پارتی و هەڵبژاردنی پەرلەمان
2018-08-08 10:02:05
■بهاء الدین نوری..
پارتی لە ڕوانگەی حیزبایەتی تەسكەوە ، واتە لە ڕوانگەی بەرژەوەندی خودی حیزبەكەوە ، نەك لەڕوانگەی بەرژەوەندی گشتیەوە ، كات بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان دەستنیشان دەكات . ئەگەر پێیوابوو لەو رۆژەدا هەمووشت ئامادەكراوە بۆ بەڕێوبردنی هەڵبژاردنەكان بەو شێوەیە كە خۆی دەیەوێ ئەنجامی بەدڵی خۆی دەبێ ئەوە هەموو توانای دەخاتە كار بۆ جێبەجێكردنی ، وەئەگەر نا بەپێچەوانەوە دەكات . ئەو پەرلەمانەی كە مەسعود بەرزانی لە كاری خست بۆ دووساڵ وسەرۆكەكەی لە پردێوە گێڕایەوە بۆ سلێمانی و و چوونە ناو هەولێری لێ قەدەغەكرد تائێستەش هەرماوە ، بپرسن كێ لەكاری خست و دواییش كێ تەمەنی درێژكردەوە !! ئێستەش زۆر لە حیزبەكان داوای دواخستنی هەڵبژاردن دەكەن ، بەڵام پارتی دەیەوێ دوانەخرێ !
لەم ساڵانەی دواییدا ، لە دۆخی نەبوونی دیموكراسیدا و پاش كزبوون و ئاوابوونی ئەستێرەی جەلال تاڵەبانی كە ئەوسا مونافسێكی بەهێزی بەرزانی بوو لە گۆڕەپاندا ، پارتی توانیویەتی دەست بەسەر جومگە سەرەكیەكانی دەسەڵێتدا بگرێ لە هەرێمدا ، ئەمەش سەركردایەتی پارتی گومڕاكردووە تا ئەو ڕادەیە كە ئەمیش ، وەكو حیزبی بەعسی جاران ، بیر لەوە دەكاتەوە كە دەبێ ببێتە " حیزبی قائد " لە كوردستاندا . فەرموون ، گوێ لە " عەتا شێخ حەسەن " بگرن ، كە یەكێكە لە بەرپرسانی پارتی ، چی نووسیوە لە فەیسبووكدا :
( پارتی مافی خۆیەتی ئەوە دیاری بكات كەكێ سەرۆكی لیستەكانی ترە ، لەبەر ئەوە پارتی بۆ خۆی هێزی یەكەمی كوردستانە )
فەرموو بڵێن ئەم قسانە چ مانایەك دەبەخشن جگە لەوەی كە پارتی " حیزبی قائدە لە هەرێمدا " لە وڵاتێكدا بۆنی دیموكراسی لێبێت قەت قسەی وەها ناكرێ . فرە حیزبی ( تعددیەت ) ئەوەیە كە ئەو حیزبانەی هەن سەربەخۆبن و هیچ حیزبێ " قائد " ی حیزبەكانیتر نەبێ .
لەم هەرێمەدا ئەوە دیارە كە كامەیە حیزبی یەكەم لە گەندەڵكاری و قۆرخكردنی دەسەڵات و ئەنتی دیموكراسی ، بەڵام ئەوە دیارنیە كە كێ حیزبی یەكەمە چونكە لەم وڵاتەدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی خاوێن نەبووە تا ئەنجامی راستەقینەی خاوێن دەركەوێ . تەزویر لە هەڵبژاردندا هەر ئەنجامی ناڕاست نیشاندەدات .
لەباتی بەرەنگاربوونەوەی كەڵەگایی پارتی حیزبەكانی ئۆپۆزسیۆن سەرگەرمی ململانێی دژ بەیەكدین ، هیچ دەرسێكیان لە ڕابردوویان وەرنەگرت . حیزبی سەرەكی ئۆپۆسزیۆن ، بەداخەوە ، بەدەست كۆمەڵێ كێشەی ناوخۆییەوە دەناڵێ . ی ن ك یش لەباتی ئەوەی خەیكی ئاییندەی خۆی بخوات و لەو ڕاستیە بگات كەیەكێ لە هۆكارەكانی ئەو قەیرانە چڕەی تێیدا دەژی دەگەڕێتەوە بۆ خۆ
بەستنەوەی بە پارتیەوە . ئەم خۆ بەستنەوەش ڕیسكێكە دەیكەن ، كەسانێ بۆ پاراستنی بەشە هەریسە و كەسانێ بۆ پاراستنی پۆست و پێگە و كەسانێ بۆ پاراستنی ئیمتیازات و سامان ... هتد .
سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كە مشتومڕی لەسەرە من لەگەڵ دواخستنیم بۆ ئەوەی لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق بكرێ . ئەمە بۆچی ؟
چونكە كە پارتی خۆی سەرۆكی دەسەڵاتبێ و بەگیرفانی پڕەوە و بەئەزموونی چەندین هەڵبژاردنی پێشووەوە .. هتد . ترسی تەزویری گەورەتریش هەیە . بەڵام لە هەڵبژاردنی هەموو عێراقدا ( بۆ پارێزگاكان ) رەنگە حكومەتی بەغدا ئەمجارە بتوانێ كاروباری دژ بە تەزویر جێبەجێبكات كە رێگە لە تەزویر بگرێ یان كەمی بكاتەوە ، ئەمە و ئۆپۆزسیۆنی هەرێم توانای رێگرتنی نیە لەتەزویر . لەبەر ئەوە دواخستنی باشترە .