ند بن. هاوبه‌شان له‌م كابینه‌یدا كار ده‌كه‌ن بۆ دروستكردنی سندووقی كوردستان بۆ داهاتی نه‌وت و دامه‌زراندنی كۆمپانیای نه‌وتی هه‌رێم وه‌ك له یاسای ژماره (22)ی 2007ی تایبه‌ت به نه‌وت و گازی هه‌رێمدا هاتووه.
كابینه‌ی هه‌شت به‌رده‌وام ده‌بێت له په‌ره‌پێدان و هاوكاری و هاندانی كه‌رتی تایبه‌تی ناوخۆ و ڕه‌خساندنی هه‌لومه‌رجی گونجاو بۆ كۆمپانیا و سه‌رمایه‌گوزارانی ده‌ره‌وه به‌مه‌به‌ستی فه‌راهه‌مكردنی ده‌رفه‌تى كار و كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕێژه‌ی بێكاری، به‌تایبه‌تى له ناو چینی گه‌نج و ده‌رچووی په‌یمانگه و زانكۆكاندا، به گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تی كارپێكردنی سه‌رده‌میانه و ڕێگرتن له پاوانكاریی بازاڕ و كۆمپانیا و پڕۆژه‌ی وه‌به‌رهێنان.
به‌ڕێزان،
ئه‌وه‌ی لێره‌دا ئاماژه‌م پێ كرد، هێڵه گشتییه‌كانی كارنامه‌ی حكوومه‌تی هاوبه‌شه، ورده‌كاریی ئه‌م كارنامه‌یه ده‌بێته پلان و پڕۆژه و پڕۆگرامی سیاسه‌تگوزاریی گشتیی حكوومه‌ت و له كار و به‌رنامه‌ی وه‌زاره‌ته‌كاندا به ته‌واوه‌تى هه‌وڵ ده‌ده‌ین ڕه‌نگ ده‌داته‌وه.
له كۆتاییدا پیاده‌كردن و سه‌ركه‌وتنی پرۆگرامی حكوومه‌ت، سه‌ركه‌وتنی هاووڵاتیی خۆڕاگر و ناخۆشیدیده‌ی كوردستانه. خزمه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری، سه‌رفرازیی حكوومه‌ت ده‌بێت. دانیشتوانی كوردستان شایسته‌ی ئاینده‌یه‌كی گه‌شترن، شایسته‌ی ئازادی، سه‌ربه‌ستی و دیموكراسیی پته‌وترن. به پشتیوانیی هێزی ئاسایش و پێشمه‌رگه و پۆلیس و هاووڵاتیان، ده‌توانین ئه‌نجامی باشتر به ده‌ست بهێنین، خه‌ونی گه‌وره‌تر بهێنینه دى.
جارێكی دیكه‌ش زۆر سوپاستان ده‌كه‌م.
یاسای درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان
یاسای درێژكردنەوەی ویلایەتی سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی
ئەندامانی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان
لیستی پارتی
1- جمال عوسمان كارسول رحمن (جمال مورتكه)
2- به‌یار طاهر سعید دیوالی
3- ئومێد عبدالرحمن حسن عبدالله
4- به‌شار مشیر أسماعیل صالح
5- دڵَشاد شعبان عبدالغفار عبدالله
6- فرست صۆفی علی أسماعیل
7- جعفر أبراهیم حاجی بیرۆ (جعفر ئیمنكى)
8- علی علی هالۆ علی
9- محمد علی یاسین طه محمد
10- ئیدریس علی ئیسلام یاسین
11- ئه‌نه‌س محمد شریف طاهر مصطفى (مه‌لا ئه‌نه‌س)
12- مه‌ردان خدر مصطفى عزۆ
13- ناظم كبیر محمد سعید ئه‌ودل
14- ئیبراهیم أحمد سمۆ أحمد
15- ئه‌مینه زكرى سعید یوسف
16- نورى علی محمد رحمن
17- سیراج أحمد محمد حمدأمین
18- فرحان جوهر قادر مه‌لا
19- عه‌باس غزالی میرخان غالی
20- صالح به‌شار صالح عبدی
21- شوان أحمد نعمان جرجیس
22- ئارى محمد عبدالرحیم محمد (ئارى هه‌رسین)
23- ڤمان فیصل سلیم طه
24- محمد صادق سعید محمد شریف
25- ته‌حسین أسماعیل أحمد علی
26- زیاد حسێن عبدالكریم رشید
27- عبدالله جاسم رجب قطاس
28- هیڤا حجی میرخان أحمد
29- فیرز طه عبدالخالق نجم ا‌لدین
30- شیرین حسنى ره‌مه‌زان كۆچه‌ر
31- نجات محمد عبدالله أحمد
32- ئاواز حمید حسێن حمد
33- حه‌یات مجید قادر محمد
34- زۆزان صادق سعید مصطفى
35- ڤالا فرید أبراهیم حسێن
36- ڤیان عباس عمر أحمد
37- شیلان جعفر على عبدالعزیز
