Draw Media

رۆژنامەوانیی لە قۆناغی ململانێ و وەهمی گەڕان بەدوای تاک گوتارییدا

رۆژنامەوانیی لە قۆناغی ململانێ و وەهمی گەڕان بەدوای تاک گوتارییدا

2025-01-18 16:34:55


 

سەلام عومەر - راوێژکار و راهێنەری میدیایی
کاری رۆژنامەوانی هاوشێوەی پزیشکی و ئەندازیاری پیشەیەکی دێرینە؛ یاسا و ڕێسای ئەخلاقی دامەزراوی تایبەت بەخۆی هەیە. هاوکات، رۆژنامەوانی چەندین جۆری (Forms of Journalism) هەیە و لە هەر قۆناغێکدا جۆرێک یان چەند جۆرێک لەو رۆژنامەوانییە پەیڕەودەکرێن، لەوانە، رۆژنامەوانیی بنکۆڵکاری، رۆژنامەوانیی ژینگەیی، رۆژنامەوانیی هاوڵاتی، رۆژنامەوانیی هەستیار بۆ ململانێ و رۆژنامەوانیی ئاشتی (سەرچاوە: تاقیگەی رۆژنامەوانیی بونیادنەر- DW).
لە باری ئاساییدا، رۆژنامەنوسان، لەڕێی پێشکەشکردنی رۆژنامەوانییەکی پیشەیییەوە، دەتوانن یارمەتی وەرگرانیان بدەن تا ئاسۆی بیرکردنەوەیان فراوانتر بێت و بە پشتبەستن بە زانیاریی پشتڕاستکراوە سەبارەت بە بارودۆخی ژیانیان و هەڵبژاردنی نوێنەرانی داهاتوویان لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا بڕیاری دروست بدەن. لە دۆخی لەو شێوەیەدا، جەمسەرگیریی لە ناو کۆمەڵگەدا، کەمتر دیارە و تەنانەت، بۆ دامەزراوەی میدیایی سەربەخۆش، دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوەکانی زانیاریی، سەلامەتی گیانیان و پەیداکردنی داهات بۆ دامەزراوەی میدیایی بێ سەرئێشەترە.
بەپێچەوانەوە، کاتێک ململانێ سەر هەڵدەدات، ژیانی هاوڵاتیان و رۆژنامەنوسانیش سەختتر دەبێت، بەڕاستی دۆ و دۆشاو تێکەڵاودەبن. لە ژینگەی وەک ووڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەوانە، عیراق و سوریا، دەزگاکانی راگەیاندن بەسەر لایەنەکانی ململانێکەدا دابەشدەبن، جگە لە ژمارەیەکی یەکجار کەم لە رۆژنامەنوسان و دەزگای میدیای سەربەخۆ؛ متمانەی لایەنەکان بەیەکتری و بە میدیاش بۆ ئاستێکی چاوەڕواننەکراو دادەبەزێت.
هەوڵدان بۆ سەپاندنی گوتاری لایەنێک لە لایەنەکانی ململانێکان، بڵاوبونەوەی ووتاری رق و کینە لەگەڵ لەدەستدانی کەناڵەکانی گفتوگۆکردن، ئەوە سەرەڕای پاشماوەی دکتاتۆرییەت و ئەو گرفتانەی بەجێیهێشتوون، ئەوندەی تر کاری راگەیاندن سەختتر دەکەن. بۆیە لە دۆخی وادا، دوانەی بیرکردنەوەی باو  (تەقلیدی) و رۆژنامەوانیی باو (تەقلیدی) روبەڕوی گرفتی چەند لایەنە دەبنەوە.
رۆژنامەنوسان لە دۆخی ململانێدا، پەنادەبەنە بەر گرتنەبەری فۆرمێکی نوێی رۆژنامەوانی کە پێیدەوترێت؛ رۆژنامەوانیی هەستیار بۆ ململانێ. رۆژنامەوانیی هەستیار بۆ ململانێ روماڵکردنی گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە هەر ململانێیەک لەخۆدەگرێت لەڕێی تێڕوانینێکی بابەتییانە، دادپەروەرانە، ووردبینانە، مرۆڤانە و لێپرسراوانەوەوە، بێ بەشداریکردن لە قوڵکردنەوەی دڕدۆنگییەکان لەڕێی بوون بە بەشێک لە ململانێکە، بەڵکو پێدانی بوار بۆ بیستنی دەنگی ئەوانەی لە ململانێکەدا دەنگییان نابیسترێت (سەرچاوە: تاقیگەی رۆژنامەوانیی بونیادنەر- DW).