38- مدینه ئه‌یوب أحمد مصطفى
39- شامۆ شێخۆ نه‌عمۆ
لیستى گۆڕان
1- علی حمه صالح طه محمد
2- یوسف محمد صادق عبدالقادر
3- شێركۆ حمه أمین قادر عبدالله
4- بێستون فائق محمد أحمد
5- برزۆ مجید عبدالله یوسف
6- عادل عزیز شكور أحمد
7- رابون تۆفیق معروف خضر
8- عمر عینایه‌ت حمه سعید خوامراد
9- ئه‌یوب عبدالله أسماعیل عبدالله
10- ئێڤار أبراهیم حسێن أبابكر
11- حسن صالح محمد حمه شریف
12- منیره عثمان علی حسێن
13- ئومێد حمه علی صالح رۆسته‌م
14- محمود عمر صالح سعید
15- ئه‌نوه‌ر قادر مصطفى عثمان
16- فائق مصطفى رسول حمد
17- عبدالرحمن علی رضا حمه أمین
18- قاره‌مان قادر فتاح مولود
19- پروا علی حمه محمد
20- زولفا محمود عبدالله كوێخا مارف
21- جوان أسماعیل عزیز ر‌سوڵ
22- رۆزا محمود عثمان مصطفى
23- به‌هار محمود فتاح أحمد
24- په‌رێ صالح حمید صالح
لیستى یه‌كێتى نیشتمانی كوردستان
1- ده‌رباز عبدالله ر‌سوڵ علی
2- ئه‌رسلان بایز أسماعیل محمد
3- عزه‌ت صابر أسماعیل عبدالله
4- بێگه‌رد دڵشاد شكورالله فاضل
5- سالار محمود مراد علی
6- گۆران ئازاد محمد عبدالله
7- زانا عبدالرحمن عبدالله قادر
8- فرهاد حمه صالح كریم
9- قادر ئوتمان ر‌سوڵ عبدالله
10- ئاواز جه‌نگى بورهان نورى
11- خه‌له‌ف أحمد معروف قادر
12- رێواز فائق حسێن محمد
13- صالح فقێ محمد أمین كاكه أحمد
14- سعید محمد سعید سه‌یدا
15- دلێر مصطفى حسن أحمد
16- ته‌لار لطیف محمد قادر
17- مریم صمد عبدى حسێن
18- گه‌شه دارا جه‌لال أحمد
19- سةركةوت سةرحةد
20- عباس فەتاح سالح
لیستی یه‌كگرتووى ئیسلامى
1- كه‌نعان نجم ا‌لدین أحمد محمد (حاجی كاروان(
2- عمر صالح عمر فارس
3- شێركۆ جه‌وده‌ت مصطفى عبدالله
4- مولود مراد محی ا‌لدین سیدا
5- سه‌هراب میكائیل محمدأمین رسول
6- أبوبكر عمر عبدالله سعید (أبوبكر هه‌ڵه‌دنى)
7- غریب مصطفى حمه‌خان حسێن
8- سوهام عمر قادر عمر
9- به‌هار عبدالرحمن محمد مارف
10- كه‌ژاڵ هادی فقێ داود
11- بهزاد درویش درویش
لیستی كۆمه‌ڵى ئیسلامى
1- هه‌ورامان حه‌مه شریف حه‌مه رشید محی ا‌لدین
2- حسێن أسماعیل حسێن رسول
3- سۆران عمر سه‌عید أحمد
4- فخرالدین قادر عارف مصطفى
5- نجیبه لطیف أحمد قادر
6- شوكریه سمایل مصطفى حمدأمین
ئه‌نجومه‌نى گه‌لى كلدانى سریانى و ئاشوورى
1- وحیده یاقو هرمز نونا
2- كمال یڵدا مرقوز دمیانۆس
لیستی سۆسیالیست
عبدالله محمود محمد سان أحمد
لیستى پێشكه‌وتنى توركمان
1- جوده‌ت جرجیس لطیف فتاح
2- منى نبی نادر عبدالله
لیستى بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامى كوردستان
عمر مصطفى باوه‌میر پیرۆت
لیستى رافدین ( قائمه الرافدین )
1- یه‌عقوب گورگیس یاقو گلیا
2- لینا عزریا به‌هرام شابۆ
لیستى ئاڕاسته‌ى سێیه‌م
باپیر كاملا سلێمان كاملا
لیستی ئازادی
عبدالرحمن فارس عبدالرحمن محمد
لیستى گۆڕان و نوێبوونه‌وه‌ى توركمانى
محمد سعدالدین أنور شكور
لیستى هه‌ولێرى توركمانى
ماجد عثمان توفیق سلێمان
لیستى جبهه‌ى توركمانى عێراقی
ئایدن معروف سلیم أحمد
لیستی ئەرمەن
یروانت نیسان ماركۆس بطرس
لیستی ابناء النهرین
سرود سلیم متى یوسف
دەقی راگەیەندراوی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان سەبارەت بە درێژكردنەوەی ویلایەتی سەرۆكایەتیی بارزانی