لە دۆخی وادا، رۆژنامەنوسان هەوڵی سڕینەوەی فرەیی نادەن و هەوڵنادەن یەک گوتاری سەردەست بسەپێنن، جا ئەوە لە ژێر هەر ناویکدا بێت، نەتەوە، نیشتیمان یان پێوەرەکانی نیشتیمانپەروەری، چونکە هەموو لایەنەکانی ململانێکە لە ئاستێکی بێمتمانەیی قوڵدان و ئەستەمە بزانرێت کام گوتار گوتاری هاوتەریبە بە بەرژەوەندیی گشتی.  لە دۆخی ئێستای ململانێکانی نێوان هەرێمی کوردستانی عیراق و بەشە کوردییەکەی سوریادا، ئایا گوتاری سەردەستی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە سوریا پەسەندترە کە زیاد لە جارێک رێگری کردووە لە کاری رۆژنامەوانیی لەوانە ڕێگەگرتن کەناڵی رووداو یان گوتاری پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان کاتێک ئاڤا میدیا دەرگا بۆ چەکدارێکی کوردی هەیئەی تەحریری شام واڵادەکات تا بەدڵی خۆی شێوازی کوشتن و راوەدونانی چەکدارانی کچ و کوڕی (هەسەدە) بگێڕێتەوە.  
رۆژنامەوانیی هەستیار بۆ ململانێ رەوتێکی رۆژنامەوانیی ئاست بەرزە، هەرچەندە بڕوای بە هەڵمەتی داکۆکیکردن نییە، بەڵام هانی دروستکردنی ژینگەیەک دەدات کە لایەنەکان لە یەکتر تێبگەن و بەرەو بەدیهێنانی لێکتێگەیشتن هەنگاو بنێن. هاوکات، رۆژنامەوانییەکی رەخنەگر و قسە لەڕووە؛ بە بەهانەی ناسکی بارودۆخەکە، کردەوەی لایەنێکی ململانێکە بۆ ڕێگەگرتن لە گەیشتنی ئاوی خواردنەوە بۆ ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی لایەنەکەی تر ناشارێتەوە؛ لە هەمان کاتیشدا، روناکی دەخاتەسەر ڕێوشوێنی مامەڵەی مرۆڤانە لەگەڵ ئاوارەکان لەلایەن هەمان لایەنەوە.
یەکێک لە خەسڵەتە بەرزەکانی رۆژنامەوانیی هەستیار بۆ ململانێ ئەوەیە بڕوای بە چالاکوانیی (Activism) نییە و بە جۆرێک لە هەڕەشەی دەزانێت بۆ سەر کاری رۆژنامەوانی. ئەو رۆژنامەوانییە جەخت دەکاتە سەر بنەماکانی و پابەندبوون بە ئیتیکی کارکردن لە ژینگەی دژواردا، لە باتی سەرقاڵبوون بە چالاکی سیاسی و تێکەڵاوکردن کاری رۆژنامەوانیی و نمایشی سیاسی.
ئەم جۆرە لە رۆژنامەوانی بریتییە لە روماڵکردنی قووڵی ململانێکان بێ ئەوەی ئاگرەکە خۆش بکات. دیدگەی جیاوازی لایەنە پەیوەندیدارەکان، هۆکار و چوارچێوەی ململانێکە ڕووندەکاتەوە؛ هاوکات لە ئەگەرەکانی بونیادنانی ئاشتی دەکۆڵێتەوە لەگەڵ پیشاندانی ڕووخساری مرۆیی ململانێکە.
رۆژنامەنوسی هەستیار بۆ ململانێ ڕاپۆرت لەسەر وەڵامەکان بۆ دامرکاندنەوەی ململانێکە و چارەسەرە پێشبینیکراوەکان دەکات. ڕۆڵی رۆژنامەنوسی هەستیار بۆ ململانێ بەرتەسککردنەوەی ململانێکە نییە، بەڵکو روماڵکردنی پرۆسەکانی بونیادنانی ئاشتییە؛ دواجار رۆژنامەوانی هەستیار بۆ ململانێ رۆژنامەوانییەکی بونیادنەر و ئاشتیخوازە.
کاتی ئەوەیە دەزگاکانی راگەیاندن خۆیان بگونجێن لەگەڵ بەهاکانی رۆژنامەوانیی هەستیار بۆ ململانێ بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ململانێکانی ناوچەکە و بەشداریکردن لەگەیاندنی تێڕوانین و هەڵوێستی لایەنەکانی ململانێکە و روماڵکردنی هەوڵەکانی لیکنزیکبونەوە، لەباتی هەوڵدان بۆ سەپاندنی تێگەیشتنێک کە ئەوسەری دیار نییە.
وا نزیکەی  (15) ساڵە لە ژینگەی دژواری ململانێی سەختدا کاری رۆژنامەوانیی و گەشەپێدانی میدیا دەکەم و راستییەکی بێپەردە فێربووم، یەکێک لە هەرە هەڕەشە گەورەکانی بەردەم کاری رۆژنامەوانی وەرگرتنی هەڵوێستی سیاسی و هەوڵدانە بۆ سەپاندنی تاک گوتاریی لە دۆخی ململانێدا.
هاورێیەکی نزیکم هەیە دەڵێت،"سەلام، کەس ئیشی خۆی ناکات." هیوادارم رۆژنامەنوسان لەم قۆناغەدا بگەڕێنەوە بۆ بنەماکانی کاری رۆژنامەوانیی هەستیار بۆ ململانێ کە ڕوون، چەسپاو و پیشەیین و لە کاری لابەلا دوریاندەخاتەوە. گەڕان بە دوای یەک گوتاریی میدیایی کە هەڕەشەیەکی جددییە لەسەر دیموکراسی، گەڕانە بەدوای تروسکایی لەو سەری تونێلەکەدا، لەکاتێکدا لە بنەڕەتدا تونێلەکەش وجودی نییە.

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand